مرۆڤێک لەگەڵ ئاگر شەڕى دەکرد

Wednesday, 13/07/2016, 19:53

2461 بینراوە


زۆرن ئەوانەى لەپێناو پاراستن و گەشەپێدانى ژینگەى باشورى کوردستان تێدەکۆشن، بەڵام کەمن ئەو مرۆڤە ژینگەپارێزانەى خۆبەخشانە و دڵسۆزانە کاردەکەن. وە باخەڵ و ژیانیان دەخە خزمەتى ژینگە و مرۆڤایەتی. نمونەى بەرزى مرۆڤى ژینگەپارێزیش دوهەمین شەهیدى ژینگە(محمد ڕەشید ئەحمەد)ى تەمەن 60 ساڵە.
شەهیدى ناوبراو لە ژیانیدا وەک مرۆڤێکى ژینگەپارێزى ڕۆح سەوز بەردەم تێکۆشاوە، بۆ بەگاهێنانەوە و هاندانى هاوڵاتیان. بۆ پاراستنى سروشت و ژینگەى کوردستان. تێکۆشانى لەپێناو ژینگەدا کردووە بەکردار و لەگەڵ ئاگردا شەڕى کردووە و بۆچەندین جار ژیانى کەوتوەتە مەترسیەوە. تەنانەت جارێک بەشێک لە لاشەشى سوتاوە، تەنها لەپێناو پاراستنى ژیانى درەختەکان و مار و مێر و هێلانەى باڵندەکان!!  
لەبنارى گوندى"سیامیوە"ى "ناڵپارێز" ئاگر لە درەختستانەکان بەردەبێت و بەشێک لە دڵى سروشت دەستوتێت. مرۆڤە ڕۆح سەوزەکەش ئەو ڕۆژە لە شارۆچکەى سەیدسادق لەمیوانى دەبێ. کاتێک هەواڵى سوتانى دڵى سروشت دەبیسێت میوانییەکە جێدەهێلێت و دەڵێ: (مەردایەتى نیە. من دابنیشم و باڵندە و درەخت و پوش و پاوانى وڵاتەکەم بسوتێت)؟!!!  هەربۆیە مەردانە و ژینگەپارێزانە قۆڵى هەڵدەماڵیت و بەرە و ئاگرەکە دەروات تا شەڕى لەگەڵ بکا. ئاگرەکە بڵێسەى بەئاسماندا دەچێ. مرۆڤە ڕۆح سەوزەکە پێشمەرگە ئاسا دەجەنگێ بۆ ماوەى شەش کاژێر. بەڵام ئاگرى پەرەسەندو زۆرى بۆ دێنێ و بەدوکەڵە ژەهراوییەکەى سییەکانى داگیردەکا. هەر بۆیە لەو ڕۆژە ڕەشەدا کەدەکاتە(13/7/2015) باشورى کوردستان دوهەمین شەهید بە ژینگە دەبەخشێت.
هیچ وشەیەک ناتوانێت گوزارشت لە مەردایەتى و دڵسۆزى شەهیدى ناوبراو بکا. کاتێ کە گیانى پاکى بەخشیى بێ بەسروشت و مرۆڤایەتى. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسوڕمان و هەڵوێستە لەسەرکردنە بێباکى و بێدەنگى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى کوردستان و یەکە ئیدارییەکانى ناوچەکەیە. تۆ بزانە لەشەهید بونى ناوبراوەوە تا ئێستا نەمامێکیان بۆ شەهید چاندووە؟ بەیاننامەیەکى هاوخەمیان بۆ کەس وکارەکەى ناردووە؟ ئایا وەک شەهیدى ژینگە ناساندویانە؟ یان دەى ناسێنن؟ مرۆڤ کاتێک هەڵوێستى شەهید دەخوێنێتەوە لەرز بەگیانیدا دێت.. بەڵام هەمان مرۆڤ هەست بەشەرمەزارى دەکات کاتێک وەڵامى ئەم پرسیارانە بەنەخێر وەردەگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە