نهێنیەکانی جەنگی جیهانی یەکەم - بەشی یەکەم

Saturday, 02/07/2016, 22:59

8730 بینراوە


کێ بەرپرسیار بوو لە هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی یەکەم؟

جەنگی جیهانی یەک بە ناخۆشترین جەنگی مێژووی ناودەبێت، لەبەر ئەوەی زۆر بە زووی تەواوی لایەنەکانی بەشداری جەنگ کەوتنە پەلاماردانێکی کوشندەوە ئەمەش وای کرد بۆ ماوەی چوارساڵ نەتوانن لەوجەنگە بێنە دەرەوە.
دوای ئەوەی بە زووی سوپای ئەڵمانیا کەوتە هەڵکەندنی چاڵی گەورە بۆ پیادەڕەوی بەرامبەر بە دوژمن لە مەرزەکانی سویسراوە تا دەگاتە دەریای باکور ئەم چاڵاناش پانیەکەی دەگەیشتە چەند کیلۆمەترێک.
دوای پەلامارە یەک لە دوای یەکەکان ملیۆنەها سەرباز گیانیان لەدەست داو بێ ئەوەی هیج لایەنێک یەک مەتر زەوی لە لایەنکەی تر داگیر بکات. بەمەش یەک جیلی تەواو لەناوچوو لە مەیدانی جەنگدا.
جەنگی جیهانی یەک نزیکەی سی ملیۆن قوربانی لێ کەوتەوە بە کوژراوو بریندارو وونبوەکانی جەنگەوە، چەند قەیسەرو مەلکەیەتێکیش کۆتاییان پێ هات بەمەش گۆڕانکاریەکی تەواو بەسەر دونیادا هات. ئەمەش وای کردن بناغەیەک دروست ببێت بۆ دوای بیست ساڵ، ئەویش ئەوەبوو جەنگی جیهانی دووی لێ بەرپا بوو.
جەنگی جیهانی دووش بەهەمان شێوە ملیۆنەها کەس بونە قوربانی تێیدا.

چۆن ئەم جەنگە توانی ڕوو بدات؟ چۆن کار گەیشە ئەوەی کە مرۆڤ هێندە بێ رەحمانە یەکتری لەناوبەرێت؟ ئەو پرسیارەی تا ئەمڕۆش وەک خۆی ماوەتەوە ، ئەگەر ئێمە سەیری دونیا بکەین مرۆڤایەتی پێشڕەویەکی باشی کردوە لەگەڵ ئەوەشدا ئەزمەی ئابوری، ئەزمەی ئەوروپا، کێشەی دینەکان ، کێشەی ژینگە ، کێشەی ئەفریقاو وڵاتە عەرەبیەکان ئەمانە هەموو ئیشارەت بەوە دەکەن کە دەتوانیت بڵێیت جەنگی جیهانی سێش بە ڕێگاوەیە. بەڵام ئێستا ناچمە ناو ئەو باسە.
لەسەر بەرپا بونی جەنگی جیهانی یەک دەمەوێت ئەم نوسینە بڵاو بکەمەوە لە دیدی خۆمەوە چۆن جەنگەکە بەرپا بوو، کێ دەسپێشخەری کرد لەو جەنگەدا، مێژوو نوسەکان دەلین ئەڵمانیا بەرپسری یەکەمە، منیش بۆچونێکی ترم هەیە لەبەر ئەوە ئێستا هەموو ڕوداوەکان دەخەمە ڕوو تا خوێنەر خۆی بڕیار بدات کێ هەڵگیرسێنەری جەنگی جیهانی یەک بوو. ئەم نوسینەم ئامادە کردوە  لە ئەنجامی خوێندنەوەی زۆرینەی کتێبە مێژوییەکان لەسەر جەنگی جیهانی یەک. 
ئەگەر پرسیار بکرێت لە هەر مرۆڤێک لەسەر هەلگیرسانی جەنگی جیهانی یەک ، هەموو کەس یەکەم پەنجەی تاوان ڕوبەڕوی ئەڵمانیا دەکاتەوە، زۆریشیان دەڵێن زۆرینەی وڵاتەکان تاوانبارن بەڵام ئەڵمانیا تاوانباری یەکەمە و قەیسەری ئەڵمانیا بە تایبەتی.
بە کورتی خەڵکانی کەم هەن کە بڵێن ناتوانیت دەستنیشانی لاینەێک  بکەیت یان بڵێیت کێ یەکەمین تاوانباری جەنگەکەیە. ئەوەی کە خەڵک بیری لێ ناکەتەوە ئەوەیە کە بەریتانیا هەمیشە خەریکی فراوانکردنی سنورەکانی خۆی بووەو ڕوسیاش خەریکی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی بوە..بۆ ئەم مەبستەش هەردوو وڵات ئامادەن تەواوی مرۆڤایەتی بخەنە ژێر هەڕەشەوە.
سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا کە حەز بەوە ناکات کەسێکی تر هەبێت لە بەرامباریاندا ، کاتێک ئەڵمانیا خوازیاری ئەوە بوو لەبازاڕەکانی جیهاندا جێگایەک بۆ خۆی دابین بکات بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە.
کەمتریش گوێ بیستی فڕوفێلەکانی فەڕەنسا دەبیت لە جەزائیرو پاشان لە مەغرب ، وە ڕێکەوتننامەی نێوان روسیاو فەڕەنساش باسی لیوە ناکرێت کە تاکە مەبەستیان لەناوبردنی ئەڵمانیا بوو.
باسی ئەوەش ناکرێت کە ڕوسیا دەستێکی باڵای هەبوو لە دەست وەردانە کاری سیاسی وڵاتانی باڵکان ، کەسیش باسی دەوری سێربیە ناکات ئەمەش دەورێکی شەڕەنگێزی بوولە پەیڕەو کردنی سیاسەتی روسیادا.
ئەم دەورەش ئەوە بووکە کوشتنی شازادەی نەمسا هەنگاریای لێکەوتەوە بە ناوی فرانز فێردیناند و خێزانەکەی .
لێرەدا دەمەوێت بۆ جارێک دەوری ئەڵمانیا زۆر باس نەکەم کە دەورێکی باڵاشی هەبوە، دەمەوێت  بێمە سەر ئەو وڵاتانەی تر کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە هەڵگیرساندنی جەنگدا.

کۆتایی بەشی یەکەم

هەرکەس بیرو ڕا یان کۆمێنتی هەیە دەتوانێت لە فەیسبوکی خۆم بیروڕای خۆی بنوسێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە