مەسعود بارزانی وەک قوربانیەک خۆی نمایش دەکات

Sunday, 19/06/2016, 23:24

3798 بینراوە


دیکتاتۆرەکان هەمیشە لەو کاتەی مەلەفەکانیان سەر ئاو دەکەوێت وەک قوربانییەک خۆیان نمایش دەکەن و خۆیان وادەردەخەن کە پەپولە لەئاستیاندا فرمێسک دەڕێژێت و بولبول دەنگی دەگیرێت و باڵندەکانیش لەشەقەی باڵدەکەون.
تەنها یەک دوو ڕۆژ دوای ئەوەی دادگا قەشمەرەکەی هەولێر بڕیاری گرتنی " نەوشیروان مستەفای" دا مێدیای گۆڕان هەڵمەتێکی بۆ ڕاگرتنی ئەو قەرشمەریە دەرکرد و هەندێک مەلەفی هەڵدایەوە، ڕاستەوخۆ مەسعود ی قوربانی هات و پەیامێکی پڕ لە بەرائەتی دا بەگوێماندا و ووتی : لەبارەی ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندن و تەشهیرەی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و كەسانی نزیك لەوان لەسەر شەخسی من بەڕێوەدەچێت، داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم، كە كەس لەسەر من وەڵامی ئەم هەڵمەتە و قسەكانیان نەداتەوە و كەس بۆ ئەو ئاستە نزمە دانەبەزێ، دوایی ووتی: بە دڵنیاییەوە ئەوانەی یەكڕێزیی گەل تێكدەدەن و هەوڵی تێكدانی ئەمن و ئاسایشی كوردستان دەدەن و موسیبەت بەسەر ئەم گەله دێنن بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن .
 کۆمێدیای ئەم قسانەی مەسعود لەوەدایە کەوا خۆی نمایش دەکات ئەو لەخەمی خەڵکدایە ...! لەکاتێکدا ئەوان هەر بێئاگان لە خەڵک و تەنانەت ناوێرن دوربینە سەرداخراوەکەشیان بەکار بێنن بۆ ئەوەی تەماشایەکی بەر شێخوڵا بکەن بزانن داخۆ خەڵک گوزەرانی چۆنە؟
 لە کتێبی "من کوڕی سەدام "بووم کارئەکتەر بۆمان دەگێڕێتەوە کە لەکاتی ڕاپەڕینی خواروی عێراقدا سەدام چۆن لە ژێرزەمینێکدا کز و داماو چاو بەفرمێسک بە کارئەکتەرەکە دەڵێ: من چیم بۆ ئەم گەلە نەکرد! بزانە ئێستا چۆن پاداشتم دەدەنەوە؟ هەر وەها "نزار خەزرەجی" جارێک لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنیدا ووتی: کە من بریناربووم لەخەستەخانە ئێوارەیەک سەدام هات بۆلام دەستی کرد بە گریان، نزار ووتی سەدام هەمیشە وەک قوربانی خۆی نیشان دەدا .ئێمە ئەم نمونانە دێنینەوە تا خەڵک وێنەیەکیان لەبەر چاو بێت و بزانن پەیامەکەی مەسعود پەیامێکە پڕە لە بوغز، لە درۆ ودەلەسە، ئەو دەڵێ: با ئاگامان لە پێشمەرگە بێت، بەڵام بە بەر چاوی مەسعودەوە پێشمەرگە لەکەدار دەکرێت و سەدانیان لێ دیلکراوە و پێشمەرگە لەمزگەوتەکاندا سواڵ دەکات .
  هەڵدانەوەی ئەم دۆسیانە لە لایەن گۆڕانەوە لەم کاتەدا زیاتر مامەڵە کردنە بەکەیسەکەوە، دەنا نەوشیروان ٥٠ساڵە ئەم بنەماڵەیە دەناسێت و خۆی شاهیدی دەیان خیانەت بوون کە کردویانە، بەڵام بێدەنگیان لەکاتی خۆیدا بۆخۆی ڕازی بوون بوە بەو خیانەتە، گەر بەشداریش نەبووبیت بەڵام بێدەنگی بێمانای بوە.بەر لەدووساڵ هەموو دیکۆمێنتەکان ئەوەیان پێوتین کە پارتی دوای گرتنی موسڵ شەنگالی بەپلانێک ڕادەستی داعش کردو گولەیەکی بەئاسمانیشدا نەپەقاند، ئەی خێرە گۆڕان لەو کاتەدا هیچی نەوت؟ ئەی وەزیری پێشمەرگە گۆڕان نەبوو؟ ئەی نەوشیروان مستەفا بۆ بەدێڕێکیش قسەیەکی نەوت لەسەر ئەو کارەساتە کە هیچی لەئەنفال کەمتر نەبوو تەنها ڕەنگە لە شێوەیدا بووبێت، ئەی بیرمان چوو کە ووتی: کوردستان لەدەستی کەسێکی ئەمیندایە، ئەگەر بنەماڵەی مەلامستەفا ئەو شارە زەردەواڵەیە نەوروژێنن ئەوانیش نایەن ئەو مەلەفانە هەڵدەنەوە و بگرە هەر باسیشیسی ناکەن .هەر بۆیە به‌ بروای من هه‌ستی مرۆڤه‌کان له‌ وشه‌کاندا نامێنێت، ئه‌وان ده‌بێت وشه‌کان به‌کردار بکه‌ن و ئه‌نجامیشی زوو دەرکەوێت گەر وانەبێت چبێمانایەکە ئەم شەرە دەنوکە لەسەر حسابی گەلێکی ماندوو پەرت و بڵاو بێ هیوا بوو؟ 
 مەسعود بارزانی لەپەیامەکەیدا باس لەو بێڕەوشتیە ناکات کە برازاکەی لەگەشتی مۆسکۆیەو گەلێک برسی کراوە، یان کوڕەزایەکی بە ١٥دەفتەر دۆلار ئۆتۆمۆبێلی بۆ دەکڕن و خێزانێکیش لەقەڵادزێ منداڵەکەی خۆیان لەهەژاریدا دەبەخشن چونکە توانای بەخێوکردنیان نی یە .مەسعود خۆی بنەماڵەکەی وەک قوربانی پیشان دەدەت و هەموو ئەو مێژووەی خەباتی گەلێکی کردۆتە موڵی بنەماڵەیەک لەکاتێکدا لەناو پارتیدا هەزاران تێکۆشەر و خێزان و گەنج و پیری کورد قوربانی داوە، ئەوان دێن تەنها قوربانێکانی پارتیان لە ئدریس و مەلامستەفاو لوقمان و فەرحاندا کۆکردۆتەوە، لەکاتێکدا ئەوانە هیچیان نەکردوە و ڕۆژێک لەڕۆژان جگە لە زاڵمی و خیانەت بەگەل هیچیان بەرهەم نەهێناوە، بۆیە هەمیشە دیکتاتۆرەکان کە وەک ماسی دەنوکیان دەبێت بەقولاپەوە دێنە سەر خەت و دەڵێن تکایە خۆتان بۆمن پیاو خراپ مەکەن، وەک قەزافی ئەوەی داری تێدەوەژاند پێی ووت کوڕم من وەک باوکت وام، ئەویش ووتی باوکی من لەتۆ ناچێت نەترسنۆکە نە ئاوا خوێنی گەلێکی مژیوە.من مەسعود دڵنیادەکەمەوە مەرگی خۆت و بنەماڵەکەت بەسراوەتەوە بەچارەنوسی ئەردۆغانەوە ئەویش هێندەی نەماوەو، بۆیە بەیەک قسەی پارتی کرێکاران دەروازەی ڕۆژئاڤاتان کردەوە، ئێوە هیچ نین لەژیانتاندا ناتوانن بەئارامی شەوێک سەر بکەنە سەر سەرین چونکە دەرونتان نەخۆشە، تۆ هێندە ترسنۆکی لەوەتەی هەڵنەبژێراویتەوە ناوێری سەردانێکی جێگەیەک بکەیت بەتایبەتی سلێمانی و گەرمیان چونکە لەسێبەری خۆشت دەترسی سەرۆکی خێڵ .
 بۆیە پێت دەڵێم نمایشی قوربانی مەکە، تۆ قوربانی نیت بەڵکو تۆ خەڵکت کردۆتە قوربانی خێڵەکەت کە ١٠٠٠ بەچکە مراویە، گەر قوربانی بویتایە لەم دووساڵەدا بەچکە مراویەکت لەشەڕی داعشدا لێ زایەدەبوو؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە