زیندانییەکی زیندانە بەدناوەکەی ڕایات چیرۆکی زیندانیی خۆی دەگێڕێتەوە

Friday, 08.05.2016, 22:02

8967 بینراوە


لەسەرخۆ بەدەم کێشانی جگەرەوە، دەمی خستە جولە و چاوەکانی بە چواردەوری خۆیدا کەوتنە هاتوچۆ وەک هەڵدانەوەی لاپەڕەی کتێبێک بۆمی بخوێنێتەوە، ئاوا هەستم دەکرد، کە چل و دوو ساڵ لە چاوەڕوانی مندا بێت، تا بە خێرایی بۆمی بگێڕێتەوە، خوێندنەوەیەکی خێرایی ئەو رۆژە و گێڕانەوەی چیرۆکی ١١مانگ زیندانی خۆی بەو شێوەیە باس کرد، کە لە ناو شۆڕشدا بەبێ هیچ تاوانێک زیندانی کراوە، تەنها لەبەر ئەوەی گەنجێکی ٢٢ساڵە بووە و لە گەرمەی ڕووداوەکاندا وەک پێشمەرگەیەک لە بەرەیەکی تردا ویستوویەتی شۆڕش بکات.
-------------------------
مام جوامێر کە وای پێ خۆش بوو بەو ناوەوە بە خوێنەرەکانی بناسێنین، دەڵێت ساڵی ١٩٧٢، مەلا مستەفا لێبوردنی بۆ هەموو باڵی مەکتەبی سیاسی دەرکرد، منیش پێشمەرگەیەک بووم ئیتر بڕیارم دا لەگەڵ خێزانەکەم دانیشم و کورد ووتەنی "دەست بەکڵاوی خۆمەوە بگرم". 
کوردستانپۆست: لەو تەمەنەدا تۆ زۆر گەنج بوویت و ئەزمونێکی وات نەبوو، چۆن ئەو بڕیارەت دا؟! 
- من زۆرلە مێژبوو بڕوام بە پارتیی و بنەماڵەی بارزانی نەمابوو، چاک لە شۆڕش گەیشتبووم، شۆڕشی چی!؟ شۆڕش چۆن وا دەبێت!؟ داواکاری مەلا مستەفا و پارتیی هیچ نەبوو، تەنها خەڵک بەکوشت دان بوو. 
کوردستانپۆست: ئەی کاتێک لە ساڵی ١٩٧٤دا شەڕ دەستی پێکردەوە، کەواتە بۆ لە شار نەمایتەوە. . .؟
- (بەزەردەخەنەیەکەوە): نا منیش وەک زۆری کەس شەرمم کرد، بمێنمەوە و نەچمە دەرەوە، حکومەتی عێراقی ئەو سەردەمە و پارتیی کەش وهەوایەکی وایان دروست کردبوو، بەو شیوەیە لە هەر یەکەیان دەڕوانیت، ئەگەر لەگەڵم نییت، مانای وایە دوژمنمیت! بۆیە منیش بە ناچاریی رێگای چوونەدەرەوەم هەڵبژارد. چوومە چیا و بەشداریم لە شۆڕشدا کرد، هەرچەندە بڕوام بەئەنجامی باشی شۆڕشەکەش نەبوو، دەمزانی ڕۆژێک دێت سەرانی پارتی، کورد دەفرۆشنەوە، زۆرجاران لەگەڵ خزم و برادەراکانمان قسەمان لەسەر ئەو ترسە دەکرد.
 کوردستانپۆست: ئەی دوایی! کەی و چۆن و بۆچی گیرایت؟!
- (نەفەسێکی قوڵی دیکەی لە جگەرەکەی دایەوە و بەدەم نوقاندنی چاوە قەتیمەکانی، هەستم کرد پێویستی بە پشویەکە تا هزری ماندووی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو مێژووە و لەوێوە دەست بەگێڕانەوەی بکات، بەدەم فڕێدانی دوکەڵی سپی جغارەکەیەوە) ووتی:
 "ئەحمەد بەکرەجۆیی و فاروق حەمەد مام عەلی " دووپیاوی پاراستن بوون گەرچی فاروق لەگەڵ ئێمە بوو، بەڵام دوای لێبوردنەکەی مەلامستەفا ئەویش کەوتە ناو گەمەی پاراستنەوە. ئەحمەد ڕاپۆرتێکی دورودرێژی لەسەرمن هۆنیبۆوە و بەکوردییەکەی بۆی تێچاندبووم، کە گوایە من جەلالییم و لە ژێرەوە خەریکی کار و چالاکییم. 
نازانم تۆ بیرتە کاتێک بەعسییەکان قەڵادزەیان بۆردمانکرد، ئەو کاتە من لەوێ قاچێکم شکا و لەناو قەڵادزە لەماڵی خوشکێکم بووم، بە شەلە شەل ئێوارانیش دەچوومە دەرەوە، بەلام کەوتبومە سەر پێی خۆم، جێگەیەکی لێبوو لەسەرپردەکە لەوێ دەچوم بۆخواردنەوە، ئێوارەیەک کۆتای مانگی چوار بوو، کە بەرپرسی دەزگای پاراستنی قەڵادزێ "خولە کوردە"ی ناوبوو، پیاوێکی باش بوو سەربەهێزی کاوە بوو، هاتەلام و ووتی تکات لێدەکەم لێرە بڕۆ، چونکە بە دواتەوەن دەزانم دەتگرن. 
- بەو شەوە ڕووم لە کوێ بکردایە شوێنی دیکەم نەبوو، لە دواجاردا ناچابووم بگەڕێمەوە بۆ ماڵی خوشکەکەم و پێم ووتن بەیانی ڕۆژبۆوە دەڕۆم هەوڵدەدەم بچمەوە بۆ سلێمانی و لەوێ خۆم بشارمەوە تا بزانین چارەنووسمان بەچی دەگات. . . . !
- کاتژمێر ١١ی شەوبوو لەسەر جێگەکەم خەریک بووم بخەوم، گوێم لە ڕادیۆ گرتبوو، لە پڕ سەربان و حەوشی ماڵەکە پڕبوون لەچەکدار، من تفەنگم پێبوو، بەڵام تازە کار لەکار ترازابوو، ڕاستی ئەوەشم نە دەویست وەک خائینێک وێنەم بکێشن و ئابڕووم بچێت، هاتنە سەرم و منیش خۆم بە دەستەوە دا، لەگەڵیاندا چوم. هەر ئەو شەوە بردمیان بۆ دەربەندی "بێلولە" و لەوێ خستمیانە زیندانەوە. 
"ساڵح ڕەشاش" بەرپرسی ئەو زیندانەبوو، ڕێزی زۆری لێنام و نەی شاردەوە پێی ووتم کە فەرمانی گرتنەکەم نووسراوە یەکسەر بمگوێزنەوە بۆ"ڕایات". 
کوردستانپۆست: هیچ دەرفەتێکت دەست نەکەوت، هەوڵ بدەیت رابکەیت!؟ چونکە رایات ئەوەندە ناوێکی بەد بوو، کەم کەس لەو تەمەنەی تۆدا دەیتوانی شەر لەگەڵ ژیان و مردندا بکات، بەتایبەتیی بۆ گەنجێکی وەکو تۆ؟
- با، لەڕاستیدا حاکمی شۆڕش بەڕێکەوت لەوێ بوو گفتوگۆشمان کرد، چونکە خەڵکی سلێمانی بوو کەسوکارەکەمی دەناسی ناوی "محەمەدی وەستا ئەمین" حاکمی شۆڕش بوو، پێێ ووتم : ئەمە بۆ مێژوو باس دەکەم " گەر من توانیم لێرە ڕزگارت بکەم، تکات لێدەکەم بڕۆرەوە ببە بە جاش دژی ئەم گەوادانە، هەرچیت پێکرا دژیان بیکە، چونکە ئەمە بەس شۆڕش نییە. ئەو قسەیەی ئەم کەسە بۆ ئەو کاتە و بەو عەقلەوە، کەم کەس دەرکی پێکردبوو، زۆربەی کورد لەو کاتەدا بڕوای بە بارزانی و بەو شۆڕشە هەبوو، بەڵام ئەوانەی لە بیرکردنەوە وعەقڵی بارزانی و داواکارییەکانی وردبوایەتەوە، وەک دەڵێن بیری بکردایەتەوە دەیزانی ئەو شۆڕشە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات!
 دوای پێنج ڕۆژ مانەوەم لەگەڵ زیندانیەکی تر، بەناوی "محەمەد عومەر عەینەک" کە برای " نوری عومەرە و پێم وابێت لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، ئێمەیان گواستەوە بۆ" زیندانی ڕایات" بە یاوەری چوار چەکدار و بە جێبێک بردیانین تا گەیشتینە زیندانی ڕایات، چونکە لە زیندانی "بێلولە" هەموویان ناسیاوبوون هیچ ئازاریان نەدام، بگرە ڕێزیشیان لێگرتم، بەڵام لە ڕایات هەر دەرگایان لێکردینەوە کەسێک بەناوی"سدیق" کە خەڵکی دەشتی هەولێربوو جەلادێکی شەلاتی بوو، هەرکەس بهاتایە بە کێبڵ تا لەهۆش نەکەوتایە هەر لێێ دەدا، منیش هەروا پاش چەند دەژمێرێک بانگیان کردم.
سدیق ووتی لەسەر دەم بکەوە، توڕەبوو جوێنی دا جوێنی زۆر قێزەون، منیش ووتم: خۆمن بەعسی نیم!
ووتی جەلالی و بەعسی فەرقیان نییە، بەعسی لە ئێوە باشترن. 
دەزانیت ئەو ساڵەی کە جەلال تالەبانی ناموبارەک، چووە لای مەسعود، گوایە سەردانی حەمایل خانیشی کردبوو، ئەو کاتەی وتی: "من زۆر لەوە پەشیمانم کە لە بارزانی جودابومەوە". هەر ئەو کاتە ئەو ڕۆژەم بیرکەوتەوە کە سدیق جەلادەکەی ڕایات، پێی وتم فەرقی جەلالی و بەعسی نییە، لە دڵی خۆمدا وتم ئەگەر هەموو قسەکانت درۆ بووبن، ئەمەیانت راست بووە، بەڵام ئەوەی تەواو نەبوو، کە دەبوو بڵێت جەلالی و مەلایی و بەعسی هەموویان وەکو یەکن و جیاوازییان نییە، ئەوەتا مێژوو هەمووی پیشان داین و سەلماندی، بەڵی ئەو کاتەی جەلال تالەبانی ئەو ناماقوڵییەی کرد، من هەموو ئەوانەم هاتەوە بیر.
هەر ئەو رۆژە، کە کەوتمە بەدەستی ئەو جەلادە هێندەی لێدام هەموو گیانمی کردە خەڵتانی خوێن و برین. لەهۆش خۆم چووم، کاتێک هۆشم هاتەوە لەناو قەرەباڵغییەکی پڕوکێندا بووم لە ژوورێکی تاریک و بێ ئۆکسجین. 
کوردستانپۆست: دەتوانی تۆزێک باسی زیندانی رایاتمان بۆ بکەیت، بیرتان ماوە چۆن بوو؟
- زیندانی ڕایات بنکەیەکی پۆلیسی کۆن بوو، چۆن ئیستا دوای ڕاپەڕین و کاتی شەڕی ناوخۆ پارتی قەڵا گەورەکەی ئاکرێی کردە زیندانی، ئەوساش ئەو بنکەیەیان کردبوو بە زیندان، چوار ژووری هەبوو، ژوورەکانیش بەو ژمارانە ناسرابوون. ژووری ژمارە یەک لە سێ ژوورەکەی تر گەورەتربوو. هەروەها چەند ژوورێکی تایبەتیش هەبوون، کە بە ئینفرادیی ناسراوبوو، ئەو کەسانەیان دەخستە ئەو ژوورانەوە، کە لەلایەن فەرمانی مەلا مستەفا و کوڕەکانییەوە گیرابوون، یان تاوانی گەورە و تۆمەتی گەورەیان خستبوونە پاڵیان.. بە هەرحاڵ لەحەوشەکەشدا نانەواخانە، ژووری سەرجانەکان و ژووری بەناو پێشمەرگەکان و ژووری ئەشکەنجە، ژورێکیش بۆ بەڕێوبەر هەبوو.
"سەعید مەسیفی" بەرپرسی زیندانی رایات بوو، بەرپرسەکانی شۆڕش جارجار دەهاتن بۆلای و لە ژوورەکەیدا ئەو وێنەیەی مەلامستەفا هەڵواسرابوو، کە چای دەخواردەوە. ژووری زیندانییەکان نزیکەی ١٤ بۆ ١٥ کەسی تێدا بوو، لەگەڵ ڕیزێک ئاودەستی چڵکن و پیس، دیوارێکی بڵندیشیان بە قوڕ و بەرد هەڵچنیبوو، پێشمەرگەکان لەوێ بەتفەنگەوە ئێشکیان دەگرت. 
کوردستانپۆست: لەو سەردەمەدا بە زۆری ناوی رایات هاتووە، وەک زیندانییەکی ئەو سەردەمە، کە هیچ زیندانییەک باسی خپی نەگێڕاوەتەوە و وێنەیەکی تەواویی ناو ئەو زیاندانەی نەخستۆتە بەردەممان، لێرەدا دەپرسم ئەو ١١مانگەت چۆن لێگوزەرا؟ دەمانەوێت باسی (ژیان، نانخواردن، و کاتبەسەربردن و چالاکی و خۆشتن و شتی تر)، بەگشتی بۆ ئێوەی زیندانی ژیانتان لە ڕایات چۆن بوو؟
- وەک وتم بەڕێوبەری زیندانی رایات ناوی سەعید مەسیفی بوو، جەلادی رایاتیش ناوی سدیق بوو، وەک لە سەرەوە باسم کرد، ئەم جەلادە خەڵکی دەشتی هەولێربوو، ژمارەیەکی زۆریش بە شەو و ڕۆژ، ساردو گەرما، باران و بەفر، لەوێ ئێشکیان دەگرت، ئەوان بەردەوام چاودێریی ئێمەیان دەکرد. من فڕێ درامە ناو ژووی ژمارە چوارەوە، کە ژوورەکە (شەش بە چوار)مەترێک دەبوو، دەرگایەکی تەختەی ئەستوری هەبوو، کونێکی تێدابوو نزیکەی ٢٠ سم بوو، هەمووکاتێک لەو چوارکونەوە چاودێریان دەکردین. ژوورەکەی ئێمە نزیکەی ١١٠زیندانی تێدابوو، ڕاستیی بڵێم هەرکەسەمان یەک کاشی بەردەکەوت، کە پشووی تێدا بدات. بۆیە لات سەیر نەبێت، ئەم بێ ویژدانانە وایان لێکردبووین جێگا نەبوو، وەکو فەردە بەسەر یەکدا کەوتبوین، لەسەر یەکتر دەخەوتین.

دەتگوت ماسی ناو قتوین، بە زۆر ئاخنراوینەتە ئەم ژوورەوە. ژوورەکە دوو پەنجەرەی هەبوو، ئەوانیش بەکۆنکرێت گیرابوون تەنها کونێکی وەک لولە زۆپایان تێکردبوو، هەمووشەوێک زیاتر لە ٥٠کەس لەهۆش خۆی دەچوو، کە بەیانیان دەرگایان دەکردەوە نیوەمەیتیان بەزۆر دەردەکرد. بیرمە لە ژووری ئێمە کوڕێکی خەڵکی خانەقین مرد، نەخۆش بوو، کێشەی هەناسەدانی هەبوو، زۆریان لێدابوو.
باسی نان خواردنت کرد، رۆژانە تەنها برنجیان دەداینێ لەگەڵ دوونان، لەوە زیاتر هیچی ترنەبوو، تەنیا یەک ژەم خۆراکمان پێ دەدرا، سبەینایش زوو دەیانکردینە دەرەوە بۆسەر ئاو، هێندە بێڕەوشت بوون هەرچوار ژوورەکەیان بە یەکەوە دەکردە دەرەوە بۆ سەرئاو، زۆربەمان فریای هیچ نەدەکەوتین، تا ئاوێک بکەیت بەدەم و چاومانا، من ماوەی ١١مانگ خۆم نەشت، جل و بەرگم نەگۆڕی و ڕێگەشیان نەدا کەس و کارم ببینم، ئیتر من بەدرێژایی ئەو ماوەیە هیچ میوە و سەوزە و گۆشتم بەرچاو نەکەوت، کەسیش ڕێگەی نەدرا بێن و سەردانمان بکەن. 
لە ڕێگەی کەس و کارو براکانمەوە توانیان "ئەمین فارس" کە لێپرسراوی زیندانی خەلان بوو بێتە لام، چونکە کاتێک لە سەعید مەسیفی پرسیوو ووتبووی بۆی نییە کەس ببینێت. "ئەمین فارس" خۆی هات بۆلام، پارچەیەک جگەرە و ڕانێک گۆشتی هێنابوو، تۆ چەند تامت کرد منیش ئەوەندە، برا پێشمەرگەکان دوایی لێیان سەندم و بۆ خۆیان خواردیان.
"ئەمین فارس" بۆیە توانی من ببینێت و بێتە سەردانم، چونکە کاتی خۆی ئەو بەرپرسی زیندانی رایات بوو. 
کوردستانپۆست: ئەگەر یەکێک لە زیندانییەکان نەخۆش بکەوتایە چییان لێدەکردن؟!ئایا پزیشک سەردانی زیندانیان دەکرد؟
- تەنیا یەک جار پزیشک هات، ئەویش ئەوەندەیان لێدابووم، پشتم زۆر بریناربوو، کێم و خوێنی لیدەهاتە دەرێ، کاتێک دکتۆرەکە سەیری کرد، ووتی: هیچ نییە خۆی چاک دەبێت، دکتۆرەکە وتی: من دەرمانی پێشمەرگە نادەم بە زیندانیی، پێشمەرگە گیانی خۆی فیدا دەکات، تۆ گەنجیت بۆ خۆی چاک دەبێت، لەمەوە تێگەیشتم، کە هەرچی دەهات و سەردانی ڕایاتی دەکرد بۆ خۆی جەلادێک بوو، یان دەبووە جەلاد و پیشەکەی خۆی لە بیر دەچووەوە، چونکە ئێمەیان وەک مرۆڤ سەیر نەدەکرد! وایان دەزانی ئێمە خائینێکی زۆر مەزنین، لێرە دایان ناوین، تا بۆ خۆمان بمرین! مافی ژیانمان نییە و مانەوەشمان لەم زیندانە تەنیا بۆ ئەوەیە، کە ئەم دەروون نەخۆشانە بە دیتن دەنگی لێدان و ئازارەکانمان خەنی ببن، لە دواییشدا دێمە سەر ئەوەی، کە چۆن بەم عەقڵەیانەوە، لە ئاشبەتالەکەدا دەرگایان بۆ کردینەوە.
کوردستانپۆست: لە ژوورەکەتان ناوی کەست لە هاوڕێکانی زیندانت بیرماوە؟
- ڕاستی هەموویان نا، بەڵام ئەمانەم لە بیرە، وەکو " ئەنوەری کەریم فەنی ئابڵاخ، بەکر قازی ڕەحیم، عەبدولڕەحمان حەسەنی غوڵام، کە پوری ئەم پیاوە، خێزانی سابیری کوڕی مەلامستەفا بوو، عومەر شوانی، ئەفسەرێکی خەڵکی پێنجوێنیشم بیرە ناوی سابیربوو، دووپیاوی بەتەمەنیشمان لەگەڵدا بوو ناویان "حەمە ئاغای وەیس " خەڵکی هەڵەبجە بوو، لەگەڵ "عومەر شوانی" ئەم دووانە تەمەنیان نزیکی ٥٠ساڵێک دەبوو کابرایەکیش هەبوو ناوی "شێخ تەقێ بوو" زۆرجار پێش نوێژی دەکرد بۆ زیندانییەکان خەڵکی کەرکوک بوو. 
- "ڕەئوفی هەمزە بیبانی" چوار برا بوون، هەرچواریان لە ڕایەت زیندانی بوون، تەنها کاک ڕەئوف لای ئێمە بوو براکانی تری فەریق و نامیق و سدیق، لە ژورەکانی تربوون. ئەمانیش ماوەیەکی زۆر لەگەڵ تاڵەبانی دابوون و کەسی دیاربوون جەلالی بوون، لەسەر جەلالی گیرابوون. 
کوردستانپۆست: پێدەچی زیندانییەکان هەموویان سۆرانیی بووبێتن! ئایا کەسی بادینانیتان لەگەڵدا بوو؟ 
- لە ژوورەکەی ئێمە نا، بەڵام دوا جار فاخیر مێرگە سوری و خزمەکانی لەوێ لە زیندانی تاکە کەسیدابوون و دوایش لە کوشتارگاکە شەش حەوتێکیان لێ ڕەمی کردن.
- ئا بیرم کەوتەوە ڕۆژێک چوار زیندانی بارزانیان هێنا، کە دەستدرێژیان کردبووە سەر ئافرەتێک، زۆر بێ شەرم بوون، هەر جوێنیان دەدا و خۆیان بە کەسی نزیکی مەلا مستەفا دەزانی، دوای چوار ڕۆژ بەربوون، بەلام سدیق ترسنۆک بوو تەنیا هەر لێیان توڕە دە بوو، دەستی بۆ نەدەبردن و نەیدەوێرا وەک سۆرانییەکان لێیان بدات، وەک چۆن بە کێبڵ لە ئێمەی دەدا. 
کوردستانپۆست: ئەی عەرەب، یان کەسی غەریبەی تری لێنەبوو؟ کەست دی لەو زیندانیانە بمرد ن؟
- لە ژوورەکەی ئێمە ئەوەی بیرم بێت، کە مرد"عەبدولڕەحمان" خەڵکی قەڵادزێ بوو، شیوعی و سەر بە لیژنەی مەرکەزیی بوو، لە ژێر ئەشکەداندا کوشتیان، یادی بەخێر، ئەوان کاتێک ئەشکەنجەی زیندانییەکانیان دەدا ئێمەشیان دەبرد بۆ سەیر کردنی، بۆ ئەوەی ورە بەربدەین و لە ترساندا هەرەس بهێنین. لە ژوورەکەی ئێمە هەندێک شیوعیش زیندانی بوون لە گەڵماندا، بەلام ناویانم بیر ناکەوێتەوە. باسی عەرەبت کرد لە ژوورێکی دیکە تەنیا عەرەبێکی عەقیدی لێبوو ناوی "ئەبوو محەمەد "بوو، لە تەنیشت ژوورەکەی فاخیر مێرگەسوری.
 کوردستانپۆست: ئەی جاری تر بۆ ئەشکەنجەیان دایت یان بۆ لێپرسینەوە بانگیان کردییت؟
- دوای مانگێک عەسرێکی درەنگ، جارێکی تر بانگیان کردم بۆ لێپرسینەوە بۆ ژوورەکەی "سەعید مەسیفی" بەڕێوەبەری زیندان، سەیرم لێهات ناو حەوشەکە پڕبوو لە چەکداری بارزانی جامەدانی سور، کە بردمیانە ژوورەوە سەیرم کرد ژوورەکە پڕبوو. لەوانەی من ناسیمنەوە "مەسعود بارزانی، کەریم سنجاری، فرانسۆ حەریری، شەکیب، سەعید مەسیفی" هەموویان چەکیان پێ بوو دایان نام و ووتیان چا دەخۆیتەوە ؟
- (منیش ووتم): نا با بیرم نەکەوێتەوە، مەسعود بارزانی ووتی: من دەزانم تۆ بێتاوانی، بەڵام مەرجمان هەیە بۆ ئازاد بوونت.
ووتم: مەرجەکەتان چییە ؟
ووتی: پارە و چەکیشت پێدەدەین بڕۆرەوە بۆ سلێمانی کارێکمان بۆبکە. 
منیش ووتم : باشە قبوڵمە، چ کارێک بکەم ؟
فرانسۆ حەریری ووتی: دەبێت لە ناوشۆڕشدا کەفیلێکی بڕوا پێکراوت هەبێت، لە پێشدا ئەو کەفالەتت بکات. 
منیش ووتم: کەس ناناسم ئاوا منتمانەی پێبکەم و تا کەفالەتم بکات. 
شەکیب شتەکانی دەنووسی، ئێمە بیستبومان، کە شەکیب سەر بە ساواک و موسادە و دەنگ وا بڵاوبووبۆوە، ئەیانووت ئەو ڕاپۆرتانە بۆ ئەوێ ئامادە دەکات. 
دوای ئەو وەڵامەی من، ئیتر هیچیان نەوت منیش هیچی نوێم پێنەبوو بیڵێم، بردمیانەوە بۆ ژووری ژمارە چوار، بێ لێدان و ئەشکەنجە دان. ئەوە یەکەمین جارو دواجاربوو، ئیتر قسە یان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا نەکردم، دوایی تێگەیشتم دەیانوویست ناوی خەڵکێکیان پێ بڵێم تا چارەنوسی وەک منی لێبێت. 
دوای چەند ڕۆژێک دیسان دڕندانە، کەوتنەوە لێدانم و خەڵتانی خوێن کرامەوە هێندە کێبڵیان پیاکێشام و توانای هیچم نەما، ئەوە هەموو سەری مانگێک کە برینەکانی لەشم خەریکی ساڕێژ بوون دەبوون، دەیانبردمەوە بۆ لێدان و ئەشکەنجەیان دەدام، بێ ئەوەی پرسیارێکم لێبکەن.
جارێکیان بەر لە ڕۆژێک کە بمبەن بۆ ئەشکەندەدان، بەتەنها منیان برد بۆ سەیری لێدان و ئەشکەنجەی گەنجێک کە خەڵکی "گردی گۆ"ی لای هەڵەبجە بوو، ناوی "حەمەی مام خان " بوو، دوایش دووڕسێ ڕۆژ پێش ئاشبەتاڵەکە، شەهیدیان کرد. 
لە رایات ئەگەر هەر پرسیارێکت بکردایە، وەڵامەکان تەنها کێبڵ پیاکێشان بوو. 
کوردستانپۆست: لەزیندانی ڕایات، بیرت لەچی دەکردەوە ؟
- هەر کە بواری بیرکردنەوەم هەبوایە، ئەم ووت گەر "ئەحمەد حەسەن بەکر" شەریف بوایە، چەند ناپاڵمێکی دەدا بەم زیندانەدا و ڕۆحی ئێمە و جەلادەکانیشی دەکێشا، پاشان بیرم لەو کەسە نەفسنزمانە دەکردەوە، کە لە ترسنۆکی خۆیاندا ئاوا بەرخورد دەکەن و سیخوری بەسەر خەڵکانی ترەوە دەکەن، درۆ و بوختان بۆ هەڵدەبەستن. 
کوردستانپۆست: ئەگەر شتێکی تر هەیە حەز بکەیت بۆ مێژوو وەک یادگارێکی تاڵ بۆمان بگێڕیتەوە؟
- شت زۆرە، پێشمەرگەیەک هەبوو گیرابوو لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆیدا هێنابویان بۆ لای ئێمە، ئەو پیاوە مەردە ناوی "ئەنوەر" بوو لەگەڵ هاوڕێکەی ناوی "سنجار" بوو، لەبەر ئەوە گیراابوون، کەوا دەبینن یەک دوو بارزانی دەستدرێژی و لاقەی کچێک دەکەن، ئەمانیش نایکەنە نامەردی دەیانگرن هێندەیان لێدەدەن، دوایش چووک (زەکەری) هەردوو بارزانییەکە دەبڕن و بەریان دەدەن، هەر دوو بارزانییەکە دەچنە لای مەلامستەفا شکات دەکەن، مەلا مستەفاش فەرمان دەدات، ئەم دوو کوڕە دەگرن و هەردووکیان دەنێرن بۆ ڕایات، کاک ئەنوەر لە ژێر ئەشکەندەدا گیانی سپارد، کوڕێکی زۆر بەجەرگ بوو، هەرچییان لێکرد نەچووە ژێر بار، لە ژێر ئازار و لێداندا هاواری دەکرد و پێی دەوتن: شەرم ناکەن لە سەر ئەو بێناموسانە وامان لێدەکەن!؟ ئێمە شۆڕشمان کرد تا تاوان بکەین و تەحدا لە ناموسی خەڵک بکەین!؟ ئەو پیاوە کە دەتگوت شێرە شەهید بوو.
لەگەڵ گێرانەوەی ئەمەدا مام جوامێریش ئەوت جارێکی تر ئەنوەر لەبەر چاوی دارکاری دەکەن و چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک، جگەرەیەکی پێکرد و دەستی کردە بە مژینی و بە بای کرد. ئەمانەی کە بۆ دەگێڕاینەوە، هەستمان کرد پێویستی بە پشوودانە، بۆیە جێمهێشت بۆ دواهەمین پرسیار، ئەویش پرسیارکردن بوو لەسەر رزگاربوون و هاتنەدەرەوەی لە زیندانی رایات. 
 کوردستانپۆست: چۆن ئازاد کرایت ؟
- ئازاد کردنی چی. . . ؟ بڵێ کۆتاییەکەی چۆن بوو ؟ من ماوەی چەند ساڵێک زۆر کتێبم دەخوێنەوە، بەتایبەتی خەونامە و هەستم دەکرد دەتوانم خەو لێکبدەمەوە، بەپێکەنینەوە تەنیا لەو زیندانە رێگا درابوو ئەم کتێبە بخوێنیتەوە، نەیان دەهێشت هیچ کتێبێکی دیتە هەبێت! ئەویش خۆیان بۆیان دەهێنیان، نازانم مەبەستیان لەمە چیی بوو!؟. . . . . . هەفتەیەک پێش ئاشبەتاڵ من خەوێکم دی، خەوێک کە من لەم زیندانە دێمەدەرەوە، لەژوورەکە بۆ یەک دوو هاوڕێ خۆم باسکرد. 
دووشەو پێش ئاشبەتاڵەکە هەندێک خەڵکیان ئازادکرد، دوایی بەئەمری مەسعود بارزانی هێنایانەوە و لە کوشتارگاکە (قەسابخانەکە)، چەند کەسی بێتاوانیان گوللەباران کرد، ئەو بەیانییە کەس لە دەرگای نەدا، منیش بەردەوام لەپشتی دەرگاکە ڕادەکشام لەخۆمەوە هەڵسامە سەر پێی و سەیری کونەکەم کرد، کە بە کونی چاودێری دەمانناسی، کەسم لە حەوشەکە نەدی، بەهێواشی پاڵم نا بەدەرگاکەوە کرایەوە، بیرم کردەوە ڕەنگە ئەمە تاکتیک بێت تا تۆمەتی ڕاکردن بدەنە پاڵم و گوللەبارانم بکەن، تۆرێ وەستام هیچم گوێ لێنەبوو، چومە حەوشەکە سەیرم کرد ژوورەکانی تریش کڵۆم نەدراون، بەرەو دەرگای سەرەکی چووم، چەند چەکدارێک وەستابوون، دەرگای سەرەکی کرابووە، لە خەو دەچوو، لە ناکاوێکدا کوڕی سەعید مەسیفیم دی ناوی" بڵند". ئەم بڵندە دوایی بوو بە بڕواپێکراوی ئیستخباراتی عێراقی و لەگەڵیاندا کاری دەکرد، بردیانە هەولێر و لەوێ دادەنیشت. ئێستا گەر مابێت بەدڵنیاییەوە پاراستنە. ئەم بڵندە خوشکەزای سەعیدیشی لەگەڵدا بوو بە ناوی "ئازاد". ئازاد کە منی بینی ووتی : دەتوانی بڕۆیت ئەو منی دەناسی، دووبارەی کردەوە: دەڵێم : مەوەستەو بڕۆ و پرسیاریش مەکە. منیش چەند هەنگاوێکم نا بەرەو شەقامەکە، چاوەڕێم دەکرد لەدواوە گوللەبارانم بکەن و ڕزگارم بێت. هیچ نەبوو هەنگاوەکانم گەورەترکرد و گەیشتمە شەقامەکە. ووتم : وەک ئەوانی تر دەمکوژن، خەڵکم دی پاش کەمێک جێبێک هات، دەستم لێڕاگرت وەستا سواربووم ووتم دەچم بۆچۆمان، جێبێکی ستێشن بوو. بە کاکی شوفێرم ووت : ببورە ڕەنگە بتوانم ناسیاوێک لەچۆمان بدۆزمەوە، تا پارەی کرێکەت پێ بدەم. 
- کاکی شوفێر ووتی : لەو زیندانە نەفرەتیە بووی؟
- ووتم بەڵێ : ئەوەچی ڕووی داوە، شۆڕش سەرکەوت ؟ 
- کاکی شوفێر ووتی، سەرکەوتنی چی ئاشبەتاڵ بوو، هەمووشتێک تەواو، سەرکردەکانی کورد کلکیان کردە ناوگەڵیان و ڕایان کرد و میللەتیان جێهێشت، ئینجا دەستی کرد بە گیرفانییدا و ١٠٠تمەنیشی پێدام و لەچۆمان دایگرتم، ووتی بەختت هەبووە نەیانکوشتویت! دەزانی لەم ڕۆژانەدا چەند کەسیان لەو زیندانی ڕایاتە نەفرەتیە کوشت؟
- لە چۆمان وەک دێوانەیەک چاوم دەگێڕا بەدوای ناسیاوێک و برادەرێکدا دەگەڕام تا بزانم هەواڵی کەس و کارم، ڕێکەوت "عوسمان عەلی خەیات"ی هونەرمەندم بینی، باوشی پیادا کردم ووتی ماوی؟ ئەو دەیزانی لە ڕایات بووم و ووتی : بیستومە زۆرکەسیان بە ناهەق کوشتوە، ئیتر ووتی: دیسان ئەم تەرەسانە کوردیان فرۆشتەوە و خۆیان ڕایان کرد بۆ ئێران، سبەی دەچن بۆ ئەورپا و ئەمەریکا و چاوی میللەتیش دەربێت. هەر بە راستیی قسەکانی هاتە دی و واشی لێهات! ئەوسا هەواڵی براکانمی دامێ زانیم لە (سەردەشت)ن، ڕووی ئەوەم نەبوو داوای پارەی لێبکەم. دوایی چوومە لای "مستەفای میرزا حەسەن" کە چایخانەی هەبوو، ئەو پارەی دامێ جلەکانم گۆڕی، دوای ١١مانگ توانیم ئاوێک بەخۆمدا بکەم و پشیلەشۆرێکم کرد، ئەوسا بەڕێکەوتم بۆ حاجی هۆمەران و دوایش بۆ نەغەدە و مهاباد و دوای یەک دووشەو گەیشتمە برا و کەسەکەم لەسەردەشت و بڕیارمان دا کە بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی. 
 کوردستانپۆست : مام جوامێر سوپاس ماندومان کردی و ئەو هەموو ئازارەمان بیرهێنایتەوە. 
- منیش سوپاستان دەکەم کە بەسەرتان کردمەوە و ئاوا لەخەمی زیندووکردنەوەی مێژوودان کە تا ئیستاش بەغەدر مێژوو بە جوانی بۆ ئەمان دەنوسرێتەوە، هیوادارم ئەو تاوانانەی کە ئەمانە کردوویانە بەناوی شۆڕشەوە چاوپۆشی لێنەکرێت و باس بکرێت، ڕەنگە ئێمە نەتوانین هەموو ئەو تاوانبارانە دادگایی بکەین، بەڵام ناشبێت وەک پاڵەوان سەیربکرێن و ستایش بکرێن، هەرهیچ نەبێت بە گێڕانەوەی ئە رووداوە مێژوویانە بەر نەفرەتی مێژوو بکەون. منیش ئێوەم ماندووکرد سوپاس بۆ تێکۆشانتان، نمونەتان زیادبێت. شتێکی تر هەیە بیرم کەوتەوە کە کەسێک هەبوو لەسلێمانی بەرپرس بوو لەپاراستن ناوی "جەمال قاسم "ە نازانم ماوە یان نا، لەڕێگەی پاراستنەوە ئەم کەسە ملی دەیان کەسی شکاندوە. 
 پەیامنێری کوردستانپۆست / سلێمانی
تێبینی ١:
ئەو وێنانەی سەرەوە لە ئەرشیفەوە وەرگیراوە و پەیوەندییان بە زیندانی رایاتەوە نییە.
تێبینی ٢:
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە سایتی ١٧ی شوباتیش لای خۆی بڵاوکردەوە، ئەمانەی خوارەوەش سێ وێنەی زیندانی رایاتە کە ئەو سایتە بۆ یەکەمجار لەگەڵ بابەتەکەی ئێمەدا دایناوە، ئیستا زیندانی رایات دوای ئاشبەتاڵ کاولکراوە وا دەبینرێت.
ئەم بابەتانەی دیکەش لەسەر زیندانیەکانی پارتی و پاراستن بخوێنەرەوە