رێگە مەدەن شاری خۆشەویستی سلێمانی هەڕاج بكرێت

Sunday, 06.19.2016, 18:27

1476 بینراوە


رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی:
هاووڵاتیانی بەڕێز لەكاتێكدا پارێزگای سلێمانی رووبەڕووی لێشاوێكی ئاوارەی عەرەب بووەتەوە، كورد وەك میللەتێكی لێبووردە و میوانپارێز، بە چاوپۆشین لە تاوانەكانی رژێمەكانیان دەرهەق بە ئێمە باوەشی لێبوردەییمان بۆ كردوونەتەوە، بەڵام وادیارە ئەمە سەرەتای پیلانێكی گەورەیە بۆ تەعریبكردنی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی فرۆشتنی هەزاران شوقە و باڵەخانە و خانوو بەو ئاوارانە، ئەمەش زیانێكی گەورە بە خەڵك دەگەیێنێت، چونكە دەبێتە هۆی گرانبوونی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان و پێچەوانەی ستراتیژی نەتەوەیی و دژ رادەوستێت، لەگەڵ بنەمای وەرهێنان و پێشخستنی ئابووری وڵاتمان و باری ئابووری كرێنشینان قوڕستر دەكات.
هاتنی ئاوارەكان دەوامی قوتابخانە و نەخۆشخانەكان و دەزگاكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی قەرەباڵغتر كردووە، دیاردەی تاوان و لەشفرۆشی دوور لە دابونەریتی كوردەواری لە زیادبووندایە، لە هەمووشی مەترسیدارتر تەعریبی پارێزگایەكە و بە دەردی چارەنووسی كەكووك و موسڵ دەچێت، هیچ رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیش رێگە بە تاوانی گۆڕینی دیموگرافیا نادات.
بۆیە لێرەدا داواكارین.
یەكەم: بەپشتبەستن بە ماددەی 23ی دەستووری عێراق، كە رێگە بە گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتووانی عێراق نادات، بڕیاری تاپۆی خانوو و شوقە بۆ عەرەب هەڵبووەشێتەوە، چونكە دژی دەستوور و ئاسایشی نەتەوەییە.
دووەم: بەهیچ شێوەیەك رێگە بە گواستنەوەی نفوسی عەرەب بۆ سەر پارێزگای سلێمانی نادەین، نابێت بدرێت، چونكە لە هەڵبژاردنەكانی ئاییندەدا بە ئاسانی ئەنجوومەنی پارێزگا و تەنانەت پەرلەمانیش كۆنترۆڵ دەكەن.
بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاد لە ئەندازەی ئاوارەكان كە خەریكە دەبنە نیوەی دانیشتووان، بۆ نموونە لە شارۆچكەكانی دوكان و شەقڵاوە دوو هێندی دانیشتووانی كوردن، پێویستە چیتر رێگە بە هاتنی ئاوارەی زیاتر نەدرێت.
بۆچی هەموو یەكێتی ئەوروپا رێگە بە نیو ملیۆن ئاوارە دەدات، بەڵام لەو وڵاتە بچووكەی ئێمەدا دوو ملیۆن ئاوارە جێگەی بكرێتەوە، یاخود لە ناوچە دوورە دەستەكان بە چاودێری UN ئۆردوگایان بۆ بكرێتەوە.
داواكارین لە هاووڵاتیان بەهەموو شێوەیەك هاوكاری دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس بكەن، لەكاتی بینینی هەر دیاردەیەك لەنێو ئاوارەكان، چونكە بەشێكیان كۆنە بەعسین و ئینتیمایان بۆ داعش زۆرە، هەندێكی دیكەشیان سەلەفین و تۆوی رەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم و فاشیزمی ئیسلامی لەنێو مزگەوتەكان بڵاودەكەنەوە و بەناوی ئایینی ئیسلامەوە رۆڵەكانمان لەخشتە دەبەن و بیری داعش و عەقڵی داعشیان لە مێشك دەچەسپێنن، پێویستە رێگە نەدرێت ئاوارە بە كۆمەڵ لە گەڕەكێك و كۆمەڵگایەكی نیشتەجێبوون بژین، چونكە چاودێرییان زۆر ئەستەم دەبێت و هێندی دیكە برایانی ئاسایشمان ماندوو دەكات كە رۆڵەی دڵسۆزی ئەو میللەتەن.
رۆڵەكانی پارێزگای سلێمانی، دایكان و باوكانی ئازیز، گەنجانی ماندوو نەناس، مەهێڵن رەنج و خوێنی سەدان هەزار شەهید بۆ گەرمكردنی گیرفانی چەند بازرگانێك لەڕێگەی تەعریبی سلێمانییەوە بەفیڕۆ بچێت، ئەمە یەكەم هانگاو و دەستپێكە، دەبێت ئەو بڕیارە رابووەستێت، دەنا خۆپێشاندەران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵكی ئەم شارە هەنگاوی دیكە دەگرنەبەر.