شیکردنەوە و لێکدانەوەی هەڵەکان و کەم وکووڕییەکانی پەیڕەوی ناوخۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

Sunday, 10/07/2016, 18:28

3671 بینراوە


بێگومان ووشەی پارت "حزب" ووشەیکی کۆنە، بەڵام  بە بەراوردکردنی چەمکی پارت لەسەردەمی ڕابردوو دا لەگەڵ ئەم سەردەمە کە ئێمە تیایین فەرق و جێاوازی زۆرە لە نێوانیان دا. چونکە دامەزراندنی پارت لەسەردەمی نوێ لەکۆمەڵیک کەس پێکدێ، کە ڕێکەوتوون لەسەر یەک بیرورا و ڕێبازیکی ڕامیاری دیاریکراو، لەسەر فەلسەفەیکی پەروەردەیی، کە داخوازە لە ئەندامەکانی پەیمان ببەستن لەگەڵ پارتەکە تا پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامە ڕامیاریەکەی و ئامانجە نەتەوایەتیەکەی بە ئاستیکی بەرز جێبەجێ بکا. بەڵام، ئەگەر هەڵە و کەم و کوڕی لە ئینجیلی پارتەکە بێ، کە ئەوەیش پرۆگرام و پەیڕەوی ناو خۆیە، بێگومان ئەو کات هەڵە و کەم و کوڕی لە هەموو دام و دەزگاکانی پارتەکە ڕووئەدا، بە تایبەت کاریگەری نەریی ئەبێ لە سەر دروستبوون و چۆنیەتی کەسایەتی ئەندامەکانی؟. بێجگە لەم خاڵانەیش، بایستی بەرنامەی ئەو پارتە بەدەردانەوەی (انعكاس) خۆزگەکانی کۆمەڵگاکەی بێ، گوێگری کێشەکانی و دەربراوی (معبر) بێ. نە لە سەرەتا دا بۆ چەواشە کردنی خەڵک بڵێ تەنانەت من کوردستانیم و نە شتی تر، کەچی پاش (٣٠) ساڵ چواردە جار (١٤) لە ناو پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ کاتی کە باسی باشووری کوردستانی ئەکا بە ناوی "کوردستانی عێراق" توماری ئەکا!!. دیسانەو، پاش (٤٠) ساڵ شاندیک ڕەوانەی بەغدا ئەکا تا سوێند بە قورئان بخۆن بۆ عەرەبەکان کە بە هیچ شێوەیک لە عێراق جیا نا بنەوە!!. پاشانیش، دەسەڵات دارانی بەغدا، بڕوانامەی ڕەوشت باشی بە سەر تاک تاکی ئەو شاندە دابەش کرد بەدەستی دوژمنی گەلی کورد ئەو کۆنە بەعسیە کە ناوی حەنان فەتلاویە ؟؟!!. 
 بائێستایش ناوەرۆکی ماددەی(١)ی"پەیڕەوی ناوخۆ"ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان شیکەینەوە. خوێنەری هێژا، پێوستە لێرا شتیک بڵێم، ئەوەیش ئەمەیە، کە مەبەستمان لەم شیکردنەوە ئەوەیە، کە ئاستی نزمی هزری دانەری ئەم پەیڕەوەی ناوخۆیە بیخەینە بەر دەستی خوێنەری بەڕێز، تا بە باشی بناسی ئاستی ڕامیاری و ڕۆشنبییری ئەمانە؟. ئێمەیش وەکو چاودێری ڕامیاری ڕەخنە ئەگرین لە یاسادانەری(مشرّع) ماددە و بڕگەکانی ئەم (پەیڕەوی ناوخۆ)یە، چونکە ئەمان بە ووتەی خۆیان حزبیکی سۆسیال دیموکراتن،هیچ کەسیک یان لایانیک لایان پیرۆز نییە و لەسەرەوەی ڕەخنەیش نییە، ئەوەی کە لایان پیرۆز و گرنگە و جێ ڕێزە تەنها هزرە (فکر) نە شتی تر. بەڵام بە کردەوە ئەمە ڕاست نییە، ئەوە کەسایەتی جلال تاڵەبانیە وەکو کەسیکی پیرۆز ڕەفتار لە گەیا ئەکەن!!. بێجگە لەمەیش، بە پێچەوانەی بنەمای ڕەفتاری دیموکراتیانە، ئەم کابرایە ئەمە چڵ ساڵە هەر خۆی سکرتێری پارتەکەیە!! هەتا ئێستایش، کە ئیفلیج بووە وقسەیش پێ ناکڕی، کەچی هەر کەسی یەکەمە لە ناو یەکێتیی دا!!. ئێستایش بابچینە ناو بابەتەکەمان، کە ئەمەیش هەر وەکۆ گوتین ماددەی (١)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییە، کە لە دوو بڕگە هاتووە. بڕگەی یەک ناوی حزبەکەیە، ناوی حزبیش هەر ئەندامیکی ئەو حزبە بایستی بە شێوەیکی باش و درۆست  ناوەڕۆکی ناوی حزبەکەی خۆی بزانی. خوێنەری هێژا، بڕگەی یەکی ماددەی یەک، ئەڵێ ناوی حزبەکە:"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ە کورتکراوەکەیشی (ی.ن.ک)یە. تا خوێنەری بەڕێز بە باشی تێبگا مانای ناوەکە چییە و چۆنە، با بچینە ناو ناوەڕۆکی ناوەکە، قسەکەم تۆزی سەیرە، بەڵام ڕاستیەکەی وەهایە، ئەتۆ کاتیک گەرەکتە لە شتیک تێبگەی، بایستی بچیتە ناوی ئەو شتە تا وردەکارێیەکەی بدۆزیدەوە (کشف). بۆ نموونە، ئەتۆ کاتیک خانوویک لە دەرەوە ئەبینێ، بێگومان نازانی چێ تیایە و چەند ژووری هەیە هەتادوایی تا بەجەستەت نەچیتە ناو خانووەکە و بەچاوەکانت نەبینێ. ناویش (اسم) هەر وەهایە، تەنها چوونە ناوەکەی ئەمە بەهزرە نە بەجەستە، لەبەرئەوەی ناو شتیکی ڕووتە (مجرد)ە، بەرهەست نییە (محسوس)نییە وەکۆ خانوو یان مرۆڤ هتد. بۆ نزیکبوونەوەی بیرۆکەکە، با نموونەیەک بهێنینەوە، ئەوەیش ناوی ڕۆژە، بە زمانی عەرەبی پێ ئەڵێن (نَهار). بەڵام کاتیک ژیان پەرەیسەند ومرۆڤ گەشە کرد لە هەموو بوارەکانی ژیان دا، ژمارە کردنی کات بە شێوازی کۆن، کە ئەوەیش بە دابەش کردنی ڕۆژ و شەو، بە گوێرەی هەڵاتن و ئاوابوونی هەتاو و مانگ و جاکەیان لە ئاسمان دا کەڵکی ڵێ نەما بۆ پێوستەکانی ڕۆژانەی مرۆڤ. بەم هۆیە، مرۆڤ هات و کاتژمێری سەرەتاێی داهێنا (اخترع) بۆ دیاریکردنی (تحدید) کات و کاژێر. پاشان کە ژیان زۆرتر پەرەیسەند مروڤ زۆرتر پێوستیی بە دیاریکردنی کات بوو، دیسان هات لە ناو جەرگەی کاژێر خولەک دۆزیەوە. پاش خولەک بەعەینی شێوە چرکە دۆزیەوە، زۆری نەخایاند دەیەکی چرکە (عشر الثانية) دۆزیەوە. ئەگەر چی (مع إن)، مرۆڤ سەدها هەزار یان ملیوونها ساڵ لەسەر ئەم ئەرزە ژیان بەسەر بردووە و لەناو کات بووە، بەڵام،نەزانیوە شتیک هەیە ناوی کاژێر و خولەکە و چرکەیە و دەیەکی چرکەیە. لەبەرئەوەی کە ناو شتیکی ڕووتە (مجرد)ە، ئەو شتەیە کە هەست پێکراو نییە، نە لە کات ونە لەشوێنی دیاری کراو، هەر وەکۆ لە سەرەوە گوتم ڕووتە،(زاریە - واتاییە: مەعنەویە) هەست پێکراو نییە. خوێنەری بەڕێز، لەبەر ئەوەی کە ئێمە بابەتەکەمان لەسەر ناوە باشە بزانن، کە دوو جۆر ناو هەیە، یەک، ناو هەیە مەحسووسە، مادییە، ئەگەر بە هەڵە نەچووم بە کوردی پێ ئەڵێن شتکار، یەعنی هەست پێکراو، ئەو شتەی هەستی پێ ئەکەی، وەکو دەست، پێ، دار، کۆتر، هەتا دوایی. ناویش هەیە موجەرەدە، (زاریە - واتاییە) یەعنی هەستی پێ ناکەی بە یەکیک لەپەنج هەستکارە ناسراوەکانی مرۆڤ، وەکو:١- بیستن ٢- بینین ٣- بۆن ٤- چیشتن ٥- هەست. بەڵام ئەوەی کە هەستی پێ ناکەین، هۆشە. دینە. چونکە دین هزرە. باشیە. خەراپییە، هەتادوایی. ئێستایش کە هەردوو جۆرە ناوەکە زانستن، بابچینە سەر مانای ناوە مەبەستەکەی خۆمان ئەوەیش "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ە، ناوەکە خۆی یەک ناوە لە سێ بڕگە هاتووە، لە هەمان کاتیش دا ئەگەر جودای کەینەوە لەیەکدیکە هەر بڕگەییکی ئەبێ بە ناویکی سەر بە خۆی. بەڵام، مەبەستەکەی ئێمە لێرا ئەوەیە، کە ئێمە گەرەکمانە بزانین بە شێوازیکی ئەکادیمیانە مانای ناوی حزبەکە چ بە گشتی چ بە بڕگە بڕگە. هەر وەکۆ خوێنەری هێژا ئەزانی کە ناوەکە بە گشتی " یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ە، عەرەبیەکەیشی ئەبێ بە " الاتحاد الوطني الكوردستاني" وشەگۆڕینەکەیشی (ترجمه حرفیە)کەیشی، ماناکەی "یەکگرتنەوەی وڵاتی کوردستان"ە، بەڵام دیلمانجەکەی (ترجمە ئازادەکەی)، یەعنی" لایانی ڕامیاری وڵاتپاڕیز لە ناو خۆی کۆ دەکاتەوە لەسەر یەک بەرنامە و یەک ئامانجی جەوامێرانە. با لێرا کەوانەیک بکەمەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ووشەی وەرگێران (ترجمە)  چۆن شیانە کەسێک ماناکەی بەباشی نازانی، کە قسە کردن دوو جۆر مانای هەیە،یەکیکیان پێ ئەڵێن بێ خەوش (صحيح)  تەواو. ئەوی تر پێ ئەڵێن خوازراوی (مجازی). بۆ نموونە، ئەتۆ کاتی بەکەسیک ئەڵێ تۆ شێری، ئەگەر وەرگێرانی تەواو بۆی بکەین لە مێشکمان، بایستی وای داینەی کە ئەو کابرایە وەکۆ حەیوانی شێر کلکی هەیە و ئادەم ئەیخۆا. بەڵام وەرگێرانە وشەگۆڕینەکەی (مجازی) ئەوە ئەگێنی بە مێشکمان، کە ئەو کەسەی پێ ئەڵێن شێرە، بەمانای دڵێرە، (شجاع). هەر وەها بەکەسێک ئەڵێ گوڵە، ئایا ئەو گوڵەیە کە بۆنی کەن؟. یان ماناکەی ئەوەیە کە مرۆڤیکی پاکەو بێ عەیبە؟.ئە ئەمە جیاوازییە لە نێوان ووشەی سەحیح و مەجازی؟. عەینی ناوی حزبەکەی یاکێتیی، ئەگەر تەرجومەی سەحیحی بکەین ئەبێ بە ئەوەی کە گوتم، یەعنی" پارتی یەک گرتنەوەی وڵاتی کوردان، بە مانای یەکگرتنەوەی کوردستانی بەش بەش کراو. ئایا یەکێتیی نتشتمانیی کوردستان لە پەیڕەوی ناو خۆ ئەمەی بەڕاشکاوی گوتووە؟ کە پارتی هەموو کوردستانە؟؟". بەڵام، تەرجومە مەجازیەکەی وەها نییە، مانەکەی ئەوەیە، کە ئەم پارتە لایانی سیاسی وڵاتپاڕیزانی باشووری کوردستان لە ناو خۆی کۆ دەکاتەوە، لەسەر یەک بەرنامە و یەک ئامانجی نەتەوایەتی. هەر وەکو لەسەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی، ئەو کاتە کەپێنج هێڵ تیا بوو، بەڵام هێڵە سەرەکیەکان سێ هێڵی کارا بوون، لە ئەمانە بەیەک هاتبوون ١- کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان، کە دواتر بە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) ناسرا. ٢- بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، کە ئێستا حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستانە. ٣- هێڵی گشتی، کە پاشان لە ناو یەکێتیی توایەوە. بەڕێزان، یەکێتیی عەینی بەرەییک بوو. بەڵام ئەو شێوازەی یەکێتییە کە لەسەری دامزرا لە کۆنگرەی یەکەم لە ساڵی (١٩٩٢) نەما، یەکەێتیی لەو کۆنگرەیە ئاشکەرای کرد، کە لەمەو دوا یەکێتیی حزبیکی سۆسیال دیموکرات، بەڵام ناوەکەی هەر وەکو خۆی مایەوە. من بەش بە حاڵی خۆم کاتی پشتی ناوەکە ئەخۆنمەوە "یەکێتیی نیشتمانی کوردستان" ئەبینم ویستی دەستەی دامەزراندنی یەکێتیی لەم ناوە، ناراستەو خۆ مەبەستیان ئایندەی کورد بووە لە کوردستانیکی یەک گرتوو لە هەموو پارچەکان.هەڤاڵان، لەسەر ئەرزی واقعیش، یەکێتیی خەباتی چەکداری و سیاسی کرد بۆ بەدیهێنانی ئەو ڕۆژە کە نەتەوەی کورد و وڵاتەکەی یەکی بن بێ سنوورە دەست کراوەکان. تەئکید کردن لە سەر قسەکانم، جاریک چاو پێکەوتنی تەلەفیزیونی لە گەڵ هەڤاڵ (عومەری شێخ موس) بوو، کە خۆی یەکیکە لە دەستەی دامیزرینەر فەرموو:" لەسەرەتای دامەزراندن من گوتم یەکێتیی بایستی بێ بە حیزبیکی هەموو کوردستان، نە تەنانەت بۆ باشووری کوردستان". قسەکەی تەواو. گوتەکەی هەڤاڵ شێخ موس بە تەواوی ڕاستە، ئەوە نەبوو یەکێتیی لەکۆتایی هەفتاکانی سەدەی رابردوو هێزی پشتیوانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزران و چەند پێشمەرگەیکی قارەمان لەوەی بەدەستی کۆنە پەرەستانی ئێرانی جوانە مەرگ کران. بەڵام، بەداخەوە، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ ئەم ڕێبازە نەتەوایەتیە لە ناو یەکێتیی کز دەبێتەوە و عێراقچێەتی جای ئەگری. ئەمەیش بەپێچەوانە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم حیزبەیە. بێگومان ئەگەر کەسیک لە بیریە کاتیک یەکێتیی دامەزرینرا ناوی عێراق پییەو نەبوو کە ئێستایش نییە، سەرکردەکانی ئەو کاتە گوتن نیشتمانی ئێمە کوردستانە عێراق نییە، بۆ ئێمە بین بە هەڵگری ناوی عێراق؟؟. ئەوە پارتیە ناوی "حزبی دیموکراتی کوردستانی- عێراق"ە. بەڵام، چ ئێستا پارتی وازی لە ناو عێراقەکە هاوردووە و یەکێتیی چەسپاندیانە بە کوردستانەوە، لە ناو پەیڕەووەکەی ناوخۆ  چواردە جار بە ڕاشکاوی هاتووە، کوردستانی عێراق!!. هەر ئەم ناونانەیە کە هەموو حیزبەکەی یەکێتیی بە قیادە و قاعدەوە تێ ناگەن کە باشووری کوردستان بەشێک لە عێراق دا نییە!!. کاتی کە تۆ ئەڵی عێراقی ئیتحادی ئەمە ئەگێنی کە عێراق لە دوو بەش پێکهاتووە بەشی کوردی و بەشی عەرەبێ ئەگەر عێراق یەک بەش بێ ئەو کات پێ ئەڵێن عێراقی موحەد نە ئیتحادی؟؟؟.
بازیاتر درێژە بە ڕوونکردنەوەی بڕگەی یەک نەدەین، تا بچین بۆ بڕگەی دووی پەیڕەوەکە، ئەمەیش ئەڵێ:" سنووری هەڵسوڕانی و چالاکیی: هەرێمی کوردستانە، ناوچە دابراوەکانە، ناوچەکانی تری عێراقی فیدراڵ و دەرەوەی وڵاتە".
من تیبینیکم هەیە لەسەر ناوی ناوچە دابراوەکان، چۆن قسە کردنی ئەم یاسادانەرە (مشرع) ئەم (پرۆگرام و پەیڕەوەی ناوخۆ)یە، بەم شێوەیە نیفاقی سیاسی تیایە، چونکە ، لایانە سیاسیە کوردەکان کاتی نووسینی دەستووری ئیتحادی لە گەڵ عێراقیەکان ڕێکەوتن تا ماددەی (١٤٠) بە یەک جاری چارە سەر نەکراوە  ناوی ڵێ بنری ناوچە "کێشە لەسەرەکان" بەڵام، یاسادانەری ئەم پەیڕەوە حزبیە، بۆ بە ئەندامانی حزبەکەی خۆی ناوی تر ڵێ ئەنا!! ئایا ئەمە سەیر نییە!!. بە گوێرەی ئەو ناوەی کە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی هاتووە، کورد مەجبوورە لە سەر خاکی وڵاتی خۆی ڕاپڕسی بکا!!. ئەگەر هات و ئەم عەرەبانە داگیرکەرانە خەڵکی زۆرتریان هەبوو لەو ناوچانە، بێگومان ئەو ناوچانە بە یەکجاری ئەبن بە موڵکی عەرەب!!. 
بێگومان خوێنەری بەڕێز باش ئەزانی، کە عەرەب ئەمە چەند ساڵە ئەو ناوچانە تەعریب کردووە، بۆنموونە ئەوە (جەلەولا) کە ئەمڕۆ هەشتا دەر سەدی عەرەبە!!، عەینی شت (مەندەلی)، بەدرە، جەسان، قازانی، ورازەروو، هەتادوایی. لە بارەی پەیڕەوەکەی ناوخۆ، بۆ سەرکردایەتی یەکێتی ئەم دوو پەیامە جیاوازە ئەنێری!!. ئایا باشتر نییە یەکێتیی راستییەکە بە ئەندامەکانی خۆی بڵێ؟، تا لە دوا ڕۆژ توشی سەدەمەی ڕامیاری نەبن؟؟!!. هاوڕێان، با تۆزیک لە دۆخەکە دەربچین. بۆ ئەو خوێنەرە کە نازانی،وشەی دەستوور کە لە ناو قسەکانمان هات، وەکۆ هەزاران ووشەی تر عەرەب لە کوردی بردیتی، کە لە سەرەتاوە ووشەیکی کوردی پاکە بووە، پێکهاتووە لە "دەست" زائید پیتی " و" کە پیتی بەستنە بەیەکەوە، پاشان پیتی " ر" کە کورتکراوەی ڕێیە. هەر وەها ووشەی دەست لە گەڵ هەندی پیت یان ووشەی تر لە ناو زمانی کوردی دا سازدەکەی مانای تر پیت ئەدا، وەکو ووشەی "دەست کرد" یەعنی دەست کراو. یان "دەست نیشان" یەعنی، تەعیین کردن، تەحدید کردن. یان "دەستی وەردان" یەعنی تەداخول کردن، دەست بڕ بە مانای فێڵباز، دەست بڵاو بە مانای بەخشەندە، دەست پاک بەمانای ئەمین،هەتا دوایی. ئەمە لە ناو بابەتەکەمان نەبوو، بەڵام، وەکۆ زانیاریەک هەر باشە خەراپ نییە کە بزانن. نامەوەی زۆرتر لە سەری بچم وەئیلا ووشەی زائیدیش دیسان هەر وشەیکی کوردیە عەرەب بۆ خۆی بردویەتی. 
ئێستایش دوو بارە با بچینەوە ناو دۆخەکەمان، ئەمن نازانم تا چەند خەبەرتان هەیە کە عەرەب بۆ ئەو ناوچانە دابراوانە بە ووشەی "کێشە لەسەریش" قایل نییە، ئەڵێ نە بایستی ئەم ووشەیە بڵێن، لەبەرئەوەی ووشەی "کێشە لەسەر" لە نێوانی دوو ووڵاتی سەر بە خۆ بە کار دەبری، بیانووەکەیان، ئەڵێن ئێمە هەموومان عێراقیین بایستی ووشەی " ناوچە ناکۆک لە سەرەکان" بەکار ببەین نە کێشە لە سەرەکان؟؟. ئێوە تەماشا کەن، چەند وردکارن ئەم عەرەبانە لە هەڵبژاردنی ووشە؟. کەچی سەرکردەکانی ئێمەیش بەبێ حەسیب و رەقیب هەر ووشەیک هاتە دەمیانەوە ئەڵێنەوە،هیچ کات بیری لی ناکەنەوە کە ئەم ووشەیە بە سوودی کوردە یان بە زەرەریە. هەر وەکۆ هەڤاڵ نەوشێروان موستەفا ڕێکخەری گۆڕان، ڕۆژیک گوێم ڵێ بوو لە تەلەفیزیۆن گوت " ئەگەر کەرکووک بایگەوە سەر هەرێم" ئەم ئەگەرە نیشان ئەدا کە ئەم کابرایە دڵنیا نییە کە کەرکووک دیایگەوە سەر هەرێم یان نە؟. یان هەندی لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ووشەی عەجیب وغەریب بە کار ئەبەن، وەکۆ ئێمە نەتەوەی ژمارە دووین. یان کوردستانی عێراق. یان ئێمە کەمایەتیین وعەرەب زۆرینەیە، یان کوردستان سەر بە عێراقە، هەتادوایی. 
هاوڕێان، لە بارەی زاراوەی "فیدراڵ- Federal" کە لە ناو پەیڕەوەکە هاتووە، کورد ئەم زاراوەیە لە ناو دەستووری ئیتحادی عێراق نەچەسپاندووە. لە ناو دەستوورەکە ناوی "فیدراڵ" نە هاتووە، بەلکو بە ڕاشکاوی ووشەی " ئیتحاد" نووسراوە، عەرەبیش تا ئەمڕۆ ناویکی دیاریکردن و دیاریی نییە بۆ ناوی "فیدراڵ". هەتا لە بیروبۆچوونی زانایانی قانونی عەرەبی، چەند ناوی دیاریکراوی جۆراوجۆریان هەیە بۆ زاراوەی "فیدراڵ" هەر یەک لەم ناوانە عەرەبەکان بە شێوەیکی جیاواز لە وەی دیکە تەفسیر و تەئویلی ئەکەن بە نیەتیکی نا پاک؟؟. من خۆم گوێەم بووە لە نوری مالکی و ئەحمەد چەلەبی لە دوو چاو پێکەوتنی تەلەفیزیۆنی جیاواز گوتن ئێمە وڵاتیکی ئیتحادیین فیدراڵ نیین؟. پێش ئەم دوو سیاسیە عەرەبە سیاسیکی دیکەی عەرەب بە ناوی "عبد الرحمن البزاز" لە شەستەکانی چەرخی ڕابردوو عەینی لێدووانی دا و ترسی خەیاڵی (مصطنع) خۆ بۆ زاراوەی فیدراڵ نیشان دا. لە حەقیقەتا ئەوەندە جیاوازی لەنێوان زاراوەی فیدراڵ و ئیتحاد دا نییە. بەڵام، ئەوان گەرەکیانە بیانوو پەیدا بکەن بۆ دژایەتی کردنی گەلی کورد؟. سەرکردەکانی ئێمەیش پێوستە زۆر زیرەک بن، تا ئەو بیانووە بۆیان نەرەخسێنن.
بمبورن، زۆر درێژە بە قسەکانم دا. ئاخرین خاڵ لەسەر ڕستەی بڕگەی دووە کە ئەڵێ:" ناوچە دابراوەکان،ناوچەکانی تری عێراقی فیدراڵ". ئەم ووشەی "تری"ە، ئەوە ئەگەێنی کە ناوچە دابڕاوەکان ناوچانی عێراقیین نە کوردستانی!!. هەر وەکو تۆ ئەڵێ: ئەمە هینی منە لە گەڵ ئەوەی تر. باشە، ئەگەر هینی عێراقە بۆ دانەری پەیڕەوی ناوخۆ یکێتیی ناوی ناوە "ناوچە دابڕاوەکان!!". خوێنەری بەڕێز، ئەم بڕگەیە ناتەواوی زمان تیایە، نەبایستی بەم شێوەیە بنوسرایە،چونکە بەم شێوەیە سەرلێشیوانی فیکری لای ئەندامانی پارتەکە دروست ئەکا، ئەو کاتیش ئەم هەڵەیە نە بە قازانجی نەتەوەکەمانە و نە بە قازانجی یەکێتیی.
دوایین تێبینی لە سەردواهەمین خاڵ، لە بڕگەی دووی ماددەی یەک ئەڵێ: سنووری هەڵسوڕانی حزب،وەها ناوچانەیە و دەرەوەی وڵات. مەبەستی ئێمە لێرا ئەم "دەرەوەی وڵات"ەیە. ئەگەرئامانجی یاسادانەر لە زاراوەی وڵات، "نیشتمانە" کامی لەمانەی دواییە، ئایا خودی عێراقە، یان هەرێمی کوردستانە، یان کوردستانی یەک گرتووە؟؟؟. کەواتە، مەبەستی هەر کامیان بێ لەو سێ ناوە کە ناویان بردین هەڵەیکی کوشندەیە. چونکە ئەگەر بڵێ مەبەست لە زاراوەی وڵات عێراقە، ئایا پارچەکانی تری کوردستان وەکۆ وڵاتە بێگانەکان بەدەرەوەی وڵات ژمارە ئەکرین؟ یان بەیەکەوە بەشیکی بێ ترازای کوردستانن؟. ئەگەر بڵێ مەبەست هەرێمی کوردستانە. ئایا لای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وڵاتی کوردان، نیشتمانی کوردان تەنها باشووری کوردستانە!!. ئەگەر بڵێ مەبەست لە وڵات (پارچەکانی تری کوردستانە) باشە بۆ خودی وڵات لە هەڵسوڕان و چالاکی ڕێکخستن دوورخستیەوە!
درێژەی هەیە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە