لە پێناو ڕزگارکردنی هەزاران ژنانی یەزیدی لەژێردەستی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا وەرنە مەیدان

Tuesday, 08.02.2016, 19:36

2047 بینراوە


ڕۆژی ٣ی ئاب دووساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هێرشی ڕیکخراوی تیرۆرسیتی داعش بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال و ناوچەکانی دەورو بەری . دووساڵ لەمەبەر کۆمەڵگەی ئیزدی لە باکوری عێراق لە لایەن تیرۆریستانی ئیسلامیەوە  جینۆساید کران ، لە ماوەیەکی کەمدا : (٥٠٠٠) پیاو و کەسانی بەتەمەنیان کوژران ، ( ٧٠٠٠ ) ژن و منداڵیان کران بە کۆیلە ، وە ( ٤٠٠٠٠٠ ) کەسیان لێ ئاوارە و دەربەدەر بوون ، لەمانەش ژمارەیەکی زۆریان لە چیای شەنگال لە ئەنجامی گەمارۆی بەردەوامی تیرۆریستانی داعش لە برسا و لە تینوودا  گیانیان لەدەست دا .  ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ ، هیشتا نزیکەی ٣٠٠٠ ژن ومنداڵی ئێزدی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ماون و بە " سەبایا " کراون و کڕین و فرۆشتنیان پیوە دەکرێت بۆ بازرگانی سێكسی . وە بە سەدان هەزار خێزانی ئێزیدی هێشتا لە کەمپەکانی پەنابەریدا لە بارو دۆخێکی زۆر خراپ و دژواردا دەژین .
ئەم تاوانە گەورەیە و ئەم جینۆسایدە ی کۆمەڵگەی ئیزیدی جگە لەوەی هەنگاوێکی پلان بۆ داڕیکژراو و بەرئەنجامێکی ئەو شەڕە خوێناویەیە کە لە ناوچەکەدا دەستی پێکردوە و تیرۆرسیمی ئیسلامی و دەوڵەتی خەلافەت وەک یەکێ لە هێزەکانی نیو ئەمشەڕە نمایشی خۆی دەکات ، بەڵام ڕەهەندی فکری و ئایدیۆلۆجی خەتەرناکی دینی لە پشتی ئەم هێرشە وا دەکات هێندەی تر زەنگی خەتەرناکی ئەمشەڕە بە ڕووی جیهاندا بدا . کۆمەڵگەی ئیزدی بۆیە جینۆساید کران چونکە بە گروپێکی نەفرەت لێکرا و و " شەیتان پەرست " لە لایەن ئیسلامی سیاسیەوە ناسێنراون . نەک تەنها هیزێکی تیرۆریستی وەک داعش ، بەڵکو بە فراوانی لە نیو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا وەک کۆمەڵگەیەکی نەفرەت لیکراو بە هۆی کەلتووری ئیسلامی دژە جیاوازیەوە مامەڵە کراون .
ناوەندی سیکولار لە کوردستان ، لەم بۆنەیەدا جارێکی تر ئەم تاوانە دژی مرۆڤانەیەی داعش  مەحکوم دەکاتەوە  هەروەها پشتیوانی لە داواکاریەکانی ئیزدیەکان بۆ ڕزگار کردنی ژن ومنداڵانیان لە دەستی داعش دەکات ، پشتیوانی لە داوای ئێزدیەکان بۆ پاراستنی ژیان و ژینگەکەیان دەکات .هەروەها هوشداری دەدات بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەلاتدارانی هەرێم کە مەترسیەکانی ئایدیۆلۆجیا و فکری داعش تەنها لەسەر سنورەکانی کوردستان نیە و بەڵکو لە نیو کۆمەڵگەی کوردستاندا خەریکی گەرا کردنن و رۆژ بە رۆژ مەترسی کارەساتی لەبابەتی شەنگال و جینۆسایدی کۆمەڵگەی ئیزیدی لەسەر خەڵکی کوردستان زیاد دەکات .
ناوەندی سێکولار لە کوردستان جارێکی تر جەخت دەکات لەسەر ئەوەی کە هێشتا کات ماوە بۆ کەم کردنەوەی مەترسیەکانی ئایدیۆلۆجیای داعش و ئیسلامی توندڕەو لە کوردستان ، بە دانانی دەستورێکی سێکولار و جیاکردنەوەی تەواوی دیین لە سیستەمی دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە . و دابین کردنی مافی هاولاتی بوونی یەکسان بە بێ لەبەرچاو گرەتنی جیاوازی بیر و ڕا و ددین و .. هتد .
لە ڕۆژی ٣ی ئابدا پێویستە بۆ جارێکی تر دەنگی هەزاران ژنی یەزیدی و مەسیحی و کورد و عێراقی و سوری کە کەوتنە بەر شاڵاوی ژێندەرسایدی دەوڵەتی ئیسلامی داعش. دەنگێک کە ئازار و ئەشکەنجە و مەرگی دەرونی و جەستەیی ژنانی سایەی کۆیلایەتی سێکسی خەلافەتی داعشی بەدنیا بگەیەنین . ویژدانی مرۆڤایەتی ئەم سەردەمەی ڕاچڵەکێنین تا فریای ئەو هەزاران ژن و پیاو و مناڵەی یەزیدیەکان بکەون کە هێشتا لەژێر هەڕەشەی مەرگ و فەوتاندان. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ ئەم ئینسانانە لەدەست کوشتار و بازاڕی سەبایا و کۆیلایەتی سێکسی داعش ڕزگاربکا و ژیانی ئاشتیانە و ئازادی و مافی ئینسانیان لە کۆمەڵگەدا پارێزراوبن.
پێویستە کارەساتی یەزیدیەکان وەک کارەساتی هەلەبجە و ئەنفالی بەعس ویژدانی خەڵکی کوردستان بهەژێنێت و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی یەزیدی وەک ماف و ئازادی بەشێک لە خەڵکی کوردستان تەماشا بکرێ و لەو پێناوەدا سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی دین و بیروڕا و نەتەوە و کلتورەوە کار بۆ ڕزگارکردنی یەزیدیەکان و گێڕانەوەی ماف و ئازادی و گوزەرانیان بکات.
ڕزگارکردنی ئینسانەکان لەدەست دەسەڵاتی دینی و یاسا دینیەکان و یەکسانی ژن و پیاو لە کوردستاندا یەکێکە لە ئامانجەکانی ناوەندی سێکولار لە کوردستان . هەربۆیە ئێمە بەهەموو توانامانەوە بەشداری هەمو ئەو هەوڵانە  دەکەین لە پێناو کۆتایی هێنان بە سیستەمی کۆیلایەتی دینی و  دەسەڵاتی داعش و شەڕوکوشتاری دینی.
لەم ڕۆژەدا جارێکی تر بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین بۆ هاتنەمەیدان لە پێناو ڕزگارکردنی ئەو هەزاران ژنانەی یەزیدی و ژنانی تر، کە تائێستا لەژێردەستی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا کراونەتە کۆیلە و سەبایا.