داخۆ ڕۆژگارێک دێت "پەکەکە یان ینک" سادق سندی بەشەهیدی خۆیان بزانن؟ (بەشی دووهەم و کۆتایی)

Thursday, 07.14.2016, 20:16

6483 بینراوە


"جەنگاوەرەکان ژیانی خۆیان دەبەخشن و جەنگەکان دەبەنەوە، کەچی شانازییەکانیان بۆ کەسانێکە، کە هەرگیز مەیدانی جەنگیان نە بینیوە".
-----------------------------------------
هاوڕیەکمان برایەکی شەهید ببوو، ئێمەش ماوەی ساڵێک زیاتر بوو لە بادینان بووین و دەشمان زانی کوردووتەنی "ئەم هەویرە زۆر ئاو دەکێشێت" بۆیە بڕیاری سەردانێکی خێرامان کرد بۆ دەڤەری سلێمانی. مەفرەزەیەکی حەوت کەسی بووین و کەوتینە ڕێگە مانگی دیسەمبەری ١٩٨٧بوو، کۆتایی ئەوساڵە دیاربوو زستانێکی سەخت چاوەڕێمان دەکات، هاوڕیەکی دکتۆرمان لەگەڵ بوو گوێی لەڕادیۆی ئیسرائیل دەگرت و دەیووت برادەران پێتان ناخۆش نەبێت سبەینێش بەفروباران چاوەڕوانمانە، ئەودەم تاکە سەرچاوە ڕادیۆی ئیسرائیل بوو کە لەڕێگەیەوە کەش و هەوا ڕەچاوبکەین.بیرمە دراوسێیەکمان هەموو لە سلێمانی " مام حەمەئەمین" هەموو ئەوقسانەی بەکفردەزانی وەک چونە سەرمانگ یان هەواڵی کەش و هەوا و دەیووت خوا خۆی دەزانێت عەبدی خوێڕی بۆی نی یە باسی شتی وابکات و دەست لەکاری خوا وەربات.ئێوارەیەکی درەنگ بوو گەیشتینە گوندێک لەسەر سنوری دەسکردی باکورو باشور، پەلوپۆمان شکابوو بڕیارماندا بمێنینەوە و ڕێبەرێکمان دۆزیەوە کە سبەینێ بێت لەگەڵمان تاڕووباری" کەتینە" ڕێبەرەکەمان ناوی "قەرەنی" بوو ئەو کوڕی ئەو چیایانەبوو پیاوێکی ٥٠سالە بوو یەکەمین جارم بوو لەبادینان خەڵکێک ببینم کە وورگی هەبێت ئەویش قەرەنی بوو، بەڵام دەوت ئاسکە کێویە ئێمەبەدوایدا هەر ڕامان دەکرد، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو وە شایەنی باسکردنە ئەوەبوو لەنزیک گوندێک لەباکور جەندرمە لەناو گوندەکەدا بوون، قەرەنی ووتی: دانیشن دەبێت دە یان پانزە دەقیقە چاوەڕێ بکەین تا ئەو تومانە دێت و ئێمەش رادەکەیەن با جەندرمەکان نەمان بینن.نازانم چەند دەقیقەی پێچوو بەڵام تومانەکە بەری گوندەکەی گرتوو ئێمەش بە نیمچە ڕاکردن ڕۆیشتین و گوندەکەمان جێهێشت.ڕێبەرەکەمان لە سەرکردەیەکی سەربازی زایاتر پلانی هەبوو، ژیان لەو چیاو دۆڵانە فێری چیت ناکات ؟
لە ڕووباری ڕۆشین پەڕینەوە بەرەو گەلی ڕەش بەفر دەباری بەفرەکە برسکی لێبڕیبووین، بۆ یە بەناچاری بەناو ڕووبارەکەدا دەڕۆشتین بەفرەکە هێندە زۆر بوو هەنگاوەکانمانی کورت کردبۆوە، ڕەتڵێک پاسداریش لەگەڵماندا ڕێگەیان دەکرد، ئێمە دژی دوژمنێک بوین لە پەنای دوژمنێکی تردا خۆمان حەشار دابوو ئەم نیشتمانە چکۆمێدیایەکە.پاش چەندین دەمژمێر بوە عەسرێکی درەنگ ئێمەناچار بووین لای سەڵاواتی پاسدارەکان ئەو شەوە بەرینەسەر لەبن نوالەکاندا لەسەر زەویە کە جێمان چاکرد پاسدارەکان داری تەڕیان دەبڕێوە بەمشارێکی گەورەی دووسەرە، بەفر هەر دەباری میوانداریان کردین بۆ حەڵوا، ڕاستی تەنها شەکرو ئاردبوو لەسەر ئاگر گەرمیان کردبوو، بەلام بۆ ئێمە باشترین خۆراک بوو، بەتانی زۆری سەربازیان دانابوو، من لەجێگەیەک خوێندبومەوە کە بۆ خەو باشترە ژێرت گەرم بێت نەک سەرت بۆیە چەند بەتانیم داخست و دەنەیەکی تەنکیشم دا بەخۆمدا هاوڕێکانم پێچەوانەی منیان کرد، بەیانی ڕەق ببوون دەیان ووت : ببورە گاڵتەمان بە بۆچونەکەت کرد، بیرمە لەهاویندا لەم سەڵاواتیە خەنەیان لەتەشتێکی گەورەدا گرتبۆوە، من زۆر قینم لەبۆنی بوو بەڵام دوای پێیان ووتین پاکانتانی تێکەن نەبۆنی پاکانتان دەمێنێ نە قاچتان تلۆق دەکات و زامار دەبێت، ڕاستی وابوو خەنە باشترین شتە بۆ هاوین کە پاکانی تێبکەن بەتایبەتی بۆئەوانەی ڕێدەکەن، لەناو ئەم سروشتەدا هەمووڕۆێک شتێکی نوێ فێر دەبووین.
 لەڕێگەکە بەرەو خواکورک بەڕێوەبووین سەدان کەومان دی لەچیاکانەوە دابەزیبوون بۆناو چەمەکە بەدوای خۆراکدا دەگەڕان، نامەوێت وردەکاری ئەو سەفەرە باس بکەم بەڵام جەنگی ئیران عێراق ئەم مەڵبەندەشی کردبۆ کاروان سەرای جەنگ و پاسدار و چەکداری ئیسلامی و پێشمەرگەی هەموو پارتەکان لێرە مۆزایکی جەنگیان نمایش دەکرد.ئێوارەدرەنگانێک چوینە بارەگاکانی پارتی گەل جێگەیان نەبوو کە لایان بمێنینەوە، لەخوار ئەوانەوە خێمەی گەورە گەورە هەڵدرابوو وەبەچینکۆ دەوری گیرابوو چوینەئەوێ و لەیەکێک لەژوورەچینکۆکاندا شەومان بەڕێکرد.
 ناو چینکۆکە پڕبوو لە هەموو جۆرێک پاسدار پیاوی بەتەمەنی چەکدار کە ئەو کوردانەبوون دوای ئاشبەتاڵ لە ئێران مابونەوە لەشارەکانی ئێراندا ژیانیان دەکرد، لەوانە لەشکرێکیان دروستکردبوو کە بەشداربوون لە شەڕدژی عێراق، نازانم بۆ لێرە کۆببونەوە؟ چونکە سوپای عێراق و جاش بەسەدان کیلۆمەتر لێرەوە دوربوون.
 لەگەڵ پیاوێکی ڕیش سپی کەوتینە گفتوگۆ زانیم خەڵکی هەولێرە و لە شاری "کرمان" دەژی و ژنێکی فارسی هێناوە و ماوەیەک لە ساڵانی ٧٠کاندا لەسلێمانی فەرمانبەر ببووە. چارەنوس ئەم پیاوەی بە ئێرە گەیاندبوو.
پێم ووت: ئێوە دەچن بۆ کامەشەڕ؟
زەردەخەنەیەک دانەڕزیوەکانی دەرخست، کە دیژلەمە هاڕیبووی.
ووتی: شەڕی چی؟ من سەربازی عێراقیم لە ژیاندا لە تەلەفیزۆندا دیوە.
بەیانی کە لە کابینە کە چوینە دەرەوە دیمەنی دووهێستر سەرنجیان ڕاکێشام، کە بەدار بەڕوویەکی کەچەڵەوە بەسرابونەوە. هێسترەکان هەموو توێکڵی داربەڕۆکەیان بە دانە شاشەکانیان کڕابۆوە، کە سەیرم کرد، هێسترێکیش لەناو بەفرەکەدا مردبوو، لەو کاتەدا دووهێسترەکەی تر خەریکی خواردنی پوشی ناو کورتانی هاوڕیەکەیان بوون.
جەنگ کاری لەژیانی ئاژەڵەکانیش کردبوو، نەمانزانی کێ خاوەنی ئەم هێسترانەبوون؟
ئێمە بڕیارمان دابوو خۆمان  دوا نەخەین و بەردەوام بین لە ڕۆیشتن. پێشمەرگەیەکی پارتیان هێنا کە سێ ڕۆژ لەناو بەفر گیری خواردبوو، گەنجێکی بە ئەزموون بوو باسی کرد، کە چۆتە ژێر بەفرەکەوە و کەوی گرتوە بە پەڕو ئێسکەوە خواردبووی. قاچ و دەستەکانی خوێنی تێدا نەمابوو زەرد هەڵگەڕابوون.
پاشان کۆمەڵی پاسدارمان دی کە خەریک بوون لۆریەکی چەقیویان پاڵپێوەدەنا و سەڵاواتیان لێدەدا، ئێران لەو کاتانەدا بە سەڵاوات لێدان بەڕێوە دەچوو. کە کەوتینە ڕێگەو لۆریە چەقیوەکەمان لەناو بەفرەکە بەجێهێشت دوو شتمان دی کە شایستەی باس کردنە.
یەکەم : ئەو ڕۆژە ئاسمان ساماڵ بوو هەتاو دەرکەوتبوو، چەند پێشمەرگەیەک لەپێشمانەوە دەڕۆشتن ئەوکەسەی سەرقافڵەیان بوو دوو شەبەکەی کردبوو بەپێیەکانێوە شيبەکەکان وەک شەبەکەی یاری ڕیشەبوو پێیان دەوت گەر هەڵەنەبم "لینا" و لەڕۆشتندا پێکانی ڕۆ نەدەچوو لەناو بەفرەکەدا، یەکەمین جارم بوو تەکنیکی وا ببینم.
دوهەم: پیاوە بەتەمەنەکان چاوەکانیان بەکل ڕەشکردبوو تا بەفر چاویان نەبات، من بۆخۆم دوای چەند ڕۆژێک هەر چاوەکانم دەیەشا، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت چاویلکەی ڕەشیش بۆ هەمان مەبەست بەکار بێنێت.هەرچۆنێک بوو تاکێلەشین نەوەستاین شەوێکیش لەناو پایگایەکی لەشکری ئیسلامدا ماینەوە کارتۆنێک پسکیتمان خواردو بەیانی بەرەو شنۆ کەوتینەڕێگە و دوایش بەرەو خانێ وسەردەشت و پاشان گەیشتینە قاسمەڕەش و نەوەستاین تانۆکان.ئەوشەوە لە ماڵی کۆچکردووکاک "قادر خەبات" ماینەوە دانیشتن لەمەجلیسی ئەو جوامێرەدا چێژی تایبەتی هەبوو بەڕاستی زۆر باسی ڕۆژە سەختەکانی دەسپێکردنەوەی شۆڕشی بۆکردین، ناوی بەرپرسێکی داینێ کە لە حیزبی دیمکرات بوو ئەو پیاوە جەوامێرەش ڕێبەرێکیان بۆدەستنیسان کردین تا بناری چیای ئاسۆسمان ڕێنمایمان بکات چونکە ئەو مەڵبەندە ببوە جاش ئاوایەکی ترسناک، دوایی پییان ووتین گەر ئەم هاوڕیەش لەگەڵ خۆتانابەرن کارێکی باش دەکەن ماوەیەکە دەیەوێت بڕوات و هەر دوای یەک دوو دەمژمێربۆلامان، ئەم هاوڕیە دەگەڕێتەوە بۆلای کەرکوک، ئێمەووتمان بۆنا، خۆ بەکۆڵی ئێمە ناڕوات، کەوتینەڕێگە ئەو کاکەیە خەڵکی بابەگوڕگوڕ بوو ماوەی چەندساڵێک بوو لەهۆردوگاکانی ئێراندابوو دوای زانیمان کە زۆرماندووبوە، لێم پرسی کاکە زەحمەت نەبێت ناوت چی یە ؟ تۆزێکی تر شەو دادێت بالێمان دانەبڕێیت، ووتی" پێغەمبەر"پێکەنیم لەمێژوو ئاوا بەدڵ پێنەکەنیبووم پیاوە خنجیلانەکە زۆردنیابوو لەناوەکەی، منیش ووتم: بەڕاستە، یان دەتەوێت ڕابوێری؟
ووتی: بەراستمە و من باپیرم ناوی ناوم "نەبی" منیش حەزدەکەم بەکوردی ناوەکەم بڵێن.
ووتم دەبوو ناوی خۆت بنایە پەیامبەر، هیچ وەلامی نەدامەوە.
 تاریک داهات لای هۆردوگای جاشئاوابووین دەماندی گولەی گڕدار دەتەقی ڕوەوئاسمان، باران دەستی پێکرد، سەگ هات بۆمان من کۆڵە پشتێکم پێبوو پێغەمبەری تازە هاوسەفەرمان دەستی گرتبوو بەکۆڵەپشتەکەمەو دەیووت بەجێم بهێڵن دەمرم.
ووتم پێغەمەر گیان جێتناهێڵم دڵنیابە بەس تۆزێک گورجوگۆڵ بە، قوڕی ئەودەشتەش تێدا دەچەقیت، چەند سەگێکی هاوشاری گەورە دەوریان دابووین، پێغەمبەر پێڵاوەکانی لەقوڕەکەدا جێما و سەگەکانیش لەسنوی خۆیان دەستیان بەپاشيکشێ کرد، شەوێکی ئەنگوستە چاوبوو باران دەباری ڕێبەرەکەمان.
ووتی ناتوانین بگەڕێین بەدوای پێڵاودا خۆڕاگربە هێندەمان نەماوە، پێغەمبەری هاوسەفەرمان دەیووت تکایە گولەیەکم لێدە و بمکوژە توانام نییە بڕۆم.
ئای خوایە بەم شەوە لەم جێگە بڕئاشوبەو لەناو جەرگەی دوژمندا توشی چی بووین؟
ووتم ئەوە بۆیە مانگێکە لە بارەگاکانی حیزبی دیمکرات گیرت خواردوە؟
هەرچۆنێک بوو درێەمان بەڕۆشتن دا و نزییک بووینە لە شارۆچکەی ژاراوە و ڕێبەرەکەمان
ووتی: ماڵێک هەیە دەچین هەوڵبدەن بێدەنگ بن، لەدەرەوەی شارۆچکەکە لەدەرگایەکی گەریجی گەورەی داو پیاوێک بەتفەنگەوە هاتەدەرەوە کراس و شەرواڵێکی لە بەردابوو، خێزانەکەی هەستا چایان بۆ دەمکردین و بەرچنەیەک نانی تیریان هێنا ماست و ڕێبەرەکەمان ماڵئاوایی لێکردین و ڕۆی، خانەخوێکەمان دوای ئەوەی جوتێک پێڵاوی دا بە هاوسەفەرەکەمان.
ووتی: خێرابکەن درەنگە دەبێت لە ڕووبارەکە بپەڕنەوە خانەخوێکەمان مامۆستای قوتابخانەبوو،.
چوینەسەر ڕووبارەکە ووتی:
ڕاستە بارانە و هەو هەڵکشاوە بەڵام ئێرە بوارەو بپەڕنەوە ئاوەکە لێرە دەچێتە دوو جێگە و ڕوبارەکەی قاشکردوە، ئەو شەوە هێندە تاریک بوو سێبەرەکەشمان جێیهێشتن، مامۆستای خانەخوێمان.
ووتی کە پەڕینەوە دەستی چەپ بگرن دەڕۆن بۆناو دێیەک لەگەلی بەردەڵانە و ئیتر ترسی هیچتان نەمێنێت، لە ڕووبارەکەمان دا تابەر پشتێنەکە هات و پەڕینەوە لەدوهەمین بوارمان دا تاسەر سنگمان هات ئاوەکە ساربوو پێغەمبەر هاواری لێهەستا گەرچی من لە دەستی چەپ دام نابوو بۆ هەر ئەگەرێک، بەڵام ئاوەکە بردی و منیش گرتمەوە. هەرچۆنێک بوو نەمهێشت هیچی لێبێت و گەیشتینە سەر زێکە ناتوانم بڵێم ووشکانی، چونکە باران بە چرکە خۆشی نەدەکردوە.
پێغەمبەر هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشاو دوایی ووتی:
بۆ ڕزگارت کردم؟
من ئیتر توانام نەماوە. ووتم : هێندەمان نەماوە دەگەینە ئەو گوندەو ئیتر پشودەدەین.
ووتی من شەش ساڵە بەدوای جێگەیەکدا دەگەڕێم پشوی تێدابەم.
 ووتم دەی هاوڕێیان بابڕۆین ڕۆژ دەبێتەوە.
پێغەمبەر ووتی کوا پێڵاوەکەم، پێکانی بچکوک بوو دیسان لە ڕووبارەکە پێڵاوەکانی ئاو بردبووی پێی نەزانیبوو. بەهەرچۆنێک بێت گەیشتینە گوندەکەی بناری ئاسۆس و ئەوانیش خۆیان ئاسا بەدەنگمانەوەهاتن. پاکانی هاوڕێکەمانیان تیمارکرد و نەیان هێشت بڕۆین شەوێکی پڕ میهرەبانی و میوانداری ئەو گوندە خوێنی نوێی کردەوە بەجەستەماندا باشترین پێڵاویشیان کردە دیاری هاوسەفەرەکەمان، ڕۆژی دواتر بەرەو لوتکە ی چیای ئاسۆس سەرکەوتین کەرتێک لەوێ ئێشکیان دەگرت لایان ماینەوە بەچای گەرم نۆکاوی نیوەکوڵاو نیوە ڕەق شەوێکی ئارامیشمان لەوخانوە گەرمە پڕلەمیهرەبانیە بردە سەر بەیانێیەکی تاریک و ڕوون جێمان هێشتن. لەم مەرگەوە بۆ شارستێن و لەوێشەوەبۆ سێدەر و قەرەنگوێ و دوایش گەیشتینە بەرگەڵو.
 لەبەرگەڵو عەسرێکی درەنگ بوو، لەد ەرەوەی زیندانی شۆڕش کەسێک بانگی کردم کە خەریکی لێنانی برنج بوو لە مەنجەڵێکی گەورەی ڕەشدا، کە هاتەپێشەوە بینیم ئەو کوڕە گەنجە بوو، کە لە داستانی ڕزگاری لەسەرچیای "دووبرا" فیشەکێک باسکی ڕاشتی پێکابوو. منیش دوای دڵنیابوون کە گوللەکە دەرچوبوو، باسکیم بەست و دوایش لەگەڵ خۆان هێنامانە خوارەوە، زووزوو لێی دەپرسیم خۆ نامکوژن؟
ووتم نا دڵنیابە هیچت لێناکەین دەتبەین بۆ خەستەخانەی شۆڕش.
 ئەو کاکە گەنجە کە زێباری بوو، ئێستا سۆرانیەکی باش قسەی دەکرد و هەواڵی بریندارییەکەیم پرسی ووتی:
لەسایەی تۆ باشبووم.
من پێکەنیم ووتم: خۆ من دکتۆرنیم، لێم پرسی ئەی بەر نەبوویت؟
ووتی: با بەڵام خۆم ناڕۆمەوە تا بتوانم لێرە لەناو شۆڕشدا دەمێنمەوە.
من زۆر هەستم بەئاسودەبوون کرد، ئیترئەنفال نازانم چارەنوسی ئەم گەەنجەشی بەکوێ گەیاند ؟
پاش ئەوەی نامەیەکی گرنگمان لە بادینانەوە هێنابوو گەیانمانە جێگەی خۆی پاشان من لە هەوڕێکانم جودا بومەوە و بەرەو قەرەداخ ڕۆیشتم.
ماوەیەک لەگەڵ هاوڕێم شەهید "حەمەبیکەیسی" بووم پاشان ناردی بەدوای دایکیدا و دایکی منیش بۆدواجار لەگەڵیداهات بۆ گوندی دەیلێژە زۆر بەزەحمەت جاشەکان هێشتبویان لە ئەڵایەوە بێن.ئ
ەوە داوهەمین دیداری دایکم بوو بۆلام دایکە خەجێش دایکی حەمە دوا ئەویشمان بینێوە.
ئەو ڕۆژە چەند جارێک فڕۆکە جەنگێکانی ڕژێم هاتن باشوری ووڵات بۆنی بارووتی گرتبوو، لەنیوەشەودا تراکتۆرێکمان پەیداکرد و هەردوو دایکمان تا نزیک ئەڵای برد و ووتمان بڕۆنەوە باش بوو هەرچۆنێک بوو گەیشتبوونەوە شار. ئێمە گەڕاینەوە دۆڵی جافایەتی.
دوای دوو ڕۆژ لەیەک جودابونەوەم لەگەڵ حەمە ئەنفال دەستی پێکرد لە دووهەمین ڕۆژی هێرشەکەدا حەمەی هاوڕێم جێی هێشتم، بیری قسەیەکی دایە خەجێم کەوتەوە کە لە تاریکیدا پێی ووتم "ئاگات لە حەمەبێت، ئەو براتە"
منیش ووتم: ئەی کێ ئاگای لە من بێت؟
ووتی: دەباشي ئاگاتان لەیەکتر بێت"
ژیان زۆر بێمانایە من دایە خەجێم نەدیەوە، چونکە کە هەواڵی شەهید بونی کوڕەکەی بیست، زمانی شکابوو بۆ هەتاهەتایە نەیتوانی ووشيیەک بڵێت، پاشان گیانی بەئازارەوە جێهێشت.
سڵاو لەو دایکە میهرەبانەی لەپەری دەچوو.
وێنەیەک لەبادینان: لەشکۆ ڕزگار، حەمە بیکەسی، بەکر، شیروان، ڕزگار کاوە، سامان، هیوا، سالار، دوو هاوڕێ ناوەکانیم بیرنەماوە بەداخەوە
کۆتا ڕۆژەکانی ئەنفالی یەک بەتێکشکاوی بەدۆڵی شێخ محەمەدا بەرەو سەفرەو زەرون بەڕێکەوتین، لەوڕێگەدا کە بەدیوارە بەرزەکانی بەفردا ڕێمان دەکرد سەدان چیرۆک سەرەتاتکێی دەکرد و پێیان دەوتین تکایە سەیرمان کەن و لەدوای ئەم ڕۆژە نەهامەتیانە بمان نوسنەوەو باسمان بکەن.کەم نەبوون ئەو منداڵانەی لەسەربەفرەکە لەدایک بوون، کەم نەبوون ئەو مرۆڤانەی لەناو بەفردا ڕەقبونەوە، زامدارەکان ژمارەیان کەم نەبوو، شەهیدە نەنێژراوەکان، کەم نەبوون ئەو باپیرەو داپیرانەی بەدیار ئاگری داربەڕۆکانەوە لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕوکچەکانیان بوون تالەکۆڵیان کەن و ئاودیوی سنوریانکەن و چیرۆکی تێکشان بۆ نەوەکانیان بگێڕنەوە.کەم نەبوون ئەو سەربازە عێراقی و پاسدارانەی لە دۆڵە قوڵەکاندا بەسەرێکی غودە بەسەرەوە قاچ شکاو دەستدەرچوو لاشەکانیان داڵەکان نەرمی پێوە نەهێشتبوون و شوناسی شێواندبوون.کەمیش نەبوون ئەوپاسدارانەی کە مینەکان دەیبردن بەحەوادا و خۆیان و کلیلی ملیان بۆ پارچەپارچەدەبوون.پردەکەی قەشانیش بەنیازی لوشدانی دوا ئۆتۆمۆبێلی پر سەرنشین بوو.لە شاناخسێ کەم نەبوون ئەو پازدارە کوژراوانەی وەک دار لەسەریەک هەڵچنرابوون، سەروقاچ و باڵەکانیش کەم نەبوون کەتێکەڵی یەکتر ببوون.ئەوڕۆژانە چیرۆکی ئاژەڵەکان داوا چیرۆک بوون کە لەهزری ئەم ڕەوەخەڵکە تێکشکاوەدا دەمایەوە.لەبەر ئەوەی براکەم لە شاناخسێ بریناربوو دەبوو سەفەرەکەمان بۆ بادینان دوابخەم تا لەوەدڵنیابم کە چارەنوسی بەکوێ دەگات ماوەی مانگێک لە خەستەخانەیەک لەشاری ساری بوو لەسەروی ئێران لەسەر دەریای ڕەش، کاتێک بە نیوە تەندروستێوە گەڕایەوە شاری سەقز من بڕیارم دا لەگەڵ هاوڕێکانما بگەڕێمەوە بۆ بادینان، کە پەیوەندیمان کرد بە هاوڕێکانمەنەوە ووتیان چاوەڕێمان بکەن بەڕێوەین و دێین بۆ ڕۆژهەڵات.کە لەگەڕانەوەدابوون لەسەر ڕوباری کەتینە جەندرمەی تورک چوار هاوڕێیان لێگرتبوون بەچەکەکانیانەوە، تۆزێک شەڕیش لەنێوانیاندا دروست ببوو، پاش ماوەیەک هەموومان پێکەوە لەشاری" شنۆ" کۆبوینەوە ساری شنۆ ئەوکات ئوتێلێکی لێبوو ناوی "پەپولە" بوو بەڵام ئەم "پەپولەیە" هەر لەپەپولە نەدەچوو، خاوەنەکەی ناوی محەمەد بوو دەیکێشا بەڕانی خۆیداو دەیووت کە ئیمام خومێنی پیاڵە زەهرەکەی خوار و شەڕ وەستا لەبەینی ئێران و عێراقدا ڕسقی منیش بڕا، لەکاتی شەڕدا شەوی پیکابێک تەنها شوتیو کاڵەک لەم ئوتێلەدا دەخورا، ئێستا کەس نایەت بۆلامان..! قسەی ئەم خاوەن ئوتێلەم لا سەیر نەبوو، چونکە لەجەنگدا بازرگانەکان تەنها بیریان لای خۆیان و دەسکەوتەکانیانە نەک قوربانی ماڵوێرانی خەڵک.
بە ئۆتۆمۆبێل تا کێلە شین ڕۆیشتین و چونکە شەڕی ئێران عێراق وەستابوو لەوەزیاتر ماشێنی ئێران وەک جاران بۆ دیوی باشور دانەدەگەڕا، ئێمەش بەپێ کەوتینە ڕێگە، گەڕانەوەمان بۆ مەڵبەندی بادینان چوار ڕۆژی دەویست، بارەگاکانی پارتی گەلی و حیزبی شیویعیش چۆڵکرابوو، ئێمە لەخواکورک نەماینەوە و بەرەو گەلی ڕەش کەوتینە ڕێگە، سەڵاوتی پاسدارەکانیش و بارەگای حیزبی خواش چۆڵی کردبوو، لەکەلاوەی بارەگایەک لامان داو باخچەیەکی تەماتەمان بینییەوە لەوێ نیوتەنەکە ڕۆنی لێمابوو، ئەوت درامانوسێک ئەم شتانەی بۆ داناوین بەخێرای تەماتەو ڕۆنێکمان کردو لەدەوری کۆبوینەوە، چەند تۆپێک بەسەرماندا ووژەی کرد نەمان دەزانی بەرچی دەکەوێت، ئەم مەڵبەندە بۆنی باروتی گرتبوو، پێشتر ئێران جادەیەکی پانی لێدابوو، بڕیاربوو هێرشێک بکرێت بۆ موسڵ وشەڕگەیەکیش لێرەوە ئاوادان بکرێتەوە، ئێمە دوای خواردنی ئەو تەماتاوە بەلەزەتە کەوتینە ڕی ئەمە ناوچەی سێ سنوربوو، هەرچۆنێک بوو گەیشتینە سەر ڕوباری کەتینە، لێرە بەر لە"٤٠"
ڕۆژێک "٤" هاوڕێمان لەشەڕێکدا جەندرمەی تورکی لەسەر ڕوبارەکە بەچەکەوە گرتبوونی و چارەنوسیان نادیاربوو، بۆیە دەبوو ئێمە ووریاتر مامەڵە بکەین لەگەڵ دۆخەکەدا.کاک" حاکم عومەر" سەری خۆی سفر کردبوو بەو نیازەی ئەو سیخوڕەی خەبەری دابوو نەیناسێتەوە.کاک "حاکم تلی" جوامێریەکی زۆر گەورەی نواند ئەو ووتی گەر گیراین بڵێن ئەوە حاکم عومەرە و با بە تەندروست بگەڕێتەوە درێژە بەخەبات بدەین لەبادینان، جاران کەی بمان ویستایە لەڕووبارەکە دەپەڕینەوەو دەڕۆشتین، بەڵام سوپادڕندەکەی هەردووووڵات تورک و ئێراک هەتبونەسەر سنور و مێشولەش دەر نەدەچوو، تورکەکان هەفتەی ڕۆژێک لەگەرماکەدا مۆڵەتیان دەدا بڕۆین و بەرگەییەکی جەنەڕاڵێکی تورکمان بۆکرا هەریەکەو بەڵگەیەک.ئەو بەڵگانەشیان بەپارە دروست دەکرد بۆ تێپەڕبوون بەو گوندانەدا.ماوەیەی چەندڕۆژێک لەسەر ڕووبارەکە ماینەوە شەو ڕۆر پاسەوانیمان دەکرد، هەووشتێک بۆنی شەڕی لێدەهات.
ئیوەڕۆیەک مۆڵەتیان داین کە بڕۆین، چەند سەربازێکی تورک وەستابوون داوای ئەو بەرگەیان لێدەکردین کە بۆیان دروستکردبووین، من زۆرجاران ڕیشم هەبوو جاشە وەرگێڕەکە قسەی ئەفسەرەکەی بۆوەرگێڕام داخۆبۆ من ڕیشم هەیە ؟ ئێمە ڕێکەوتبووین کە بڵێین لەبەر "ئدریس بارزانی" کە ماوەیەک بوو گیانی لەدەست دابوو.
وێنەی یەکێک لەڕۆژەکانی چاوەڕوانیمان لە سەر ڕووباری کەتینە
بەهەر ئەحواڵێک بوو گەیشتینەوە مەڵبەندی بادینان، لەڕێگە زۆرمان قسەکرد لەسەر ئەنفال و چارەنوسی ئەنفال لەبادینان و ڕۆڵی ئێمە لەبەرگری کردن و چارەنوسمان، کاک "حاکم عومەر" ووتی هەوڵ دەدەین بچینە ناوچەی زاخۆ گەر زۆرمان بۆهات ناگەڕێنەوە ئێران بەڵکو هەوڵ دەدەین بچینە ڕۆژئاڤا لەسوریا.ئیتر هەموو ڕۆژێک لەگەڵ کاک "سادق سندی " گفتوگۆمان دەکرد، ئەو ووتی : زۆرتان پێچوو، بڕوام وابوو کە نەگەڕێنەوە، پاشان باسی ئەنفالی یەکی لێپرسم کەچۆن بوە ؟ منیش هەموو شتێکم بۆ باسکرد، کاک سادق ووتی : جارێک سەرۆک ئاپۆ باسی ئەوەی کرد کە شەڕی ئێران عێراق تەواوبێت سەدام تۆڵەی ئەو پەیوەندیە دەکاتەوە کە حیزبەکان لەگەڵ ئێران بەستویانەو گەل زەرەر مەند دەبێت.
ووتم ئەو پیاوێکی دوربینە گەر ئێمە بچینە ناوچەی زاخۆ داخۆ دەتوانین بچینە ڕۆژئاڤاو لەنزیکەوە سەرۆک ئاپۆ ببینم؟ ووتی خەمت نەبێت ئەوەش ڕوو دەدات.هەموو ڕۆژێک ئێمە گفتوگۆمان دەکرد و من گوێم لە چیرۆکە کانی دەگرت تاڕۆژێک دەستی کردە کردنەوەی چیرۆکە پڕ نهێنێکانی، ئێمەدەمان زانی کاک سادق بۆیە ناچار بوە بڕواتە لای ڕژێمی بەعس چونکە لەساڵی ١٩٨٤ کاتێک پارتی کرێکاران دەستی کردوە بەخەباتی چەکداری کاک سادق یارمەتی داون و چەک و کەرەسەی بۆدابین کردوون و گەریلاکانی لەسەر چەک بەکارهێنان مەشق پێکردوە، بەڵام نەم دەزانی کەچۆتە بیقاع.
ئێمە نەمان دەهێشت کە کەس کاک سادق ببینێت، چونکە ڕۆژانە خەڵک دەهات دەمان زانی بۆ سیخوڕی کردن دێن، بەڵام هەمیشە بەدەستی بەتاڵ دەڕۆشتنەوە ئەو ژوورێکی تایبەتی هەبوو لەوێ دەمایەوە ئێمەش وەک زیندانیەک مامەڵەمان لەگەڵ نەدەکرد بەڵکو وەک کەسێک لەخۆمان زۆر ڕێزمان دەگرت و ئەویش بەو ڕێزەی دەزانی و هەستی ئاسودە بوو لەگەڵمان.
بەردەم ژوورەکەی کاک سادق سندی "شەهید حەمە بیکەیسی، ڕزگار، غەنی، ڕزگار، شیروان
عەسرێکی درەنگ کاک "حاکم عومەر" بانگی کردم ووتی کاتی ڕۆشتنە بەرەو ناوچەی زاخۆ هەوڵبدەن جێگەو ڕێگە دانێن بۆ هەر ئەگەرێک تا بتوانین لەوێ بمێنینەوە کاک سادق یشتان لەگەڵ دێت، ووتم مانای وایە باوکی هاتوە ؟ ووتی هەموو شتێک باش دەبێت، بەڵام دەبێت زۆر ووریابن تا دەگەنە ئەوێ بەهیچ شێوەیەک خۆتان پیشانی کەس مەدەن.ئەو ئێوارەیە کە تاریک داهات بەپشتی لقی یەک و مەڵبەندی بادیناندا کە کاک سادق وەک بەری دەستی شارەزای ڕێگە و بانە بوو کەوتینە ڕێگە، چوار کەس بووین، مامۆستا کازم کە بوە بەرپرسی سەربازی کۆمیتەی زاخۆ، مەلاسدیق، کاک سادق، منیشیان لەگەڵ بووم بەڵام شارەزاو ڕێبەرەکەمان کاک سادق سندی بوو، دەمەو بەیان گەیشتینە گوندی کڵاشیخۆ لە خوار گەلی بازێ، لەدەرەوەی گوند ماڵێک هەبوو چەپەک بوو ماڵەجوتیارێکی فەلابوو دۆستی کاک سادق بوو پێدەچوو چاوەڕێمان بن میوانداریەکی ئەمەکدارانەیان کردین و هەمووڕۆژەکە لەوێ ماینەوە.قسەوباسی زۆرمان کرد کاک سادق ووتی : کە یەکێتی هاتوە بۆ ئێرە هیچ پلانی سەربازی نی یە، ووتم چۆن ؟ ووتی لایەنی کەم هێزێک کەدەچێتە جێگەیەک گەر زمانی ناوچەکەش نەزانێت بەرگی ناوچەکە لەبەر دەکات.بەڵام پێشمەرگەکانی یەکێتی هەریەکەی جۆرە بەرگێک و جۆرە ڕەنگێکی لەبەرە، کەئەمە زۆر خراپە و لەیاسای سەربازیدا قابیلی قبوڵ نی یە.ناوی هەندێک هاوڕی ووت کە جلی شین و سپیان لەبەر دایە، زیاتر لەجلی ئاهەنگ دەچێت.ووتی :گەریلاکان گەرچی ئێستا زۆر ئابوریشیان باش نی یە بەڵام هەموویان بەرگگی سەربازی دەپۆشن، تا لەلەشکرێکی جەنگاوەر بچن، لەپاشەڕۆژدا ئەوان دەبنە سوپای کورد.ووتم تۆ سەرۆک ئاپۆت دیوە؟ پێکەنی ووتی بەڵێ من دیداریم کردوەو لە نزیکەوە زۆر قسەمان کردوە لەسەرڕەوشی ووڵات، ووتم بۆیە لەگەڵ پارتی دیمکرات تێکچووی ؟ ووتی نازانم بۆ تێک چووم بەڵام دەبێت ئەم گەلە ی ئێمە شێوەی خەباتی بگۆڕێت تا ئازاد بێت بەڕاستی، نەک هەر دەساڵ جارێک ماڵوێرانی توشبێت.
سادق سندی و سەرۆک ئاپۆ
چێشتهەنگاوێکی درەنگ بوو بەچەمەکەدا چوینەخوارەوە کەوتینە ڕێگە، کاک سادق دەستی بۆ جێگەیەک درێژ کرد کە لەوێ چەند جوت پێڵاو فیشەکی ساردۆتەوە، پاشان ئاماژەی بەچەند شەڕێک دا کە لەم ناوچەیە دژی بەعس کردویانە، زۆر ڕۆیشتین تاگەیشتین بە جێگەیەک گوند نەبوو بەڵام وەک خانوی هاوینە بەکەپر لەسەر ڕووبارەکە لەناو دارستانەکەدا دروستکرابوو کە نزیک بووینەوە دەیان تفەنگ تەقەیان کرد ئێمەش تفەنگمان لەشانمان داگرت و میلمان هێنایەوە پێمان سەیر بوو بۆ هیچ گولە نایەت بۆمان بەئاسماندا تەقەیان کرد، خزم و کەسی کاک سادق بوو یەکەمین جارم بوو تەقەی خۆشی ببیم بەم شێوەیە، ووتم بەس نەبوو زوو ئاگادارکرامو تەقەم نەکرد خۆشێکە تێک بدەم.ووتم کاک سادق ئێمە ووتمان تادەگەینەناوچەی زاخۆ نابێ کەس پێمان بزانێت، ووتی ئەمانە پێشمەرگەی پارتین و مەسئول منەزەمەن، وەک سەرتیپی ئەوسای لای خۆمان یان ئامرکەرت، پسمامی کاک سادق بوو ناوەکەیم بیر چووە بەس بیرمە ئێوارەیەک درەنگانێک هات، کۆمەڵی گەنجی جەربەزەشی لەگەڵ بوو.مەڕەفەقیرەکە لێرەش بوە قوربانی خۆراکێکی زۆریان کردبوو، یەک دووڕۆژ ماینەوە پاشان لەوان جودا بوینەوە و کەوتینە ڕێگە بڕیار بوو ئەو ئێوارەیە لەشەقامی کانیماسی زاخۆ بپەڕینەوە دوانیوەڕوانێک لەشکرێکی گەورە لەگوندێک هاتنە سەر ڕێگەمان ئێمەچوار کەس بووین لەچاو تروکانێکدا کاک سادق وون بوو ئێمەش دەورمان گیرا و داوایان کرد کە کاک سادقیان تەسلیم کەین و ووتیان بۆ بەرتان داوە؟ مەلاسدیق قۆناغی تفەنگەکەی کردەوەو میلی هێنایەوە لەئێمەدورکەوتەوە، ئەو لەکارەساتی هەکاریدا زیندانکرابوو ڕۆژێک پەنجەرەی زیندانەکە دەشکێنێ و هەڵدێت.چیرۆکی سەیری ئەو ڕۆژگارەی دەگێڕایەوە، من و کاک کازم چوین بۆلای بەرپرسەکەیان گەنجێکی ئاقڵ بوو ناوی کاک سەربەست بوو دەمانچەیەکی سمسی بەستبوو لەسەر پشتێنە زەردەشتێکەی، قسەکانمان مایەی تێگەیشتن بوولەیەکتری، من ووتم ئەمڕۆ یان سبەی ئەنفال دەست پێدەکات ئەوەتانێ دوێنێ شەو وشیار زێباری لەگەڵ ڕادیۆی لەندەن گفتوگۆی دەکرد و ووتی لە ناوچەی بادینانیش ڕژێمی بەعس نیازی ئەنفالکردنی هەیە، ووتم کەواتە باشتر نی یە ئێمە خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەوەی ڕووبەرووبونەوەی دوژمن بین؟ ئێوە ئەم هەموو پێشمەرگەیەتان کۆکردۆتەوە تالەئێمەبەن ؟ کاک سەربەست ووتی نا ئێوە براو هەڤاڵی ئێمەن و ڕێز لەوەدەگرین ئێوە لەناوچەی سۆرانەوە هاتوون بۆ ئێرە خەبات دەکەن، بەس ئێوە ئاربیجیتان داوەتە دەست سادق و دەشڵێن زیندانە لامان، ئەمە حەوجێی سەرسوڕمانە، وانی یە؟ ووتمان ئێمە حیزبێکین سیاسەتی خۆمان هەیە و دڵنیابن کە کاک سادق شەڕی کورد ناکات و شەڕی ئێوە هەرگیز ناکات.
دوای دەمژمێرێک لەگفتوگۆکردنمان ئەوان ساردبونەوە بیکەسی و ئاربیجێکانیان لەبەر چاومان لاداو منیش ووتم بەهیوام سبەینێ و دووسبەی بتوانین شەڕی داگیرکەران پێکەوە بکەین.کەوتینە ڕێگە کاک سادق وون بوو لێمان، من بەمەلاسدیق و کاک کازمم ووت ڕەبایەکە نزیکە بڵێ ڕۆشتبێتەوە ؟ مەلاسدیق ووتی ئەو لەم ناوچەیە بەرپرس بوە دڵنیابە ئێستا چاوی لەسەر مانە، با بەخێرای بپەڕینەوە، چاوەڕی بووین تا تۆزێک درەنگ تر بێت و لەهەموو شتێک گومانمان هەبوو ووتمان ڕەنگە بۆسە دانرابێت بۆمان، کابرایەک جامەدانیەکی ڕادەوەشاند، من ووتم دەچم بزانم چی دەوێت، ووتم ڕەنگە کاک سادق ناردبێتی، کەلێی نزیک بوومەوە تفەنگەکەم بەدەستمەوەبوو ووتم تۆ کێی، چیت دەوێت؟ ووتی ناوم مەهێنن من "مەسئولی هاربانم" لەبادینان ئەنجومەن ئەم ناوەی هەبوو، ووتی: گەرئێوە توڕە ببونایە و سادق لەجەم ئێوە بمایە ئەوە هەمووتانیان دەکوشت و بەئێمەشیان ووتوە کە بتانشارینەوە، سوپاس بۆخوا هیچ ڕووی نەدا، من لەتەمەنمدا شەڕی گەلی خۆم نەکردوە و بڕواشم پێی نەبوە بەڵام لەژیانمدا ئەو ڕۆژەم بیر ناچێت کە لەسەر لێواری مەرگ بووم بەدەستی هاو نیشتمانی خۆم، زۆر بێزار بووم زۆریش لەکاک سادق توڕەبووم و ووتم بۆچی بەجێی هێشتین ؟ 
 گەیشتینە کۆمیتەی زاخۆ مام عومەر سندی باوکی کاک سادق بەخۆی لەشکرەکەی لەوێ بوون، ئەوان چەکێکی زۆریان هێنابوو، جەرەیانی دوێنێمان بۆ گێڕانەوە، و عەسرەکەی کۆبونەوە کرا بە هێزەکە، من و مامۆستا کازمیش قسەمان کرد بۆیان و سیاسەتی یەکێتیو هەندێک لەپڕۆژەی کارکردنمان بۆ باسکردن، مام عومەر زیاتر قسەی کرد ئە دەیزانی دەبێت چی بکرێت.
عومەر ئاغای سندی
بۆ ڕۆژی دوهەمیش کۆبوینەوە و قسەمان لەسەر ئەنفال کرد و نیازی خۆمان ڕاگەیاند کە دەمانەوێت لەم ناوچانە بمێنینەوە و بەرگری بکەین و باوەڕمان وایە هێزی زۆر بێت لەناوچەی سۆرانەوە و هەواڵی ئەوەشمان زانی کە جەلال تاڵەبانی بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ سەرۆک ئاپۆدا لەکۆبونەوەدایە 
ڕۆژنامەیەک بەتورکی دەرچووبوو هی پارتی کرێکاران بوو مەلاسدیق بۆی دەخوێنینەوە لەسەر سەردانەکەی جەلال تاڵەبانی بوو بۆ بیقاع، دوهەمین ڕۆژ من لە مام عومەرم پرسی کاک سادق چی لێهات؟ ووتی: پەیدا دەبێت خەمی هیچتت نەبێت.
عەسرێکی درەنگ کاک سادق پەیدابوو من ووتم: لەکوێ بووی، بۆ جێت هێشتین؟ ووتی گەرمن وام نەکردایە ئەوان بەنیازبوون لێمان بدەن، منیش نەم وویست بەبۆنەی منەوە ئێوەش تیاچن، خۆتان دەتانزانی نزیکەی 200 کەسیان هێنابووە سەرمان جگەلەوەش من پێم ڕاگەینرابوو کە ئەوان نیازی چیان هەیە و دەیانەوێت من دەستم بەخوێنی کورد سور بێت و مێژوونەفرەتم لێبکات.من پەیمانم بە سەرۆک ئاپۆ داوە کە لەژیانما تائەو جێگەیەی بتوانم شەڕی کورد نەکەم و مێژووی خۆم ڕەش نەکەم، ئاپۆ پێی ووتووم هەرچی دەکەیت هەوڵ بدە خۆت بەدور بگرە لەشەڕی کورد، چونکە مێژووت لەکە دار دەبێت، ئەوان دەیانەوێت من بەرەو هەڵە بەرن بەڵام من کارێک ناکەم کە منداڵەکانم شەرم لە مێژووی باوکیان بکەن.
 ئەو ئێوارەیە بۆیەکەمین جار گەریلام دی هاتن 6 کوڕو 4کچ ئەوان گەڵای داربەڕویان بەپشتی خۆیانەوە کردبوو تا کەڕۆشتن هیچ ئاسەوارێک و شوێن پێیەک جێنەهێڵن.قسەمان کرد باسی ئەزمونی شەڕی یەکێتیان کرد و بەهێزێکی کاریگەریان زانی و پاش ماوەیەک جێیان هێشتین یەک یەک ڕۆشتن.بەو شەوە ماوەیان هێندە زۆر بوو بەڕاستی من هیوام لەسەر هەڵچنین.لە بارەگاکەمان خاڵەکەمال لەژووری جیهازەکە وێنەیەکی سەرۆک ئاپۆی هەڵواسیبوو هەستمان دەکرد لەچاوەکانیدا هیوا و شەهامەتی تێدابوو، لەبرایەکی گەورەو لەپیاوێکی فریاد ڕەس دەچوو سەرکردەیەک بوو پشتی پێببەستی.کە گەریلاکانم بەچاوی خۆم دی زانیم خاڵەکەمال ناهەقی نەبوو وێنەی ئەو جەوامێرەی هەڵواسی بوو.
کاک سادق سندی لە گەشتی بۆلای گەریلاکان لە بیقاع
 
 دوای قسەکردنمان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە مەڵبەند پێیان ووتین خەریکین مەڵبەند چۆڵدەکەین ووتم : بەنیازی هاتتن بۆ ئێرە ووتیان نا چونکە سوپا جادەی سەرەکی زاخۆی گرتوەو ڕەبایەی جاشەکان چۆڵکراوە لەجاشەکان و سەربازیان تێکردوە هەوڵبدەن زوو بگەنەلامان، ئێمە هەرچی چەکی زیامان هەبوو لە ئەشکەوت شاردومانەتەوە، هەواڵیان داینێ گەر بتوانین ئەو مەفرەزەیەش کە لەگەڵ کاک سالار شێخ عومەر لەجەولەدان یەکبگرینەوە، ئەو مەفرەزەیە دوای ئەنفالی یەک بەرەو بادینان هاتبوون تادرێژە بەخەبات بدەن و لەئێران نەمێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەنفالی بادینان هەموو پلانەکانی ئێمەی تێکدا.
گۆران، سالار، بێستون، بەختیار، ڕزگار، کاوە، ڕۆژەکانی تێکشکانمان لە چیا "هەکاری" لاباکوری ووڵات

سالار، ڕزگار، مامۆستاکازم، بەختیار ئەبوعەلی، حەمە، حاکم عومەر شەریف
 
 بۆبەیانیەکەی کۆبوینەوە و پێمان ووتن کەئێمە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ لای هاوڕێکانمان، بەکاک سادقم ووت بەهیوام نەبیستم کە خیانەت لەگەکەمان دەکەیت و خۆشت دێرۆکی خۆت بەپاکژی بهێڵیتەوە، ووتم دەزانم زۆر ئازارت دەدەن تا هەڵە بکەیت بەهیوام وانەکەیت کە مێژوو بە ناشرینی باست کات.ئەمەش تێدەپەڕێنین.من و کاک کازم بەڕێکەوتین تابگەینەوە هاوڕێکانمان و چیرۆکی ئەنفالی بادینان دەستی کرد بەنوسینەوەی خۆی و ئێمەش کارئەکتەرێکی ئەو شانۆ پڕ تراژیدایایەی گەلەکەمان بووین لەو ڕۆژگارە سەختەدا لەو ناوچەیە.ئەم لینکەی خوارەوە چیرۆکی ئەو ڕۆژانەیە بەکورتی. (کلیکی ئەم باسەی خوارەوە بکە:)

ئەوەی دەمەوێت لەسەر کاک سادق سندی شەهید باسی کەم ئەوەیە لەو ڕۆژگارەدا کە ئەنفالی بادینان دوای یەک ڕۆژ دەستی پێکرد من و مامۆستاکازم هێلکەیەکی پاکراو بووین لەبەر دەستیدا و گەر ئەو پیاوە نیازی خیانەت کردنی هەبوایە، ئەوە ئێمە باشترین دیاری دەستی دەبووین بۆ ڕژێم، بەڵام ئەو بەپێچەوانەوە خزمی خۆی لەگەڵ ناردین تا لەشەقامی سەرەکی زاخۆ پەڕینەوەو خۆراکی بۆ پێچاینەوە کە پێمان بێت و ووتی:" مەرجی سەرکەوتنی لەشکر تێرییە ".
کاک سادق لەکاتی ووتنەوەی وانە لەسەر هاوەنی 82
 کاک سادق کەسێک بوو ئاسان نەبوو بچیتە ناو دنیاکەیەوە، ئەو پیاوە هەمیشە بیری لەوەدەکردەوە کە چۆن بتوانێت گەورەترین خزمەت بەگەلەکەی بکات وئارەزووی بوو ئەزمونی خۆی بەخەڵکی تر ببەخشێت.گەر کاک سادق ئاوا ترسنۆکانە شەهید نەکرایە ئێستا لەژیاندا بوایە کەسێک ئەبوو گەورەترین خزمەتی بەدۆزی گەلەکەی دەکرد.
 کاک سادق پەیمانی بەمن دا کە ڕۆژێک بێت بچین سەردانی بیقاع بکەین و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ ئەنجام بدەین، منیش پەیمانم پێدا کە بچین بۆ ناوچەی سلێمانی.بەداخەوە ئەنفال لەو کاتەدا ڕێگربوو.دوایش ئەو شەهیدکراو من نەمتوانی دیداری بکەم.کە دوای ئەنفال گەیشتینە ڕاژان یەکەمی هەواڵ کە لە باراگاکانی ئەوێ بیستمان بە شێوە تەنزێکەوە پێیان ووتین:" سادق عومەر" چۆتەوە.من بەدرێژای تەمەنم دۆستی کەسێک نەبووم کە هاوکاری دوژمنەکەم بێت، بەڵام کاک سادق غەدرێک و مڕاڵی خۆی ئەو ڕێگەیەی پێگرتبوو، من شاهیدی مێژووی ئەو پیاوەم کە چەنێک دڵسۆزی خاک و گەلەکەی بوو. دای سامان بۆی گێڕامەوە کە تەسلیم بۆوە و بوە بەسەرباز، ڕۆژێک بۆ سەیران دەچێت بۆ گەلی عەلیبەگ، لەوێ لوتی دەتەقێ بە کاک "سادق سندی" دا دەیەوێت خۆی لێلادات، بەڵام ئەو بانگی دەکات و دەڵێ دەترسی؟ دەڵێ نا من هاتومەتەوە و ئێستا سەربازم، دەڵێ برادەران چۆنن، دەڵێ نازانم من ئاگام لێیان نی یە، پاش کەمێک هەواڵی منی لێدەپرسێت دەڵی بیستومە چوە بۆ تورکیا، دەڵێ پێم خۆشە گرنگ ماوە.سڵاو لەو پیاوە شەهیدە بەهیوام مێژوو بەغەدر تۆماری نەکات.

خوێندنەوەی بەشی یەکەم:

لەسەر هەمان کەس و رووداو ئەم بابەتەی دیکە بخوێنەرەوە:




(دەنگدراوە: 22 . زۆرباشە: 1.5/5)