میدیایی یەکێتی، لەسەر نەوشێروان خۆی خراپ نەکرد..!

Thursday, 23/06/2016, 2:24

5408 بینراوە


کولتووریی بەکارهێنانی دادوەر و دادگا لە هەرێم لەلایەن سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی نێو پارتە سیاسییەکان، کولتوورێکی تازە نییە. دادگا و دادوەر ئامرازێکن لەلایەن سەرکردە دەستڕۆیشتووەکان بەکارهاتوون بۆ پەردە پۆشکردنی هەزاران تاوان و ناهەقی، کە بە بەردەوامی لە باشووری وڵات ئەنجامیان داوە! 

ئەزمونی جۆری پیادەکردنی یاسا و دادوەری لە باشووردا بۆمان دەسەلمێنێت یاسا، بڕیاری دادوەر بۆ کەلەپچە کردن و زیندانی کردنی خەڵکی هەژار و بێ تاوانە. ئەگەر پێچەوانەی ئەوە ڕاست بێت دەبوایە ئیمرۆ زیندانەکانی باشوور تەژی بکرێت لەوانەی کە شەنگاڵیان فرۆشت، بە هەزاران ژن و منداڵی کوردییان تەسلیم بە داعش کرد. پارەی بیرەنەوتەکانیان لە گیرفانیان نا، بە سەدان رۆژنامەنووس و پاسەوانیان بە ناهەق تیڕۆر کرد. لە شەڕی براکوژی بە هەزاران کەسیان بە کوشتندا. سوپا و لەشکری تورک، عەرەب و فارسیان هێنایە کوردستان. 

مەسعود بارزانی بڕیاری دا نەوشێروان مستەفا ئەمین ڕاکێشی دادگای شاری هەولێر بکرێت بە تۆمەتی ئەوەی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لێدوانی داوە. ئەم هەڵوێستەی مەسعود بارزانی کتومت لاسایی کردنی تاڵەبانی بوو، کە لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٠ دا هەوڵیدا بە بڕیاری دادگا نەوشێروان راپێچی دادگایی شاری سلێمانی بکات.
دوای ئەو بڕیارەی مەسعود، رقابەرقێی نێوان سەرکردەکانی پارتی و گۆڕان ئاراستەیەکی تری وەرگرت، زیاتر بەرەو گرژی رۆی. لە ئەنجامدا میدیای گۆڕان لەلایەن رێکخەری گشتی حزبەکەی  بە فەرمیی ئاراستە کرا کە بۆ ماوەی بیستوچوار کاتژمێر دەست بکەن بە وەڵامدانەوەی سەرکردەکانی پارتی.
شەڕی میدیای نێوان پارتی و گۆڕان لەکاتێکدایە کە رێککەوتنی دەباشانی نێوان رێکخەری گشتی حزبی گۆڕان و باڵی هێرۆی نێو یەکێتی لە تەمەنی زێرنییەتی، وا چاوەڕوان دەکرا کە میدیای یەکێتی بەلای کەمی ئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت پاڵپشتی خۆی بۆ نەوشێروان دەرببڕێت، بەڵام ئەوە رووی نەدا!

باڵی دەستڕۆیشتووی نێو یەکێتی کە باڵی هێرۆ و شانازە، دەوڵەمندترین باڵە و دەسەڵاتی تەواویان هەیە لەسەر میدیاکانی یەکێتی بە تایبەتی کەناڵی کوردسات و دەیان ماڵپەری حزبی و سێبەر کە سەر بە هەردووکیانن. ئاشکرایە ئەگەر هەر دوو خوشک خواستیان هەبوایە پاڵپشتی لە نەوشێروان بکەن ئەوا میدیاکانی یەکێتیی و توتییەکانی خۆیان بەگڕ دەخست بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام نەیان کرد!
گومانی تێدا نییە کە ئەو جۆرە سەرنج وتێبینیە بۆ کابراییەکی خاوەن ئەزمونی سیاسیی وەک نەوشێروان، نامۆ نییە! ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە نەوشێروان داوای کۆبونەوەی کرد لەگەڵ میدیاکارانی نێو یەکێتی، ٢١/٦/٢٠١٦. ئاوێنەنیوز دەنووسێت" نەوشێروان مستەفا لە کۆبونەوەکەدا گوتی" ئەگەر پەلاماری مام جەلال و هێرۆخانیان بدایە و بە خائین و پیاوکوژ ناویان ببردنایە، ئیوە قبوڵتان دەکرد؟"

سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەک کاتدا یارییەک دەکەن لە سەر دوو پەت هەڵدەپەڕن و خاوەن دوو رێککەوتنن.

یەکەم، رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی.
دووەم، رێککەوتنی دەباشان لەگەڵ نەوشێروان.

ئاماژە و لێداونەکانی سەرکردایەتی یەکێتی پێمان دەڵێن، سەرکردەکانی یەکێتی خۆیان دوورە پەرێز گرتوە، بە نیازی ئەوە نین دژی پارتیی پشتیوانی لە نەوشێروان بکەن، دەیانەوێت ڕۆڵی برا گەورە و ناوبژیوان ببینن، نەک رۆڵی لایەنگرتن.
جەنابی فایلدار سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی سەرکرداییەتی یەکێتی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا" باسنیوز ٢٠/٦/٢٠١٦ دەنوسێت " ئەوان نوێنەری سیاسەتی یەکێتین ئێمە لە هەڵوێستی عینادیی گۆڕان و نە لە غروری پارتی بەشدار نین" جەنابی فایلدار  ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "سیاسەتیی حزبەکەی لەگەڵ لێک نزیککردنەوەی لایەنەکان دایە". 

لێدوانەکانی سەرکردەکانی یەکێتی دەریدەخەن کە ئەوان زیاتر پابەندن بە رێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ پارتی، پاڵپشتی بانگەوازی مەسعود بارزانین بۆ رێفراندۆم، لە هەمان کۆنگرەدا فەخامەتی فایلدار سەعدی پیرە زمانحاڵی سیاسەتەکانی یەکێتی گوتویەتی "باسنیوز ٢٠/٦/٢٠١٦ هەرێمی کوردستان لەبەردەم ڕیفراندۆم دایە، ئەو کێشە ناوخۆییەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، دەبێت کۆتایی بێت".  سەرکردەکانی یەکێتی بە ئاشکرا دانی پێدادەنێن کە ئەوان لاریان لەوەدا نییە کە مەسعود بە سەڕۆکی خۆیان بناسێنن و لەکاتی پێویست پشت لە نەوشێروان بکەن، فەخامەتی فایلدار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەمەشی گوتوە کە " لە ماوەی ڕابردوودا ”پێشمەرگەکانی یەکێتی لە یەکەی 70، لە لایەن مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەوە فەرمانیان پێ کراوە." جەنابی ئینتیهازی مەلا بەختیار لە گفتوگۆی تایبەت لە کەناڵی رووداودا رایگەیاند کە" "رێککەوتنەکە لەگەڵ رێککەوتننامەی ستراتیژی ناکۆکە و منیش یەکێتیم و شینی هەموویان دەکەم."

دەرئەنجامی لێداوانەکانی زمانحاڵی سەرکرداییەتی یەکێتی چی دەگەیەنێت؟

نەوشێروان، بیەوێت یان نەیەوێت دەبێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بکات کە کۆبونەوە لەگەڵ میدیاکارانی یەکێتی بێ سوودە و ناتوانێت ئارستەی کارکردنیان بگۆڕێت، بەهۆی ئەوەی میدیاکارانی نێو یەکێتی پەروەردەی ژێر دەستی شاناز و هێرۆن بە دۆلار ئاراستە دەکرێن و هەڵدەپەڕن. ئەو میدیاکارانەی نێو یەکێتی ئیمڕۆ پەروەردەی ژێر دەستی مرۆڤی خاوەن هەڵوێست، تێکۆشان، پرنسیپ و بەها بەرزەکان نین تا وەکو رێکخەری گشتی پارتی گٶڕان چاوەڕوانی ئەوە بێت کە ئەو میدیاکارانە شەڕی هەڵوێست بکەن و بە وەفا بن!

نەوشێروان، پێی خۆشبێت یان پێی ناخۆش بێت هەنوکە کۆمەڵێک کەس زمانحاڵی یەکێتین کە ڕای هەموو سەرکرداییەتی یەکەتییان لایە لە لێدوانەکانیان، کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان، لە میدییاکانیان سیاسەتی یەکێتی وەک کاکڵە گوێزێک روون دەکەنەوە و دەیخەنە بەردەم بنەماڵەی بارزانی.  زمانحاڵی یەکێتی ئیمرۆ پێکهاتووە لە  فەخامەتی فایلدار سەعدی ئەحمەد پیرە و جەنابی ئینتیهازی و گەندەڵکار مەلا بەختیار، لێدوانەکانی ئەوان پێمان دەڵین و دەیسەلمێنن کە رێککەوتنی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان تەنیا بۆ ئەوەیە کە ئەندامان و لایەنگرانی گٶڕان ئیتر هێرش نەکەنە سەر یەکێتی، ئاڵۆزی لە ناوچەی سەوز دروست نەکەن،  رووی دەمی گٶڕان تەنیا بکەنە پارتی، خۆیان لای بنەماڵەی بارزانی خۆشەویست بکەن و دەستکەوتی ماددی زیاتر بەدەست بهێنن.  لە دەرئەنجامدا روونە کە ریککەوتنی دەباشان  تەنیا بە ڕەواڵەتە بەڵام رێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی بنچینەییە.

سەرچاوە:
ئاوێنە نیوز، باسنیوز، رووداو


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە