ڕۆشنبیر یان ڕوناکبیر لە زمانی کوردیدا زاراوەیەکە ڕۆژانە بەکار دەهێنرێت, ژمارەیەکی لەبەرچاو ڕۆژانە وەکو ڕۆشنبیر لێیان دەدوێن و پیایاندا هەڵدەدرێ. کەسانێك دروست بون لە کۆمەگاکەماندا تەنها ناوەکانیان بۆتە تای تەرازوی ڕۆشنبیر و ڕوناکبیری!. بەڵام ئایا ڕۆشنبیر تەنها بەو مانایە دێت کە ڕۆژانە لە میدیا هەمە جۆرەکان دا بدوێین و بنوسین؟ زۆر ترین بەرهەم و ئامادەییمان هەبێت ؟٠
کاتێك ووشەی ڕۆشنبیر لە بەرامبەر کەسێك یان توێژێکی دیاریکراودا بەکار دەهێنین پێویستە هەمیشە چاوێك بە ڕابردوی دەستەواژەی ڕۆشنبیری و ڕوناکبیریدا بگێڕین. ئەو دەستەواژانە بە مانای تێڕوانینی ئەقڵانی و ڕۆشنی ئەقڵانیە بۆ تەواوی دیاردە کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسیەکان
لە باسی ڕوناکبیری و ڕۆشنبیران دا پێویستە. ئەو ڕۆشناییە بە بیری خۆماندا بهێنین کە لە سەدەی هەژدەدا تەواوی ئەوروپای ڕوناك کردەوە. بزوتنەوەیەکی کولتوری و ئینتەلەکتوێلی بە ئامانجی بەکارهێنانی ئەقڵو ژیری پیادەکرد. ئەو ژیریەی کە هەمیشە لەسەر بنەما مرۆییەکان و ڕاستیەکان بنیات نراوە و خۆی ڕاگرتووە٠
لە ئەوروپای تاریکستاندا ئەوە بیری ڕۆشن بو کە ڕوبەڕوی خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی وەستایەوە . ئەوە بیری ڕۆشن بو کە بووە هۆکاری بنیاتنان و گەشە و شارستانیەت ، مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی ژنان و پیاوان، سیکولاریزم، مافەکانی هاوڵاتی، سەرەتاکانی یەکسانی تەواوی مرۆڤەکان٠
بەداخەوە لە نزیك و لە دەوروبەری خۆمان و لە ماڵی خۆماندا هێشتا دەبینین خەڵکانێك بە ناوی ڕۆشنبیرانەوە بە تەواوی ئەو سەرەتایانە نامۆن ! ئایا چۆن دەکرێت خەڵکانێك بەو بنەما مرۆییانە نامۆ بن و لە هەمانکاتدا قسە لە ڕۆشنبیری و بیری ڕۆشن بکەن ؟! ئەگەرچی تەواوی لاپەرەکانی دونیاش بە نوسین و وتارەکانیان پڕ بکەنەوە، هێشتا ناتوانن ڕۆشنبیر بن و هەرگیز شایانی ئەو بەرزنرخاندنە نین٠
لە مێژوی نەتەوە ستەم دیدەکەمان دا ، داگیرکەران هەمیشە هەوڵیان داوە سەربەخۆییمان زەوتبکەن . کاتێك کە میرنشینەکانی بابان و بۆتان و نەهرییان داگیرکرد و لەناویان برد تەواوی میر و ئەمیرزادەکانیان ناردە پایتەختەکانی خۆیان ، بەو مەبەستەی دوریان بخەنەو لە خاك و گەلەکەیان، بەڵام ئەوان لەبری نامۆبونیان بە نیشتیمان و ئازادی گەلەکەیان کە مەبەستی دوژمنان بو، بە پێچەوانەوە ئاشناییان لەگەڵ ئازادی و بیری ڕۆشن دا پەیدا کرد و بونە هەڵگری ئەو بیرە ڕوناکەی کە لە ئەوروپاوە بە دەروازەکانی تورکیادا دزەی دەکرد. باشترین نمونەش بنەماڵەی بەدرخانیەکانن کە هەرگیز لە یاد ناچنەوە٠
دوژمنان قوتابخانەو ئەکادیمی سەربازیان بۆ لاوانی کورد بنیات دەنا تا بیانکەنە بەشێك و دەستێك لە سوپا دڕندەکەیان. بە پێچەوانەی مەرامی ئەوان چەندین لە ئەفسەرانی کوردستانی باشور و باکور بونە پێشەنگی بیری ئازادی و ڕۆشەن و خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان٠ داگیرکاران هەوڵیان دەدا پیاوانی ئایینی و قوتابیانی مزگەوتەکان بکەنە داردەستی کۆنەپەرستی و تاریکبینی، بە پێچەوانەوە لە نێوانیاندا کەسانی ڕوناکبیر و ئازادیان لێ دروست دەبو، لە نمونەیان حاجی قادری کۆیە و خواجە ئەفەندی و حاجی تۆفیق ناسراو بە (پیرەمێرد). ئەوانە لە سەردەمانێکدا ڕۆشنبیرانی گەلەکەمان بون کە هەرگیز سەریان بۆ ناڕەوایی و بیری تاریك شۆڕ نەکرد و بونە پێشەنگی گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری سەردەمانی خۆیان٠
لەگەڵ گەیشتنی بیری ڕۆشن لە ئەوروپاوە و لە ڕێگای دەروازەکانی تورکیای عوسمانیەوە، ئەوە ئیتر ڕۆشنبیرانی کورد بون کە بە بێ ترس و سڵەمینەوە لە دوژمنان چەندین کۆمەڵەی وەکو؛جەمعیەتی تەعالی و تەرەقی كورد و كۆمهڵهی نەشری مهعاریفی كورد و جەمعیەتی موحیبان و هێڤی و خۆییبون یان دامەزراند و ڕێگای تاریکیان بۆ جەماوەری کوردستان ڕۆشن دەکردەوە٠
ڕۆشنبیرانی وەکو عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سکوتی دیاربەکری و ئەمیر عالی بەدرخانی و شەهید سەید عەبدولقادری شەمزینان و چەندان ڕۆشنبیری تر بون بە بیر و خوێن و ئازادی خۆیان دڕیان بە تاریکی سەردەمەکەیان دەدا٠
جەمال عیرفان و ڕەشید جەودەت و عارف سائیب و ماجید مستەفا بونە پێشڕەوانی شۆڕشی ئازادی و ڕۆناکبیری. هەربۆیە بە هەق ناوی منەووەر و منەوەرانیان بەسەردا دابڕیبون٠
ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە لە مێژوی کۆن و نوێێ خەباتی ڕزگاری و ئازادیخوازانەی گەلەکەمان، لە تەواوی پارچەکانی کوردستان، هەمیشە پێشڕەوی خەبات و تێکۆشان بون. زۆریان بونە قوربانی بیری ڕۆشن و هەڵوێستی نەمریان٠
بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە مەخابن دەیان و سەدان بە ناو کەڵە ڕۆشنبیری ناو دەزگا بە ناوڕۆشنبیریە جیاوازەکانی پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوە چەتریەکانی پارتە سیاسیەکان و لە پشتی دەزگا میدیاییە بە ڕوکەش نوێخواز و شارستانی و لە ناوەرۆکدا بڵاوکەرەوەی بیری کۆیلایەتی و تاكپەرستی و زەوتکردنی ئازادیەکان و خۆسەپاندن و قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان، تێکدەرانی ئارامی کوردستان و زەوتکەری ئازادیەکانی خەڵکی کوردستانن٠
ئەمڕۆ بە پلەی یەکەم ئەرکی ڕۆشنبیرانە ڕوبەڕوی داگیرکەران و لە هەمانکاتدا ناڕەوایی کۆمەڵایەتی و تاریکبینانی ناوخۆش ببنەوە. ئەرکی ڕۆشنبیران ئەوە نیە کە لە خزمەتی هێز و لایەنە تاریكبینەکانی بێگانە و خۆماڵی دا بن بەڵکو ئەرکیان ئەوەیە کە ڕوی ڕاستەقینەی ئەوانە پێشان بدەن کە لەشکرێکیان بەناوی ڕۆشنبیرانەوە دوای خۆیان خستووە و خەڵکیان پێ چەواشە دەکەن و بەرەو بێدەنگی و کۆیلایەتیان دەبەن و خەڵکی بە هەلومەرجی ناهەموار ڕادەهێنن٠
ئەرکی ڕۆشنبیرانە ئەو ڕاستیە بخەنە ڕو کە ئەودەسەڵتدارانە کەسانێک نین جگە لە تاریك بینەکانی سەردەمانی ڕۆشن و شارستانی و کراوەیی.
مەخابن ئەمڕۆ پلە و پایەی ڕۆشن و گیرفانی ڕۆشن، جێگەی بە بیری ڕۆشن و ویژدانی ڕۆشنی مرۆڤانە و نیشتیمانی و نەتەوەیی و چینایەتی لێژکردووە٠
قەڵەم و بیر و ویژدان هەراج کردن و بێدەنگ بون و خۆ کوێرکردن لە سیستەمی ناڕەوا و نالەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی هێزە تاریکی خوازەکان گەرمترین بازاڕی هەیە٠
ئەرکی ڕۆشنبیران ئەوەیە کەپشتیوان و هاندەری ئەو لایەن و هێزانە بکەن کە ناوەرۆکیان پاك و دڵسۆزانەیە و لە خەبات و تێکۆشاندا بەرامبەر بە دوژمنانی گەلەکەمان و ئازادی و هەرگیز دەستەوەستان نەوەستاون و ناوەستن، ئەرکی ڕۆشنبیرانە هەڵەکانیان بۆ ڕاستبکەنەوە و ڕەخنەی دروستکەرانەیان ئاراستە بکەن٠
لە هەمانکاتدا ئەرکی ڕۆشنبیرانە کە بە توندی ڕوبەڕوی هێزە تاریکەکان ببنەوە و هەوڵی ڕسواکردن و نیشاندەری ڕوی ڕاستەقینەیان بن و بە مەبەستی لە ڕەگ و ڕیشەوە دەرهێنان و گسك لێدانیان کار بکەن و کۆمەڵگا بەو ئاراستەیەدا ببەن وهۆشیار بکەنەوە٠
بەڕێزان لە ڕاستیدا لێرەدا کۆتایی وتارە ئامادەکراوەکەم بو بۆ ئەم کۆنفرانسە . بەڵام ڕەوتی کۆنفرانسەکە و دوانەکانی پێش من ناچارم دەکەن کە چەند بابەتێکی تر بهێنمە باسەوە. لە پێش هەموشتێکدا وەکو کەسێکی بێلایەن ودور لە پارتی سیاسی و وەکو دۆستی گەلەکەم و بەرژەوەندیەکانی، دەمەوێت ڕەخنەی خۆم ئاراستەی ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە بکەم کە لە نێوان سەدان و تەواوی کەناڵە میدیاییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان دا تەنها و تەنها دو کەناڵی(ڕوداو وە کوردستان ٢٤ )یان بانگهێشت کردووە. ئەو دو کەناڵەی مۆرکی حیزبی و بنەماڵەیی دور و نامۆیان بە ڕوناکبیری بە ناوچەوانەوەیە . ئەو دو کەناڵەی کە بونەتە مشەخۆر بەسەر بژێوی خەڵکی کوردستانی باشورەوە و لە ناو جەماوەری کوردستاندا بە کەناڵی نەوتەکە واتە بە کەناڵی دزینی بژێوی جەماوەر ناسراون. ئەو دو کەناڵە کە ئەندامانیان دێنە وتارەکەمەوە و وەکو گەورەکانی خۆیان ڕێگرن لە سەرجەم دەنگێکی ئازادانە و ڕێگرن لەوەی ڕای سەربەخۆ و نەتۆقێنراو دەرببڕدرێت. ئەو دو کەناڵە لە ناوەندی ڕۆشنبیران و دەنگە ئازادەکان و رای گشتی جەماوەری کوردستان دا نەخوازراون و بونیان لە هەرشوێن و بۆنەیەکدا بێت دەبێتە جێگەی پرسیار و گومان٠
هەروەها بەداخەوە لە نێوان وتارەکاندا بەردەوام گوێبیستی ئەوە دەبم کە باس لە ڕیفەراندۆم و دەوڵەتە خەیاڵی یان باشترە بڵێم تەکتیکیەکەی مەسعود بارزانی دەکرێت. بە تایبەتی لە لایەن بەرێز زەینولعابدینەوە کە بیرمەندێکی بواری فەلسەفەیە. بەڵام ئایا کەس لە خۆی ناپرسێت ئەم سەرۆکە خۆسەپێنە ناشەرعیە بۆچی تەنها لە سەردەمانی قەیرانەکان و شەرمەزاریەکاندا دێتە سەر ئەم باسە ؟! ئایا کەسێك هەیە هێندە ساکار بێت کە نەزانێت ئەم هاژوهوژی دەوڵەتی کوردی و ڕیفەراندۆمە شتێك نیە جگە لە لادانی سەرنجی خەڵکی لە قەیرانەکانی ناشەرعیەتی دەسەڵاتەکەی و خۆسەپێنەری و برسیکردن و بێکار کردن و بێموچەکردنی خەڵکی و گەندەڵی ودزی و پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێم و تەواوی بنەما دیموکراسیەکان؟٠
زۆر بە داخەوە، چاوەڕێم نەدەکرد لەم کۆنفراسەدا بە ناوی بیرمەند و ڕۆشنبیرانەوە مەتح و سەنای مەسعود بارزانیەکی ناشەرعی و خێڵەکی بکرێت٠