دوو ڕۆژ پێش گرتنی شەنگال پارتی لە بەعاج لەگەڵ داعش کۆبوەتەوە

Saturday, 06/08/2016, 23:06

5423 بینراوە


ڕۆژنیوز - ئاوات هاوار / سەلاح خدر
لەگەڵ ڕاستهاتنی دووهەمین ساڵیادی ڕادەستکردنی شەنگال بە چەتەکانی داعش و کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان، نهێنی زیاتر لەسەر ئەو جینۆسایدە و فرۆشتنی شارەکە بەچەتەکان ئاشکرا دەبێت.
-------------------------------
یەک لەو هەشت کەسەی دوای هەڵهاتنی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە شەنگال و ڕادەستکردنی شارەکە بەداعش، بەرگری لە ئێزدیەکان کرد ژنە شەرڤانێک بووە بەناوی نەتەوی غەمگین.
نەتەوی غەمگین، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لەگەڵ حەوت هەڤاڵی گەریلادا لەیەکەمین چرکەساتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال تا گەیشتنی هێزەکانی گەریلا و شەرڤانان شەڕیان کردوە و هەزاران ئێزدیان لەچنگ داعش ڕزگارکردوە، ئەو زۆرێک لە نهێنی و پیلانە شارەوەکانی پشت ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا دەکات.
غەمگین دەڵێت: دوو ڕۆژ پێش هێرشی داعش بۆسەر شەنگال، سەربەست باپیر بەرپرسی لقی 17 ی پارتی لە شارۆچکەی بەعاج لەگەڵ چەتەکانی داعش کۆبونەوەی نهێنی کردبوو، کاتی هێرشی داعش پێشمەرگەکان پێانگوتین لەسەرەوە فەرمانمان بۆ هاتووە کە شەڕ نەکەین و بکشێینەوە، خەڵکی ئێزدی ڕێگەیان لە پێشمەرگەکانی پارتی گرت کە نەڕۆن، تاخەڵک ڕزگار دەبێت شەڕ بکەن، بەڵام پێشمەرگەکان تەقەیان لەخەڵکەکە کرد و چەند کەسیان کوشت، ئەوان چەکی قورسیان هەبوو بەڵام ئیرادەی شەڕیان نەبوو، ئێمە چەکی سوکمان پێ بوو بەئیرادەوە بەرگریمان لەخەڵکەکە کرد.
غەمگین باس لەوە دەکات کە تائێستا کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان لە کامپەکان بەتایبەت لەسەر ژنان بەردەوامە، ئەو هێزانەی ژنانی ئێزدیان بە داعش فرۆشت ئێستاش لەکامپەکاندا بازرگانی بەژنانی ئێزدیەوە دەکەن.
 
"پێش هێرشەکە ڕێکخستنی نهێنی داعش لەناو شەنگال درووست ببوون"
بەر لەوەی هێرشی داعش دەستپێبکات، دۆخی شەنگال چۆن بوو؟
غەمگین: داعش پاش ئەوەی کە کۆنتڕۆلی موسڵی گرتەدەست هێرشی کردە سەر تەلەعفەر و شەنگال، لە ڕێگای لە ڕێگای تەلەعفەریشەوە شەنگالی داگیرکرد، کاتێک کە هێرش کرایە سەر تەلەعفەر هەموو شیعەکانی ئەو شارۆچکەیە ڕوویان کردە شەنگال، مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٤ بوو، خەڵگی شەنگال هاوکاریان کردن، لەگەڵ ئەواندا هەندێک لە سوننەکانیش دەرباسی شەنگال ببوون کە لایەنگری داعش بوون، هەندێک لە سوننەکانی ناوخۆی شەنگالیش پێوەندیان لەگەڵ داعش هەبوو، یەکەم مەترسی بۆ سەر شەنگال کاتێک بوو کە تەلەعفەر کەوتە دەستی داعش، مەتەرسی تەنها لەدەرەوە نەبوو بەڵکوو لە ناوخۆدا هەندێک ڕێکخستنی نهێنی داعش لەو ماوەیەدا لەناو شەنگال پێکهاتبوون.
شەنگال لە هەموو لاوە گەمارۆ درابوو، تەنها لایەک مابوو کە ئەویش بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان دەڕۆشت، لایەکی شەنگال دەرگای بەغداد، لایەکی دەرگای تەلەعفەر بەرەو موسڵ  و لایەکی دیکەی ڕەبیعیە بەرەو دهۆکە، داعش ئەم سێ لایەی گرتبوو، تەنها لای بەرەو ڕۆژئاوا مابوو، شیعەکان لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە دەرباسی نەجەف کران، ئەوان بە ئێمەیان دەوت کە ئێمە دەبەنە نەجەف، ئەگەر ئەگەر هێرش بکەنە سەر شەنگال ئێوەی ئێزدی کە هیچ پشتیوانیەکتان نیە چی دەکەن؟.
(نەتەوی غەمگین)
 
هێرشی داعش بۆسەر شەنگال چۆن پێکهات؟
غەمگین: هەموو کەس پێیان وابوو کە مادام شەنگال هێزی پێشمەرگەی لێیە مەترسیەک لەسەر خەڵکی ئێزدی نیە، ئێزدیەکان خۆیان چەکیان هەبوو و دەیانتوانی خۆیان بپارێزن، خەڵک خۆیان ئەم چەکانەیان کڕیبوو، پارتی چەکی نەدابوونێ، لەلای سیبا شێخ خدر و گرزێرک هێرش کرایە سەر شەنگال، شەوەکەی هەواڵیان دا بە ئێمە کە شەنگالیان فرۆشتووە داعش هێرش دەکات، هەر ئەو شەوە هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی بەرەو دهۆک هەڵاتن، لقی 17 مابوو، سەربەست باپیر بەرپرسی لق بوو.
"سەربەست باپیر وەڵامی نەداینەوە، پاسەوانەکەی وتی لەسەرەوە فەرمانمان پێکراوە شەنگال چۆڵ بکەین"
تەنها خەڵکی مەدەنی لە شارەکە مابوونەوە، وتیان کاتژمێر ١٠:٠٠ هێرش دەکرێتە سەر شەنگال، خەڵک ئەو شەوە لە ناو ماڵەکاندا مانەوە، هەموو کەس ئامادە بوون بۆ شەڕ، کاتژمێر بوو بە ١٠:٠٠ هێرش نەکرا، بۆیە ئێمە وتمان با خۆمان بگەیەنینە دەرگای سیبا، باوەڕمان نەدەکرد کە لە لای سیباوە هێرش بکەن، پێمان وابوو لە تەلە عفەرەوە هێرش دەکەن، لە لایەکی دیکەوە دەمانزانی کە داعش هەموو لاکانی شاری گرتوە و دەتوانێت لە سێ لاوە هێرش بکا، دەستپێکی شەڕەکە لە گرزێرک بوو، کاتژمێر یەکی شەو داعش هێرشی کرد، بەهاوەن هێرش کرایە سەر سیبا شێخ خدر و تەل عوزێر و گرزێرک، تا کاتژمێر سێی شەو هاوەنیان هاویشتە ناو گوندەکانەوە، پاش ئەوە هێرشی پیادەییان کرد، بوو بە کاتژمێر پێنجی دەمەوبەیانی ئێمە نەماندەزانی چی بکەین، بینیمان شار خەریکە چۆڵ دەبێت، خەڵک ڕوویان کردبووە چیا، کاتێک ئێمە گەیشتینە لقی پارتی بینیمان هیچ کەسی تێدا نەماوە، سەربەست باپیر بە هەموو پێشمەرگەکانیەوە لقیان چۆڵ کردبوو، پێمان وابوو ڕۆشتوون بەرەو تەل عوزێر بۆ یارمەتی خەڵک، بەڵام بینیمان کە ڕوویان کردۆتە ناوچەی قەندیلی شەنگال، ئەو کات تێگەیشتین کە هەڵدێن، من و هەڤالێکی ژن ڕۆشتین بۆ لایان، پێمان وتن ڕامەکەن، شارەکە چۆڵ مەکەن، ئێوە دەبێت ئەم خەڵکە بپارێزن، چۆن ڕادەکەن؟ وەڵامیان نەداینەوە، بینیمان کە پۆلیسەکانیش خەریکن جلەکانیان دەگۆڕن و جلی مەدەنی لەبەر دەکەن، چەکەکانیان داناوە و هەڵدێن، ڕۆشتین بۆ لای خەڵک کە پێیان بڵێین پێویستە خۆمان بپارێزین، بینیمان سەربەست باپیر بەهەموو چەک و تەقەمەنیەکانەوە هات، بەو چەکانە دەیانتوانی تا بەغدادیش شەڕ بکەن، من لێم پرسی کە بۆچی دەڕۆن، سەربەست باپیر دیسان وەڵامێکی نەداوە، پاسەوانەکەی وەڵامی داویەوە، وتی ئێمە هێزی ئەوەمان نیە شەڕ لەگەڵ داعش بکەین و لە سەریشەوە فەرمانمان پێدراوە کە شار چۆڵ بکەین و بکشێینەوەم وتمان چۆن وا بە ئاسانی خەڵک جێ دەهێڵن، خەڵک بێ چەک چۆن دەتوانێت بەرامبەر بە داعش خۆی بپارێزێت، پێمانگوتن ئەگەر ئەمڕۆ شەنگال بکەوێ سبەینێ هەولێریش دەکەوێت، لەلایەکی دیکەوە تادەچوو داعش نزیکتر دەبوویەوە.
 
" ئێزدیەکان ڕێگەیان لە پشمەرگەکانی پارتی گرت، پێشمەرگە چەند ئێزدیان کوشت"
دەوترێت خەڵک بەریان بە پێشمەرگەکان گرتووە و داوایان لێکردوون هەڵنەیەن، بەڵام پێشمەرگەکانی پارتی تەقەیان لە خەڵک کردووە و یەک دوو کەس کوژراون، ئەمە ڕاستە ؟
غەمگین: من ئەوەم بە چاوی خۆم بینی کە خەڵکی ئێزدی بەریان بە ئۆتۆمبیلەکانی هێزەکانی پارتی گرت، تەنانەت ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەکان منداڵێکیان کرد بەژێرەوە و کوشتیان، لەو کاتەدا ئێمە نەمدازەنی چی ڕوودەدات، پێشمەرگە کە ئەرکی پاراستنی خەڵک بوو خۆی خەریک بوو خەڵکی دەکوشت، خەڵک دەیانویست ڕێگەیان لێبگرن نەڕۆن شەڕ بکەن تا ئەو خەڵکەی ماوە دەربازبێت، بەڵام گوێهان بەخەڵک نەدا و بەرەو زۆرئاوا لە بەرەی باکوری شەنگال نزیک بە هێڵی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆشتین، لە زۆرئاوا خەڵک بەردبارانیان کردبوون، وتبوویان کە یان نابێت بڕۆن یان دەبێ چەکەکان جێ بهێڵن، لەوێ پێشمەرگەکان تەقەیان لە خەڵکی ناڕازیی کرد و چەند ئێزدیەکیان کوشت بوو.
 
شەنگال چۆن کەوتە دەستی داعش؟
غەمگین: لە بەشێکی شار خەڵک فریا نەکەوتن خۆیان ڕزگار بکەن و ڕێکەون بەرەو چیا، بەشێکی دیکەی خەڵکی کۆچو لەماڵەکانیان مابوونەوە و نەڕۆشبوون، پێیان وابوو ئەگەر لەگەڵ داعش شەڕ نەکەن و ئاڵای سپی لە ماڵەکانیان هەڵواسن ناکوژرێن، خەڵک وایاندەزانی ئەگەر ئاشتیخوازانە هەڵسوکەوت بکەن چەتەکان نایانکوژن، ئەوانەشی ڕۆشتبوون بەر لەوەی بگەنە چیا لەلایەن چەتەکانەوە دەستگیر کران، لە باکوری شەنگالەوە وەک خانەسور و زۆرئاوا کەس نەگیرا چون داعش لەوێوە هێرشی نەکردبوو.
 
" هەشت کەس بووین پارتی سێ هەڤاڵمانی دەستگیرکرد"
ئێوە لەوێ چەند کەس بوون و چۆن بەرگریتان لەخەڵکەکە کرد؟
غەمگین: ئێمە تەنها چەکی کڵاشنکۆفمان پێ بوو، خەڵک دەیانوت ئێوە بە کڵاشینکۆف ناتوانن ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، ئێمە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکەکە دەستمان بە دروشم وتن کرد، دروشمی بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی گەریلامان دەوتەوە تا خەڵک باوەر بکات کە پەکەکە لێرەیە، لەوکاتەدا چەند گەنج لە دەوری ئێمە کۆبوونەوە، من و هەڤالەکەم ناچار جیا بوینەوە من سەردانی سەرەوە بکەم بینیم دۆشکایەک لەوێیە، کەسێکم بینی خەریکی خۆشکەکە بوو، پرسیم دەتەوێت بەم دۆشکایە چی بکەی، وتی فەرمان هاتووە کە ئەم چەکانە نەکەونە دەستی داعش و بیانشکێنین، بەڵام نەمانهێشت کەسێک لەوێ بوو شۆفیری دەزانی پێم وت لێخوڕە من چەند کەس دەناسم کە دەتوانن دۆشکە بەکاربێنن، ئەوکاتە شەش لە هەڤالانی گەریلای هەپەگەوە هاتبوون، هەڵبەت سەرەتا ئەوان ١٢ گەریلا بوون، لەو ١٢یە پارتی سێ گەریلای لەخانەسۆر دەستگیر کردبوو، ئەو هەڤالانە بۆ پاراستنی شەنگال هاتبوون بەڵام تەنها هەشت هەڤال توانیان خۆیان بگەیەننە ئێمە، پارتی دەیویست کە هەموو هەڤالان لەوێ دەستگیر بکات، چونکە پیلانی وابوو هەموو خەڵکی ئێزدی تەسلیمی داعش بکات، چوار هەڤاڵمان لە چل مێرای سەر چیای شەنگال بوون و دەیانتوانی دۆشکە بەکاربهێنن، دۆشکەکەمان گەیاندە لای ئەوان تا خەڵکەکەی پێ بپارێزین، خەڵک هەموو خەریک بوون بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدەهاتن، خەڵک دەیانوت هەموو کەس خەریکە لەبەر داعش هەڵدێت، پەکەکە بە چوار گەریلاوە چۆن لەگەڵ داعش شەڕ دەکات، هەڤال جان پۆلاد لەگەڵمان بوو خەڵکی کۆبانی بوو، دوای شەهید بوو، جان پۆلاد وێنەی سەرۆک ئاپۆ هەڵگرتبوو و دروشمی بژی سەرۆک ئاپۆی دەوت بۆ ئەوەی ورە بدات بەخەڵکەکە، دۆشکاکەمان دامەزراند، لەگەڵ ئەواندا بووین بە شەش هەڤاڵ، جگە لە بەرخۆداین ڕێگەی دیکە بۆ ئێمە نەبوو یا دەبوو بمردین یا ئەوەی سەربکەوین، ڕۆژی یەکەم شەڕمان کرد، ڕۆژی دوای ئەوە کاتژمێر ٥:٠٠ی بەرەبەیانی چەتەکانی داعش نزیک بوونەوە، بینیمان کە ئۆتۆمبێلی چەتەکان نزیک دەبنەوە، هاتبوون ئەو خەڵکەی بەرەو چیا دەچوون بیانگرن، لێماندان و پێنج ئۆتۆمبێلی داعشمان لەناو تێکشکاند، ئەو کاتە ورە و ئیرادە بۆ خەڵکی ئێزدی گەڕایەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان بەتەواوی سووتێندرا، لاشەی شەش چەتە و چەکەکانیان مان دەستکەوت، ئێزدیەکان لە دەورمان کۆبوونەوە و باوەڕیان بە پاراستنی خۆیان زیندوو بووەوە.
پێویست بوو هەموو کەس خۆی بپارێزێت، خەڵک بە بەرخۆدانی ئێمە ورەی بەرز بووەوە، لەسەر دۆشکا وێنەی ڕێبەر ئاپۆمان دانابوو، خەڵکی پرسیاریان دەکرد کە ئایا گەریلاکان هاتوو نەماندەوت تەنها شەش کەسین بۆ ئەوەی کە ئیرادە و هێزی خەڵک دانەبەزێت وتمان بەهەزاران هاتوون، تا ئەو کاتەی یەپەگە و یەپەژە گەریلاکان لە قەندیلەوە گەیشتنە لامان شەڕمان کرد، ٤٥٠ هەزار ئێزدی لەشەنگال هەبوون نزیک بە 200 هەزاریان لە چیا بوون و ئێمە ئەو خەڵکەمان پاراست، هەندێک لە خەڵکەکەمان بەرەو شەرفەدین و هەندێکی دیکە بەرەو سۆلاق برد.
 
" ژن و منداڵ و هەڤاڵێکمان لە بێ ئاوی خنکان و ژیانیان لەدەست دا"
ژمارەیەک لە ژن و منداڵی ئێزدی لە برسیەتی و توونیەتی گیانیان لەدەستداوە؟
غەمگین: لە لای قوبلەت و سوملاق تا چلمیرا زۆر کەس بە هۆی توونیەتی و بێ ئاوی گیانیان لە دەستدا، کەش و هەوا زۆر گەرم بوو و دەبوو پێنج کاتژمێر بەپێ بڕۆن تا دەگەنە چلمێرا، لە چلمێراش ئاو نەبوو، ئەوانەی بەو هۆیەوە ژیانیان لەدەستدا زۆربەیان ژنان و منداڵان بوون، هەتا لەناو ئەواندا هەڤال جەمال هەڤاڵێکی ئێمە بوو بەهۆی بێ ئاوی شەهید بوو، تەنها کانیەک هەبوو هەزاران کەس لەسەر ئەو کانیە بوون، کۆپتەر هات و ئاوی فڕی دەدا خوارێ، چەند کەسی دیکە بەهۆی خستنە خوارەوەی هاوکاری کۆپتەرەکان گیانیان لەدەستدا، چونکە هەرچی بەر بدرایەتەوە بەر خەڵک دەکەوت.
 
بۆچی پێشمەرگەکانی پارتی سەرەڕای ئەوەی کە چەکی گران و هێزیان هەبوو ئامادە نەبوون بەرگری لە شەنگال بکەن و شارەکەیان تەسلیمی داعش کرد؟
غەمگین: کاتێک پێشمەرگە ئیرادە و ئامانجێکی نەبێت، ئامانج تەنها بەرژەوەندی شەخسی بێت، چەک و هێزیشیان زۆربێت زۆر ڕوونە کە خەڵک ناپارێزن، ئەگەر ئەخلاق لە ئارادا نەبێت هیج شتێک سودی نیە، من بە چاوی خۆم بینیم پێشمەرگەکان بە چەکەکانیانەوە هەڵهاتن، ئێمە تەنها شەش کەس بووین بەس کڵاشینکۆفمان پێبوو بەڵام ئیرادەمان هەبوو، هێزێکی سەربازی کاتێک کاریگەری هەیە کە ئەخلاق و ویژدانی هەبێت.
 
" گومان لەسەر ئیتفاقی پارتی و داعش نییە "
دەنگۆی ئەوە هەیە کەبەر لەوەی داعش هێرش بکاتە سەر شەنگال پارتی ئاگاداری ئەم هێرشە بووە، دەوترێت ڕێککەوتنێک لە ئارادا بووە کە پارتی بێ شەڕ شەنگال تەسلیمی داعش بکات ئەمە تاچەند ڕاستە؟
غەمگین: گومان لەسەر ئیتفاقی داعش و پارتی نیە، خەڵک بینی بەرلەهێرشی داعش سەربەست باپیر و هێزەکانی چۆن هەڵهاتن، بۆیە خەڵک دەیانزانی بۆچی پارتی لەگەڵ داعش شەڕ ناکات؟ واتە بەر لە هێرشەکە هەموو شت ڕوون بوو، دوو ڕۆژ بەر لە هێرشەکە سەربەست باپیر بەرپرسی لقی 17 ی پارتی لە بەعاج لەگەڵ داعش کۆببوەوە، پاسەوانێکی سەربەست باپیر ئێزدی بوو بۆ ئێمەی گێڕایەوە کاتێک کە سەربەست چووە بۆ بەعاج بۆ کۆبونەوە لەگەڵ داعش ئەوی لەگەڵ خۆیدان نەبردوە چونکە ئەو ئێزدی بووە، تا نەزانن ئەوان چۆن شەنگالیان بەداعش فرۆشتووە، چون دەیانویست خۆیان وەک قارەمان نیشان بدەن، پارتی شەنگالی بەخەڵکی ئێزدیەوە بەهەرزان بەداعش فرۆشت.

پاش ڕزگاربوونی شەنگال چ گۆڕانکاریەک بە سەر چارەنووسی خەڵکی ئێزدی هات؟ ئێستا چ هیوایەک هەیە بۆ خەڵک؟ ئەنجومەنەکان چۆن بەڕێوە دەچن؟ ئەم برینە مێژووییە چۆن سارێژ دەبێت؟
غەمگین: بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەبێت ئەوە بڵێم کە حکومەتی ناوەندی و پارتی بەرپرسیاری هەموو ئەو کارەساتانەن کە بەسەر خەڵکی ئێزدی هات، پاش ئەو کۆمەڵکوژییە، دەبێت بیرلەوە بکەینەوە کە چۆن نەهێڵین جارێکی دیکە ئەوە دووبارە نەبێتەوە، بە تایبەت بۆ ئێزدی ئەمە زۆر پێویستە، ئەوان نابێت ڕێگا بدەن کۆمەڵکوژی ٧٤هەمین لەسەریان ڕووبداتەوە، یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) ئێستا گەورەترین هیوای خەڵکی ئێزدیە و دەتوانێت بیانپارێزێت، یەکی دیکە لە هیواکان ئەنجومەنی خەڵکی ئێزدیە، ئێستا پارتی دیموکراتی ئازادی خەڵکی ئێزدیەکان هەیە، خەڵک بەمانە دەتوانن خاوەن ئیرادەی خۆیان و سەربەخۆ بن، هەمیشە بە هیوای هێزەکانی دەرەوە بوون بیانپارێزێن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوان هەمیشە هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکی ئێزدی، مێژووی خەڵکی ئێزدی پڕ لە بەرخۆدانە و دەتوانن بە پاڵپشتی ئەم مێژووە خۆیان بپارێزن.
 
" ئەوانەی ژنانی ئێزدیان تەسلیمی داعش کرد ئێستاش بازرگانی بەژنانی ئێزدیەوە دەکەن "
ئێستاش سیاسەتێکی بازرگانی لەسەر خەڵکی ڕزگارکراوی شەنگال دەبینرێت، ئێوە ئەم سیاسەتانە چۆن دەبینن؟
غەمگین: قوربانیانی شەنگال دوو دەستەن، یەک ئەوانەی کە کەوتنە دەستی چەتەکانەوە و دوو ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان لە کامپەکانن، ئەو سیاسەتەی لە کامپەکاندا لە سەر خەڵکی ئێزدی ئەنجام دەدرێت هیچی لە کوشتارەکەی داعش جیاوازتر نییە، بەڕای ئێمە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئێزدی تەواو نەبووە و تائێستا لە کامپەکاندا بەردەوامە، بەتایبەت ئەو سیاسەتانەی کە لەسەر ژنان لە کامپەکان بەڕێوەدەچێت، ئەو هێزانەی ژنەکانیان بە داعش فرۆشت و ئێستاش بازرگانیان پێوە دەکەن، بازاڕێکی گەورەیان بە ژنانی ئێزدیەوە درووست کردووە، نەک تەنها ژنانی ئێزدی، بەڵکو لە هەموو هەرێمی کوردستان مامەڵە بەژنانەوە دەکرێت، بەڵام ئەمە لەبەرامبەر ژنانی ئێزدی توندوتیژترە بۆ ئەوەی ئیرادەی ژنانی ئێزدی بشکێنن، ژنانی ئێزدی دەنێرن بۆ ئەوروپا و لە بەرامبەریدا پارە وەردەگرن، هەندێکی دیکە بەناوی ئازادکردنی ژنانی ئێزدی لە دەستی داعش پارە وەردەگرن و بازرگانی دەکەن، نادیا موراد لە دەستی داعش ڕزگار بووە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە بەرچاوی کوژراون، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەنها بەپارە و خەڵات ڕێزی لێدەگرن، ئەگەر ڕاست دەکەن و دەیانهەوێت خەڵات بدەن بە ژنانی ئێزدی، بابێن بۆ ڕزگاری ژنانی دەستی داعش شەڕ بکەن، ئەوە گەورەترین خەڵاتە بۆ ژنانی ئێزدی، ئەگەر ڕاست دەکەن با ژنانی ئێزدی بگەڕێننەوە سەر خاک و نیشتمانی خۆیان و لێیانگەڕێن بەئازادی بژین، بە ئازادی کار و خەبات بکەن و بەشداری سیاسەت بکەن، دەبێ ژنانی ئێزدی و هەموو ژنانی کورد لەبەرامبەر ئەو بازرگانیەی بە ژنانەوە دەکرێت تێبکۆشن، ئەگەر ژنانی ئێزەدی دووبارە دڵیان بە هێزەکانی پێشمەرگە خۆش بکەن و پشت بە پیاوان ببەستن یا ڕوو بکەنە مێرد و شێخەکان، بۆ هەتاهەتایە هەر بەم شێوەیە دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە