لە دونیای ئەمڕۆدا کەمتر دەوڵەت و نەتەوەیەک هەیە هەوڵ نەدات لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی وەک ئابووری و سیاسەتی دەوڵەتی و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتیەکان و دەیان جێگە و شوێنی دیاریکراوی دیکەدا و لە پێوەری جیهانیدا خۆی فەرز نەکات.
لەمڕۆدا بە فۆرمۆڵەکردنی خواست و ویستەکانی نەتەوەیەک یان لایەنگرانی ئایین و چین و توێژێکی تایبەت لە کۆمەڵگەیەکدا لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا و بە پێکهێنانی گروپ و ڕێکخراوی جیاواز بۆ ئەم مەبەستە، حەول دەدرێت پەرژینی جوگرافیایی و سیاسی و ئابووری وڵاتێک یان نەتەوەیەک یانیش مافەکانی دەستە و گروپێکی ناسراو بپارێزرێت.
وشەی لۆبی "Lobbying" لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای ڕێڕەو و شوێنی هاتووچۆیە و لە سەدەی نۆزدەدا هاتۆتە ناو فەرهەنگی سیاسی و لەو کاتەدا ئەو کەس و گروپانەی کە لە پەرلەمانی بریتانیا نوێنەر نەبوون لە ڕێڕەوی مەجلیسدا پێشیان بە نوێنەرانی پەرلەمان دەگرت تاوەکوو گوێبیستی داخوازییەکانی ئەوان بن و داوایان دەکرد یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان بە پێچەوانەی خواستەکانی ئەوان دەرنەچێت، هەر بۆیەش دواتر بەم گروپانە گوترا لۆبی و بەم چەشنە هەڵسووڕان و هەوڵانەی ئەمانەش گوترا "لۆبیگەری".
لە فەرهەنگی سیاسیدا بەو گروپانەی کە لە ناوەندە دەوڵەتی و فەرهەنگی و ئابوورییەکاندا کارتێکەرییان هەیە دەگوترێ لۆبی و هەر بۆیەش لە ڕاگەیاندنی گشتی و ڕۆژنامە و پەرلەمان و زۆر شوێنی دیکەدا ڕۆڵ دەگێڕن و حەول دەدەن یاسا و بڕیارەکان لە بەرەی قازانج و بەرژەوەندی ئەوان بنووسرێتەوە.
کۆنترین گروپی لۆبی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەت دەستیان داوەتە هەڵسووڕان و سەرمایەدارانی قەومی یەهوود یەکەم هەنگاویان لەم پێناوەدا لە ئەمریکا هەڵگرتووە و لە ئێستاشدا گرووپی" ئای پاک" بە ناوبانگترین لۆبیە لە ئەمریکا و ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سیاسەتی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەدا و دەوری چالاک دەگێڕێت.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرترین گروپی لۆبی تێدایە و لە ساڵی ١٩٤٥وە چالاکی لۆبی بە فەرمی کراوە و زنجیرەیەک یاسا و ڕێسای تایبەت بە کار و بازنەی چالاکی و چۆنیەتی هەڵسووڕانی لۆبیەکان داڕشتراوە و لە وڵاتی کەنەدا و دواتر لە پەرلەمانی یەکێتی ئورووپا لە ساڵی ٢٠٠٥ یاسای تایبەت بە گروپە لۆبیەکان بڕیاری لە سەر دراوە و لە ئێستاشدا لە ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەورگێڕانی "لۆبیسم" زۆر بەرچاوە و دەتوانین بڵێین هیچ یاسا و بڕیارێک نیە کە دەستی لۆبی لە پشتەوە نەبێت و بەرژەوەندی گروپێکی تایبەت بە سەر زۆر داواکاری دیکەدا براوە نەکات.
کەوابوو پێش هەموو شتێک وەک چۆن لە بواری زماندا و لەم کاتانەدا پێویستە فەرهەنگستانی زمان و وێژەی کوردی لە سەر دەستی دەوڵەتی نیمچە سەربەخۆی باشووری کوردستانەوە بە ئاکام بگەیێندرێت و ستانداردێک بۆ زمانی کوردی درووست بێت، هەر بەو خوێندنەوەیەش و بە پێی هەلوومەرجی ئێستای ئابووری ئەم بەشە لە کوردستان پێویستە بیرێک لە پێکهێنان و درووستبوونی لۆبی کورد بکرێتەوە.
لەمڕۆدا لۆبی نەتەوەی عەڕەب و تورک و فارس لە دوای لۆبی یەهوود دەوری کاریگەر دەگێڕن و دەخوازن بۆ پێکانی ئامانجەکانی نەتەوەیی و سەروەری سیاسی وڵاتەکانیان بەرانبەرکێی زۆر وڵات و نەتەوەی دیکە جیهان بکەن.
لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، باشووری کوردستان وەک سەرێکی گەورەی لێهاتووە بە سەر جەستەیەکی لاوازەوە کە تەنیا بووەتە بازاڕێکی ئازاد و بێ سنوور و بێ بەرهەم و شینخۆرکردنی کاڵاو شتوومەکی دراوسێکانی خۆی.
بۆیە بەم خوێندنەوەیە لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی باشووری کوردستان، دەکرێت سەرمایەدارانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانیش بە پشت بەستن بە دەسەڵاتداری کورد لە هەرێمی کوردستان و سەروەت و سامانی پتڕۆڵ و بازرگانیکردن و گومرگی سنوور و زۆر سەرچاوەی ئابووری دیکە، ببنە پاڵپشتی بیرۆکەی درووستبوونی لۆبی نەتەوەیی کورد و ئەم هەنگاوەش دەتوانێت لەمەڕ هەڕەشە و گوڕەشەی دوژمان کاریگەری بەرچاوی هەبێت و دڵنیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی سیاسی و چالاکوانانی کوردی بەدواوە بێت لەوەی کە بە بووونی لۆبی ناوچەیی و جیهانی کورد، دەتوانن لە سەرخستنی کاروانی خەباتی نەتەوەی بێ دوڵەتی کورد، بێ پسانەوە حەوڵ بدەن و ماندوویی و بێ پاڵپشتبوون نەبێتە ڕێگر و لەمپەر لە بۆ گەیشتن بە سەربەستی نەتەوەکەمان.