گەر لە هەموو ئەم حاڵ و بارە بگەڕێین و لە روانگەیەکی ترەوە ئەم رووداوەی ماڵ جیاکردنەوەی ئینگلیز لە ئەوروپا بڕوانین.رووداوەکە لە خودیی خۆیدا،زۆر ناسیونالیستانە و پەرۆشییە بۆ قەوارە و بوون و هەبوونی نەتەوەیی و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی،کە لێرەدا خۆپارێزییە لە مەترسی و هەڕەشەکانی کۆچبەر و بیانی لۆ سەر بەریتانیا.
کورد و بریکسیت
جا کەوا بێت..ئەم رووداوە چ دەگەیەنێ بۆ ئەوانەی، فەریکە رۆشنبیر و سیاسی سەقەت و بەکرێگیراوی ئایدۆلۆژیی و دەرەکی و ئاڵا بەدەستی دژ بە دەوڵەتی کوردین،کە بەردەوام جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە و دەکەنەوە:
مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە...کە زۆر بە زمان و دڵ و مێشکیاندا خۆش دێ،ئەم دروشم و چەمک و قسە ئاڵوواڵایانە بڵێن و بڵێنەوە..
دنیای گلۆبالیزم،هەڵوەشاندنەوەی سنوور و داڕمانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەگەێنێ و جیهان بچووک بۆتەوە مرۆڤایەتی گەشتۆتە قۆناخی، تێکەڵبوون و پێکەوە ژیان لە سەرزەمین،بە مانای بێ نرخ و بەها بوونی دەوڵەت و سنووری نەتەوەیی!!.
داخۆ،ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە ترکیا و ئێران و عێراق و سوریادا،چاوەڕێی دیموکراسی بێت و خۆی بکاتە هاووڵاتی ئەو دەوڵەتانە و دەستبەرداری مافە نەتەوەییەکانی بێت،ئێستا چ دەڵێن و کام پەیامێک بە نەتەوە دەدەن؟؟!!..
بەلێ ئەوانەی، لە قەندیلەوە داوای کۆماری دیموکرات دەکەن و چەمکی دەوڵەتی نەتەوەییان پێچاوەتەوە فرێ داوەتە نێو زبڵدانەوە و ئەوانەی لە کۆیە دانیشتوون،نیگەرانن بەوەی دەوڵەتانی دنیا هەڕەشە و گوشار بۆ سەر ئێران دەهێنن و لە فیردەوسی ئێرانچیترن و ئەوانەی دەیانەوێ سلێمانی لە هەولێر جیا بێتەوە و کەرکووک بکرێتە هەرێمێک،کەچی هەر خەریکی چاوشارکێن لەگەڵ بەخدادا و رازی نین کوردستان لە عێراق جیابێتەوە و ئەوانەی بە کوڕ و کیژانی نەتەوە داستانی کۆبانییان تۆمارکرد،کەچی نە دەیانەوێ سوریا پارچە پارچە بێت و نە گەرەکیشیانە لێی جیاببنەوە،ئەوانە چ پەندێ لەم رووداوەی برێکست وەردەگرن؟؟!!.
ئەوەی تا ئێستا لەبەرچاومانە،هەتا ئێستا حیزبێکی کوردی نەبوو بتوانێ نەک میللەت و جەماوەری ترک و عەرەب و فارس رازی بکات بە مافەکانی کورد،بەڵکە ١٠ کەسییان پێ رازی نەکراوە،کەچی هەردەم باس لەوە دەکەن،دەبێ دەوڵەتانی درواسێ! رازی بکەین.ناوچەکە بکەینە بەهەشتی دیموکراسی و کاوێژکردنەوەی کۆمەڵێ دروشم و بانگاشەی رزیوی بۆگەنکردوو.
هەرچۆنێک بێت ،لەمێژە کاتی ئەوە هاتۆتە پێش، کە جەماوەری هۆشیاری کورد،خۆی سەرکردایەتی پرسە نەتەوەییەکەی بکات و جڵەو نەداتە ئەوانەی سەرمەستی بازرگانی و هەرزانفرۆشین بەناوی کوردایەتییەوە،،، لەگەڵ ئەوەشدا کە نموونەی سەربەخۆخوازی و نیشتمانپەروەریی لە مێژوودا زۆرە،لێ سەرانی حیزبی کوردی هەرگیز وانە و پەندیان لێوە وەرنەگرتووە و فێرنەبوون..دیسان منیش لەگەڵ هاوبیری هێژام مامۆستا کامیل ژیر دا دەڵێم:
" با ئەنجامی گشتپرسییەکەی بەریتانیا،ببێ بە وانەیەک بۆ ئەو فەریکە رۆشنبیرانەی لە سەربەخۆیی کوردستان سڵدەکەنەوە و هەمیشە کۆسپ و (تاکۆس ـ بەڵام)ئەخەنە بەر رەوڕەوەی دەوڵەتی کوردی".
مێژووی کوردیش سات و رۆژ و ساڵی ناپاکی تێدایە. جا ئەوانەی لەسەر سەکۆی دژ بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کار دەکەن،و خۆی لێ دەدزنەوە و بیانووی بۆ دادەتاشن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن، دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە. گەر بێت هۆشیارانە بە ئەرکی خۆیانب هەڵنەسن،وا بە ناپاکی دەچنە مێژووەوە.. کەواتە هەر وا چاکە، زبڵدان بکرێتە شوێنی ناپاکان...