به‌هۆی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچێكی باوه‌ژن مه‌سیحیه‌وه‌ هه‌وڵیاندا بیكوژن

Sunday, 08.14.2016, 19:53

2082 بینراوە


زۆرن ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی مرۆڤ له‌ كاتی بیستنیاندا توشی بێ ئومێدی و ره‌شبینیه‌كی ته‌واو ده‌بێت و راستی عه‌قڵیه‌ت و تێگه‌یشتنی چه‌ند كه‌س و لایه‌نێكی سیاسی ئایدۆلۆژی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌زۆر خه‌ڵك ناچار بكه‌ن كه‌ وه‌ك ئه‌وان بیر بكه‌نه‌وه‌ و كه‌ وانه‌بن، ئه‌وا مردن چاره‌نوسیانه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌ندامانی خێزانێك بكه‌نه‌ دژی یه‌كترو كێشه‌و ئاڵۆزی بخه‌نه‌ نێوانیانه‌وه‌. به‌رچاوترین نمونه‌ راوه‌دونان و هه‌وڵی كوشتنی هاوڵاتیه‌كی شاری رانیه‌یه‌ به‌ناوی مۆفه‌ق. ر. ق، له شاری رانیه‌ له‌لایه‌ن برا گه‌وره‌كه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ باڵێكی توندڕه‌وی هێزێكی ئیسلامیه‌ و شۆفێری به‌رپرسێكی باڵایه‌، ئه‌مه‌ش كاتێك روو ده‌دات كه‌ خه‌زوری م، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی مه‌سیحی ئه‌نجام ده‌دات و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا هاوسه‌ری یه‌كه‌می له‌ ژیاندا نامێنێ و كۆچی دوایی ده‌كات، بۆیه‌ براكه‌ی م رازی نابێت به‌ هاوسه‌گیری براكه‌ی وكچی ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ ژنی دووه‌می مه‌سیحیه‌، به‌ڵام م هه‌ر سوور ده‌بێت له‌سه‌ر هاوسه‌رگیریه‌كه‌و ئه‌نجامی ده‌دات، پاش چه‌ند ساڵێك له‌ هه‌وڵدانی بێ ئاكام، براكه‌ی م به‌ هاوكاری چه‌ند ئه‌ندامێكی حزبه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ماڵی م و هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات هاوسه‌رگیریه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات ده‌یكوژن، به‌ڵام ئه‌و ئاماده‌ نابێت له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ببێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ یه‌كێك له‌ شه‌وانی مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی 2015 براكه‌ی م و چه‌ند كه‌سێك به‌ چه‌كه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وان له‌ ماڵ نابن ، چه‌ندین ده‌سڕیژ له‌ ماڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و خۆیان هه‌ڵده‌گرن شه‌وانی تر بێنه‌وه‌ بۆ كوشتنی م و هاوسه‌رو منداڵه‌كانی، بۆیه‌ له‌ ترسی گیانی خۆیان سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و شاری رانیه‌ به‌جێده‌هێڵن، ئێستاش كه‌س سۆراغیان نازانێ.
هێمن ئەمین