ئایا هێشتا ئومێدێک هەیە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی؟

Thursday, 14/07/2016, 12:11

2372 بینراوە


لێکدانەوە یان خوێندنەوەیەک بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارە ڕەنگە هەروا کارێکی ئاسان نەبێت و هەڵگری یەک چەمک نەبێت بۆ لێکدانەوەو خوێندنەوە بۆی. چونکە دەبێت بپرسین ئاخۆ هێشتا شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپاکراوە کەلەبەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگەکان بوبێت یان ئەوەی تائێستا ڕویداوە لەژێر ناوی شۆڕشی کۆمەڵایتیدا لەبنچینەدا تەنها لەبەرژەوەندی چینێکی کۆمەڵایەتیدا شکاوەتەوە؟ دیسان دەبێت بپرسین هۆکاری ئەوە چی بوە کەدوای بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی،ئاکام و ئامانجەکانی وانەشکاوەتەوە وەک ئەوەی چاوەڕوانی لێکراوە؟ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەفەرەنسای سەردەمی کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەمدا نەیتوانی لەبەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگەی فەرەنسیدا بشکێتەوە.شۆڕش لەئەمریکا بۆ سەربەخۆی لەساڵی 1776دا. شۆڕش لە بەریتانیادا.شۆڕش لە ڕوسیادا. شۆڕش کردن گەر ناوی شۆڕشی لێ بنێین لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئاسیادا. لەم شۆڕشانەدا،هێزی بزوێنەر تێیدا ناهاوسەنگی و دەرئەنجامی ململانێی چینایەتی و چەوساندنەوەی زۆری بەشی زۆری کۆمەڵگە بوە.ئەو جومگە سەرەکیانەیشی کە بەشداربوی نێو شۆڕشەکان بوون،تەنها چینە چەوساوەکەی نێو کۆمەڵگەکان بوون لەکاتی پەلامار و دەست بردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشەکان. بەڵام دواجار بەرهەمی شۆڕشەکە بۆ ئەو چینە سیاسی و بەرژەوەند خوازە بوە کە دیسان بوەتەوە بەدوژمنی چینە چەوساوەکە. ئاخۆ بڵێی ئەو چەمک و دیدانەی کەسانی وەک ئەفلاتون و ئەرستۆ لەسەردەمی خۆیاندا هەیان بوە لەسەر مەسەلەی ئەوەی مرۆڤەکان بەپێی سروشتی خۆیان دابەش کراون،لەنێوان عاقڵ مەندان و بەهێزەکان و کۆیلەکاندا،دروست وابێت و هەروایش بمێنێتەوە؟ بۆ دەبێت ئەو چینە زەحمەتکێش و چەوساوانە ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت کەلەپێناو بەرژەوەندیەکانی چینی چەوسێنەری دەسەڵاتداردا ئامادە بن خۆیان بەکوشتداندا بدەن بەڵام زۆر زەحمەت بێت کە ئەو گیان فیدا کردنە لەپێناو ڕزگاری بونی خۆیاندا بکەن تالەوەی چیتر وەک کۆیلەو چەوساوە نەمێننەوە. ئاخۆ دیسان ئەوە تەنها هۆکاری ناهوشیاریە سیاسیە چینایەتیەکەی خودی ئەو چینە چەوساوەیە وەک مارکس ئیشارەی پێدەدات کە دەبێتە ئەو هۆکارە یەقینەی خودی ئەو چینە نەتوانێت ببێتە ئەو مەشخەڵی بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەپێناو ئامانجەکانی خۆیداو چیتر خۆی نەکات بەسوتەمەنی بۆ چینێکی چەوسێنەری کۆمەڵایەتی؟
گەر بەووردی بچینە نێو لاپەڕەکانی مێژودا و لەنێو ئەو مێژوانەی تائێستا بەرهەم هاتون بنواڕین،دەبینین هەمیشە مێژویەکی پڕاوپڕ لەچەوساندنەوەی چینایەتی دەبینین و لەگشت وەرچەرخانەکاندا،دیسان ململانێ چینایەتیەکان بەردەوامیان پێدراوە و هێزی چەوسێنەرو بەرژەوەندخواز و قازانج پەرست بەبەردەوامی زاڵ بوون بەسەر گشت پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا. گۆڕانکاریەکان چ لەڕوی ئابوری و چ لەڕوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری و دینیەوە،دیسان هەر لەبەرژەوەندی چینە دەسەڵاتدارەکان شکاوەتەوە.
شۆڕشی فەرەنساو شۆڕشی ڕوسیا،کەبەدوو مەزنترین جۆری شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەژمێردرێت تا ئەوکاتە وەک ئومێدێک چاوی لێدەکرا لەسەردەمی خۆیدا، تائەوەی کۆتای بهێنێت بەململانێی چینایەتی و کۆتای هێنان بەچەوساندنەوەو کاری بەکرێ و زۆرەملێی بەسەر چینە بەرهەمهێنەەکاندا،کەچی دواجار،نەک وانەشکاوە،بەڵکو دیسانەوە ئومێدەکانی ئەو چینە چەوساوەیەی خستە ژێر گڵەوە.
چینە چەوسێنەرەکانی تائێستای مێژوی مرۆڤایەتی،هێندە تواناو وزەی هەڵخەڵتێنەریان تێدایە کەبتوانن ڕەوڕەوەی مێژوو بەقازانجی خۆیان وەرچەرخێنن،ئەویش تەنها بەهۆکاری ئەو ووتەی مارکسە کە ووتی،هەژاری ناتوانێت شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکات،بەڵکو ئەوە هۆشیاری ساسی چینایەتی، هەژارەکانە کە دەتوانێت شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکات. بۆیە دەتوانین بڵێین تائێستا شتێک ڕوی نەداوە بەناوی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە بێت و توانیبێتی کۆتای بەکێشمەکێش و ململانێ چینایەتیەکان بهێنێت.بەپێچەوانەوە ئەوەی ڕویداوە کۆتای هێنان بوە بەچینێکی دەسەڵاتدار لەپێناو چینێکی دەسەڵاتداری چەوسێنەری دیکەدا.
سیستەمی بۆرژوازی خاوەن پیشەسازی کاتێک دەبێتە ئەمری واقیع بەناچاری هەلومەرجێک دەخوڵقێنێت کە خۆبەخۆ دەست دەبرێت بۆ شۆڕش کردن تا زاڵ ببێت بەسەر چینی دەرەبەگی پێش خۆێداو لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا دەبێت ئەو وەک هێزو دەسەڵات و ئابوریەکەی و سیاسەتەکەی لەناو ببات یان کەنار ی بکات. بەڵام دواتر ئەو چینەی لەم نێوەدا وەگەڕ دەخرێت بۆنێو ئەو شۆڕش و وەرچەرخانە،تەنها ئەو چینە چەوساوەیە کە تائێستا ژێر دەستەی دەسەڵاتداران بوە،چ دوێنێ و چ ئەمڕۆ. چونکە هیچ سیستەمێک خۆبەخۆ لەنێو نەچوەو لەڕێگەی چاک سازی و داواکاری ئاشتیانەوە کۆتای پێ نەهاتوە،بەڵکو وەک جەبر گەرایەک تەنها لەڕێگەی هێزو بەرپاکردنی جەنگ لەدژی کۆتا پێهێنراوە.
هەلومەرجە ناساقامگیریەکانی تائێستای سیستەمی سەرمایەداری هەر لەسەدەی پازدەوە بەنێو جەنگی بەردەوام و ململانێی چینایەتی نێوان چینی دەسەڵاتدار و چینی چەوساوەو دەوڵەتی بەهێزو دەوڵەتی لاوازدا بەردەوامی هەیەو،پاڵ نەرە سەرەکیەکانی نێو ئەو ناسەقامگیریەیش تائێستا خۆی لەنێو پارێزگاری لەمانەوەی چینە دەسەڵاتدارە بەهێزەکاندا بینیوەتەوە. خودی ئەم سیستەمە سەرمایەداریە کە بەرهەمهێنانی ئابوری لەژێر دەستدایە بەناچاری کۆی کایەکانی دیکەی سەرخانی کۆمەڵگاکانیش دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بۆیە بەپێی چونە پێشی هەلومەرجی بەرهەمهێنانی ئابوری بەو ئەندازەیەش لەبوارەکانی دیکەدا ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاکانیش دەچێتە پێشەوە،بەڵام هێشتا ئاستی هۆشیاریەکانیش بەو ئەندازەیە نیە کە بتوانێت کۆتای بەو چینە دەسەڵاتدارە بهێنێت کە پێگەی جومگە سەرەکیەکەی ژێرخانی کۆمەڵگەی لەژێر دەستدایە.
وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری بۆخۆی هەر چەند دەیە جارێک خۆی لەنێو قەیرانی ئابوری و دارایدا دەبینێتەوە و ئاستی بژێوی چینە نەدارەکان بەئەندازەیەکی زۆر دێنێتە خوارەوەو بێکاریەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.بازاڕەکان سست دەبن و لەپێناو سەرهەڵنەدانی شۆڕشداو خاڵی کردنەوەی قەیرانەکان و کۆتای هێنان پێی،دەست بۆ بەرپاکردنی جەنگ دەبرێت و کۆمەڵگەکان سەرقاڵی نێو پلانەکانی زلهێزان دەکرێن. جەنگەکانی سەدەی شازدەو دەست بردن بۆ داگیرکاریەکانی وڵاتانی لاواز،هەمیشە بەشێکی سەرەکی نێو پرۆژەکانی خاوەن هێزەکان بوون.( خۆ ئەگەر لەنێو پەرتوکە مێژویەکانیشدا کەمێک بچینە دواوە،ئەوا دیسان هەرجەنگ دەبینین ئیتر جەنگە ئاینیەکان بوبێتن یان جەنگی سەردەمی ئیمپراتۆریەکان بوبێتن).خودی ئەم ململانێیانە و جەنگانە دەرئەنجامی ئەو بەرژەوەندخوازیەی چینە دەسەڵاتدارەکان بوە کە ئامادە نین ژیانێکی یەکسان و هاوسەنگ هەبێت بۆ گشت مرۆڤایەتی.
لەم سەدەیەشدا،ئەو زنجیری چینایەتیە نەپچڕاوەو تائێستا درێژە بەو ڕابردوە ناهاوسەنگە دەدات و دەسەڵاتی زلهێزی سەرمایەداری هەروەک خۆی،هەڵگری هەمان چەمکی قەیران و ڕێگر لەبەردەم گەشەی ئابوری و هێنانی جەنگە کاول کاریەکانیەتی. جەنگ و کوشتارگاکانی جا لەهەرچ سەرزەمینێکدا هەلومەرجەکەی بۆی لەباربێت لەوێدا جەنگ هەڵدەگیرسێنن و کۆمەڵگەکانی پێوە سەرقاڵ دەکات و مەیدانی قازانجەکان لەڕێگەی فرۆشی چەک و داگیرکاریەکانەوە بەرفراوانتر دەکات. لەم سەدەیەدا،سەرزەمینی وڵاتانی ڕۆژهەڵات،زۆر لەبارن بۆ خاڵی کردنەوەی قەیرانەکان لەڕێی بەرپاکردنی جەنگەکانیانەوە. ئەو گۆڕانکاریانەی سەریان هەڵداوە لەناوچەکەدا بەئەندازەیەکی زۆر هێشتا لەژێر پلان و کۆنترۆڵی زلهێزانی سەرمایەداریدایەو لەنائامادەی هاتنە مەیدانی چینی کرێکارو بەرەی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کۆمەڵگەکاندا،هێشتا جێگا ئومێدێک نابێنرێت کە ئێستا و ئایندە لەبەرژەوەندی ئەو چینە بەرهەمهێنەرەدا بشکێتەوە. ئەوەیش هۆکارێکی سەرەکیە بۆئەوەی بڵێم ئەوەی تائێستا ڕوی داوە بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی نەبوە،بەڵکو تەنها ئەو،یانی شۆڕش وەک چەمکێک بەکارهێنراوە لەپێناو بەرژەوەندی چینێکی نوێدا کە خواستی دوبارە کردنەوەی هەمان هەلومەرجی دوێنێی پێیە.ئەویش چینێکی کۆمەڵایەتی چەوسێنەرە.
شۆڕشی کۆمەڵایەتی ساتەوختێک ڕودەدات کە هەڵگری کۆتای هێنان بێت بەخاوەندارێتی تایبەت و کاری هەرەوەزی بکاتە ئەرکی گشتی نێو بەرپاکردنی شۆڕشەکەی. ئاخۆ هێشتا ئەو قۆناغە زۆری ماوە تا دەست ببرێت بۆ بەرپاکردنی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیە یان ئەوە تەنها وەک ئومێدێکی چینە بەشخوراوەکان و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان دەبینرێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە