لەسێدارەدانی ئازادی و دیموکراتی لە تورکیادا

Saturday, 21/05/2016, 22:20

2329 بینراوە


بڕیاردان لەسەر ( یاسای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ـ ١٣٨ـ ئەندام پەڕلەمانتار ) لە لایەن پەڕلەمانی تورکیاوە .. بڕیارێکی مەترسیدارە، ئەوەی کە جێی سەرنج راکێشانە ئەوەیە .. کە هەریەکە لە پارتی دەسەڵادار(نا) داد و گەشەکردن و، پارتی گەلی کۆماری و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، پێکەوە دەنگیان لەسەر ئەو بڕیارە دا، کە لە کۆی سەرجەم (٥٥٠) ئەندام پەڕلەمانی تورکیا، ( ٥٣١) ئەندام پەڕلەمان ئامادەی ئەو دانیشتنە بوون و،(٣٧٦) ئەندام پەڕلەمان دەنگیان بەو یاسایە دا .. واتە ئەو رێژەیەی تێپەڕاند، کە بخرێتە ( دەنگدانێکی گشتپرسی ) یەوە، ئەو یاسایە پەسەندکرا .. ئەوەش گەلەکۆمەیەک بوو کە لە پارتی گەلانی دیموکرات ( هە دە پە) یان کرد .. چونکە ئامانج و مەبەستی بەر و دوا لەم یاسایە دا، پەڕلەمانتارانی کوردن، کە سەر بە پارتی گەلانی دیموکرات ( هە دە پە ) ن .. بەپێی ئەم یاسایە ( ١٣٨) ئەندام پەڕلەمان پارێزبەندیان لەسەر هەڵدەگیرێت .. لەم ژمارەیەش (٥١) پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری و (٥٠) پەڕلەمانتاری پارتی گەلانی دیموکرات و، (٢٧) پەڕلەمانتاری پارتی داد و گەشەکردنی دەسەڵاتدار ( کە هاوڕانین لەگەڵ ئۆردوگان دا )، (٩) پەڕلەمانتاری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و، (١) پەڕلەمانتاری سەربەخۆ .. ئەوەی جێی سەرنج راکێشانە ئەوەیە کە پارتی گەلی کۆماری و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەنگیان بۆ ئەو بڕیـارە دا، لە کاتێکدا ئەوان رازینین لە ئاراستەکان و لە بڕیارە تاکڕەوییەکانی ئۆردوگان و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن .. کەچی دەەنگیان خستنە پاڵ دەنگەکانی پارتەکەی ئۆردوگان .. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوان هەرچەند  ناکۆکیش بن لەگەڵ یەکتریدا، بەڵام لە هەر بڕیارێکدا کە دژ بە کورد بدرێت ئەوان ناکۆکییەکانیان دەخەنەلاوە و، لە دژی کورد هاودەنگن .. پشکی شێری ئەم بڕیارە پەڕلەمانتاری کورد دەگرێتەوە .. پێشوەختیش تاوانی ئەوە دراوەتە پاڵیان کە لایەنگری ( پە کە کە ) ن . بەڵکو ئۆردوگان( هە دە پە) بە باڵێکی سیاسی پەکەکە ناو دەبات .. لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی کەمدا، بەشی هەرە زۆی ئەندامانی ( هە دە پە ) بە توومەتی ناپاکی دەگرن و، لە دادگایەکی ناشەرعیدا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک سزای بەندکردن دەدرێن و، دەخرێنە بەندیخانەکانی تورکیاوە .. بۆیە ئەوە یاسایە .. پیلانێکی گڵاوە لە دژی خەباتی سیاسی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا .. هەرکەسێک لەگەڵ نیازە گڵاوەکانی ئۆردوگاندا نەبێت، ئەو بە نەیار و بە ناپاک و تاوانباری دەزانێت .. تا ئێستا بە دەیان رۆژنامەنووسی ئازادیخواز و، بە دەیان چالاکوانی سیاسی و، پارێزەری کورد و تورک گیراون و، تا ئێستا دادگایی نەکراون .. توومەتەکانیان ئەوەیە کە داکۆکییان لە ئازادیی و دیموکراتی کردووە و، لەگەڵ ئاشتیدا نەک لەگەڵ شەڕ و کوشتن، لەگەڵ ئازادی و رەوا و دیموکراتیدان، نەک لەگەڵ ستەم و زۆرداری و دەمگرتنی خەڵکیدا .. لەگەڵ دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوەژیاندان دان .. نەک لەگەڵ تاکڕەوی و دیکتاتۆری و، جیاوازی و رەگەزپەرستی نەتەوایەتیدا .. ئەمەیە راستی ئەو پرۆسە ئاشتییەی کە ئۆردوگان ناوی لێنابوو ( برۆسەی ئاشتی )؟! 
ئۆردوگان، بۆ ئەوەی دەستوور لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت و خەونەکەی بهێنێتەدی و، حوکمڕانی لە ( پەڕلەمانی ) یەوە بگۆڕێت بۆ( سەرۆکایەتی ) و هەموو دەسەڵاتکان بگرێتە دەستی خۆی و، پلە و پایە باڵاکانی لە مورید و دەستوپێوەندەکانیدا قورخ بکات .. وەکو دیکتاورێک درێژە بە حوکمڕانی بدات، بە هەچ شێوەیەک بێت دەیەوێت هەموو ئەو لایەنانەی کە بە تەگەرەیان دەزانێت لە رێی خۆیان لایان بەرێت .. بە تایبەتیش پارتی گەلانی دیموکرات، کە پارتێکی ئازیخواز و ئاشتیخوازی کوردە لە باکووری کوردستاندا، ئۆردوگان ( هە دە پە ) بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێ .. بۆیە کۆمەڵێک تاوان و بوختانی هەڵبەستراوی بە ناڕەوا داوەتە پاڵ ئەم پارتە کورییەمان و،  پاڵ پەڕلەمانتارانی سەر بەم پارتە .. بە تایبەتیش هاوسەرۆکی ئەم پارتە ( سەلاحەدین دەمیرتاش ) .. ئۆردوگان دەربەستی ئەوەش نییە کە تورکیا بەرەو شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی بەرێت و بە هەزاران کورد و تورک بکات بە قوربانی هێنانەدیی خەونەکانی . گەلەکۆمەکردنی پارتە تورکەکان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی و دوورخستنەوەی رەنگ و دەنگی پەڕلەمانتارانی کوردمان لە پەڕلەمانی تورکیادا .. شەرمازارییە بۆ ئەو پارتانە و بۆ پەڕلەمانی تورکیایش .. بەمەش زیاتر مۆرکی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی و داخراوەیی بە خۆیانەوە دەنێن . 
ئۆردوگان، یەکێک لە هاوڕێ نیزیکەکانی کە ( ئەحمەد داود ئۆغڵو ) بوو، تەنها لەبەر ئەوەی کە لە هەموو بۆچوونەکانیدا هاوڕای نەبوو .. لە سەرۆکایەتی حکوومەتەکەی و حیزبەکەی لایدا .. چونکە ئەو یەکێکی دەوێت ئەڵقەلەگوێی بێت و، پێی نەڵێت : ( بەری چاوت كلی پێوەیە ).. بۆچی ئۆردوگان ( بنئالی یڵدریم ) دەخاتە جێی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و، دەیکات بە سەرۆک وەزێرانی تورکیا و بە سەرۆکی پارتەکەی ( داد و گەشەکردن) ؟ چونکە یڵدریم .. یەکێکە لەوانەی ئەگەر ئۆردوگان بە ماست بڵێ رەشە .. یڵدریم دەڵێ راستت فەرمووە .. بۆیە ئۆردوگان ( بنئالی یڵدریم ) بە ( سەنوقە رەشەکەم ) ناو دەبات .. واتا هەموو نهێنی و رازێکی سیاسی ئۆردوگانی پارستووە .. ( بنئالی یڵـدریـم ) بە رەگەز دەچێتەوە سەر کورد و، لە بنەماڵەیەکی کوردە و، لە شاری ( ئارزنجـان ) لە باکووری کوردستان لە دایک بووە، مەبەستیشم ئەوە نییە کە شانازی بە ئەوەوە بکەین  کە یڵدریم کوردە .. لە عێراقیشدا ( نوری سەعـید ) پاشا و، ( تەهـا یاسین رەمـەزان جەزراوی ) و ( تەها موحێدین ) یش کورد بوون .. بە ڵام لە زیان زیاتر هیچ خێرێکیان بۆ کورد نەبووە . 
پێشبینی ئەوەش دەکەم کە لە سایەی دەسەڵاتی رەگەزپەەرستی ئۆردوگاندا، تورکیا دەبێتە دەوڵەتێکی دیکتاتۆری .. بەرەو بارودۆخێکی خراپتر و نا سەقامگیرییەکی زیاتر و شەڕ و کوشتن و گرتن و رەشبگیری زۆر روو لە زیادبوون دەکات .. ئەو بارودۆخە نەخوازراوەش نە لە بەرژەوەندی کوردە و نە تورکیشە، هەموو لایەک لێی زیانمەند دەبن .. کێشەکان گەورەتر و برینەکانیش قوڵتر دەبنەوە .. وا دیارە ئۆردوگان نە پەند و وانەی لە دەسەڵاتدارانی پێشووی تورکیا و، نە لە ماوەی حوکمڕانی ئەم چەند ساڵەی خۆی وەرگرتووە .. چونکە کێشەی کورد بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بە کوشتن و بە رەشبگیری و بە جیاوازی نەتەوەیی چارەسەر ناکرێت .. بەڵکو کلیلی چارەسەرکردنی کێشەی سەد ساڵەی کورد، وازهێنانە لە شەڕ و، گفتوگۆ و ئاشتی و پێکەوەژیان و دانان بە مافە فەواکانی کورد لە باکووری کوردستاندا . 
بۆیە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتاران، بە تایبەتیش لەسەر پەڕلەمانتارانی کورد، قوڕەکە خەستر دەکاتەوە و، توندوتیژی و نادادپەروەری و جیاوازییەکی زیاتر و خوێنڕشتنێکی زیاتری لێدەکەوێتەوە .. ئەم ئاکامەش لە ئەستۆی پارتی داد و گەشەکردن بە گشتی و خودی ئۆردوگان بە تایبەتییە، تورکیاش باجێکی زۆری ئەم ئاکامە دەداتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە