کەرکوک مەکەنە قوربانیی ململانێ حزبیەکانتان

Friday, 17/06/2016, 13:57

1534 بینراوە


بۆچی بریارێکی چارەنوسسازی وەک قسەکردن لەسەر هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆ لەم کاتەدا بێت، کە ململانێی حزبی و شەخسی و ناوچەیی ناجێجێگیری هەرێمی کوردستان لە ترۆپکدایە، بۆچی لەم کاتەدا کە جارێک داعش تەنها چەند فەرسەخێک لە شارەکەوە دوورە، بۆچی لە کاتێکدا کە رێکەوتنێََََََََک هاتۆتە ئاراوە لە نێوان دوو لایەنی کوردستانی کە زۆرینەی رەهای جەماوەریان لە کوردی ئەم شارە پێکدێت، بۆچی وا تێبگەین کە پاڵنەری کارێکی ئاوها لە بەرژوەندی کەسی و تەنانەت کوتلەیەک یان تەنها لایەنێک بێت و لەسەر حسابی ئەوانی تر و دژ بە خەڵک و دوارۆژی شارەکەش، بۆچی چەندین ساڵە بەم گەرموگوریە جەنابی پارێزگاری کەرکوک بیری لێنەکردەوە و قسەی وای نەکرد، بۆچی نازانێت مادەی 140 لە دەستوری عیراق رێگە بەم کارە نادات کە تا ئێستا جیبَبەجێ نەکراوە و، بۆچی ئەم هەموو کااتە خودی پارێزگاری کەرکوک هەموو هەوڵێکی  بۆ جیبەجێکردنی ئەو مادەیە نەبووە کە لە لە ئەرکە سەرەکیەکانێتی، بۆچی ئەم وەزعەی هەرێم لەبەرچاو ناگرن و باش دەزانن کە خەڵکی ناوچە دابراوەکان چەند لە رەفتاری سەرکردایەتی کورد تورەن و نارازین و لەم بارەوە مەیلیان زیاتر بۆ ئەو لایەنە دەروات کە تەنها  بژێویان دابین بکات نەک دوا رۆژیان .
قسە و باسی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک، یەکەم جارە لە لایەن باڵاترین کەسایەتی شارەکەوە بێتە ئاراوە، ئەمیش زۆر قسە هەڵ دەگرێت، چ وە ک خودی پارێزگار و هەڵوێستەکانی و وەزعی لەناو حزبەکەی و راوبۆچونی و مامەڵەی لەگەڵ گۆرانکاریەکانی حزبەکەی و کوردستان و پەیوەندیەکانی، چ وەک بارودۆخی شارەکە و مەیلی هەندێک بەرژەوەندخواز و کورتبین .
ئەگەر وەک بەرژەوەندی کەسیی خودی پارێزگار یان خەلکی کەرکوک بخوێنرێتەوە، هەرچەند زۆرێک لە خەڵکی کەرکوک لە بێزاری خۆیان نەفرەت لە شتە پیرۆزەکانیش دەکەن، بەڵام ئەوەی لەم کاتەدا پاڵنەری راستەقینەی ئەم بۆچونە بووە،  ئەو ناجۆری و ناکۆکیە حزبی و تەکەتولاتانەیە نەک پێویستیەکانی شارەکە، ئەگینا کەرکوک بۆ 13 ساڵە لەم حاڵەتەدایە و بگرە بە شێوازی جۆراوجۆر بەرێوە چووە، هیچ کەسێک ئەم بۆچونە کوتوپرەی نەبووە، مەگەر هەندێک کورتبین نەبێت ولەگەڵ خۆیاندا قسەیان کردبێت نەک بە فەرمی و بە ئاشکرا، قسەم لەسەر رازیکردنی کەمەنەتەوەکانی ترەوە نیە، کە جارجارێک بەرپرسانی باڵای کورد بە قسەی زارەکی لای ئەوان خۆیان خۆشەویست دەکرد بە، ئەگەر قسەی واش کرابێت لە درەئەنجامی فشار و پاڵەپەستۆی ناوەندی عیراق و عەرەب و سونەکانی شارەکە و هەڵوێستی ئەوانەی لە دواوەیانن و،  لە گەڵ بێئومێدی لە جێبەجێ کردنی مادەی 140 و،  بۆ ئاسایی کردنەوەی وەزعی نالەبار کاتی بە کتوپیر کراوە نەک وەک ئەمرۆ هەوڵی بێ وچانی بۆ بدەن و کاری بۆ بکەن .
پرسیارە هەرە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا لەکاتی بەرقەرابونی هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆشدا خەڵکی کوردی شارەکە قازانج دەکەن، یان بەهەموو شێوەیەک لە زەرەریاندایە و، بە ناجێگیری دەمێننەوە و ئەوسا لە رووی یاساییشەوە ناتوانن پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بەرن و، هەرێمیش ناتوانێت هیچ پشتگیریەکیان بکات .
ئایا لەم کاتەدا هەرێمی کوردستان نەتوانێت چارەسەری کێشەکانی خۆی بکات و، ئێستا بەم وابەستەییەی کەرکوک بە هەرێمەوە لە دەرئەنجامی ئەمری واقعەوە نەتوانێت هیچی بۆ بکات، لەو کاتەدا چیی پێدەکرێت، یان چ زەمانەتێک هەیە کە وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە کەرکوک چ یاریەکەک هەبێت لە هەموو لایەکەوە بەو شارە نەکەن، بە یاریەکانی ناوەندی عیراقیشەوە .
ئەوەی وڵاتانی خاوەن ئامانج و مەبەست دەیتوانن لەکەرکوک بیکەن بۆ گۆرینی دیموگرافیای شارەکە لەو کاتەدا، نە هەرێمی کوردستان و نەش خەڵکی کوردی شارەکە و نەش جەنابی پارێزگار ناتوانن هیچی بۆ بکەن و، پێیان ناکرێت بەرگەی توانای ئەو هێزانە بگرن.
ئەو کەرکوکیانەی لە هەولێر و سلێمانی دان و بەرژەوەندیەکانیان دەخوازێت بنەیان لە کەرکوک بێت و خۆیان لەو دوو شارە بژین، لەو کاتەدا بریاری یەکلایی کەرەوە دەدەن و بە یەکجاری لە کەرکوک بە جێدێڵن و دابران دروست دەبێت و، ئەوجا رێژەی کوردی شارەکە چیی لێ دێت، لەبەر ئەوەی هۆکار گەلێک هەن کە بڵێین هەموو ئەگەرەگان لەوەدایە کە شارەکە بە جێ دێڵن.
لەوانەیە پێکهێنانی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک و پچرانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمدا بە شێوەیەکی کاتی لە قازاانجی تایبەتی هەندێک کەس و لایەنێک لە لایەنەکانی کوردستان بێت، لە روانگەی ململانێ سیاسیەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و، لەوبارەوە لای ئەوان هیچ گرنگ نیە تەفرەدانی دوا رۆژی پرسەکە و کوردستانیبونی شارەکەشی لێ بکەوێتەوە.  بۆیە زەرەری بە هەرێم بونی کەرکوک تەنانەت لە بەرامبەر مانەوەی لە سەر ناوەندی عیراق  ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نیە، بە تایبەتی هیچ هەرێمێکی تری عیراق لە ئارادا نیە و هەتاهەتایە و بە هەموو شێوەیەک وەک پارێزگایەکی عیراقی رووت دەمێنێتەوە و، کوردی کەرکوک و هەرێمی کوردستانیش با زەقەی چاویان بێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە