بارزانی دەیەوێت بێ دەستنوێژ نوێژ بکات !

Monday, 20/06/2016, 18:18

9355 بینراوە


دیارە دەستنوێژ تەنها خۆپاککردنەوە نیە بۆ رووکردنە کارێکی گرنگ و پیرۆز، بەقەد ئەوەی ئامادەکاری سایکۆلوۆجی و روحی و ماتریاڵیش بێت بۆ بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی مادی و مەعنەوی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێکی پیرۆز، گەورە بێت یان بچوک . ئەم خۆئامامدەکرنە چ لە ئاست تاکدا بوبێت یان کۆمەڵ، وەک نەریتی باو لە پێش سەرهەڵدانی سەرجەم ئاینەکانەوە لەزۆر شوێنی رۆژهەڵاتدا بە شێوەیکی جیاواز لە ئارادا بووە  و، واهاتووە و تەنانەت زۆر لە رووداوەکانی مێژوو ئەوەیان بۆ تۆمارکردوین کە لە کاتی رووکردنە هەر سەفەرێک، یان تەنانەت لە کاتی کاری نابەجێشدا وەک هەڵکوتانە سەریەکتر و غەزا و تاڵانیش، خەڵکانی بەئاگا پشتیان بەو شێوە کارە و ئامادەکاریە نەفسیە بەستووە، بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان و، مێژوو بە روونی ئەوەی بۆ روون کردوینەتەوە.
 ئامانجێکی گەورەی وەک سەربەخۆیی کوردستان دەستنوێژێکی پاک و بێگەردی دەوێت و بە رق و کینە و تاکپەرستی و نەرجسیەت و کورتبینی نایەتەدی. سەربەخۆیی نەک هەر دەستنوێژێکی دەروونی و لاشەیی دەوێت بەڵکو مەرجی پێشوەختی لە مەر  دڵ و دەروون پاکی و لە خۆبوردەیی و سنگفراوانی و گەورەیی لە بیرکردنەوە لە ئاست پرسەکاندا یەکێکە لە پێویستیە زۆر گرنگەکانی و، لەو کاتەشدا دەبێت کە یاسا و رێسا بەرقەراربێت و بە هەرەوەزی و هاوکاری و پێکەوەیی و قۆڵهەڵماڵین جێبەجێ دەبێت نەک بە تە نگەنەفەسی و شڵەژان و تاکرەوی.
کێ رێگربووە لە کاری پێشوەختە بۆ ئامانجێکی گەورەی ئاوها کە چارەنوسی میلەتێک پێوەی بەند بێت:
هەڵەو کەموکورتی خودی، ململانێی حزبی و رکابەری و بەرژەوەندی تەسک، خود پەرستی و نەرجسیەت و نەبونی سەرکردایەتیەکی هۆشیار و گوێ نەدان بە یاسا و دەستور، ونبونی هەماهەنگی و ستراتیژیەتێکی روون، نەبونی خەتی سوور و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندی باڵا و بەرقەرارنەبونی تەبایی و پێکەوەیی لە کارکردندا، لە سەرووی ئەمانەوە هەمووی؛ نەبونی یەکێتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی. ئەمانەن ئامرازەکانی دەستنوێژەکە بۆ کارێکی پیرۆزی وا گەورە . بەڵکو پشت بەستن بەسەرکێشی و ملهوری و نەزانینی دەرئەنجامەکان بە هیچ رێژەیەک بەدیهێنانی ئامانجەکە مسۆگەر ناکەن .
پاش دابینکردنی ئەمانە، وەرەوە بۆ خوێندنەوەی ئەگەرەکانی دەرئەنجامی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیەکە و لەوێوە برۆ بۆ لای هەڵوێستی داگیرکەرانی کوردستان و شێمانەی هەر جموجوڵێکیان لەمبارەوە . ئەمانە هەموو زیاتر ئەرکی سەرجەم لایەنەکانە و لەسەرووی هەمویان پارتی و بارزانی. کەچی بێ خەمترین لایەن و کەس لەم پرسەدا بۆ دابینکردنی ئامرازەکانی دەستنوێژی نوێژی سەبەرخۆیی، پارتی و بارزانیە و تەنانەت دست بۆ بچوکترین رێگە دەبات کە رێگر بێت لە تەبایی نێوان لایەنەکان . دیارە لایەنەکانی تر بێ کەمکورتی نین و ئەوانیش زیاتر لە روانگەی تەسکبینیەوە شتەکان دەخوێننەوە  .  لەم چەند رۆژەدا گۆران بە راگەیاندنەکەی، هەڵەیەکی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد و رەفتارەکەی لە شوێنی خۆیدا نەبوو، کە لە گەورەیی خۆی کەم کردەوە و خۆی گەیاندە ئاستێک زەرەری لە خۆی پێش لایەنەکانی تربدات، سەرەرای ئەوەی لەوانەیە خەڵکانێک پارتی بە هۆکار بزانن لەمەشدا، بەڵام گەورەیی لایەن لە چۆنێتی مامەڵەکردنە لەگەڵ روداوەکاوندا نەک بە رەفتاری کاردانەوەئاسا  .  ئەمەش واتای ئەوەناگەیەنێت کە پارتی و بارزانی و یەکێتی و حزبەکانی تریش بۆ ماوەیەکی دوورودرێژە لەو هەڵەیە گەورەتریان نەکردووە . ئەگەر هەڵەی حزبێک زەرەری لە خودی حزبەکەی خۆی دابێت، ئەوە لەم ماوە کورتەدا گۆران بوو کە پارتی تا رادەیەک خستیە تەڵەکەوە، نەدەبوو ئاوا بە ئاسانی تێی بکەوتایە .
ئەوەی لەم بارەوە پێویستە، رێکەوتنی یەکێتی و گۆران بە هەر شێوەیەک بێت پارتی ناچار بکات بێتە ژێر بار، ئەمەش هێمنی و خوێندنەوەی واقعیی دەوێت و، زۆر جار بارودۆخ لایەن ناچار دەکات رێگەی رساست بگرێتە بەر نەک بە بۆچونی عەقڵانیەتی بیرکردنەوەی خۆی ئاراستەی بگۆرێت. بۆیە ئەوەی مەبەستە نەهێلرێت پارتی و بارزانی نوێژی بی َدەستنوێژ بکەن و لە سەرەتاوە ناراستی و جێگیرنەبونی کارەکە بە روونی دیار بێت و، چەندین هەنگاو بگەرێینەوە دواوە، ئەمەش ئەرکی راستەوخۆی یەکێتی وگۆرانە بە هەماهەنگی سەرجەم لایەنەکان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە