ره‌تكردنه‌وه‌ى رێزگرتن له‌گۆرانى (له‌پاش مردن له‌سه‌رقه‌برم)ى حه‌سه‌ن زیره‌كدا

Monday, 06.27.2016, 18:22

5410 بینراوە


هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ژیانیدا دركى به‌و راستیه‌ كردووه‌ كه‌ رێز له‌ خۆیى و به‌رهه‌مه‌كانی ناگیرێت، هاوكاتیش زۆرباش له‌و راستیه‌ گه‌یشتووه‌، كاتێك كه‌ یه‌كێك ده‌مرێت و كۆچى دوایى ده‌كات، له‌دواى مردنى رێزى ژیانى زیندوویه‌تى بۆ قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ وێردى سه‌رزمانى خه‌ڵك، بۆیه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆ تێگه‌یشتن له‌و واقیعه‌ دواكه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌وى تیا ژیاوه‌ و تاكو ئێستاش درێژه‌ى هه‌یه‌، له‌مه‌قامێكدا كه‌ له‌ناخى دڵى دێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و جۆره‌ رێزه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و له‌و راستیه‌ش گه‌یشتووه‌ تۆزقاڵێك سود به‌ له‌ده‌ست چوو ناگه‌یه‌نێت.
شیعرى (له‌پاش مردن له‌سه‌ر قه‌برم) یه‌كێكه‌ له‌ مه‌قامه‌ پرِ سوێ‌ و به‌كوڵه‌كانى حه‌سه‌ن زیره‌ك، هه‌رچه‌نده‌ له‌نێوه‌ندى هونه‌رى كوردیدا به‌و سه‌ر دێرِه‌ شیعرى ترو مه‌قامى تر هه‌یه‌و دیارترینیان مه‌قامه‌ به‌ناوبانگه‌ى هونه‌رمه‌ندى مه‌زن مچكۆیه‌. به‌ڵام له‌ (پاش مردن له‌سه‌ر قه‌برم)ى حه‌سه‌ن زیره‌ك جیاوازه‌ له‌وه‌ى مچكۆ و له‌م مه‌قامه‌دا ئاخ و حه‌سره‌ت و داخى ده‌روونى خۆیى له‌قوڵایى یه‌وه‌ ئه‌هێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌م شێوه‌ ده‌ست پێده‌كات:
(له‌پاش مردن له‌سه‌ر قه‌برم گریه‌و زاریم بۆچیه‌/ له‌خۆدان و خۆرِنین و بێ‌ قه‌راریم بۆچیه‌/ سێ‌ رۆژانه‌و حه‌ڵوا به‌خشین دارو بێ‌ دارم بۆچیه‌)؟.
له‌دواى مردن گریان و شیوه‌ن و له‌خۆدان و خۆرِنین و نائارامى ده‌ست پێ‌ ده‌كات، له‌دواى ته‌وابوونى پرسه‌ش واته‌ له‌سێ‌ یه‌م  رۆژدا خێرو حه‌ڵوا به‌خشین ده‌ست پێ‌ ده‌كات، ئه‌م كارانه‌ زیندوو به‌رامبه‌ر كه‌سى مردوو ده‌یكه‌ن، حه‌سه‌ن زیره‌كیش له‌ پرسیارێكدا كه‌ بریتى یه‌ له‌ (بۆچى) به‌ته‌واوه‌تى ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و دژى ئه‌و كلتوره‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ ساڵه‌هاى ساڵه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى رۆژهه‌ڵاتى دا كوردیش وه‌كو نمونه‌ تاوه‌كو ئه‌مرۆ ئاماده‌بوونى هه‌یه‌.
 حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌بنیاتى دووه‌مى شیعره‌كه‌دا ئه‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ رابردوو، واته‌ رابردووى زیندوێتى، ئه‌و رابردویه‌ى كه‌ تیایدا رێزو حورمه‌ت غایب بووه‌ و قه‌درى ژیاندۆستى هیچ مانایه‌كى نه‌بووه‌ و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ‌:
(تا زیندوو بووم له‌ دنیادا هه‌زار هاوارم ئه‌كرد / من گریه‌م زارى به‌ملیۆن بێ‌ قه‌رایم وا ئه‌كرد/ ده‌تگوت برِۆ تۆ ئه‌غیارى ئه‌من یارى خۆم هه‌یه‌ / عه‌یبه‌ بۆتۆ ده‌مگوت یارم، بۆ تۆ غه‌درو لۆمه‌یه‌ / له‌پشت ده‌ركه‌ تا به‌یانى چه‌نده‌ شین و رۆم ده‌كرد / گڵ و خاكى ئه‌غیار و دۆست من به‌سه‌ر خۆم ده‌كرد)
زیندوو له‌ دنیادا ئاواتى هه‌یه‌ و بۆى نایه‌دى، هه‌رچه‌نده‌ گریان وئاخ و حه‌سره‌ت هه‌ڵكێشێ‌ سودى نیه‌و كه‌س نایه‌ت به‌ده‌میه‌وه‌، گرنگترین ئاوات بریتیه‌ له‌ ژوانێكى گه‌رم وگورِ، بریتییه‌ له‌و رابردووه‌ى كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئێستاو داهاتوودا دروست نابێـته‌وه‌، واته‌ مردوو جارێكى تر زیندوو نابێته‌وه‌ و ناگه‌رِێته‌وه‌ بۆ ئه‌و رابردووه‌ى كه‌ له‌ ده‌ستى چووه‌ یان به‌رامبه‌ره‌كه‌ى پشتى تێكردووه‌ و له‌ده‌ستى داوه‌، كه‌واته‌ چركه‌ساتى ئێستا لاى حه‌سه‌ن زیره‌ك گرنگى خۆى هه‌یه‌و له‌ سبه‌ینێ‌دا  كه‌ كه‌س نازانێ‌ چى رووده‌دات لاى ئه‌و سودى نامێنێ‌، ئه‌و كاتانه‌ى كه‌ له‌ پشت ده‌رگاوه‌ واته‌ له‌ دوره‌وه‌ شیوه‌نى بۆ ئێستاى له‌زه‌ت و ژیاندۆستى كردووه‌ و گڵ و خاكى دۆست و دوژمنى به‌سه‌رخۆدا كردووه‌ و زۆرباش له‌و راستیه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى رێزى ئێستاییه‌كان نه‌گرێت، ئه‌وا له‌ داهاتوودا ته‌نها ئاخ و خۆزگه‌و ته‌نها ئه‌و ده‌ربرِینانه‌ى بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ماندووى ده‌كات و هیچى تر، بۆیه‌ كاتێك كه‌ ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ ئێستایه‌ك كه‌ پرِه‌ له‌گریان، كه‌بریتییه‌ له‌ ژیانى له‌ده‌ست چوو ئه‌ڵێ‌:
(ئێستا ده‌برِۆ له‌پشت سه‌نگى مه‌زارم ده‌نگى گریانت نه‌یه‌/ من كه‌ مردووم هه‌زاران جار بۆ تۆ عه‌یبه‌یه‌).
سه‌نگى مه‌زار واته‌ كێلى قه‌بر، ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ له‌ پشت كێلى قه‌بره‌وه‌یه‌و بۆ مردوو ئه‌گرى چ سودێكى هه‌یه‌، حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌و گریانه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌د ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ به‌و ئه‌ڵێ‌ مردنى من نه‌ك جارێك هه‌زاران جار بۆ تۆ عه‌یبه‌یه‌، حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌پشت شیكردنه‌وه‌ى وشه‌كان و ده‌قه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئینسان شتێك نییه‌ به‌ئه‌جه‌ل و بۆ خۆى و هه‌روا بمرێت به‌ڵكو هۆكارێك ده‌بێته‌ له‌ناوچوونى.
كه‌ ئه‌ڵێ‌ مردنى من عه‌یبه‌یه‌ بۆتۆ، واته‌ من هه‌روا به‌ئاسانى له‌ناو نه‌چووم، به‌ڵكو كه‌سێك هه‌یه‌ منى كوشتووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئه‌وى كوشتووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ رێز له‌ ئێستا ناگرن و هه‌میشه‌ شیوه‌ن و گریانیانه‌ بۆ رابردوویه‌ك كه‌ ناكرێ‌ و نابێ‌ هه‌رگیز نایه‌ته‌وه‌.




(دەنگدراوە: 11 . زۆرباشە: 4/5)