گەندەڵی بۆتە شێرپەنجەیەکی کوشندەی ئەم سەردەمە، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە، یا پارتییەکەوە دەسەڵات و پۆست و پایە گرنگ و باڵا و هەستیارەکانیان، لە بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان و خزمانیان قورخ کردوون و، دەستیان بەسەر ئابووری دارایی و کۆمپانییەکان و سەرچاوەی داهاتدا گرتوون، دایرە و دەزگاکانی حکوومەت لەژێر رکێف و کۆنترۆڵی خۆیان دایە و، دەسەڵاتیشیان کردووە بۆماوەی بنەماڵەیی و،هێزی چەکداری داپڵۆسین و سەرکوتکردنشیان هەیە .
گەندەڵی بە گەورەتری هۆکاری دواکەوتن و ستەم و چەوسانەوە و نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئیفلیجکردنی پێشکەوتن و گەشە نەکردنی ئابووری و پێشێلکردنی یاسا و دەستوور و، بە هۆکاری بێکاری و دزیکردن و بەرتیل و، بەفێڕۆدانی سامانی گەل دەزانرێت.
بێگومان گەورەترین هۆکاری گەندەڵیش ( بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا ) .. لە ئەمڕۆدا پۆستە باڵاکان و، پلە و پایەی هەستیاری دەسەڵات و، بەڕێوەبردن و بەرپرسێتی، لە باشووری کوردستاندا قورخکراون و، قسەکردن لەسەر گۆڕینی ئەو پایە و پۆستانە بە هێڵی سووری دەزانن . لە ئەمڕۆدا لە باشووری کوردستاندا، زۆرن ئەو کەسانەی کە لە دەسەڵاتدان، کاربەدەستن، وەزیرن، بەڕێوەبەرن، بەرپرسن، یا فەرمانبەرن، کە لە پۆست و پایە و لە شوێنە گرنگ و هەستیارییەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن دان .. زۆریان نەشیاو و نابەڵەد و بێتوانا و هیچ لەبارن، نە بەگراوند و ئەزموونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئیداری و بەڕیوەبردنیان هەیە .. نە پسپۆرن و نە شارەزا و لێهاتوو و سەرکەوتووشن لەو پۆستانەی کە وەریان گرتوون، بەشێکی زۆریان خاوەنی بڕوانامەیەکی باڵای پسپۆریشن نین کە شایەنی وەرگرتنی ئەو پۆستتانەبن .. کورد وتەنی هەندێکیان لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن .. شایەنی ئەو شوێن و پۆست و پایە هەستیار و باڵایانە نین کە وەریان گرتوون .. چونکە هیچ لەبار و بێ ئەزموونن، زۆر دوور و نابەڵدن لە پسپۆری پۆستەکانیانەوە . لەسەر بنەمای پرەنسیپی ( نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب ) دانەنراون .. زۆریان هاتوونەتە سەر حازری .. هەندێ لەو کاربەدەستانەمان کە پۆستی باڵایان پێ سپاردوون .. نەک رۆژی لە رۆژان تەنیا دوو تنۆک خوێن، بەڵکو تەنیا دوو دڵۆپ ئارەقیشیان بۆ کوردستان نەڕشتووە .. ئەمانە کە لە لایەن پارتە کوردستانییەکانەوە دانراون .. تەنانەت لە ناو خودی حیزبەکانی خۆشیاندا، خاوەنی بە بەگراوندێکی سیاسی و تێکۆشان و بەرخودانی نین و، لە سیاسەت و رێکخستنيشدا زۆر کۆڵەوار و نەزانن .. ئەمانە لەسەر بنەمای بۆماوەی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و ناوچەیی و مەحسووبیەت و مەنسسوبیەت و پاشکۆیی بەرزکراونەتەوە .. زۆریان پایە بە پایە بە پایەکانی پەیژەی رێکخستنی حیزبیدا سەرنەکەوتوون .. ئەمانە لە پڕێکدا کردیانن بە کوڕێک .. یەکسەر لە ئەندامێکەوە، بەبێ هەڵبژاردن گەیاندیانن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی .. بۆ ئەوەی بیانکەن بە وەزیر، یا لە پۆستی باڵای دەسەڵاتدا دایان بنێن، ئەمانە نەشیا و بێتوانان و بەسەرشانی کەسانێکی کەدا سەرکەوتوون و، لەسەر بنەمای هاوبەرژەوندی و، پشک پشکێنەی حیزبی پۆستیان پێداون .. یا هەندێکیشیان لەبەر ئەوەی کە ( خزمی خەزووری سەپانی ماڵی شێخن ) . دانانی کەسانی نەشیاو و بۆش لە شوێنی شیاودا تاوانێکی زۆر گەورەیە .. چونکە ئەمە پێشێلکردنی مافی کەسانی بە توانا و شایستە و شیاون .. کەسانی هەلپەرست و لارەمل و بەرژەوەندی پەرست زۆرن .. کە ماستاو بۆ کەسانی کاربەدەستی باڵا سارد دەکەنەوە و، بێشەرمانەش مامەحەییان لەبەر دەکەن و، پێڵاویان بۆ دادەنێن و، شانیان دەتەکێنن و هەڵیان دەنێن و پێیاندا هەڵدەدەن .. نەک هەرکەسانێک .. بەڵکو هەندێ لە راگەیاندن و میدیاکان و رۆژنامە و رۆژنامەنووسە بە کڕێگیراوەکانیش ـ لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمدا بۆ رۆژنامەنووسانی ئازاد و ئازا و بوێر ـ ئەو رۆژنامەنووسە هەلپەرست و و خۆپەرست و بەرژەوەندیپەرستانەش دەچنە ریزبەندی دەسەڵاتداران و بەرپەرسانی هەلپەرست و گەندەڵەوە .. ئەمانەنەش هۆکار و هاوکارن و، پشکیان لە گەندەڵیدا هەیە .. لە بارەی دەسەڵات و گەندەڵییەوە