کودەتای تورکیا، ئەمریکا و کورد

Friday, 07.22.2016, 7:00

2904 بینراوە


پێشەکی
کودەتایی ١٥/٧/٢٠١٦ی تورکیا خاڵی سەڕەکی ئەو بابەتە دەبێت. باسەکە پەنجە درێژ دەکات بۆ هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بەو کودەتاییە. مێژووی پڕ لە نەهامەتی میللەتی کورد لە ژێر سایە و دەسەڵاتی تورکیا لە دوای بازدانی تورکیا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە بۆ تورکیایی مۆدرن.  گرنگی و سودی ئەو کودەتایە بۆ دۆزی کورد لە چیدا بەدیدەکرێت.
هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە کودەتای تورکیا و  ئۆردوگان
ئەمریکا، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە سەدان سەرکردەی سیاسیی کردوە بە داشی خۆی، لە رێگەی ئەوانەوە توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هەبێت لەسەر شۆرشەکان، بزوتنەوە سیاسییەکان، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان و کودەتاکان کە لەو ناوچەیەدا بەرپا دەبن لە ئەنجامی توڕەیی و بێزاری خەڵک.
ئەمریکا، کالیزماییەکی بە هێزی هەیە لە نێو مەیدانی سیاسیی دونیادا، رەنگدانەوەی ئەو کالیزمایە تەنیا لە بواری سیاسیی، ئابووریی، سەربازییدا بەدی ناکرێت یان تەنیا لە ئاست کڕینی سەرکردەکان. کالیزمای ئەمریکا لە سەر باری سایکۆلۆژی تاکەکانیشدا کاردانەوەی راستەوخۆی هەیە بە تایبەتی لەسەر تاکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر هەوڵدانێکی سیاسیی یان سەربازیی لەلایەن هەر گروپێک ئەنجام درابێت یان بدرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوا کۆمەڵگایی ئەو ناوچەیە یەکەم شت کە کردبێتیان  و دەیکەن  سەیری دەمی ئەمریکایە!
 دیاردەی پشتیوانی کردنی ئەمریکا لە هەر هێزێکی سیاسیی یان هەر گروپێکی سیاسیی چەکدار لە لایەن کۆمەڵگایی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا بە شێوەیەکی گشتی بە تایبەتی لە نێو زۆرینەی سادەی شەقامی ئەو ناوچەیەدا دەبێت بە سەنگی مەحەک لەوەی کە ئایا ئەو هەوڵدانە بەهێزە یان نا؟ ئایا سەردەکەوێت یان نا؟ لە دەرئەنجامی ئەو جۆرە بڕوایە دا زۆربەی کودەتا، ڕاپەڕین جەماوەرییەکانی ئەو ناوچەیە تەنیا بە بیستنی هەواڵی ئەوەی کە ئەمریکا  هەڵوێستی دژ بەو کودەتا و ڕاپەرینەییە ئەوا ئۆتۆماتیکی  جەماوەریی پشتیوانیکەر لەو جۆرە هەڵسانەوەیە و کودەتایانە ورەیان دەروخێت و شکەست دەهێنن.
لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١دا لە باشووری وڵات، پارت و سەرکردەکانی کورد لەو ناوچەیە خاوەن ئیرادەی خۆیان نەبوون، ببوون بە جاشی ئەمریکا، ئێران و تورکیا. تەنیا بە یەک ئیشارەتی پەنجەی دەست لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، بنەماڵەی بارزانی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرکردایەتی پارتە ئیسلامییەکان و عیلمانییەکانی تر ڕایانکردە ئەودیوی سنوور تێیانتەقاند بۆ ئێران.  لە نێو میللەتیشدا دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئەمریکا دژ بەو ڕاپەرینەیە لە ئەنجامدا ورەی جەماوەریی کوردییان لە باشوور رووخاند و شکەستیان بە ڕاپەرینەکە هێنا.  لە کاتێکدا کە سەدام لە ئەوپەڕی بێ هێزیدا بوو ئینجاش توانی کۆنتڕۆڵی تەواوی شارەکانی باشووری وڵات بکات، میللەتەکەش هەمووی رووی لە شاخ و کێوان کرد.  بەرهەمی ڕاپەرینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ "کۆڕەو" بوو نەک سەرکەوتن یان دمەزراندنی حکومەتی هەرێم! بەرهەمی "کۆڕەو" دامەزراندنی حکومەتی هەرێم بوو. 
کودەتای ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا، پشتیوانی لێ نەکرا لە لایەن ئەمریکا،، لە یەکەم لێدوانی ئەمریکا بەرامبەر بە کودەتاکەی تورکیا  گوتی" تورک لە سەریانە کە پشتیوانی لە حکومەتی هەڵبژێردراوی خۆیان بکەن". ئەم لێداوانە بێ گومان کاردانەوەی هەبوو لە سەر ورەی کودەتاچییەکان، جەماوەرەکەیان، ئۆردوگان و جەماوەرەکەی.  

یەکەم، لێدوانی ئەمریکا  وا دەریدەخات کە  پشتیوانی لە  هەڵبژاردن، سیستەمی پەرلەمانی و دیموکراتی دەکات. ئەمریکا لە هەموان باشتر دەزانێت کە سیستەمی دیموکراتیی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی سەڕۆکێکی وەک ئۆردوگاندا مەحاڵە و دەسەڵاتی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش لە ژێر پرسیارە. لە ساڵی ٢٠١٣دا  کاتێک مورسی بە هەڵبژاردن دەسەڵاتی گرتە دەست، کاتێک سیسی هەوڵی لابردنی دا ئەمریکا خۆی لێ بێدەنگ کرد و باسی دیموکراتیەتی نەکرد. بێ گومان ئەو دەربرینەی ئەمریکا تەنیا دەربرینێکی دیبلۆماسیانەیە! نە بۆ ئەوە بێت کە بەشان و باڵی ئۆردوگاندا هەڵبڵێت.
دووەم، زۆرن ئەوانەی خویندنەوەیان بۆ لێداوانەکەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئەمریکا دژ بە کودەتاچییەکانە و پشتیوانی لە ئۆردوگان دەکات. مەرج نییە لێداوانی ئەمریکا دژ بە کودەتای تورکیا  ئەوە بگەیەنێت کە وڵاتەکەی  پشتیوانی لە ئوردوگان دەکات! لە بەهاری ساڵی ١٩٩١دا هاوکات لەگەڵ ڕاپەرینی کورد لە باشووری وڵات، لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق هێزی جەماوەریی شیعەش بەهێز بوو، ئێرانیش پشتیوانی لێ دەکردن، خەڵک بەگشتی دەیتوانی بە شاڵاو پەلاماری دام و دەزگاکانی حکومەتی بەعس بدەن بەڵام ئەمریکا پشتیوانی نەکردن.  ئەمریکا ئەو کات دژ بە سەدام بوو بەڵام نەیویست بە دەستی خەڵکی عیراق سەدام لابەرێ. ئەمریکا ئارەزووی ئەوە بوو بە دەستی خۆی سەدام لابەرێت بۆ ئەوەی بیانویەکی لەبەردەستدا بێت هێزی سەربازیی خۆی بێنێت بۆ عیراق، حکومەتێکی سەربەخۆی لەو وڵاتەدا دابمەزرێنێت، دەستبگرێت بە سەر سامانە سروشتییەکان و هەیبەتی خۆی بسەپێنێت بە سەر ئیرادەی جەماوەریی ناوچەکە.
ئەمریکا لە هیچ هەڵوێستێک، کودەتایەک نایەوێت ببێت بە پاشکۆ وە کاتێک پشتیوانی لە هەڵوێستێک دەکات کە بزانێت سەداسەد ئەو پشتیوانی کردنە لە خزمەت پلان، بەرنامە و ستراتیژیەتی دوور و نزیکی وڵاتەکەی دەبێت. ئەمریکا ئامانجەکانی لەو کودەتایەی تورکیا بەدی نەکرد ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە پشتیوانی لێ نەکرد. ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا بۆ ئەو ساتە رەنگە لە قازانجی ئۆردوگان بێت بەڵام  ئەوە ناگەیەنێت کە پشتیوانی لە ئۆردوگان دەکات.
کودەتای تورکیا و کورد
لە زەمانێکی زووەوە نەتەوەی کورد ژێر دەستی تورک بووە، نیشتمانەکەشی لە لایەن هێزی سەربازیی تورکییدا داگیرکراوە و کاولکراوە، میللەتی کورد ئەزمونێکی تاڵی دوور و درێژی هەیە لەگەڵ نەتەوەی تورک و دەسەڵاتدارانی. مێژوو پێمان دەڵێت لە تورکیا هەر چی گۆڕانکارییەک روویدابێت  لە سیستەمیی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سەربازیی و جۆری کەسایەتی سەڕۆکەکانی ئەو وڵاتە کە یەک لە دوای یەکدا هاتوون، چی شۆرشێک چی کودەتایەک سەرکەوتوبووبێت  یان نا ئەوا بۆ نەتەوەی کورد بەرهەمەکەی تەنیا نەهامەتی بووە. 
لە بازدانی ئیمرپراتۆریەتی عوسمانی بۆ تورکیایی مۆدرن، لە و ماوە مێژووەیە دیاریکراوەدا،   بە دەیان کودەتا لە تورکیا ئەنجامدراوە، بە دەیان سەرۆک گۆردراوە، بە دەیان پارتی سیاسیی جیایا دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، چەندین ناوی سیستەمیی حوکم گۆڕدراوە بۆ پێناسەکردنی سیستەمیی سیاسیی تورکیا، لە ئیمرپراتۆریەتەوە بۆ کۆماری، لە سیستەمی ناسیۆنالیستی بۆ، سیستەمی سکۆلار، بۆ ئیسلامیی سیکۆلار، بۆ سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردن، بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، بۆ سیستەمی پەرلەمانی سەرۆکایەتی، دەیان ناوی بریقەداری تر، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە تەنیا بە ڕەواڵەت بووە، لە ناوەڕۆکدا هەموویان بڕوایان بە نەتەوە پەرستی هەبووە، هەموویان عەقڵیەتی ئەتاتورکییان قبوڵ بووە و بە شانازییەوە بنما فکرییەکانی ئەتاتۆرکییان بە پراکتیز کردوە لە سیاسەتی رۆژانەیان دا بەرامبەر بە میللەتی کورد. لە دەرئەنجامدا مێژوو دەیسەلمێنێت کە  ئەوەی دەسەڵاتی گرتبێتە دەست لە تورکیا مامەڵەی لەگەڵ نەتەوەیی کورد و پرسە ڕەواکەی یەک شێوە بووە نمونە،" لە ساڵی ١٩٢٥دا  لە سێدارەدانی شیخ سەعید گرتن و کوشتنی هەزاران کورد.  قەسابخانەی دەرسیم ساڵی ١٩٣٦-١٩٣٧. ١٩٧٨ هەوڵدانی ئۆجەلان بۆ دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٨٤دا بانگەواز کردنی خەباتی چەکداری.  لە ساڵی ١٩٩٠ دەسەڵاتدارانی تورکیا ٣٠٠٠ گوندی کوردیان لەسەر نەخشەی تورکیا سڕیەوە،  ٣٧٨،٣٣٥ کوردییان دەربەدەر کرد.  ساڵی ١٩٩٣بە دەیان هەزار سەربازیی تورکیی ناردران بۆ کوردستان لە ترسی ڕاپەرینی کوردان لە باکوری وڵات.  لە ساڵی ١٩٩٥دا ٣٥.٠٠٠ سەربازی تەرکی هێرشیان کردە سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە. ١٩٩٩ ئۆجەلان رفێندرا لە لایەن مافیای دەسەڵاتدارانی تورکیا. لە ساڵی  ٢٠٠٧ دا ١٠٠٠٠٠سەربازی تورکیی لە سنووری باشوور و باکوری کوردستان دامەزاران، تورکیا هێرشی ئاسمانی دەست پێکرد بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە. لە ساڵی ٢٠١١دا تورکیا دەستی کرد بە بۆردومانی باکور و باشووری وڵات، لە ساڵی ٢٠١٢دا تورکیا بەردەوام بوو لە هێرشی سەربازی دژ بە کورد. لە ساڵی ٢٠١٣ دەستی کرد بە قەڵەو کردنی رێکخراوی توندڕەوی داعش، لە ساڵی ٢٠١٤دا بە هەزاران ماڵە کوردییان وێران کرد و بە هەزاران ژنی کوردییان هەراج کرد، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بە دەیان جار هێرشی سەربازیی ئەنجامداراوە دژ بە میللەتی کورد لە رۆژئاوا، باشوور و باکوری کوردستان بە هەزاران کوردییان کوشتوە، ئەتک کردوە، دەربەدەریان کردووە،  بە هەزارانیان لە زیندان ئاخێنراون، بە هەزارانیان زیندەبەچاڵ کراون، بەهەزاران لاشەی  کورد رووتکراوەتەوە و شێواندراوە   لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا". 
کورد دەبێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بکات کە سیستەمیی پەرلەمانی لە تورکیای دژە کورد و مرۆڤاییەتی لە ژێر ڕەحمەتی زریپۆشدایە، کار کردن و غافڵکردنی گەنجەکان و کات کوشتن لە پەرلەمانێکی وەک پەرلەمانی تورک بۆ کورد بێ سوودە. ئۆردوگان و گولەن شەڕی دەسەڵاتیانە، بۆ کورد لە ناوەڕۆکدا هەر دووکیان ئەتاتورکێکی ترن.
سوودی کورد لەو کودەتا سەرنەکەوتووە چیە؟
گومانی تێدا نییە کە ئەنجامی سەرنەکوتنی ئەو کودەتایە بۆ خەڵکی بێ تاوان بووە ماییەی گرفت یان لە ناوچوونیان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کودەتایە بۆ میللەتی کورد و دۆزەکەی چەند سوودێکی هەیە.  دروستبوونی درز لە یەک ریزی نەتەوەیی کورد چۆن لە قازانجی دوژمنەکانیەتی وە دوژمنەکانی کار بۆ ئەو مەبەستە دەکەن، بە هەمان جۆر درز تێکەوتن لە یەک ریزی ئەوانیش بە قازانجی نەتەوەی کورد و دۆزەکەیەتی. کودەتایی ١٥/٧/٢٠١٦ تورکیا چەند خاڵێکی گرنگی دەرخست وەکو

یەکەم، نا سەقامگیریی دۆخی سیاسیی تورکیا، جگە لە بوونی کێشەی کورد لەو وڵاتە.
دووەم، تورکیا لە نێو دڵی سوپاکەی ناکۆکی هەیە، مەترسی ئەوەی هەیە درزی تێبکەوێت، بێ متمانەیی لە رێز سوپاکەی دروست بوو. 
سێیەم، لە نێو نەتەوەی تورک جگە لە بوونی پارتی سیاسیی تر و جەماوەرییان، جەماوەریی کودەتاچییەکان و جەماوەریی ئۆردوگان لە نێو ئەو نەتەوەیەدا دژ بە یەکن وە ئامادەن یەکتر بکوژن کە ئەمەشیان مانای درز تێکەوتنە لە یەکریزی نەتەوەی تورک. 
چوارەم، تورکیا زیانێکی ئابووریی ئێجگار زۆری لێکەوت.
پێنجەم، کاردانەوەی ئۆردوگان بۆ کودەتاچییەکان و جماوەرەکەیان شێوازێکی درندانەیە کە رووی راستەقینەی خۆی دەرخست بۆ هەموو دنیا.
شەشەم، بە دیموکراتی بوونی سیستەمی دەسەڵاتی تورکیایی خستە ژێر پرسیارەوە.
حەوتەم، دەنگی ناڕەزایی لە نێو ئەو وڵاتەدا بێهێز نییە، دوور نییە لە داهاتویەکی نزیک یان دووردا شتی لەوەش گەورەتر رووبدات،  تورکیاش رۆژێک لە رۆژان چارەنووسێکی وەک سوریایی لە چاوەروان بێت.

دەرئەنجامی باس
کودەتای ١٥/٧/٢٠١٦ی تورکیا بۆ بزوتنەوەی رزگاری کورد, رووداوێکی گرنگە نەک بەو مانایەی کە سەرکەوتنی ئەو کودەتایە بۆ کورد سودمەند دەبوو، بەڵکو بەو مانایەی هەندێک خاڵی گرنگی دەرخست کە بۆ دۆزی کورد سوودمەندە. بۆ میللەتی کورد هیچ جیاوازیەکی نییە ئەگەر سەڕۆکی تورکیا چی ئوردگان یان, گولەن یان هەر سەڕۆکێکی تر بێت کە خاوەن هەمان عەقڵیەتی ئەتاتورک بێت لە تێروانینی بۆ سیستەمی دیمورکراتیی و ددانان بە مافی ڕەوای گەلەکەمان لە باکور.

سەرچاوە:





(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 4.5/5)