هیوا هاوڕێ گولە باران کراوەکەم

Wednesday, 08/06/2016, 21:22

9804 بینراوە


دەڵێن : "هەندێک هاوڕێ وەک مێژوو وان، نە دووبارە دەبنەوە نەلەیاد دەکرێن ".
هەربۆیە مردن هەیە مرۆڤ بەگەنجی و نەمری دەهێڵێتەوە، ئەم هاوینە لەگەڵ هاوڕێیەک و برایەکی ئازیزی تری قوتابخانەم کاک "ئەمین ئەلماس" چوینە بەردەم ناوەندی ڕۆشبیرو لەوێنەی شەهیدەکانمان ڕوانی، شێرکۆ بێکەس لەچامەیەکدا ووتی: "هیوا کانیەکە پێدەکەنێ".ئەو ساڵە من لەچیابووم کە هەواڵی گولەبارانکردنی "هیوا، سەردار، ئارام"م لە ئیزگەوە بیست.دوایش چیرۆکی گیرانی هیواو شەهیدکردنیم بیست کۆڵێک دڵگران بووم.وەک دەڵێن "مەرگ دەرگایەکە بەرەو نەمری" هیوا هاوڕیەکی بزێوو بوو ئەوکاتە کە ڕێکەوت منی گواستەوە بۆ ناوەندی جمهوری زۆر سەیربوو....! لەناوەندی ڕۆشبیری کەجارێ نەگوێزرابۆوە بۆ بەرانان لەوێ بووم بەڕێوبەرەکە هات ووتی: کێ دەیەوێت بگوێزرێتەوە ؟ منیش دەستم بڵند کرد و ڕەزامەندیم نیشان دا نەپرسیارم کرد بۆکوێ؟ نەگرنگیش بووبەلامەوە بۆکوێ دەگوێزرێمەوە.من حەزم بەسەرکەشی دەکرد، دەموویست زیاتر ئازادبم وزیاتر بەناو شاردا بگەڕێم.لەناوەندی جمهوری گیرسامەوە، بەم دوایانەدا زانیم کە "شەهید ئارام"یش لە ناوەندی جمهوری قوتابی بووە، ئەویش لەهەمان دەرگاوە چۆتە ژوورەوەو لەوێ زانست فێربوە، زۆر ئاسودەبووم کەزانیم و خوێندمەوە کە شەهید ئارامیش لەهەمان ناوەندی بووە.چونکە تەمەنم ڕێگەی نەدابوو بەو پیاوە جوامێرەبگەم لەنزیکەوە.بەهەر حاڵ لەناوەندی جمهوری زۆر کەسم ناسی کەتاکو ئێستاش پەیوەندیمان پێکەوەهەرماوە.بیرمە بۆیەکەمین جار کە دیوار نوسین بوو بەباو حەوشی ناو قوتابخانەکەی ئێمەیان نوسیبوو.نەم دەزانی ڕۆژگارێک دێت منیش هەمان پیشە دەکەم، دارو دیوار دژی داگیرکەران دەنوسم و پۆستەری شەهیدو بەیانە قاچاغەکان بڵاو دەکەمەوە.بیرمە ئەو کاتە بەدڵی خۆمان نوسینەکەمان لەپەنجەرەی پۆلەکانمانەوە خوێندەوە و دوای هێزە تایبەتەکەی بەعس هاتن و وێنەیان گرت و پاشانیش کوژانیانەوە بەبۆیاخی ڕەش." هیوا"م ناسی باسی کتێب و سیاسەت پیشەی هەموو ڕۆژێکمان بوو.جارناجار هۆنراوەم دەنوسی هیواش دەست و خەتێکی جوانی هەبوو، بەڕاستی نیگارکێشێکی بەسەلیقەبوو هەرچیم دەنوسی دەم دایە بەجوانی بۆی دەنوسیمەوە تا دەفتەرێکم بەخەتە جوانەکەی ئەو لامایەوە، هەر ئەوساڵە نەشرەیەکیشمان دروست کرد، بەدیواری قوتابخانەدا هەڵواسراو ماوەیەکی زۆر پێوەی بوو، کەشاریشم جێهێشت دەفتەرەکەش لەگەڵ کتێبەکاندا کە دەمکڕی ئێوە خۆش.
 ئێستە دەڵێم گەر ئەو دەفتەرە بمایە جگە لەدەست و خاتەکەی هیوای هاوڕێم کە دەمهێشتەوە وەک میراتیەک بۆخۆم هەر ئەو هۆنراوانەم لەناودەبرد، چونکە لام وایە هەرناویان هۆنراوەبوو خۆشم باش لێی حاڵی نەدەبووم کە چیم نوسیبوو هەڵچونێکی هەرزاکارانەبوو، قسەڕیزکردن بوو.
 جولەکەکان دەڵێن " کەویستت خواوەند بخەیتە پێکەنین، هەموو پلانەکانی خۆتیان پێبڵێ " منیش لەوکاتەدا وابووم، بیرمەڕۆژێک هیوا ڕۆمانی "دایک"ی بۆهێنابووم کە بیخوێنمەوە جگەلەوەی گران بوو پارەی کڕینیم نەبوو دەستیش نەدەکەوت لەکتێب فرۆشيکان نەمابوو، کەزەنگی وانەی دوایی لێیداو تەواو بووین، چوینەدەرەوە لەناو حەوشی قوتابخانەدا بیرم کەوتەوە کە ڕۆمانەکەم جێهێشتوە، پێنچ شەممە بوو دەبوو لەهەینیدا بیخوێنمەوەو شەممە بمگەڕانایەتەوە چونکە هیواش لەکەسێکی تری وەرگرتبوو.کەچوم بیهێنم کەس لەپۆلەکەمان نەبوو بگرە قوتابخانەکەش چۆڵ ببوو، منیش سەبەتەی خۆڵی پشتی دەرگاکەم دابە وێنە پڵحەکەی سەدامداو کەوتە خوارەوە و پۆلەکەم جێهێشت.وام دەزانی کارێکی باشم کردوە، کە شەمەگەڕاینەوەقوتابخانە مامۆستا نەوزاد ناردی بەدوامدا بۆ ژووری بەڕێوبەر، کەپرسیاری کرد بۆ وێنەکەم خستۆتە خوارەوە حاشام لێکردبیرمە پێم ووتم :" بەشەرەف من نەبووم" ووتی: سوێندی پڕوپیرێژن مەخۆ، تۆ وێنەیەکی چڵکن و گومێشاویت پێگۆڕین، بەوێنەیەکی پاکوخاوێن.خۆ ئەو کاتانە کامێرانەبوو بۆ چاودێری، ئێستاش نەم زانی چۆن زانیان من وێنەکەم شکاندوە؟ 
 لەو کاتەدا یەکێتی قوتابیانی بەعسیان دروست کردبوو، ڕاستی ئێمە هەموو ڕقمان لەوانەبوو کە تێکەڵی ئەو یاریە نەگلیسە ببون ڕۆژێک لەبەر خۆرەکەدا دانیشتبووین لە سەربانەکە، چونکە قوتابخانەکەمان دوونهۆم بوو، زۆرجاران لە کاتی پشۆکاندا لەوێ لەبەردەم خۆردا خۆمان هەڵدەخست ژووری پۆلەکانمان زۆرساردبوو ئاگردانەکەش تەنها لەناوگەڵی مامۆستاکانماندا بوو.بیرمە هیواووتی:"تۆ سەیری ئەم خوێڕیانە بکە" منیش ووتم :دەتوانین ژوری کۆبونەوەکەیان گڕتێبەر بەین...!
 من لەخانۆکانی کارگەی جگەرەوە نەوتم لە دایکم دزی لەدەبەیەکی ڕۆنی ئۆتۆمۆبێلدا هێنام بۆ قوتابخانە ئێوارەیەک من و هیوا ویستمان ئاگر لەو ژوورە بەردەین، کە فەریقە بەعسیە بچوکەکان تێیداکۆدەبونەوە و بەردەوام ئەو دەرگایە کڵۆم درابوو یەکەمین ژووربوو لای پێپلیکانەکان، ڕاستی بڵێم هەموویانیەک دووکەسی نەفس نزم بوون، زۆریش نەبوون.لەئاودەستەکاندا خۆمان خڵفاند تا قوتابێکان ڕۆیشتن ئیتر هاتین نەوتەکەمان هەمووی ڕشت لەشڵەژاندا بیرمان نەبوو کاغەز بەکار بێنین تائاگرەکەی پێبکرێتەوە، هێندە دەنکە شقارتەمان نا بەئاگرەکەوە دەکوژایەوە تا من هاوارم کرد کە فەڕاشە لوت زلەهات بەرەو ڕوومان، ئیتر ئێمەش هاتینەدەرەوە.بۆ بەیانی شەقامی خوار خانەقایان نوسیبوو بەڕەنگی سور، بیرم نایە چیان نوسیبوو بەڵام لەکۆتایی هەموو دێڕێکدا نوسیبویان "کۆمەڵەی هیوا" لەحەوشەی قوتابخانە مامۆستا نەوزادم دی ئەو هەمیشە لەناوماندابوو جگەرەی ڕۆسمەنی دەکێشا پێم ووت : مامۆستا کۆمەڵەی هیوا چی یە؟ بە زەردەخەنەیەکەوە ووتی: کوڕم بەدوای شتی باشتردا بگەڕێن ئەیدۆزنەوە، نەوتەکەشتان غەشی تێدا بوو، تێکەڵێ ئاوببوو ئاگرێکتان بۆنەکرایەوە.
 وابزانم هەفتەیەک دوای ئەوەبوو کەدووپۆل کرابوە یەک، ئێمە لەدواوە دانیشتبووین، هاوڕێم " ئەمین" لەپشتملی مامۆستا مەندەلێکەی ڕوانی کە بەعسی بوو، هێندە جوان پشتی ملی تاشیبوو سپی دەوت توری کەلارە.ئەمین ووتی :سەیری پشتە ملی کە دەڵێ پولی سپی دۆمینەیە.ئێمە پێکەنین کابرای مەندەلاوی توڕەبوو جوێنی دا بیری چوەوە کەمامۆستایە ئەو بەعس تەربێتی دابوو، گەرچی ئەمین بەشێوەی ئەو وەڵامی دایەوە ئیتر هاوڕێکەم ئەمین لەقوتابخانە دەرکرا، چیرۆکی پشتی دەرکردنەکەی لەدەمی هاوڕێکەمەوە ببیسترێت خۆشترە چونکە "بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی" کەیسەکەی گرتبۆ دەست، منیش ئیتر تاقەتی قوتابخانەم نەبوودوای ئەومنیش وازم هێنا، بەنیازی ئەوەی لەشەو بەردەوامی، ئەوکاتانە سلێمانی لەدوای کاتژمێر شەشەوە دەووت بیابانە شەقامەکانی چۆڵ دەبوو، پاسەکان کاریان نەدەکرد، بایەقوش لە شەقامەکان دەیخوێن، ئەوەی دەبینرا تەنها پیاوانی پاسەوانەکانی ڕژێم بوو، بۆیە پلانی خوێندنەکەم وازلێهێناو دەستم کردە کرێکاری.هێواش هێواش هاوڕێ ترم دەدۆزێوە ئەوکاتانە بەرەو پێنجوێن، شارەزوور، قەرەداخ دەچوم، تاببم بەپێشمەرگە ئەمووت دەترسم شۆڕش سەرکەوێت من هیچ ڕۆڵێکی تیا نەبینم.تاڕۆژێک دوای ئەوەی لە قەرەداخ لەگوندی "مێوڵی" پێیان ڕاگەیاندین کە تەمەنمان منداڵە وەر ناگیرێین و بڕۆینەوە بۆشار خۆیان پەیوەندیمان پێوەدەکەن، گەڕاینەوە لەئاوی تانجەرۆمان دا، ئێمە چوار گەنجی هەرزەی بزێوبووین، لە دوایدا هەر چوارمان بوین بەپێشمەرگە، دوانمان شەهید بوون :شەهید حەمە بیکەسی و شەهید فەرەیدوون، کە ' عومەری' ناوبوو، هەردووکیان لەشەڕێکی داستان ئاسادا گیانیان بەخشی بەشۆڕش، من و هاوڕیەکی تر لەژیاندا ماوین بەڵام درێخیمان نەکرد لەخزمەتکردن بە شۆڕش.دوای ئەوە کتێب بوە هاوڕێم بوە بەشێک لەپێداویستێکانی وەک خۆراک و هەواو ئاو چوە ناو ژیانمەوە، کۆمەڵەم ناسی کۆمەڵە کەسایەتی داگیرکردم حەزم دەکرد هەموو شتێک بۆ خاتری ناوی کۆمەڵە ئەنجام بدەم.پەیوەندیم لەگەڵ کاکە هیوا هەر مابوو ئەو بەردەوام بوو لەخوێندن، من لەکرێکاری هەرچیم دەستدەکەوت کتێبم پێ دەکڕی، ڕۆژێک لەبەردەکی سەرا دوا نیوەڕۆیەکی زووبوو هیوام دی، ووتی وردەت پێیە ؟ ووتم بەڵێ لای کتێب فرۆشەکە کەلەسەر شەقامەکە کتێبی دانابوو لەلای دیواری بەریدەکەلای کاتژمێرە بەناوبانگەکەی شار وەستابووم بیرمە ئەو ڕۆژە "شاکیر فەتاح" لەکتێبەکانی دەڕوانی چاویلکەی لەچاودابوو، "مستەفا ئەحمەد"یش کە ئەوسا بە خولە چەخماخە یان یان وەستا عەلی ناوبانگی دەرکردبوو.بەچیچکانەوە کتێبێکی عەرەبی قەبارە گەورەی سەیر دەکرد، خەڵکی تری زۆر لێبوو ئەوکاتانە کتێب مانای هەبوو شەرم بوو لەماڵێکدا کتێبی تێدا دەبوایە، ئەوکاتە مانای نەخوێندەواری ئەو ماڵەی ڕادەگەیاند، منیش چیرۆکی "چارەنوسی ئادەمیزادم " کڕیبوو بەدەسمەوەبوو لەگەڵ هیوا چوینە ئەوبەرەوە، بەهیوام ووت وردەت بۆچی یە ؟ لای پاقلاوەو محەلەبێکە ی حاجی عەباس کە مارێکی گەورەی وشک کراوە ببوە سمبوڵی ئەو ساردەمەنیە فرۆشە، ئێمە تێپەڕین بۆ لای بازاڕی عەسری، هیوا ووتی: ئێستا لەتەلەفۆنی سەر جادەکەوە زەنگ بۆ پارێزگار لێدەدەین، پێی دەڵێین وەرە سەرچۆپیمان بۆبگرە شایمان هەیە "شێخ چۆپی" ئاخر ماوەیەک بوو "شێخ چۆپی" تۆپەڵێک بازرگانی شاری بردبوو بۆلای سەدام و لەوێ هەڵپەڕی بوون.هیوا زۆر هەوڵی دا تا یەکێک لە فەرمانبەرەکانی ئەوێ وەڵامیان دایەوە هیواش یادی بەخێر ووتی :دەمەوێت لەگەڵ " شێخ چۆپی"دا قسەبکەم.لێیان داخستەوە، چەند جارێک هەوڵی دا دوای ماوەیەک ئیتر ئەو تەلەفۆنە کاری نەدەکرد، ماوەیەک دوای ئەوە لە دوکانێکی سەعاتفرۆش ئەمنەکان دەوەستان کەسێک نەچوایەتە هزریانەوە دەیانبردە ژوورەوە داوای پێناسەیان لێدەکرد.
 من دوای وازهێنانم لەقوتابخانە لەخۆمەوە بومە وەستای لەبغو بنکەشی و دروستکردنی حەمام و دانانی بۆری زێراب و دیوار.ڕۆژێکیان لای گەراجی پاسەکانەوە هاتم کە لەخانویەک لەوناوە کارم دەکرد، سەیرم کرد کۆمەڵێک بیانی خەریکی دانانی وایەری تەلەفونات بوون و وایەرەکە زۆر ئەستوربوو سەدان وایەری ڕەنگاو ڕەنگی باریک بەناویدا هاتبوو، تۆزێک لایان وەستام سەیرم کرد بە جیهازێکی گەورەی سەوز باو وایەرە سەوزو سورە باریکەکانیان دەکردە ناو جیهازەکەوەو تاقیان دەکردەوە، ووتم ڕەنگە ئەم جیهازە باش بێت بۆ شۆڕش و بیرم لەبردنی کردەوە، بەڕاپۆرتێک ناردم بۆ سەروخۆم کە جیهازێکی واهەیە داخۆ شۆڕش پێویستی پێیەتی ؟ لەماوەیەکی کەمدا وەڵامم وەرگرتەوە کە تێیدا نوسرابوو" بەردێک چەندە بێبەرە، شۆڕش دەتوانێت کە لەبەرێکی پێبگرێت" منیش چوم بۆلای هیوا پێم ووت وەرە کارێک هەیە پێکەوە دەیکەین، بۆم باسکرد، ڕاستەوخۆ ووتی : با ماتڵ نەبین نەک بەخێرای بڕۆن لەو جێگەیە و لەدەستمان بچێت، کاتژمێر ١١بوو.هیوا راستی کرد ئەوان بەخێرای کاریان دەکرد بە حەفارە چاڵیان هەڵدەکەندو لمێکی بێژراوەیان ڕۆدەکردوو چەند وایەری ئەستوریان ڕادەخست و خشتی کونکونیان لەسەری داداناو وایەرە ئەستورەکانیان دادەپۆشی، ئەوەی کە هێشتبویانەوە لەو جێگەیە مەنۆڵەکان بوو کە بەو جیهازە کۆنتڕۆڵیان دەکرد.کرێکارێ کڵاوێکی زەردی ئاسنی وەک غودەی لەسەردابوو نازانم کۆری بوو، یان یابانی، یان چینی بوو ؟ ئەو خەڵکی ئاسیابوو، بیرمە هیوا دەستی دایە جیهازەکە، کرێکارە ئاسیاوێکە یاری زانی کاراتی بوو لەهیوای دا و هێرشی بۆمنیش هێنا، من وام دەزانی ئاسانە و ئەم پیاوە چکۆلەیە لەبەین دەبەم، بەڵام وانەبوو، ئەو لەهەردووکمانی دا و هاواری دەکرد "حەرامی" نازانم عەرەبی دەزانی یان نا، ئەو ئێمە بەدز تێگەشتبوو ئەم ووشەنەعلەتیەلە لەکوێ فێرببوو، پێدەچوو پێشتر لەخواروی عێراق کاری کردبێت، لەوکاتەدا کرێکارەکان خەریک بوو کۆبنەوە ئێمەش ڕامان کرد، تانەناسرێینەوە هەردوکمان بەیەک پێدەکەنین، من ژێرچاوم شین و مۆر ببوو، هیواش شوختێک لەسەر قۆڵی بوو، ووتمان وانابێت دەبێت بچین چەک بێنین، دەمانچەیەکی میکارۆفم لابوو لەماڵی خزمێکمان بوو تا چوم هێنام لەپاسەکە دابەزین بڕۆین ئەمجارە جیهازەکە بێنین بەهێزی چەک، بەڵام دوو ئۆتۆمۆبێلی ڕەشی نەجدە پارێزگاری لێدەکردن.دوای ئەوە من ووتم : هەر ڕۆژێک بێت لەژیانما خۆم فێری هونەری کاراتی دەکەم.بەڵێ ئێستا ئەوە ماوەی ١٥ ساڵە من بەردەوام مەشق دەکەم بەڵام جیهازی واخوێڕی لەرهزرما نییە تا بچم بیهێنم.
شەهید هیوا ساڵی ١٩٨٣گیرا پاش ئەوەی گفتوگۆی شۆڕش بوو لەگەڵ ڕژێم، ئەویش یەکێک بوو لەگیراوەکان کە ئازادکرا، هیوا کۆمەڵەیەکی شێلگیر بوو کەسێک بوو زۆر بەئازایانە ڕووبەڕووی داگیرکەران ببۆوە، شەوێکیان لەگوندی قزلەر پیاوێک لەزیندانی ئەمن ماوەیەک گیرابوو دوای بەردرابوو هاتبوو بۆچیا، گێڕایەوە کە لەزیندابووە لە فەرمانداری ئاسایش، کە لە قوتابخانەی شۆڕشی کۆندا بوو بەرامبەر فیرقە، باسی ئازایەتی هیوای دەکرد کە هەمووگیانی شەڵاڵی خوێن بووە لەکاتی ئەشکەنجەدانیدا، بەڵام کەهێناویانەتەوە بۆ ناو زیندانەکان دەستی کردوە بەگۆرانی ووتن، ئەو کاکەیە ووتی گۆرانی "مەزهەری خالقی " دەووت گەنجێکی زۆر بەورەبوو.
 شەهید هیوا کەسێکی بوێربوو، ئەو کەسێکی بزێوبوو، سەرەڕای ئەوەش کەسێکی هۆشمەندبوو، تەمەن ڕێگەی بدایە ئەو ئەستێرەیەکی دیاری ناو کایە سیاسێکان دەبوو، دڵنیاشم کەسێک دەبوو بەجوانی دەمایەوە، چونکە جگە لەخەو هیواشی هەبوو، هەمووجارێک دەیووت:" شەرم نی یە مرۆڤ لەئازادی خۆی بترسێت" ؟ ئەمینی هاوڕێم بیری هێنامەوە کەجارێک مامۆستاکەمان ووتوێتی کەسێک لەم پۆلە دەبێت بەکەسێکی ناوداری مێژوو.ئەمین دەڵێ : مامۆستاکەمان بەهیوای دەووت.هیوا دەیووت گەر دەتەوێت ژیان بکەیت و ژیانت واتاداربێت، دەبێت بەڕێگەی مەترسیدا بڕۆیت و ژیان بکەیت، چونکە گەر ژیان ئاسان بەڕێکەیت و هیچ نەکەیت، مانای وایە بڕۆ بۆ گردی سەیوان بببە بەزێوان تا سەرەت دێت بۆمردن.ماڵی هیوا لە پشتی گردی سەیوان بوو، بۆیە هەمیشە لەقسەکانیدا گۆڕستان نمونەیەکی زیندووبوو لەگەڵیدا.
هاوڕێ گەنجە شەهیدەکەم، لەمێژبوو دەمویست چەند دێڕێکت لەسەر بنوسم، بەڵام نەم دەمدەزانی چۆن و لەکوێوە دەست بەنوسینی بکەم ؟ هەردووکمان لەخەباتێکدا بەشداربووین بەڵام هەریەکەمان بەڕێگەیەکدا کەوتینەڕێ و لەیەکتر دابڕاین، کۆمەڵەش ڕەوشتێکی فێرکردبووین کە چیرۆکی کارکردنمان لەیەکتری بشارینەوە، چونکە پاراستنی گیانی هاوڕێکانمان ئەرکی ئەخلاقی ئێمەبوو.هیوا نمونەی شۆڕشگێڕیکی خۆنەویست بوو، کەسێکی بوێرو بەجەرگ بوو سەرکەشی لەچ جێگەیەک بوایە هیوات لەوێ دەدۆزێوە، ساڵی ١٩٨٢ لەبرایم پاشا کاتژمێر ١٣٠دەقەبوو کە یەکمان دیەوە بۆبەشداری لە خۆپیشاندان لەوێ کۆببوینەوە، ئێمە تەنها خەندەیەکمان بۆیەکری کرد، هیوا مەرگی وەک خەیاڵ سەیر دەکرد، چونکە دەیووت لەکاتی شۆڕشدا ژیان هەتاهەتایی یە.کە بەیانێکی قاچاغمان بڵاو دەکردەوە یان کارێکی بۆ کۆمەڵەدەکرد، ئەوت لەبەر هەتاو خۆی هەڵخستوە و ئاسودەبوون داگیری دەکرد.من باسی ئەوەناکەم کە هیوا داوی یەکەمین گرتنی دەبوو کە ئازادکرا لەشاردا نەمایە، بەڵام ئێمە ناتوانین ڕەخنە لە ڕووداوێک بگرین کە ڕووی داوە.هیوا زۆر بەگەنجی شەهیدکرا، بەعسێکان بەتاوانی ئەوەی مامۆستایەکی بەعسی عەرەب کە کوژرابوو، هیوا سەردار، ئارام، یان، بەمەرگ سزادا و لەبەردەمی ناوەندی ڕۆشبیر ئەو سێ گەنجەی کۆمەڵەیان ترسنۆکانە گولەباران کرد و شارەوانی تەرمەکانی شاردنەوە لەگۆڕستان.لەو ساڵانەدا بەعسێکان ئەوە جاری چەندەمیان بوو کە لەسەرشەقامەکان گەنجی کوردیان گولەباران دەکرد، بەداخەوە تاکو ئێستا ئەم کەیسانە نەکراونەتە دیکۆمێنت و نەچونەتە خانەی مێژۆوە، بەپێچەوانەوە بەعسێکان و خزمەتکارانی بەعس ئێستا گەر موچەی خانەنشینیان نەبێت، ئەوە لەئوتێلە ئەستێرەدارەکاندا میوانی سیاسێکانن.سڵاو لەگیانی پاکت هیوا هاوڕێ گولەبارانکراوەکەم، لەیادت ناکەم، بمبورە کە درەنگ کەوتم بۆلاتان.
تێبینی: دوایی بڵاو بونەوەی ئەم بابەتە  هەندێک  هاوڕێ و کەس  کۆمێنتیان   نوسیبوو لەناویاندا کۆمێنتێک بوە جێگەی سەرنج بۆم کە هاوڕیەکی بەڕێز نوسیبوی  ، منیش وەک ئەرکێکیمێژووی کۆمێنتی ئەم بەڕێزە دەخەمە  سەر نوسینەکە ، کە زانیاریەکی زۆر   سەرنج ڕاکێش بوو کەمن  لێی بێئاگابووم  لەبەر ئەوەی  لە چیابووم و لەشار نەمابووم لەو کاتەدا .
هیواو ئارام وسه‌ردار ، 3 ئه‌ستێره‌ی دره‌شاوه‌ی ئاسمانی كوردایه‌تی و خه‌باتی نهێنی ڕێكخستنه‌كانی سلێمانی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتین !....ڕه‌وانی پاكیان شادوئاسوده‌بێت ...خێزانی ئه‌م پۆله‌ شه‌هیده‌ زیاتر له‌ 2 ساڵ دوورخرانه‌وه‌ بۆ باشووری عێراق و خانوه‌كانیان ڕوخاندن !...شایسته‌ی رێزلێنان و ستایش كردنن !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە