چارەكە سەدەیەك لەشكست

Wednesday, 15/06/2016, 22:41

2082 بینراوە


لەدوای وەدەرنانی ڕژێمی بەعس پێش 25ساڵ لەبەهاری 1991دا، كورد لەباشوور كەوتە سەر ڕێڕەوی(سەری بێ دەلاك تاشین)، بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری میللەت، حزب كرایە تاكە مینبەری قسەی ڕەوا بۆ هەركەسێك كە وویستی قسەكردنی هەبێت، بەجۆرێك هەموو تاكێك واتێگەیەنرا كە ئەگەر لەدەرەوەی بازنەی حزبی بمێنێتەوە ئەوا بەفەوتاو دێتە ئەژمار..
هەر لەبەر ئەم هۆكارە حزبەكلاسیكیەكان توانیان زۆرترین ڕێژەی تاكی كورد بەدەروێشی قانع بە(نیسك ونۆكاو)لەدەوری بارەگاكانیان كۆبكەنەوەو نوخبەی خواپێداویش بە(فریادڕەس)ی ئەم میللەتە بێنە ئەژمار، هۆكاری سەرەكی بۆ ئەم بازاڕی كۆیلایەتیە نەبوونی(هوشیاری نەتەوەیی)بوو لەلای تاكی كورد، بۆیە پیرۆزترین ئامانج لەلای تاكی كوردی سەرخستنی(حزبەكە)ی بوو نەك نەتەوەكەی..!
گەورەترین خیانەت كە ئەم حزبانە بەرامبەر بەتاكی نەتەوەكەمانیان ئەنجام دا قۆستنەوەی تامەزرۆیی ئەم كۆمەڵگەیە بوو بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی نەخوازراوی(براكوژی) یا خود(ناوخۆ) وەكو لای هەمووان ئاشكرایە، یەكەم هەنگاوی حزبەكان بەتایبەت پ.د.ك و ی.ن.ك لەبەتاڵان فرۆشتنی ژێرخانی ئابووری هەرێم بوو كە لەقاموسی ئەواندا بە(دەستكەوتی جەنگ) هاتبووە ئەژمار هەرلەفرۆشتنی ئامێر، ئۆتۆمبێل، كەرەستەی سەرەتایی بیناسازی...)؛ چونكە دۆخەكەیان بە(كاتی)دەهاتە پێش چاوو هەریەكە لە هەوڵی بەدەست هێنانی زۆرترین دەستكەوتی مادیدا بوون، بەواتایەكی تر تۆڵەی چەندین ساڵەی نەداری و شاخیان لە نیشتمان كردەوە بەهەرزان فرۆشكردنی پاشخانەكەی، تاكار بەوە گەشت مافیای(دزینی شوێنەوار)ڕوویان لەكوردستان كردو مێژووی ژێرخاكی نیشتمانیشیان بەنرخێكی هەرزان فرۆشتە داگیركەرانی ئەوروپی و ناوچەیی..
 بۆیە خۆبەڕێوەبەری بەناو كوردی زیانی زیاتربوو بۆ گەلەكەمان و زۆربەی كات لەكۆڕەكاندا دەستەواژەی(هەزار ڕەحمەت لەكفن دزی پێشوو)بەرگوێ دەكەوت، شكست لەسەر شكست بنیات نراو خاڵە سنوریەكان لەنێوان(سەوزو زەرد)دا تاپۆكرا بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە لەهێنانە ناوەوەی هەموو كاڵایەك تەنانەت(خواردن و قووتی خەڵكیش)..!!
بۆیە حزبەكان دوای ئەم هەنگاوەیان دوو بەرەیان دروستكرد بەرەی ژێردەستەو بەرەی فەرمانڕەوا، ئیتر كۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشانەوە بەڕێ كرا، بەجۆرێك ئەوان بوونە خاوەن پارەو پێگەو گەلیش بوو بە كۆیلە، هەربڕیارێكیش لەلایەن حزب و بەڕێوەبەرانی حزبیەوە بدرایە ئەوا بەئەركی پیرۆز ئەژماردەكراو لادان لەجێ بەجێكردنی بەكەمتەرخەمی و ناپاكی لەسەر خاوەنەكەی دەنوسرا..!!
بۆیە كار بەوەگەشت كە (شەڕی براكوژی)لەلایەن هەردوو پارتی دەستەڵاتەوە پیرۆزكرا كەخوێنی ڕۆڵەكانی ئەم گەلە مێژووەكەیان نوسیەوە بەناچاری، ئێستاش دوای پێك هێنانی هەشت كابینە واخەریكە(شەمەندەفەرێك)تەواو دەكەین هێشتا لەبازنەی سازانی حزبی و پیرۆزكردنی سەركردەی حزبیداین بۆ هێشتنەوەی دۆخی هەرێم بەچەق بەستوویی، وكۆنترۆڵكردنی بیركردنەوەی تاك لەیەك جەمسەردا...!
ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت لەشپرزەیی باری سیاسی هەرێمدا دەرەنجامی هەڵەی ئەم حزبانەیە بەدرێژای چارەكە سەدەیەك، دەبێت ئەوەبزانین كەدۆخی هەرێم كاتێك باش دەبێت هەركات حزبەكان ژمارەبانكیەكانیان لێ سەنرایەوە كەئەمەش خۆی لەخۆیدا(مەحاڵە)بۆیە ئەمان بەردەوام دەبن لەدروستكردنی قەیران بۆ ئەم گەلە سادەیە لەپێناو بەهێزكردنی پێگەی خۆیان ومانەوەیان لەسەر كورسی دەستەڵات..
پرۆسەیەكی شەرمنانەی وەكو (هەڵبژاردن)لەهەرێم هەرچوارساڵ جارێك بەڕێوەدەبرێت لەلایەن خودی حزبەكانەوە دوور لەهەموو پرنسیپە نێودەوڵتیەكان و هەمووجارێك دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، شكستی حوكمڕانی هەرێم لەوەدایە هەموو جومگە هەستیارەكان بەكەسانی(بنەماڵە)یی سپێرراون كە باوەڕیان بە(دیموكراسی)نیە،هەركات باس لەگۆڕینی یەكێك لەوانە بكرێت ڕاگەیاندنەكانیان بەگەڕدەخەن كە گوایە دەست بۆ(پیرۆزیەكان)براوەو ئەمەش قبوڵ ناكرێت ...!
جاران ئامێرو شوێنەوار یان بەتاڵان فرۆش كرد ئێستا(نەوتەكە)ی لەژێرناوی(ئابوری سەربەخۆ)، شكستی ئەم سەردەمەی حكومەتی هەرێم لەوەدایە سەرەڕای فرۆشتنی نەوتێكی زۆر بەڵام تاكە نازناوی ئەم كابینە(حكومەتە قەرزارە)كەیە، بەجۆرێك هاووڵاتی بەسێ مانگ جارێك موچەكەی وەردەگرێت، هاووڵاتی لەسایەی شكستی ئەماندا خەرجی ڕۆژانەی منداڵەكانی پێ نیە، بەڵام ئەمان لەكردنەوەی (هۆڵ، مۆڵ، ڤێلا) بەردەوامن...؟
 شكستی ئەم حكومەتە لەوەدایە دیموكراسی لە بەرزكردنەوەی تەلارو ئاپارتماندا دەبینێتەوە، لەكاتێكدا مافی هاووڵاتی لەنزمترین ئاستەكاندایە بەپێی پێوەرە جیهانیەكان..!
 شكستی هەرێم لەبەڕێوەبردن لەوەدایە كەرامەتی تاكی كورد خراوەتە خزمەت (پێگەی حزب)و نوخبەی خۆیان، چینی ناوەند بوونی نەماوە، ئەمان ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە سیستەمی(سەرمایەداری)دەكەن..!
 سیستەمی موچە لەسەرشێوازی سەدەی ڕابردووە لەكاتێكدا ئەم سیستەمە لەهیچ وڵاتێكی تەنانەت دراوسێش كاری پێ ناكرێت، سیستەمی ڕێگەوبان لەخراپترین دۆخیدایە، بەڵام ژمارەی بازگەكان بەردەوام لەزیادبووندایە..؟
 شكستی هەرێم لە(موحاسەسەی حزبیدایە)هەتا ئەم شێوازە پیادەبكرێت حزبی پاشكۆش زیاد دەكات كە بەناوی ئەوانەوە ناڕاستەوخۆ كۆنترۆڵی تاكی كۆمەڵگەی پێ دەكرێت، لەكۆتادا پێویستمان بەشۆڕشێكی فیكری هەیە لەئاست چۆنیەتی داواكاری و مافەكانمانداو ڕسواكردنی حزب لەوەی كە ئەم پارێزەری مافی تاكە نەك ئاغاو خۆ سەپێن..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە