لێژنە بۆچی؟!

Wednesday, 17/08/2016, 23:06

2825 بینراوە


دروستكردنی لیژنە بۆ دەرخستنی ڕاستیەكان و بەدواداچون بۆ كەیس و دۆسیە جۆراو جۆرەكان لە باشوری كوردستاندا ، ئەوەندە بێ بەها بووە هیچ هاوڵاتیەك متمانەی پێی نەماوە، چونكە تائێستا هیچ لیژنەیە دەرئەنجامێكی باشی لە بەرژەوەندی كەسانی ستەم لێكراونەخستۆتە بەرچاو كە جێگەی دڵخۆشی بێت و متمانە بۆ خەڵك بگەڕێنێتەوە، خۆئەگەر لیژنەكە بۆ كەیسی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنوسان یان هەر هاوڵاتیەك پێكهاتبێت، بەدڵنیایەوە هیچ ئەنجامێكی نەبووەو لە ئایندەشدا نایبێت،
 ئاشكرایە تیرۆركردنی پێنج ڕۆژنامەنوس جگە لە كەسانی تر لە هەرێمی كوردستاندا ئەوەمان پێدەڵێت كە هەركەیسێكیان بە لیژنەسپاردبێت بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی ڕاستیەكان، ئەوە بێگومان ڕاستیەكان سەروبن كراوە و بەئاشكراو بێباكانە  ون دەكرێت و دیزە بەدەرخۆنە دەكرێت، جێگەی داخە تەواوی لیژنەكانی ڕابردوو ئەوەندەی بە دوای میكانیزمی وەن كردن و بەلاڕێدابردنی كەسەكەوەبونە نەك كەمتر بەڵكو بەهیچ شێوەیەك بەدوای ئاشكراكردنی ڕاستیەكانەوە نەبون و كاریان بۆ دەرخستنی ڕاستیەكان نەكردووە، 
بۆیە خەڵك گەیشتووە بەو باوەڕەی هەر كەیسێك لیژنەی بۆ دروستبكرێت و هەواڵەی لایەنی پەیوەندی داربكرێت ، دەبێت چاوەڕوانی سیناریویەكی گاڵتەجاڕانەبین نەك بەسزا گەیاندنی تاوانباران،
 تاوانێك بەڕۆژی ڕوناك ئەنجام بدرێت و زۆر بێباكانە بەبەرچاوی خەڵكەوە مرۆڤ بڕفێنرێت و بەشێوەیەكی هۆڤانە شەهید بكرێت ، باسكردنی لێژنە واتای چیە? لەوەش تراژیدی كۆمیدی تر ئەوەی هەمیشە بەرلەوەی ئەو لیژنەیەی دروستیان كردووە شتێك بڵێت لابەلا تۆمەتێك فڕێدەدەنە ناو ڕاگەیاندنەكانەوە و ڕاستی بەجۆرێك دەشێوێنن كە هەرگێز چاوەڕوانی شێكی بەو شێوەیە نەكراوە، لە كاتێكی وادا خەڵكی كوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەكی ترسناكدایە ، ناكرێت مرۆڤ بیرو ڕای جیاوازی هەبێت و مل كەچی پەسەند نەكات ژیانی بكەوێتە مەترسیەوە، 
خەبات و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بو بە ئازادی و دیموكراسی ومافی مرۆڤ، قوربانی نەدراوە بۆ ئەوەی جەلادەكانی دیكتاتۆری عەرەبی وەلا نرێت و بكوژی دیكتاتۆری كوردی لە شوێنی قوت بكرێتەوە، هیزی دەژەئازادی پێویستە ئەوە بزانێت گەل جیاوازی لە نێوان دیكتاتۆرەكاندا ناكات، تیرۆریست بە هەر زمانێك بدوێ هەر پۆشاكێك لەبەربكات لە هەر وڵاتێكدا بژێت جیاوازی نیە، هەروەك هەمو ئازادیخوازێك هەر تینوی ئازادیەو بۆ ئازادی بەرخۆدان دەكات، ئیتر بەسە شاردنەوەی ڕاستیەكان و كوشتنی دەنگی ئازادی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە