پاریزەر سۆران سلیم بۆ له‌لایه‌ن ده‌زگای پاراستن رفێنراو دواتر ئازادكرا؟

Sunday, 31/07/2016, 19:33

3316 بینراوە



رۆژی شەممە ڕێکەوتی 30/7/2016 پارێزەر سۆران سلیم و شاخەوانی برای دوای رفاندنیان بۆماوه‌ی ٢٠ رۆژ لە ئاسایشی پارتی ئازاد کران بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگای ئاسایش رونكردنه‌وه‌ یان تومه‌تیكیان ئاراسته‌ بكات . سۆران سلیم و شاخەوانی برای لە ڕێکەوتی 10/7/2016 لە شاری هەولێر لە لە لایەن هێزێکی پارتیەوە دەستگیر دەکرێن دوای زیاتر لە 20 ڕۆژ مانەوە لە زیندان بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ بکەنەوە ئازاد کران . 
بەپێی زانیاریەکان سۆران سلیم سی ڤی پێشکەش کردبوو بۆ ئەوەی وەک وەرگێر لە قونسخانەی ئەمریکی لە هەولێر وەربگیرێت . دوای ئەوەی زیاتر لە 1000 کەس داوا کاری پێشکەش دەکەن دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوە تەنها نزیکەی 100 کەسێک دەمێننەوە کە شانسی وەرگرتنیان دەبێت . سۆران سلیم یەکێک دەبێت لەو کەسە باشانەی کە شەنسی وەرگرتنی زۆر نزیک دەبێت چونکە لە 10 کەسی زۆر باشەکان دەبێت. ئەو رۆژەی سۆران بۆ  چاوپێکەوتنی دووەم دەچێت بۆ قونسلخانە کە لە ناو فرۆکەخانەی هەولێر دەبێت . وەک ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی پارتی چاوەڕێی بکەن ئەفسەرێک بە پلەی ملازم بە موبایلەکەی قسە لەگەل سەرووی خۆی دەکات لەکاتی گەیشتنی سۆران ئەفسەرەکە بە سەروی خۆی دەلێت (ئەوە گەیشتن گەورەم) . ئیتر سۆران و  شاخەوانی برای دەبن بۆ ژورێک و تەواوی پیداویستیەکانی وەک (پاسپۆرت و هویەو موبایل و سویچی سەیارەکەی لیوەردەگرن) . دوای ئەوە سەیارەیەک لە جۆری پاترۆڵ دێت و بە چەند چەکدارێکەوە سۆران و شاخەوان دەگوازنەوە بۆ بارەگای گشتی ئاسایشی پارتی . بە درێژایی ئەو ماوەیە سۆران و شاخەوان هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکەن کە بزانن هۆکاری گرتنەکەیان چیە . بەلام هیچ وەلامێکیان نادرێتەوە . دوای گەیشتنیان بە ئاسایشی پارتی دۆسیەکی ئامادەکراو دێنن و داوایان لێدەکەن واژوی بکەن . دواتر وەفدێک لە قونسخانەی ئەمریکی دێنن بۆ ئەوەی لێکۆلینەوە لە سۆران و شاخەوان بکات چونکە پێشتر  هەر دوکیان تا سالی 2010 لەگەل ئەمریکیەکان وەک وەرگێر کاریان کردووە . ئەمریکیەکان تەنها ئەوە لێیان دەپرسن کە لە دوای 2010 لە کۆی بوونە سۆرانیش لە وەلامدا دەلێت (چوم بۆ زانکۆ و خویندنم تەواو کرد و ئێستا پاریزەرم ) ئیتر ئەمریکیەکان دەلێن ئەوانە هیچیان نەکردووەو ئێمە هیچمان لە سەریان نیە . بەلام ئاسایشی پارتی لای خۆیان دەانهێلنەوە بێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی یاسایی هەبێت بۆ مانەوەیان . دوای 20 رۆژ مانەوە هەردوکیان (سۆران و شاخەوانی برای ) بە کەفالەت ئازاد دەکرێن .
هۆکاری گرتنی سۆران و شاخەوانی برای بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سۆران شەنسی وەرگرتنی زۆر بووە لە قونسلخانەی ئەمریکی لە هەولێر بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە لە سۆران وەربگرنەوەو نەهێلن لەو شوێنە وەربگیرێت بۆیە دەستگیر کراوە . چونکە تا ئازادیان کرد کەسێکی تر لە شوێنی سۆران لە قونسلخانەکە دانرا . بە پێی بە دواداچونەکان ئەو شوێنە بۆ پارتی زۆر گرنگ بووە چونکە لەو شوێنەوە کۆمەلێک زانیاری نهێنی ناو قونسلخانەکەی دەست دەکەوێت بۆیە لە ئێستا دا ئەندامێکی خۆیان کە سەر بە پاراستنی پارتیە لەو شوێنە دانراوە . هەروەها هاتنی ئەو دوو کەسە ئەمریکیە بۆ  پرسیارکردن لە سۆران سلیم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاسایشی پارتی لای ئەمریکیەکان تۆمەتیان بۆ سۆران سلیم دروست کردبوو بەوەی کە ئەو کەسە سەر بە گروپە تیرۆرستیەکان بەلام بە سادەترین پرسیاری ئەمریکیەکان و وەلامەکەی سۆران ئەمریکیەکان تێگەیشتبوون کە ئەو دوو کەسە بێ تاوانن بۆیە هەر زوو بەجێیان هێشتبون و وتبیان دەبێت ئازاد بکرێن .بەلام   بێ گوێدانە پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ پێچەوانەی بنەما یاسایەکان ئاسایشی پارتی بۆ ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ ئەوانی لە زیندان هێشتەوە . ئەگەر لە کوردستان  دادگا هەبوایەو یاسا سەر وەر بوایە دەبوایە  لێپێچینەوەی توندی لەگەل دەزگای ئاسایشی پارتی بکرابایە . ئەمە لە کاتێدایە کە یاسای تیرۆر لە کوردستان ماوەکەی بە سەر چوە بەلام پارتی وەک هەمیشە گوێ بە یاسا نادات بەلکو بە پێی عورفی بنەمالە مامەلە دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە