ئایا بنەما سەرەکیەکانی تیرۆر و دەوڵەتی تیرۆریزم دەبێتە بنەما سەرەکیەکانی پێکهاتەی ئەم سەدەی بیست و یەکە؟

Sunday, 17/07/2016, 16:59

3328 بینراوە


بەرەوپێشچونی سەرسوڕهێنەرانەی زانستی تەکنەلۆژیا جۆراوجۆرەکان لەم سەدەیەدا گەورەترین بازی داوە لەچاو گشت مێژووی ڕابردوی مرۆڤایەتیدا. ئەم بەرەو پێشچونە جۆراوجۆرانەی جیهانی تەکنەلۆژیا بۆخۆی لەسەرێکەوە پێدەچێت وەک ئامرازە پێویستیەکانی ژیان ببینرێت، بەڵام کاتێک لەژێر کۆنترۆڵی شەریکات و دەوڵەتی قازانج پەرستی سەرمایەداریدایە، خۆبەخۆ هەلومەرجێک بەرهەم دەهێنێت کەنایەکسانیەکانی نێوان مرۆڤەکان تادێت زیاتر دەچێتە سەرەوە، لەلایەکی دیکەوە، ئەم ئایدۆلۆژیا تەکنەلۆجیە، لەبری ئەوەی بوایەتە هۆکارێک بۆ لەیەکتر نزیکتر کردنەوەی مرۆڤەکان، بەپێچەوانەوە، هێندەی تر مرۆڤەکانی ڵەیەکتر دابڕیوەو خۆپەرستی و بێدەربەستی پێبەخشێوەو زۆرتر، وەک ڕۆبۆتێکی دوای تەکنەلۆژیاکەی لێهاتوە. لەم سەدەیەدا، کوشتنی مرۆڤەکان وەک کارێکی ڕۆتینی لێهاتوە لای ئەوانی دیکە، خۆبەخۆ تیرۆریزم دەچێتە پێشەوەو ئاستی هاتنە مەیدان لەدژیدا تادێت ڕوو لەلاوازی دەکات.
کارە تیرۆریستیەکان لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە دەستی پێکردوە.11 /سێپتێمبەری/2001 پێدەچێت هێمایەکی ڕوون بوبێت بۆ لەخۆ گرتنی تیرۆرو تیرۆریزم وەک پەرچەمی ئەم سەدەیە و ڕاهێنانی کۆمەڵگەکان لەسەری وەک قوتابخانەیەکی لێهاتوەو مامۆستاکانی زۆر زیرەکانە وانەکانیان بەقوتابیەکانیان دەڵێنەوە تا قوتابیەکی گوێڕایەڵ بەرهەمبهێنن. دەکرێت بڵێین تا ئێستا ئەو مامۆستایانە سەرکەوتو بوون لە پلانەکەیاندا. بیهێنینە پێش چاوی خۆمان، لە بەلجیکاوە تا بەریتانیاو فەرەنساو ئەمریکاو تورکیاو عێراق و سوریاو ئەفگانستان و ڕوسیاو پاکستان و سعودیەو ...، ، ، تاد تەقینەوە و کاری خۆکوژی بوەتە کاری ڕۆژانەو هەرساتێک، ئاخۆ بێدەنگە کردنی ئەم کۆمەڵگایانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئاخۆ گەر گلەیی لەخەڵکی بێچارەی دواکەوتوی عێراق و سوریاو ئەفغانستان نەکەین لەوەی ناتوانن خۆیان ڕێکخراو بکەن و لەدژی دەوڵەتەکانیان بێنە مەیدان، خۆ ناهەقمان نیە گەر ئەم گازندەیەمان ڕوو بەڕوی کۆمەڵگاکانی وڵاتانی ئەوروپای مۆدێرن بکەینەوە لەوەی ئەوە کام هۆکارە وا ئەمانیش ناتوانن هیچ هەنگاوێکی پۆزەتیف بنێن و یەخەی دەوڵەت و دەسەڵاتەکانیان بگرن و چیتر ڕێگا بەم بەربەریەتەی تیرۆریزم نەدرێت ئاوا بەئاسانی جەستەی مرۆڤەکان خەڵتانی خوێن بکات؟بەڵام دیسان تەنها بێدەنگی و بێدەربەستی دەبینرێت؟ ئاخۆ مرۆڤایەتی هێندە بەچۆکدا هێنراوە لەبەرانبەر ئایدۆلۆژیای تەکنەلۆژیاو ئایدۆلۆژیای تیرۆریزمدا؟ ئاخۆ گەر هاتنە مەیدانێکی شۆڕشگێڕانە بۆبەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی نەیەتە مەیدان بۆ کۆتای هێنان بە دڕندایەتی و سەرسەریەتی خێڵی قازانج پەرستانی سەرمایەداری، پێناچێت تیرۆر و تیرۆریزمی ڕێکخراو وەک ئەڵتەرناتیڤی ئەم سەدەیە خۆی بچەسپێنێت؟
وای دەبێنم، ئەم سەدەیە لەبەردەم تەنها دوو ڕیانێکدایە، یان سەرکەوتنی بەربەریزم و تیرۆریزمی سەرمایەداری دەبێت بەسەر کۆی سەربەرز کردنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا. یان بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەبێت بۆ کۆتای هێنان بەم سیستەمە چەتە قازانج پەرستەی،  سەرمایەداریە. دیارە ئەم خەتە( کۆی ئایدۆلۆژیا دینی و ئایدۆلۆژیا ناسیۆنالیستیەکانیش دەگرێتەوە، چونکە دەوڵەتە سەرمایەداریەکان لەسەر ئەو ئایدۆلۆژیایانە خۆیان و کۆمەڵگەکانیان ڕادەهێنن و پەروەردەیان دەکەن).
سیستەمی سەرمایەداری لەم سەدەیەدا لەهەرکات زیاتر دەرگیری قەیران و گێژاوی سیاسی بوە. خودی ئەم سیستەمە چونکە تەنها قازانج دەناسێت، کۆی داهێنانە زانستی و پێشوەچونەکانی دنیای تەکنەلۆژیاش هەر لەو پێناوەدا بەرهەم دەهێنێت، ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەو کاڵایە چەند باشە بۆ هاوڵاتی، ئەوان وابیر دەکەنەوە لەهەرچ بەرهەمهێنانێک کە دەتوانێت چەند پڕفرۆش و قازانج هێنەر بێت. تیرۆریزمیش لەم سەدەیەدا وەک کاڵا بەرهەم دەهێنرێت و مایەی قازانجێکی زۆر و خەیاڵیە بۆ ئەو سیستەمە سەرمایەداریە. لەلایەک تیرۆریزم کارێکی وادەکات لەنێو کۆمەڵگەکاندا، لەبری ئەوەی دەست ببەن بۆ بەرپاکردنی شۆڕش، دێن و لەدەوڵەت دەپاڕێنەوە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە، لەسەرێکی ترەوە، خودی ئەم تیرۆریزمە، گەرچی پێناسەکەی لەسەر ئیسلامی سیاسی سونی مەزهەبە، بەڵام کاراکتەرەکانی پشتی هەڵسوڕانی ئەم تیرۆریزمە خودی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیە. هەڵگیرساندنی جەنگەکان، بەبێ پێشینەی کاری تیرۆریستی لەم سەدەیەدا هەروا کارێکی ئاسان نەدەبوو. ئەوەتا، لەڕێی قاعیدەو تاڵیبان و داعش و نوسرەو کێوکێی ترەوە، باشترین و گەرمترن جەنگیان بەڕێ خستوە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و دەتوانین بڵێین لەگشت جیهاندا، وەتائێستایش زۆر بەباشی بۆهەڵگیرسێنەرانی چوەتە سەرو ڕێگرێەکانی بەردەم کۆتای هێنان بەجەنگ زۆر لاوازە، دەتوانین بڵێین، هەر بونیشی نیە. بۆیە، دەرهاویشتەکان وادەخوێنرێنەوە، کەجەنگ و کاری تیرۆریستی لەم سەدەیەدا بێ کۆتای بێت. لەکاتێکی وایشدا، گەر شۆڕش وەک مانا تایبەتیەکەکی کەکۆتای هێنانی بێت بەم سیستەمە نەیەتە مەیدان، دەتوانین بڵێین، لەوێدا، تەنها مرۆڤ گەلێکی لاوازی وەک کۆیلەی ملکەچ دەبینرێت و تەنها کارێک لەدەستی بێت، پاراستنی بکوژەکەی خۆی دەبێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە