شلەخەجێ

Sunday, 19/06/2016, 23:01

5221 بینراوە


ململانێی سیاسی لە نێوان ئەو هێز و حیزبە سیاسیانەی پابەندگیری پرنسیپە دیموکراسیەکانن کارێکی دروست و ئاساییە و بنەما دیموکراسییەکان هەرگیز ڕێگە نایەن هێزەکان دەست بخەنە بینەقاقای یەکتر وململانیەکان بە تراجیدیا تەواو بێت، بەڵام لە بوونی   هێزێک ،لایەنێک، حیزبێک کە پرنسیپە عەشایەری و خۆ بەزلزان و وەهمی پێشڕەو بوون پەیڕەو بکات، هیچ مەودایەک بۆ پەنابردن بۆ شێوازە مەدەنی و دیموکراسییەکان لە ململانییەکانا نامێنێتەوە و ئەو کاتە سیاسەتی یەک بەیەک و شەق بە دوو شەق کاریگەری خۆی ئەبێت و ئەنجامیشی ئەبێ لەوەی ئەو لایەنەی لە پرنسیپە مەدەنیەکان خۆی شاردۆتەوە یان فێری نەبووە، فێر بکرێت کە خۆی وەک خۆی ببینێت و تێش بگەیەنرێت کە دونیای هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە و عەرزی عەزەڵات بە سەر چوە ،یان ملکەچ کردن بۆ خەڵک ودیموکراسی یان خواحافیز و لە کۆڵمان بەرەوە..
 مێژوو دووپاتی کردۆتەوە و ڕووداوەکانیش شایەتن کە بنەماڵە و پارتی لەوەتەی بۆ نەگبەتی کورد هەن بۆ تەنها یاک سەعات گوێ گرتن لەبەرامبەر ودان نان بە واقیع و ملکەچ کردن بۆ بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانیان نەکردووە بە پرنسیپێک لەسەری بڕۆن و فێری پێ گرتن بن پێی، بنەماڵە و پارتی هەردەم وەک عەشیرەتێکی گرێدراو بە تۆڕێکی وابەستەبوون بە دەوروپشت و دەوڵەتە ئیقلیمێکان مامەڵەی سیاسی و پراکتیکی ڕۆژانەی خۆیان لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانیەکان کردوە بە تایبەتی ئەوانەی بۆ ئەوان " نەیارن ".....
هەر لەو ڕوانگە غەیرە دیموکراسی و غەیرە مەدەنیانەوە، لەوەتەی بنەماڵە و پارتی هەن گرژی و پێکدادان بۆتە سیمبولێک بۆ مێژووی ململانییە ناوخۆیەکانیان، پێش بزوتنەوەی ئەیلول عەشیرەت نهما شەڕی لەگەڵ نەکەن" شەڕی واشبوە کە لەسەر ژن هێنان بوو..!!" ، دواتر لەژێر ناوی پارتیا کەوتنه شەڕ و ململانێ نەک هەر لە ناوچەکەی خۆیان بەڵکو دژ بە ئازادی خوازانی ڕۆژهەڵات و باکوریش کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە، بنەماڵە و پارتیەک ئامادەبن لەسەر جامانەیەک هەموو کوردستان خەڵتانی خوێن بکەن، ئەبێ کام پێوەری دیموکراسی و و مەدەنی لەگەڵ بنەماکانیانا یەک بگرێتەوە ..! گوناهی میللەتێک چیە کە ئامادە نەبێت کڕنوش بۆ جامانەیەک بەرێ کە ئەوان خۆیان بەڕۆبی حەمامیشەوە لەسەری ئەکەن..؟ بنەماڵە و پارتیەک کە لەسەر نەزەرییەی " یا لە گەڵمایت یا دوژمنمیت " هەرچی دەرگای گفت و گۆ هەیە دایخستوە، ئەبێ بە کام ڕێگە چارە دیموکراسیەکان مامەڵەی لەگەڵا بکرێت ..! لەو ووڵاتانەی کە دەسەڵاتداران لەبەشەر ئەچن ململانیە سیاسیەکان بە ئاڕاستەی سروشتیانەی خۆیان ئەڕۆن، نە حاکم و موعاریز ، نە لەناو حکومەت و نە لە دەرەوەی جگە لە پرنسیپە دیموکراسیەکان پەنا بۆ هیچ پرنسیپێکی تر نابرێت بۆ چارەسەری کێشەکان و بەرژەوەندی گشتی خەڵک و ووڵات لە سەروو هەموو ئیعتیبارێکەوەیە ، بەڵام بنەماڵە و پارتیەک ئامادە بێت شەقێک لە هەموو بەرژوەندیەکی گشتی و نیشتمانی بات و لەت کردنی یەک ئیدارەیی زۆر لا ئاسان تر بێ لە ملکەچ کردن بۆ واقیع ، کام شێوازی مەدەنی و کام پرنسیپی دیموکراسی و کام ڕێگەچارەسەری سیاسی ئەتوانێت گەرەنتی بەردەوام بوونی هێمنانەی گفت و گۆی ناو ململانییە سیاسییەکان بکات..؟
بنەماڵە وپارتیەک هەردەم بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان دەرگا بۆ سوپای دەوڵتە ئیقلیمێکان بخاتە سەر پشت و خۆیشی ببێتە کەوا زەردی بەر لەشکر ، لەکام بڕگەی ململانێی مەدەنی ئەدۆزریتەوە..؟ بنەماڵە و پارتیەک، نەک هەر پەلامار و دژایەتی هێزەکانی باشوور، بەڵکو وەک "ئەمیبیا" یەک پەل ڕاکێشێتە ڕۆژ ئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتیش، ئەبێت کام خەباتی مەدەنی لەگەڵیا بە ئەنجام بگات ..؟ بنەماڵە و پارتیەک قوتی دەمی خەڵکی هەرێمبدزن و خۆیانی پێ بەهێز بکەن هەربەو بەهێز بونەش هەڕەشە لە کۆمەڵانی خەڵک بکەن و تیرؤری هەموو دەنگێکی ناڕەزا بکەن، لە کام کونج و قوژبنی بنەما دیموکراسیەکان واریدە خەباتی مەدەنیانەی لەگەڵا بکەیت ..؟ بنەماڵە و پارتیەک ئامەدە نەبێت بۆ یەک جاریش دان بە خیانەتە زۆر و زەبەنەکانی بنێ، ئەبێ لەسەر کام بنەمای دیموکراسی پەڕەیەکی تازەی ژیانی مەدەنیانەیان لەگەڵا هەڵبەیتەوە..؟ بنەماڵە و پارتیەک تەنانەت "دادگا" ش بکەنە تەسبیحێک بە دەستی خۆیانەوە ،کام بنەمای دادپەروەری ڕێگە خۆشکەرە بۆ خەباتی مەدەنی لە بەرامبەریاندا ..؟ بنەماڵە و پارتیەک ، هەموو حیزبەکە لە بنەماڵەیەک و بنەماڵەکەش لە یەک کەسا کۆبکاتەوە و ئەو کەسە فیرعەون ئاسا لەسەروو هەموو میللەت و یاسایاکەوە بێت، ئەبێت بنەما دیموکراسی و مەدەنیەکان کامە بن کە بتوانن ململانیەکی هاوچەرخی بێ دابڕانی لە گەڵا بکەن..؟ بنەماڵە و پارتیەک هەموو بەرژەوەندیە نیشتمانی و نەتەوەییەکانە ببەستێتەوە بە " کورسی حوکم"وە و لەدەستدانی ئەو کورسیە بە "خەتی سوور" بزانێت، چۆن ململانێی مەدەنیانە مەترسیدار و دەرگا داخراو نابێت..؟
میللەتێکی تینوی ئازادی و دیموکراسی بەرامبەر بە بنەماڵە و پارتێکی تاکڕەو و خۆسەپێن لەیەک تای تەرازودا جێیان نابێتەوە، هەموو سیاسەتێکی نەرم و نیان بەرامبەر هێزێکی تاکڕەو لە خزمەتی ئەودایە، هەموو گفت و گۆیەکیش بۆ کات بە سەربردنە کە ئەوە ڕێک مەبەستی بنەماڵە و پارتیە ،چونکە درێژە دان بە کات مەودای جێبەجێکردنی پلانەکانیان زیاتر ئەڕەخسێنێت و فورسەتەکانیش لەبارتر ئەبن...
    گەر فەڕەنسیەکان هەر چاوەڕوان بونایە و بڕوایان بە بە سیاسەت و ململانێی " شلەخەجێ " یانه هەبوایە، نە شۆڕشی فەڕەنسا بەرپا ئەبوو نە ئەوروپای تازەی هاو چەرخ  ئەهاتە  کایەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە