ئیسلام بە دیوێکی تردا ... ڕازی عیشق

Thursday, 14/07/2016, 17:53

9502 بینراوە


بە مناڵی خوام بینی .. فریشتەم بینی .. نهێنیی جیهانی سەرو و خواروم بینی .. وام زانی ئەوەی بینیم هەمو کەس بینیویەتی ، دوایی زانیم کەسی تر نەیبینیوە (شمس ی تەورێزی)
----------------------------------
مەولانا (جلال الدینی ڕۆمی) کە بە (مەولەوی) ناسراوە .. هەرچەند ناوبانگی زۆرە ، لەگەڵ ئەوەشدا نهێنیەکی گەورەیە .. کەمن ئەوانەی بە تەواوی پەی بە قوڵایی دەریای خۆشەویستیی مەولانا ئەبەن .. هەرچەند ئەوانە بە شعرەکان و نوسینی ئەم شاعرە مەزنە ، کە لە دیوانی شمس ی تەورێزی و مەسنەوی دا کۆ بۆتەوە ئاشنا بن .. سرودەکانی مەولانا ڕازێکی قوڵی تیا پەنهانە ، تا ئێستاش دوای حەوت سەد ساڵ ، شاراوەن ، کەمن ئەوانەی دەرکی پێ ئەکەن .. هەرچەند لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی زۆری بۆ کراوە ، تا ئێستاش وتراوەکان لە نەوتراوەکان زیاترن..
 لەم دواییانەدا ئێران و تورکیا ئەیانەوێ دیوانی (مثنوی) کتێبە بەناوبانگەکەی (مەولانا) لە کەلەپوری ڕۆشنبیری هاوبەشی هەردوکیانا ، لە یۆنسکۆ لە کەلەپوری جیهانی دا ژمارە بەندی بکەن .. ئەم نیازەی ئیران و تورکیا ، ئەفغانستانی توڕە کرد .. ناڕەزایی خۆی لە یۆنسکۆ تۆمار کرد ، بەو هۆیەی ئەڵێ (جلال الدینی ڕۆمی) لە ئەفغانستان لە دایک بوە پێش هەشت سەدە ..
ڕاستە جلال الدین لە بەلخ لەدایک بوە ساڵی ١٢٠٧ کە ئێستا شارێکی ئەفغانستانە ، بەڵام پێش هەشت سەد ساڵ ، ئەو شارە شارێکی ئێران بوە . ئەو کاتە سنورەکان وەک ئێستە نەبون ،،
ئەم شاعرە مەزنە لە باوک و دایکێک بوە ، بە فارسی دواون .. دیوانە بە ناوبانگەکەی و زۆربەی شعرەکانی بە فارسی نوسیوە .. باوکی (بهاالدین ولد) بە (سلطان العلماء) ناسراوە .
لە سەردەمی هێرشی مەغۆلەکانا ، خێزانەکەیان لە بەڵخ هەڵدێن لە بەغداوە بۆ مەکە و ، لەوێوە بۆ دیمەشق .. پاشان ئەچنە (قونیە) کە ئێستا شارێکی تورکیایە ، مەولانا تەمەنی ٢٤ ساڵ بوە ، لەوێ نیشتەجێ ئەبن. تا کۆتایی ژیانی ، مەزاری پیرۆزیشی هەر لەوێیە ..
هەندێ شیعری بە عربی ، تورکی و یۆنانی هەیە .. شیعرەکانی نرخێکی بەرز و خوێنەرێکی زۆریان هەیە لە هەمو جیهانا ، بە تایبەت لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا ..
هەرچەند جلال الدین زانایەکی گەورەی ئاینی و وتاربێژ و مامۆستایەکی ناسراو ، خاوەن گوێگر و قوتابی و پەیرەوانێکی زۆر بوە ، وەک خۆی ئەڵێ : " خوایە ئەوەی دڵم خواستی پێت بەخشیم .. زانست ، عرفان ، ڕێزێکی زۆر و کەسایەتی یەکی خۆشەویست لە ناو خەڵکا ، خێزانێکی بەختەوەر و دو کوڕی باش ، بەڵام هەمیشە ئاسودە نیم و بۆشاییەکی گەورە لە دەرونمایە ، ئەڵێی شتێکی گەورەم ون کردوە ، هەست ئەکەم شتێکم کەمە " .. ئەوە عەشقە هێشتا جەلالەدینی نەدۆزیوەتەوە .. تا (شمس ی تەورێزی) ڕێی ئەکەوێتە قونیە و بە یەک ئاشنا ئەبن .. شمس ، جلال الدین ی ی زانا و کەسایەتی ئایینی ئەسڕێتەوە و ( مەولانا) ی عاشق و عەوداڵی حەقیقەتی لێ دروست ئەکا .. ئیتر جلال الدین ئەبێتە پەپولەیەکی باڵ سوتاو ، بە دەوری ڕوناکی شمس ی تەورێزی یا خول ئەخوا و ئۆقرەی لێ ئەبڕێ ..
شمس دەروێشێکی گەڕۆک ، خەڵک بە شێتی ئەزانن ، کەشکۆڵی قەناعەت هەڵگرتوە و ئاوارەی شارانە .. ئەڵێن لە هیچ مەنزڵێک شەوێک زیاتر ستاری نەگرتوە .. لە خانەکانا ماوەتەوە و بە پارچە نانێک برسێتیی چار کردوە ، لە ناو خەڵکا هەمیشە کەسێکی نەناسراو بوە و خۆی بە کەس ئاشنا نەکردوە .. هەندێ ئەڵێن لەگەڵ مەولانا چل ڕۆژ لە خەڵوەتا بون ، لەو خەڵوەتەیا پێکەوە (چل یاسای عیشق) یان نوسیوەتەوە ..
هەر چەندە زۆر لە بارەی پەیوەندی ئەم دو ڕۆحە مەزنە وە وتراوە و زۆری لە سەر نوسراوە ، تا ئێستا نازانرێ ئەم دەروێشە گەڕۆکە چ هێزێکی شاراوە و چ ڕازێکی گەورەی پێبو ، وا توانی ی مەولانا پێوەند کا و ، لە پێگەی زانایی و ناوبانگ هەڵی کەنێت و بیکاتە بولبولێکی شەیدا ، تا کۆتایی ژیانی بۆ شمس بخوێنێت و بسوتێت .. (شمس) یش ئەبێتە فیدای ئەم ئەوینە داخە و لە روداوێکی نادیاردا لە قونیە ئەکوژرێت و لە (خوی) بە خاک ئەسپێررێت ..
لە ئەدەبیاتی فارسی و ئیسلاما (شمس) بە فەیلەسوف و شاعر ناسراوە ، هەرچەند لە ژیانیا خۆی بۆ کەس ئاشکرا نەکرد ..
شمس بە مەولانا ئەڵێ : " ئێوە وتار بێژن و خەڵک گوێتان بۆ ڕادێرێ ، بەوانە بڵێ کە خێر و خێرات ئەکەن ، با وەک ماڵی موسولمانە هەژارەکان ، یارمەتی ماڵی جولەکە و کریستیانە هەژارەکانیش بەن ، جیاوازیان نەکەن ، بۆ مناڵی ئەوانیش وەک مناڵی موسوڵمانەکان پێویستیان بە خۆراک و جل و بەرگ نیە ؟! بۆ ئەوانیش وەک موسوڵمانەکان لە زستانا سەرمایان نابێ ؟! ، ئەوانیش نەخۆش ناکەون ؟!
 شەمس ی تەورێزی ، یا هەمو سۆفیەکی ڕێبواری ڕێی حەقیقەت ، بە پێی ئایینی فەرمیان ، کەسەکان ناخوێنێتەوە ، بە ناخیانا ، بە ڕوی ناوەوەیانا ئاینخوێننەوە .. ئەکرێ سەرخۆشێکی سەرشەقامەکان ، ناخیێکی جوانی هەبێت ، وەک ئەو سەرخۆشەی ، شەمس لە کۆلانێکی قۆنیەدا کردیە کۆڵ و بردیەوە بۆ ماڵەکەی خۆی .. سەیر نیە سۆزانیەکی لەشفرۆش ناخێکی پاکی هەبێت ، وەک ئەو کچە بێکەسەی ، لە شەقامێکی قۆنیەدا شەمس پارێزگاری لێکرد و نەیهێشت نوێژکەرە دوڕوەکان ئازاری بەن ..
سۆفیەکان بە سەبر و خۆڕاگرن ، .. هەمو شتێک جوان ئەبینن ، سەیری دڕک بکەن ، گوڵ ئەبینن ،
شکایەت لە شەوی تار ناکەن ، چاوەڕێی ڕۆژبونەوە ئەکەن ، پەلە ناکەن زۆر ئارام چاوەڕێن .. ئەزانن ، بە ڕۆشتنی ڕۆژگار ، هیلالی یەک شەوە ئەبێتە مانگی چواردە ..
سۆفیەکان پشت لە دنیا ئەکەن و ڕێی سەفەرێکی تولانی ئەگرنە بەر ، بۆ دیداری پەروەردگار و کامڵ بون .. وەک ئەو بانگخوازانە نین ، دوکانێکیان بۆ پەیدا کردنی کڕیاری شەریعەت داناوە ، تا خۆیانی پێ خەنی کەن ..
شمس ڕێی ئەکەوێتە شارێک ، قازی ئەو شارە ئیراد لە بیر و بۆچونی ئەگرێت ، ئەڵێت : " مرۆڤ بونەوەرێکی سادەیە ، خواستەکانیشی سادەیە ، پێویست بەو ئاڵۆزی و قوڵبونەوەیە ناکات .، مرۆڤ بۆیە وا سادەیە تا بتوانێ ڕێی راست ون نەکات ، ئەمەش پێویستی بە پەیڕەوی شەریعەت هەیە ، بە وردی و وریایی ..
شمس لە وەڵامی ئەو قازیەدا بە زمانێکی سادە وبێگرێ ئەڵێ : " شەریعەت بۆ موسوڵمانان و پەیڕەوانی ئاینەکانی تریش وەک مۆمێک وایە ، ڕوناکیەکەی بە پیرۆز دائەنێن ، وەلێ ئەوەمان بیرنەچێت ئەم مۆمە لە تاریکیدا ڕێمان بۆ ڕۆشن ئەکاتەوە ، تا لە شوێنێکەوە بچین بۆ شوێنێکی تر و نەکەوینە چاڵێکەوە ، بەڵام گەر بیرمان بچێت بۆ کوێ ئەچین و مەبەستمان کوێیە ؟ تەنیا لە مۆمەکە ورد بینەوە ، ئەوا ناگەینە مەبەست و کەڵک لە مۆمەکە وەرناگرین ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە