یاداشتی کۆمیتەی ناوەندی نەتەوەیی کوردەکان کوردستانی خوارو "مێزۆپۆتامیا"

Thursday, 05.19.2016, 7:19

1480 بینراوە


یاداشتی کۆمیتەی ناوەندی نەتەوەیی کوردەکان کوردستانی خوارو "مێزۆپۆتامیا" بۆ سکرتێری کۆمیسیۆنی هەمیشەیی ئینتیدابەکانی کۆمەلەی نەتەوەکان لە جنێف،  سولێمانی 31 ئابی 1930
پێشەکیەکی کورت و پێویست.
لە هاوینی 1986 لە شاری رۆما، لە پەڕتوکخانەی "پەیمانگای رۆژهەلات" 
Istituto per l’Oriente
خەریکی بە دوا گەڕانی سەرچاوەو بلاوکراوەی ئیتالی، سەبارەت بە کوردو کوردستان، بووم کە تاکو کۆتایی سەدەی رابردوو باشترین و دەولەمەندترین مەلبەندی ئیسلام و رۆژهەلاتناسی بوو لە ئیتالیا. هەر ئەوکات، دەمودەست، ئەم یاداشتەم کردە کوردی، بە دەیان بەلگەو نووسراوی هەمە جۆرم لەم پەیمانگەیە دەست کەوت، لێرەو لەوێ هەندێکیانم بلاوکردۆتەوە. ئەم پەیمانگایە، لە سالی 1921 ەوە تاکو ئێستا گۆڤاری "رۆژهەلاتی نوێ" چاپ دەکات، لەم کاتەوە بە بەردەوامی هەوال و بابەتی گرنگی لەسەر کوردستان بلاوکردۆتەوە. پێموایە ئەرسیڤێکی یەکجار دەلومەندەوە دەکرێت سودی لێ ببینرێت.
لەم رۆژانە ئەم یاداشتەم کەوتەوە بەرچاو، بە پێویستم زانی بە بێ دەستکاری، وەک 30 سال لەمەوبەر، بلاوی بکەمەوە، بە تایبەتی لەم کاتە هەر باس باسی "دەولەتی سەر بەخۆی کوردی" و هەلوەشانەوە و کۆتایی هاتنی رێکەوتنی سایکس پیکۆیە بەو هیوایەی، وەک دۆکومێنتەکی مێژوویی، سودی لێوەربگیرێت. 
نازانم ئاخۆ دەقی ئەم یاداشتە، لە شوێنیتر، بلاوکراوەتەوە یان نا، ئەوەش نازانم ئاخۆ دەقە ئینگلیزیەکە لە زمانی کوردی یان عەربی وەرگیراوە یانیش یەکسەر بە ئینگلیزی نووسراوە و پێشکەش بە کۆمەلەی نەتەوەکان یان گەلان کراوە. 
د. جاسم تۆفیق خۆشناو
دەقی یاداشتەکە
دوا بەداوی ئەو یاداشت و نامانەی بۆ ئێوەمان رەوانەکردوە، ئێمە کە لە خوارەوە ئیمزای دەکەین شایانی ئەوەین هەستی کۆمیسێۆن بجولێنین وە ئاگاداری بکەینەوە دەربارەی .....
ئەو کاتەی ئەنجومەنی کۆمەلەی نەتەوەکان بڕیاریدا کوردستانی خوارو بنووسێنێ بە هەرێمی عەرەبی دیجلەو فورات لە ژێر ئینتیدابی بەریتانی کوردەکان وایان دەزانی کە لە ژێر ئەو ئینتیدابە دەتوانن پێش بکەون و گەشە بە بارودۆخی ژیانی خۆیان بدەن، هەر لەبەر ئەم نیازەشەوە نەیان وویست بە هیچ جۆرێک بە دژی بڕیارەکان ئەم کۆمەلەیە بچن.
بەلام بەداخەوە دەبێت ئەوە رابگەیەنین کە بڕیارەکان ئەم کۆمەلەیە بەشێوەیەکی زۆر ناڕەواو و لا بە لا، لە لایەن حکومەت عێراق، جێ بەجێ کراون. 
پێتان خۆشە بزانن ئەگەر کوردەکان داوایان لە حکومەتی عێراقی کردوە بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو بڕیارانە؟ فەرموون ئەمە وەلامەکەیەتی.
کوردەکان چەندەها جار داوایان لە حکومەتی بەریتانی و عێراقی کردوە، چ لە رێگەی شەخسی و چ لە رێگەی رەسمی، بۆ جێ بەجێ کردنی بڕیارەکانی کۆمەلە. تەنانەت رۆژنامەکانی بەغداش ئامۆژگاریان وەرگرتوە بۆ بلاونەکردنەوەی هەر جۆرە دەنگ و باسەک پەیوەندی بە داواکاری کوردەکان هەبێت. جار جارە داواکاریەکانی خۆمان لەسەر رۆژنامە عەرەبیەکان لە رێگەی نامە بۆ سەر نوسەری رۆژنامەکان و هەندێ شێوەیتر بلاودەکەینەوە.
بەداخەوە دەبێت ئەوەشتان پێ رابگەیەنین کە حکومەت هەموو جارێک نەک هەر گرنگی بە داواکاریەکانمان نادا و پشت گوێی دەخات بەلکو تەنانەت بە تاوانیشی دەداتە قەلەم، ئەمەش بەشێک لەم داواکاریە گرنگانەی لە حکومەتمان داوا کردوە.
ا . لە سالی 1929 نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی بەغدا بە رەسمی داوایانکرد کە بەندی 3 لە کارتنامەی کۆمەلە لەسەر کورد جێ بەجێ بکرێت.
ب . لە شوباتی 1930 زۆر لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان، بۆ هەمان مەبەست، داواکاریەکیان رەوانەی مەندوبی سامی بەریتانیا کرد لە عێراق. لە ئازاری هەمان سال مەفەکانی کورد لە یاداشتێک، لە لایەن زۆربەی نوێنەرانی کورد، درایە حکومەتی عێراقی بەلام وەکو هەموو جار و بە هەما شێوە رەفزکرا.
ج . لە سالی 1930 پەرلەمانتارێکی کورد، لە پەرلەمان، داوای لە سەرۆک وەزیران کرد بۆ ئەوەی لەناو ئەو پەیمانەی نێوان عێراق و بەریتانیا بڕگەیەک تەرخان بکرێت بۆ پیشاندان و زامنکردنی مافەکانی کورد کەچی سەرۆک وەزیران زۆر بە لە خۆبایی بوونەوە وەلامی دەدایەوە کە ئیعتراف بە بڕیارەکانی کۆمەلەی نەتەوەکان ناکات بەرامبەر بە مەسەلەی کورد و مومکین نیە هیچ شتێک لەم بارەیەوە بخرێتە ناو بەندەکانی ئەم پەیمانە.
بە کورتی ئەو داواکاریانەی رەوانەی حکومەتی عێراقی کراون دەربارەی مافەکانی کورد هەمووی بەیەکەوە، لەوانەیە، چەند کتابێک پێک بهێنن بەلام هەموو ئەم یاداشت و داواکاریانە هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نە هێناوە.
بە گەیشتنی نوری سەعید پاشا بە دەسەلات گوللەیەکی کوشندە دڵی میللەتی کوردی پێکاند و هەموو هیواو ئاواتەکانی بە باداو مافەکانی کورد روویان لە لاوازی کرد. 
بەلێ پاش بلاوبوونەوەی دەقی رێکەوتننامەکەی نێوان عێراق و بەریتانیا بۆ کۆتایی هێنانی ئینتیداب گەلی کورد زۆر بە باشی هەستی بەوە کرد کە مافەکانی بە تەواوەتی پشتگوێ خراون، بەبێ مەرج و مەرجکاری بوونەتە کالای دەستی عەرەب.
پاش دلنیابوون لەم کارەساتە دڵتەزێنە کوردەکان بە کۆمەل، هەر لە زاخۆوە تاکو خانەقین، بە یەک دەست و یەک دەنگ داوای مافەکانی خۆیان دەکرد و تێکڕا بە یەکەوە نارەزایەتی خۆیان دەردەبڕی لە دژی ئەم رێکەوتنە کە بە یەکجاری مافەکانی کوردی دەسڕیتەوە.
حکومەتی نوری پاشا لە بەرامبەر ئەو خۆ پیشاندان و ناڕەزاییە دەستیکرد بە گواستنەوەی فەرمانبەرە کوردەکان سەرەرای ئەوەی بە یاسا دەستنیشانکراوە کە پێویستە فەرمانبەرانی ناوچە کوردنشینەکان دەبێ کوردبن. ئەم شێوە هەلسوکەوتەی حکومەت مانای تەواوی سەرکوتکردنی مافەکانی کورد دەگەیەنێ، ئەمەش، بێگومان، بووە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی میللەتەکەمان.
ئێمە ناتوانین دەستنیشانی ئەنجامە زیان بەخشەکانی ئەم گۆڕانکاریە بکەین و نە دەتوانین بلێین چی روو دەدات لە داهاتوو لە بەرامبەر شالاوی میللەتێک کە هەستاوەتە سەرپێ بۆ بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی خۆیدا.
مەندوبی سامی کاتیش لەم بێزاری و ناڕەزاییە ئاگادارکراوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە رۆژانی 8 تا 11 ئابی 1930، لەگەل سەرۆکی وەزارەت و هەندێ وەزیرەکانی کابینەی نوری پاشا، سەردانێکی ناوچە کوردنشینەکانی کرد. ئەوەی لە هەمووی سەرسوڕمانتر و جێگەی مەترسیە لە جیاتی ئەوەی دڵی کوردەکان بدەنەوەو گوێ لە رازو داواکاریەکانیان بگرن مەندوبی سامی و سەرۆکی حکومەتی عێراقی بە هەر جێگەیەک تێپەڕدەبوون بە کوردەکانیان دەگووت کە حکومەتی بەریتانیا و عێراق بە هاوبەشی بڕیاریانداوە مەسەلەکان لە کورتی ببڕنەوەو داواکاریەکانی کورد فەرامۆش و پشتگۆێ بخەن، لەبەر ئەوەی جێبەجێکردنیان مەحالە.
لەبەرامبەر ئەم هەلوێستەش میللەتەکەمان، بە یەک دەست، نارەزایەکی تووندی دەربڕی و داوای کرد بڕیارەکانی کۆمەلەی گەلان بێ قەید و شەرت جێ بەجێ بکرێن.
وەلامی حکومەتیش بۆ ئەم داواکاریانە بریتی بوو لە دوو تێبینی بچووک کە لە لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و مەندوبی سامی لە پەرلەمان خوێندرایەوە، ناوەڕۆکی وەلامەکان زۆر لەیەک دەچوون و دەست نیشانی دوو خالیان دەکرد: 
1 . لێکدانەوەو هەلسەنگاندنێکی یەک لایەنە بە پێی بۆچونەکانی خۆیان بۆ بریارەکانی کۆمەلەی گەلان.
2 . هەرەشەیەکی ئاشکرا لە دژی هەر کەسێک قسە لەسەر مەسەلەی کورد بکات.
سەرەرای ئەم هەڕەشانە گەلی کورد هەمیشە سور بووە لەسەر داوا رەواکانی خۆی و داوایکردووە بۆ جێ بەجێکردنی تەواوەتی بڕیارەکانی کۆمەلە و دروستکردنی دەولەتێکی کوردی لەژێر ئینتیدابی راستەوخۆی کۆمەلەی گەلان.
زۆر بە دڵگیریەوە تەماشا دەکەین هەر لەم کاتەی رێکەوتنی عێراق – بەریتانیا مۆرکراوە گۆڕانکاریەکی گەورە لە سیاسەتی بەریتانیا رویداوە لە هەلسەنگاندن و گرنگیدانێکی زۆر بە عەرەبەکان و بە زەرەری میللەتی کورد.
ئێمە داوا لە ئێوە دەکەین بۆ لەبەرچاوگرتن و خەم خواردن لە بارودۆخی ئێمە و چارەنوسی ئێمە چی دەبێت لە دوای کۆتایی هاتنی ئینتیداب، لەم کاتەی هێشتا لە ژێر ئینتیدابین بەم شێوەیە موعامەلەمان لەگەل دەکرێ.
ئێمەی کورد باوەڕمان وایە توانای ئەوەمان هەیە بۆ دروستکرندنی دەولەتێکی سەربەخۆ لە بەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
ا – بە تەنها ژمارەی کوردەکانی کوردستانی خوارو زیاد لە ملیۆنێک دەبێت، ئەم ژمارەیەش کافیە بۆ دروستکردنی دەولەتێک، جگە لەوەش ئەم ژمارەیە زیاترا لە ژمارەی عەرەبە سونیەکان کە بەردی بناغەی ئەم مەملەکەتە دروست دەکەن.
ئێمە دەتوانین ئەوەش بسەلمێنین کە کوردەکان ژمارەیان زیاترە بە شێوەیەکی گشتی لە ژمارەی هەموو عەرەبەکان بە مەرجێک ئەو هاولاتیانەی عەرەب نین بە جیا بدرێنە قەلەم.
لە لایەکیتریشەوە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێ کە عەرەبەکان کیانێکی هاوبەشیان نیە و ناتوانن وەحدەیەکی بابەتی دروست بکەن، چونکە عەرەبە شیعەکان ناتوانن لەگەل سونەکان یەکگرن، بەلکو خۆیان بە نەتەوەیەکی تەواو سەربەخۆ دادەنێنن. 
ئەم دوو مەزهەبەی ئیسلام بەشێوەیەکی ئەتۆ دژ بەیەکن و تەنانەت ناتوانن بەیەکەوە لەسەر مێزێک دابنیشن، لە لایەکی تریشەوە پەیوەندی ژن و ژنخوازیشیان بە یەکەوە نیە و بە گوناهێکی گەورەی دەزانن.
ب – کەچی ئێمە شایانی دروستکردنی دەولەتێکی سەربەخۆین چونکە کیانێکی یەکگرتوو بێ گەرد دروست دەکەین لە هەموو لایەنێکەوە، لە رووی روحی، زمان، ئایین، کولتور، داب و نەریت، هەروەها لە رووی ئاو و هەواشەوە.
ج – نیشتمانی ئێمە بەو خێرو خێراتەی هەیەتی دەتوانێ زامنی ژیانی میللەتی کورد و دەولوتێکی کوردی بکات و تەنانەت رێگە بە دانیشتوانەکەی بدات بەشێکی لێبنێرێتە دەرەوە.
ئەو خێراتە سروشتیانە پێک هاتوون لە دانەوێلە بە هەموو جۆرەکانیەوە، برنج، نەوت بە رادەیەکی لە بن نەهاتوو، دار، کاربۆن، میوەجات بە هەموو جۆرەکانی، مەڕومالات و بەرهەمەکانیان وەکو خۆری و ماست و پەنیر و پێستە و...هتد.
بە کورتی وولاتی ئێمە لە لایەن شارەزایان بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وولاتانی جیهان دەستنیشان کراوە.
د – بوونی ژمارەیەکی زۆر لە رووباری گەورە لە وولاتەکەمان، وەکو زێی گەورەو زێی بچووک و کانیاوی بێ هەژمار، لە ئاووهەوای کیوێستان و گەرمیانی چیاکانمان هەزارەها خێروخێرات کە سروشت بە وولاتەکەمان بەخشیووە.
ئەوانە هەمووی بەلگە نەویستن بۆ ئەوەی ئەگەر وولاتی ئێمە خزمەت بکرێت دەتوانێ ببێتە سویسرایەکی نوێ یان بەچکەیەکی سویسرا.
ها – ئێمە شایستەی دروستکردنی دەولەتێکی سەربەخۆین چونکە میللەتەکەمان بە تەواوی ووشیار و ئاگادارە لە هێزو چارەنووسی خۆی. 
هەستی نەتەوەیی بە جۆرێکی ئەوتۆ، لەناو میللەتی کورد، گەشەی کردووە، لە پێناوی پارێزگاری  بوون و ئازادی خۆشیدا هەمیشە روو بەرووی چەندەها شەڕی خوێناوی و دڵتەزێن بووەو چەندەها قوربانی بێ هەژماری بۆ ئەم مەبەستە داوە، بە جۆرێک هەزاران لە رۆلەکانی لەبەر چاوی خۆی کوژراون و بوونەتە قوربانی. ئەم هەموو فیداکاری و قوربانیانەش نەک هەر ورەیان پێ بەر نەداوە بەلکو بە پێچەوانەوە هەست و نەستیان، هەمیشە، بەرز کردۆتەوە بە جۆرێک میللەتەکەمان سوێندی خواردوە بۆ سوربوون لە بەدەست هێنانی سەربەخۆیی خۆیی بە هەر نرخێک بێت.
رێگەمان پێ بدەن بۆ ئەوەی بلێین میللەتێک بەم شێوەیە ووشیار و هەست بە مافەکان خۆی بکات شایانی ئەوە نیە بژیێ و شوێنێکی خۆی لەم جیهانە هەبێت؟
ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەم میللەتە ماقولە دەتوانێت پشتی خۆی بە یارمەتی و کۆمەکی کۆمەلەی گەلان ببەستێت کە تەنها بۆ پارێزگاری چەوساوەکان و یارمەتیدانی بێ هێزەکان دروستکراوە. هیچ هێزێک ناتوانێ بێ هیوامان بکات لە بەزەیی و دڵپاکی ئەم کۆمەلە بەرێز و ماقولە، دایکی ساوایان و پارێزەری بێ هێزان.
لە کۆتاییت کوردەکان کە پێشنیاری دروستکردنی دەولەتێکی سەربەخۆ دەکەن مەبەستیان دروستکردنی دەولەتێکە لەسەر بناغەیەکی موتلەقی دیموکراسیانەیە بە مانای ووشە.
دەربارەی ئەو ئینتیدابەی کە دەبێت چاوەدێری ئەو دەولەتە کوردیە ساویە بکات ئێمە داواکارین بۆ سوودو قازانجی ئێمە ئەو ئینتیدابە زووی پێکبێت، دەربارەی ئەو وولاتەی ئینتیداب دەگرێتە ئەستۆی خۆی چ بەریتانیا و چ وولاتێکیتر بۆ ئێمە جیاوازی نیە بەلکو ئێمە رایدەگەیەنین بە تەواوی ملکەچی بڕیارەکان کۆمەلەی گەلانین. داواکارین هەرچی زووتر دەست نیشانی ئەو دەولەتە بکرێت کە ئینتیدابەکە قەبول دەکات.

ئیمزا کراوە لە لایەن.
1 . محەمەد سالح بەگ
2 . محەمەد عەلی بەگ
3 . عەزمی بەگ بابان
4 . حەبدولرەحمان ئاغا
5 . ئەحمەد پاشا
6 . شێخ قادر حەفید
7 . حەمە ئاغا
8 . مەجیدە فەندی
 9 . حاجی رەسول ئاغا
10 . شەفیق بەگ
11 . رەشید پاشا
12 . فایق بەگ بابان
13 . میرزا تۆفیق قەزاز
14 . شێخ موحەمەد گولانی
15 . رەمزی ئەفەندی
16 . حاجی فەتاح
17 . عیزەت بەگ
18 . عوسمان پاشا.

سلێمانی 31 ئابی 1930
کۆمیتەی ناوەندی نەتەوەیی کوردەکانی کوردستانی خوارو
لە رۆژی 1 ئەیلولی 1930 پێشکەش بە کۆمەلەی گەلان کراوە.
لە گۆڤاری "رۆژهەلاتی نوێ" بەرگی 1930، لاپەڕە 478 – 480 وەرگیراوە
Oriente Moderno, 1930,  pp. 478 – 480
دەقە ئیتالیەکە لە ئینگلیزی وەرگیراوە و لە 25/09/1930 لەم رۆژنامەیە بلاوکراوەتەوە
Near Est and India




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 4/5)