مەلایەک لە هەولێرەوە ستایشی داعش دەکات و دەڵێت نوری چاومانن

Tuesday, 21/06/2016, 10:30

6736 بینراوە


ڕۆژنیوز - ھانا ئازاد
ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکانی عێراق پاش ئاڵۆزیە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە، ڕوویان کردوەتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ بوون کە بەشێکیان وەک کەسانی هاوسۆز لەگەڵ داعش بەناو دەکرێن و لە ڕابردوودا چەند جارێک کۆنفرانس کۆنگرەیان لە هەولێر بەستووە.
موفتی باڵای سوننەکانی عێراق کە یەکێکە لەوانە ئێستادا لەھەولێر نیشتەجێیە، لەبەرنامەیەکدا ستایشی چەتەکانی داعشی دەکات و دەڵێت شانازیان پێوە دەکەین، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش لەبەرامبەریدا دێتە دەنگ و دەڵێت: لەهەولێر مامۆستایانی ئاینی خۆمان سەرکوت دەکرێن و بەڵام ئەو عەرەبانەی ستایشی داعش دەکەن لە چاکترین شوێن نیشتەجێ یان کردوون.
لەمیانەی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکدا چەند ڕۆژ بەرلە ئێستا موفتی ئاینی سوننەکانی عێراق ڕافع ئەلرەفاعی کە ماوەیەکی زۆرە بەمۆڵەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەشاری ھەولێری باشوری کوردستان نیشتەجێییە، ستایشی ڕۆڵی چەتەکانی داعش دەکات و بەموجاهید و ڕۆڵەی دڵسۆزی عێراق بەناویان دەکات.
ئەو قسانەشی موفتی سوننەکان ناڕەزای بەدوای خۆیدا ھێنا .
" هیوادارین کەسوکاری پێشمەرگە و شەهیدان ئەوە قبوڵ نەکەن "
دلێر حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لەفراکسیۆنی گۆڕان لەوبارەیەوە لێدوانی بۆ  ڕۆژنیوزدا و وتی:" حکومەتە حزبیەکەی ھەولێر ھیچ بەھایەکی بۆ ھاووڵاتیانی خۆمان نەھێشتۆتەوە، دوێنی چەندین ماموستای ئاینی پڕ زانست و کاریگەریان لەپێش نوێژ خوێنی وتار دورخستەوە بەبیانووی ھاندانی خەڵک بۆ ناو ریزەکانی داعش،کەچی دەبینین کەسانێکی عەرەبی ھێناوە لەھەولێر بەباشترین شێوە لەچاکترین شوێن نیشتەجێی کردوون، بەڕۆژی ڕوناک بەبەرچاوی دونیا و ستیایشی دڕندەترین سەرسەخترین دوژمنی مرۆڤایەتی دەکات کەڕۆژانە چەندین ڕۆڵەی ئێمە لە پێشمەرگە قارەمانەکان شەھید دەکەن ".

(دلێر حسێن)
وتیشی: ھیوادارم کەسوکاری پێشمەرگە قارەمانەکان و شەھیدەکانمان، ئەو سوکایەتە قبوڵ نەکەن، بەرپرسی یەکەم لەرێگەدان بەوجۆرە کەسانە کەلەشارەکەت نیشتەجێ بیت و ستیاشی دۆژمنی مرۆڤایەتی بکات بەرپرسانی شاری ھەولێر و دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی ئەو شارەن کە حکومەت حیزبیەکە لی بەرپرسیارە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەشپرسێت کوا شانازیکردن؟ کوا پیرۆزی پێشمەرگە ؟ وتیشی:" کەواتە دروشمەکان ھەمووی بازرگانی کردنن بەناوی پێشمەرگە ئەگینا رێگا نادات لەناو پایتەختە کەدەسەڵات لەلایەن پارتێکەوە داگیرکراوە ، ستایشی دوژمنی بکات ".
" نوری چاومانن و دەستیان ماچ دەکەین "
موفتی سوننەکانی عێراق ڕافع ئەلرەفاعی لە دیدارێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی ئەلحەدەسی عێراقی کەلە ستۆدیۆی هەولێرەوە بەشداری کردبوو، ستایشی داعش دەکات و وەک موجاهیدی شۆڕشگێڕ و ڕزگارکەری عێراق بەناویان دەکات.
لەدیدارەکەدا ئەلڕەفاعی بەداعش دەڵێت:" ئێستا موسڵ لەئارامیەکی وەهادا دەگوزەریت وا کە ساڵانێکە ئەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە".
(ڕافع ئەلڕافعی)

ئەلڕەفاعی لەوەڵامی پرسیاری بێژەرەکەدا لەسەر ڕۆڵی داعش لە عێراق دەڵێت: بێگومان ستایشیان دەکەین، لەبەر ئەوەی ئەوان زوڵم لێکراویان سەرخست، ئەوانە نوری چاومان و غیرەتی لاوەکانمانن، ئیتر چۆن ستایشی کارەکانیان ناکەین، ئیدی چۆن سوپاسیان ناکەین و شانازیان پێوەناکەین و دەستیان ماچ ناکەین".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەسەر ئەوانەی لە موسڵ شەڕیان نەکرد و شارەکەیان تەسلیمی داعش کرد موفتی دەڵێت: ئەوانەی چەک دادەنێنن و شەڕیان لەگەڵدا ناکەن، ئەوانە هەڵسوکەوتی موسڵمانانەیان کردووە و لەئەمانەتی خودا دەبن و دەستدرێژی نەکراوەتە سەر کەسیان، جلی مەدەنیان لەبەرکرد و بەسەلامەتی گەیاندیاننەوە لای کەسوکاریان، سوپاسمان کردن کە چەکیان ڕوبەڕوی براکانیان نەکردەوە ".
لەکۆتاییدا موفتی سوننەکانی عێراق کەلەهەولێر دەژی داوا لە هەموو کەسێک دەکات چەک دابنێن و دژی داعش شەڕ نەکەن.
" هەزار و 466 پێشمەرگە و چەندین گەریلا و شەرڤان لە شەڕی داعش دا شەهید بوون "
قسەکانی ئەم موفتییە لەکاتێکدایە کە 12 ی ئەم مانگە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاماری شەهید و بریندارەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی داعش ڕاگەیاند، بەپێی ڕاگەیاندراوە کە تائێستا هەزار و 466 پێشمەرگەیە شەهیدبوون، هەروەها ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی کە برینداربوون 8 هەزار و 610 پێشمەرگەیە، ئەوانەیشی ونبوون یاخود دیلن لەدەست داعش دا ژمارەیان 62 پێشمەرگەیە.
بەپێی راگەیەندراوەکانی هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) و یەکینەکانی پارستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، تا ئێستا لە شەڕی داعش دا ژمارەیەکی زۆر لە گەریلا و شەرڤانان شەهید و برینداربوون.
 
س.خ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە