پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات ببێتە گۆمی خوێن


ڕه‌دوکه‌وتنێک بۆ باوه‌شی نیشتمان

Friday, 07.22.2016, 21:39

2696 بینراوە


چڵ ساڵه‌ له‌وێ شانازیه‌ ، ده‌رچونی کچێک و فڕێدانی سه‌رپۆشه‌که‌ی ونه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵ 
ئایینی موسڵمانان له‌ته‌ک ڕه‌حمه‌ته‌که‌ی ! کولتورێکی کاره‌سات باری ته‌مه‌ن هه‌زار ساڵه‌ی ئاخنیته‌ ژیان و گیانمان ...
له‌ دوا دوای ته‌مه‌نم به‌ بیانوی خوێندن ، جیا له‌ خه‌ڵکی تر وێڵی پارچه‌یه‌کی تری نیشتمانی دابڕاوم بومه‌وه‌ ، له‌ که‌ناره‌ دلڕفێنه‌کانی شاری وان ، واری خه‌ج و سیابه‌ند و ترۆپکه‌ به‌فرینه‌کانی کێوی سیپان و ئاگری ، له‌ به‌هه‌شته‌ ئه‌فسوناویه‌که‌ی باکور ، که‌وتمه‌ سۆراخ کردنی گۆڕه‌که‌ی فه‌قێی ته‌یران له‌ جزیرێ و ئه‌حمه‌دی خانی له‌ دۆغۆ بایه‌زید و لاوکه‌کانی شاکرۆ و جێماوه‌کانی شۆڕشی ئاگری داغ و سه‌ید ره‌زا و شێخ سه‌عیدی پیران و جه‌نه‌راڵ نوری ئیحسان و هه‌موو مه‌دره‌سه‌ ئایینیه کانی سه‌عیدی نورسی و شوێن کاره‌ساتی هه‌کاری و کوشتنی یه‌کتر، فیلمه‌ پڕ مسته‌ کۆڵه‌کانی یه‌ڵماز گۆنێی و دێره‌ ڕووخاوه‌کانی ئه‌رمه‌نیه‌کان .
هه‌لی هه‌رزانی و ده‌سته‌به‌ربوونی پاسه‌کانی هاتووچۆ به‌ بڕه‌ لیره‌یه‌کی که‌م شانسی زیاتری گه‌ڕانی پێدام ، هه‌رله‌ گه‌ڕه‌ک و گوند و سنجاق ، له‌ زۆربه‌ی ده‌م ئاوه‌ سازگاره‌کانی سه‌ره‌ ڕێگاکان به‌ هه‌ردوو له‌پان تێر تێر ، تێنوێتی سه‌دان ساڵه‌ی دووری نیشتمانم شکانده‌وه‌ .
له‌ چه‌لی و ده‌شتانی جوله‌مێرگ و ئولو ده‌رۆ و به‌یت و شه‌بابی شه‌مزینان له‌ قه‌راغه‌کانی باش قه‌ڵا بۆ وان و ئه‌رجش و ئارزوڕۆم و ئاگری و به‌هه‌شته‌ سه‌وزاییه‌که‌ی چاڵدێران و قارس و به‌سته‌ڵکه‌کانی چله‌ی هاوینێ ، له‌ ولاتر ، بۆ بێنگۆل و دێرسیم و تاتوان و به‌دلیس و وه‌یس و قره‌نی و سیرت و فارقین و ئامه‌د و باتمان و حه‌سه‌ن کیڤ و مێردین و ڕحا و جزیرێ ...
ده‌گمه‌نه‌ له‌ هه‌موو یان ئه‌گه‌ر زیندانێکی تیا نه‌بێت ، بارته‌قای توتنی سیغاره‌یه‌ک له‌ هێرۆیین به‌سه‌ بۆ زیندانی کردنی کوردێکی بێ کار به‌ سزای پێنج ساڵ ، دۆستایه‌تیه‌ک و پێدانی پێخۆرێک به‌ میوانێکی دره‌نگی شه‌و ، به‌سه‌ به‌ زیندانی کردنی ده‌یان ساڵ .
چڵ ساڵه‌ چه‌خماخه‌ی شۆڕشێکی جیا ، به‌ ده‌ستی هه‌ڤاڵانی خۆرت و به‌یان نه‌سیڵسن ی وورده‌ وورده‌ کرده‌ شه‌رم ، به‌ تام و له‌زه‌تێکه‌وه‌ ده‌م باش هه‌ڤاڵ ، وێردی سێڵاوی شیله‌ی هه‌نگوینی سه‌ر زمانی وانه‌ .
یه‌که‌م جاره‌ له‌ ده‌ست دانی رۆڵه‌یه‌ک ، له‌ جیاتی سه‌ر نانه‌ قوڕ و یه‌خه‌ دادڕین ببێته‌ هه‌لهه‌له‌ و بڕوا بوون به‌ نه‌مری هه‌تا هه‌تایه‌ .
به‌ڵام !
تێوه‌ ئاخژینی کولتوری ئایین و پیرۆزکردنی و به‌لا نانی هه‌ر جوانیه‌کی نیشتمان ، به‌ڵایه‌که‌ له‌ گه‌ڵ ته‌مه‌نی ڕۆڵه‌کانمان پێ ده‌کا و ده‌بێته‌ به‌شێکی جیا نه‌بۆوه‌ی نامۆی هه‌تا هه‌تایه‌ ، ده‌یان ناوی بیابانی عاره‌بی و ناوچه‌ وشکه‌ به‌ستوه‌کانی نێوه‌ڕاسیتی ئاسیا،  سیمای ئاری و مێزوپۆتامیای منداڵانی گۆڕیوه‌ له‌ وڵاتی کوردان .
خێزانێک نیه‌ به‌ده‌ر بێت ، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌یه‌کی نێوی ئه‌مروڵا و نوروڵا و ماشه‌ڵا و به‌یتوڵا و قه‌د سه‌میعه‌ڵا و گۆته‌س و یێڵماز نه‌بێت ، بۆ کچان خه‌دیجه‌کوبرا و امولموئمنین و هولیا و تولای دوگۆی نه‌بێت !؟