بەریتانیای مەزن و حیزبە کوردییەکان

Tuesday, 05/07/2016, 0:45

3050 بینراوە


بڕیاری کشانەوە و دەرچوون Brexit،ی بەریتانیای مەزن،لە یەکێتی ئەوروپا،هەر چرکەساتێکی گرنگی مێژوویی و رووداوێکی چاوەڕوانەکراو نییە بەڵکو دەشێ بە بوومەلەرزەیەکی ئەم سەدەیەی لەقەڵەم بدەین. رووداوێکە لەدەرەوەی لێکدانەوە و پێشبینی زۆر کەسدا بوو. ئاخر وەک دەزانین و بانگاشە دەکرێت، لەسەردەمی گلۆبالیزەیشن و بە خێڕێ بچووک بوونەی جیهان و گوایە نەمانی سنوورەکان و بەسەرچوونی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیدا،وڵاتێکی هەرە دیار و کۆنینەی ئەوروپا،کە بە درێژایی مێژوو، هەر لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە زۆر بواردا پێشڕەو و ئاڵا بەدەست بووە و  خاوەنی زمانی ئینگلیزی،کە تاکە زمانی نێونەتەوەییە لەسەرتاسەریی گۆی زەویدا و هاوکات فەرهەنگ و کەلتوری لە چڵەپۆپەدایە و چەندین سەدە ئاغای سەرزەمین و دایکی دیموکراسی و پێشکەوتن و شارستانێتیە، رووداوێکی لەم جۆرە جێی سەرسووڕمانی گەورەیە. ئەوروپای خستۆتە بەردەم واق وڕمانێکی نامۆ و سیناریۆی جۆراوجۆرەوە.
ئەم بڕیارەی لەندەن،لە کاتێکدایە، هەر ساڵی پار بوو، ئینگلیز، بە گوشاری زۆری ئابووریی و سیاسیی و دارایی،رێگریی لە سەربەخۆیی سکۆتلەندە گرت، کەچی وا ئیمڕۆ خۆی لە رێگەی گشتپرسییەکەوە،بە شێوەیەکی تەواو دیموکراسییانە و بە رێژەی ٥١،٩%،دەنگی بە دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دا.ئەگەرچی رێژەکە بە جیاوازییەکی گەورە نییە،لێ دیسان لەنیوە زێتر بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیان دا و کاریان مەیسەر بوو.
هۆ و هۆکاری زۆروزەبەند هەن،وایان لە ئینگلیزەکان کردووە،دەنگ بۆ کشانەوە بدەن... سەرەتا لەندەن لە سیاسەتی برۆکسل زۆر نارازییە.لە لایەکی ترەوە ،شاڵاوی زۆری کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە و پرسی ئابووریش کاریگەریی خۆیان هەیە..لە هەموویشی گرنگتر،پرسی ئاسایش و ئاسوودەیی وڵات و هاووڵاتیان ،کە پێیان وایە خۆشگوزەرانی ژیانیان لێ تێکچووە. بەواتایەکی دیکە ئاسۆیەکی روون  لە ئایندەیان دا بەرچاو ناکەوێ. هەر بۆیەشە،لە چرکەساتێکی هەستیاردا ،گەڕانەوە بەرەو ناسیونالیزمێک،کە بە بانگاشەی خۆیان، رەنگە ساڵانی ساڵێکی زۆر بێت ماڵئاواییان لێ کرد بێت.
سەرەتا هەموو دەزانین  ئەم بڕیارەی ئینگلیز لە چەندین بوار و مەیداندا زیانی کوشندە بەدوای خۆیدا کێش دەکات. لە بواری ئابووری، سیاسی،پێوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپادا،کێشەی کۆمەڵایەتی و بێکاری زیاد دەکەن...هتد بەڵام ئەوەی سەیروسەمەرە و جێی پرسیارە، ئینگلیز هەموو ئەم شتانە،چاک دەزانێ و دیسان بڕیاری جیاکردنەوەی ماڵی خۆیان لە ماڵی ئەوروپا دا.ئەم بڕیارە  هەستیارەیان دا،لە پێناوی  سەربەخۆیی و وڵات و سەروەریی ئینگلیز و پاراستنی ماڵی خۆیاندا..بۆ پاراستنی لەو هەڕەشانەی رووبەروویان بۆتەوە. بەڵام ئەوانەی دەنگیشیان بە مانەوە لە یەکێتی ئەوروپادا داوە،زێتر لاو و گەنچ و بێ ئەزموونەکانن. 
خاڵێکی لێرەدا،جێی سەرنج بێت،ئەوەیە،گەلانی (سکۆتلەندە و ئیرلەندە و وێڵزییەکان)،هەموو بە پێچەوانەی ئینگلیزەوە، دەنگیان بە مانەوە داوە. کەواتە تەنیا ئینگلیز داوای کشانەوە و دەرچوونی کردووە.
مەترسی ئەم هەنگاوە لەوەدایە،وڵاتی دیکە لە ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا، هەبێت چاوی لێ بکەن و وەک یاری دۆمینۆ بەدوای یەکدا داڕمێن..چونکە دەنگی ناڕەزایی و رادیکالی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵەندە و گەلێ شوێنێ تر هەیە...بە واتایەکی دیکە دوو بەرە لەم کیشوەرەدا دژ بەم یەكیتییە. هێزە چەپەکانی خوارووی ئەوروپا،راسترەوەکانی ناوەند و باکوری ئەوروپا. وڵاتانی وەک : هەنگاریا و مەکەدۆنیا و کرواتیا و نەمسا و زۆر شوێنی تر،هەر زوو پەرژین و تەلبەندی سنووری وڵاتەکەیان بۆ رێگریکردن لە کۆچبەر کرد..کار بەوە گەیشت هەر حکومەت و وڵاتە سەرقاڵی پێداویستتەکانی وڵاتی خۆی بوو.وڵاتە ئەوروپاییەکان نەیانتوانی بڕیارێکی یەککرتوو بدەن..
ئەندرێ گلوکمانی فەیلەسووفی فەرەنسی لە کتێبەکەیدا< شەڕ لە پێناوی ئاشتیدا> دەڵێ: " با وا خۆمان نەبینین: لە راستیدا بیروڕایەکی گشتی ئەوروپایی نییە. من چاک دەزانم کە مرۆ بە هەر شێوەیەک بێت،یەکگرتووە  لەسەر پرسی  دیموکراسی ،کە تێیدا مافی مرۆف بەرز راگرێ ،بۆ مافی دەنگدان تێکۆشێ.بەڵام نایەکگرتوویی لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات، کە پرسیاری ئەوە قووت بۆوە،کێ ئامادەیە پارە بدات بۆ سیاسەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی  و سەربازی ،تاوەکو ئەما کەرەسە و پێداویستییە گرنگانە بەدەست بهێنین وبپارێزین".   بە کورتی کرمانجی کێشەکە پارەیە و بۆ ئەو هەموو پێشکەوتن و ریفۆرم و گۆڕانکارییانەی پێویستە لە ئاستی یەکێتییەکەدا بکرێ،لەو بوارە گرنگانەدا،کەس ئامادە نییە دەست بە گیرفانیدا بکات..تا ئێستا ئەڵمانیا گەورەترین بودجەی بۆ یەکێتی ئەوروپا تەرخان کردووە.هەربۆیەشە قسەرۆیشتووترین دەوڵەتە لەم یەکێتییەدا. ئەم هەراشی و باڵادەستبوونەی ئەڵمان،کە بەرهەمی گەشەی ئابووریی دەستڕەنگینی پیشەسازییانە،بۆتە جێی مەترسی بۆ مێمڵەکانیان،بە تایبەت ئینگلیزەکان. گەر حاڵی ئەوروپا بەو شێوەیە کە ئاماژەمان پێدا،وا یەکگرتوویی دروست نابێ.پۆلۆنیا کێشی دەوڵەتی ئەڵمانیا نییە.هەنگاریا ناتوانێ وەک فەرەنسا،هەڵسوکەوت بکات.لوکسەمبۆرگ، پێشبڕکێی و کێبەرکێی لەگەڵ ئەڵماندا پێ ناکرێ.. لەندەن نایەوێ هاووڵاتانی ئەوروپایی بچنە وڵاتەکەیانەوە پاش ٦ مانگ کارکردن،ئیدی مافی نیشتەجێبوون و مووچەی بێکاری وەرگرن و بیمەیان هەبێت و ....هتد. 
کە کار بەم شێوەیە بێت،ئەوروپا بەمەش نەیانتوانی لەئاستی ئەو راگەیاندن و بانگاشانەدا بن،کە بەناوی مافی مرۆڤەوە دەریان کردووە. لە نێو ئەم وڵاتانەدا،تەنیا ئەڵمانیا دەرگای وڵاتەکەی بۆ پەنابەران واڵا کردبوو. ئێستا بڕەک سەختییان کردووە
لە هەموو بارێکد،کشانەوەی ئینگلیز،بە کاپیتالێکی رەش و تاریک لە مێژووی ئەوروپادا دێتە هەژماردن و ئەوروپای خستۆتە بەردەم ئەگەری  سیناریۆیی سەیروسەمەرە.
ئەڵمانیا لە ئەوروپا و جیهاندا،بە وڵاتێکی بەهێزی خاوەن ئابوورییەکی تۆکمە و هەناردەی تەکنەلۆژیا و جۆرەها پیشەسازی دیکە دادەنرێ..توانای پێشوازیی و وەرگرتنی چەندەها هەزار پەنابەریی دیکەی هەیە. هەڵبەت بەشێک لەم سیاسەتە پێوەندیی بە هەلومەرجی تایبەتی نێوخۆی ئەڵمانیاوە هەیە،کە بەکورتی بریتین لەم خاڵانە:
ـ کێشەی کەمی منداڵبوون لای ئەڵمانەکان..لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەڵێن تا ساڵی ٢٠٥٠،ئەڵمان ١٧ ملیۆن لە دانیشتوانەکەی کەم دەکات. ئەو پەنابەرەی دێتە ئەڵمانیا  یان گەنجە،یاخود خێزانە و چەند منداڵێکیان پێیە.
ـ گەنجەکە ،بە پێی دوا لێکۆڵینەوە مانگی ١٠٠٠ یۆرۆ دەکەوێ، لەسەر حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ماوەی ٥ ساڵ  و دوای ئەوە دەست دەکات بە کار،یا ناچاری دەکەن کار بکات و باج بدات.لە ئەڵمانیا وەک دەڵێن مەنجەڵی باج پارەی زۆری تێدا نەماوە.یاخود ئێستا خەڵکێکی زۆری ئەڵمان،کە بەدەستوبازووی خۆیان دوای جەنگی جیهانی دووەم وڵاتەکەیان ئاوەدان کردۆتەوە، پیر بوون و بەرەو پیربوون دەچن،کاتی خۆی کاریان زۆر کردووە و  باجیان داوە،ئێستا پێویستیان بە باجدەرە بۆ پڕکردنەوەی مەنجەڵەکە.
لە لایەکی دیکەوە لکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، کە رێژەیەکی زۆری شوێنی فێربوونی پیشە،لە کارخانەکاندا،بە چۆڵی ماونەتەوە ،کەس ئامادە نییە فێری پیشەی جۆراوجۆر بێت،کە بە ملیۆنان کارخانە لە وڵاتی ئەڵمانیادا هەیە.ئەمەش کێشەیەکی گەورەی وەزارەتی پیشەسازی و نەخشەکێشانی ئەڵمانیا..
بە کورتی چ منداڵەکان یاخود گەنجەکان لە مەودایەکی کورت یان درێژی ئینتگراسیۆندا،گەر نەشبنە ئەڵمانێکی راستەقینە،وا دەبنە هاووڵاتییەکی بەفەڕ بۆ ئەڵمانیا.
ئەڵمان گرفتی دەروونی بەهۆی مێژوویی شەڕەکانی جیهانییەوە هەیە و لەزۆر وڵاتی ئەوروپا و جیهاندا،خۆشەویست نەبوون ،ئەم دەرفە بۆ تێهێنانەوەی کەسایەتییان  گرنگی خۆی هەیە.
بەرلین کە ئێستا لە زۆر رووەوە لە لەندەن پێشرەوترە لە جیهاندا،ئەو ترسە گەورەی ئینگلیز لە ئەڵمان هەر نە رەویوەتەوە. سەردەمی روخانی دیوارەکەی بەرلین هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، لەندەن بە سەرکردایەتی سەرکردەی پۆڵایین خاتوو مارگرێت تاتشەر،زۆر بە توندی دژ بە یەکگرتنەوە ئەڵمان وەستایەوە. بەڵام ئەڵمانەکان بە رێبەرایەتی هێلمەت کۆل،راوێژکاریی ئەو سەردەمە،توانییان ئیرادەی یەکگرتنەوە بە ئازایەتی و بە بەرتیل و رازیکردنی مۆسکۆ و واشنتۆن و پاریس هەر بسەپێنن.
بیریارێکی ئەمریکایی دەڵێ: " ئەڵمانەکان بیر لە ئایندە دەکەنەوە و ئێمە بیر لە رابووردیان دەکەینەوە". ئەوە ئێستا ئەڵمانەکان گەیشتوون بەو خەونەی بۆی تێدەکۆشان و لەندەنیش هەر بەرەو پاشەوە دەڕوات.
  ئەم پێشهاتە، دەرگا لەبەردەم پرسی سەربەخۆیی سکۆتلەندە و ئیرلەندە و وێلزییەکاندا ئاواڵە دەکات.هەروەک،لەگەڵ ئاشکرابوونی ئەنجامی دەنگدانەکە،سکۆتلەندە راگەیاند،پرسی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەخاتەوە گەڕ. هاوکاتی ئەمەش بۆن و بەرامە و ئاماژەی هەست وهۆش و بەخۆنازین و هەڵوێستێکی ناسیۆنالیستانە لە بڕیارەکەی ئینگلیزدا دەکرێت.بە مانایەکی دیکە،لە ئەوروپاشدا،دوای بڕینی ئەو هەموو قۆناخە لە پێشکەوتن و دیموکراسی و شارستانێتی،هەرچرکەساتێ ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت و میللەتێک بکەوێتە مەترسییەوە، گورجوگۆڵانە بەشێوازی خۆیان هەڵوێست وەردەگرن و شەرمیش لە جیهان ناکەن..
من جگە لەوەی دڵشکاوانە و بە چاوی رەخنەوە،تەماشای ئاغای ئینگلیزم کردووە،چونکە تاوانبارن لەو کوێرەوەرییەی بەسەر کورددا هاتووە،پێمخۆشە ئینگلیز گرفتاری دەردی خۆی بێت،ئەوەی بەسەر خەڵکیدا هێناوە بەسەر خۆیدا بێتەوە..ئیمڕۆ دەبینین ئەو دەوڵەتانەی بەدەستی ئینگلیز قووتکراونەوە،لە سەرتاپایاندا کێشە هەیە و قەوارەی عێراق و سوریا و لوبنان و زۆری تریش بە تەواوی لەبەیەک هەڵوەشاوەتەوە،هەموو ئەمانە بەڵگە و ئاماژەی پاشەکشەی زلهێزێکی گەورەی ئەفسانەیی ئینگلیزە لە جیهاندا.
ئینگلیز دەرەقەتی سیاسەتی ئەڵمان و فەرەنسییەکان نایەن و رۆژگار خەریکە بەجێیان دێڵێ. گەر دۆستایەتی قووڵ و پتەوی ئینگلیز و  ئەمریکا وەک پشتیوانی سەرەکی نەبوایە،وا لەمێژبوو،گرفتاری دەردی کوشندە دەبوو. 
ئینگلیزەکان چی دیکە ناتوانن یاخود شەرمەزار دەبن،رێگریی لەسەربەخۆیی کورد بگرن.ئەوان تا ئێستا،لەگەڵ هیچ جوڵانەوەیەکی کورددا نەبوون،ئامانجی تێکدانی ئەو دەوڵەتە دەستکردانەی دەستی خۆیان بێت. ئینگلیز بە هەموو گەمە و یارییەکانی بە ئاشکرا و نهێنی و لەرێی دارودەستەکانییەوە، نەیهێشتووە و نایەوێ کورد بگات بە ئاواتی دەوڵەت.کارێکیش خۆی نەیتوانی ئەنجامی بدات وا  لە ڕێی چڵکاوخۆرەکانییەوە ئەنجامی داوە. کەواتە لە بارێکی ئاوادا،لاوازبوونی لەندەن ،بزرکردن و کەمبوونەوەی، کاریگەرێتییەتی،بەسەر  ئەو لایەنانە و  رژێمی دەوڵەتە داگیرکەرانەوە بۆ کورد بەسوودە . 
لە روانگەیەکی دیکەشەوە، هەر سێ گەلی شانشینی یەکگرتوو،سکۆتلەندی و ئیرلەندیی و وێڵزەکان، پرۆسەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان دەگرنە بەر.. لەندەنیش ناتوانێ وەک جاران رێگرییان لەبەردەمدا قووت کاتەوە.. ئەم هەنگاوانە جارێکی تریش دەبێتە سەرتۆپ و ووزەبەخش بۆ نەتەوە بندەستەکان،لە نێویاندا کورد.
گەر لە هەموو ئەم حاڵ و بارە بگەڕێین و لە روانگەیەکی ترەوە ئەم رووداوەی ماڵ جیاکردنەوەی ئینگلیز لە ئەوروپا بڕوانین.رووداوەکە لە خودیی خۆیدا،زۆر ناسیونالیستانە و پەرۆشییە بۆ قەوارە و بوون و هەبوونی نەتەوەیی و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی،کە لێرەدا خۆپارێزییە لە مەترسی و هەڕەشەکانی کۆچبەر و بیانی لۆ سەر بەریتانیا.
کورد و بریکسیت
 جا کەوا بێت..ئەم رووداوە چ دەگەیەنێ بۆ ئەوانەی، فەریکە رۆشنبیر و سیاسی سەقەت و بەکرێگیراوی ئایدۆلۆژیی و دەرەکی و ئاڵا بەدەستی دژ بە دەوڵەتی کوردین،کە  بەردەوام جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە و دەکەنەوە:
 مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە...کە زۆر بە زمان و دڵ و مێشکیاندا خۆش دێ،ئەم دروشم و چەمک و قسە ئاڵوواڵایانە بڵێن و بڵێنەوە..
 دنیای گلۆبالیزم،هەڵوەشاندنەوەی سنوور و داڕمانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەگەێنێ و جیهان بچووک بۆتەوە مرۆڤایەتی گەشتۆتە قۆناخی، تێکەڵبوون و پێکەوە ژیان لە سەرزەمین،بە مانای بێ نرخ و بەها بوونی دەوڵەت و سنووری نەتەوەیی!!.
داخۆ،ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە ترکیا و ئێران و عێراق و سوریادا،چاوەڕێی دیموکراسی بێت و خۆی بکاتە هاووڵاتی ئەو دەوڵەتانە و دەستبەرداری مافە نەتەوەییەکانی بێت،ئێستا چ دەڵێن و کام پەیامێک بە نەتەوە دەدەن؟؟!!..
بەلێ ئەوانەی، لە قەندیلەوە داوای کۆماری دیموکرات دەکەن و چەمکی دەوڵەتی نەتەوەییان پێچاوەتەوە فرێ داوەتە نێو زبڵدانەوە و ئەوانەی لە کۆیە دانیشتوون،نیگەرانن بەوەی دەوڵەتانی دنیا هەڕەشە و گوشار بۆ سەر ئێران دەهێنن و لە فیردەوسی ئێرانچیترن و ئەوانەی دەیانەوێ سلێمانی لە هەولێر جیا بێتەوە و کەرکووک بکرێتە هەرێمێک،کەچی هەر خەریکی چاوشارکێن لەگەڵ بەخدادا و رازی نین کوردستان لە عێراق جیابێتەوە و ئەوانەی بە کوڕ و کیژانی نەتەوە داستانی کۆبانییان تۆمارکرد،کەچی نە دەیانەوێ سوریا پارچە پارچە بێت و نە گەرەکیشیانە لێی جیاببنەوە،ئەوانە چ پەندێ لەم رووداوەی برێکست وەردەگرن؟؟!!.
ئەوەی تا ئێستا لەبەرچاومانە،هەتا ئێستا حیزبێکی کوردی نەبوو بتوانێ نەک میللەت و جەماوەری ترک و عەرەب و فارس رازی بکات بە مافەکانی کورد،بەڵکە ١٠ کەسییان پێ رازی نەکراوە،کەچی هەردەم باس لەوە دەکەن،دەبێ دەوڵەتانی درواسێ! رازی بکەین.ناوچەکە بکەینە بەهەشتی دیموکراسی و کاوێژکردنەوەی کۆمەڵێ دروشم و بانگاشەی رزیوی بۆگەنکردوو. 
هەرچۆنێک بێت ،لەمێژە کاتی ئەوە هاتۆتە پێش، کە جەماوەری هۆشیاری کورد،خۆی سەرکردایەتی پرسە نەتەوەییەکەی بکات و جڵەو نەداتە ئەوانەی سەرمەستی بازرگانی و هەرزانفرۆشین بەناوی کوردایەتییەوە،،،  لەگەڵ ئەوەشدا کە نموونەی سەربەخۆخوازی و نیشتمانپەروەریی لە مێژوودا زۆرە،لێ سەرانی حیزبی کوردی هەرگیز وانە و پەندیان لێوە وەرنەگرتووە و فێرنەبوون..دیسان منیش لەگەڵ هاوبیری هێژام مامۆستا کامیل ژیر دا دەڵێم:
" با ئەنجامی گشتپرسییەکەی بەریتانیا،ببێ بە وانەیەک بۆ ئەو فەریکە رۆشنبیرانەی لە سەربەخۆیی کوردستان سڵدەکەنەوە و هەمیشە کۆسپ و (تاکۆس ـ بەڵام)ئەخەنە بەر رەوڕەوەی دەوڵەتی کوردی".
مێژووی کوردیش سات و رۆژ و ساڵی ناپاکی تێدایە. جا ئەوانەی لەسەر سەکۆی دژ بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کار دەکەن،و خۆی لێ دەدزنەوە و بیانووی بۆ دادەتاشن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن، دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە. گەر بێت هۆشیارانە بە ئەرکی خۆیانب هەڵنەسن،وا  بە ناپاکی دەچنە مێژووەوە.. کەواتە هەر وا چاکە، زبڵدان بکرێتە  شوێنی ناپاکان...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە