قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بی، وەک بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەرەبی بێت

Thursday, 25/08/2016, 0:48

7068 بینراوە


قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بی
وەک بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەرەبی بێت
جارو بار، هەندێک نوسەر و ئەنتەلەکتوێلی کورد وەها باسی ئیسلام دەکەن کە گوایە ئەم دینە بێ تاوانەو ئەوە مرۆڤە کە ئەو دینە بە خراپ بەکار دەهێنێت. ئەم جۆرە بیر کردنەوانە ئەگەر بۆ مەبەستێکی بازرگانی وسیاسی نەبن ، ئەوا جێگای سەرسوڕمانەو پرسیار لەخۆمان دەکەین کە ئایا ئەمانە کوێرن یان بێ ئاگا ، دە ئەوەندەش کارەساتە کە ئەو نوسەرانە لە وڵاتی ئەنفالدا ژیان بەسەربەرن. ئەگەر ئەم جۆرە هەڵوێستانەش لەئەوروپا هەبن ئەوا بەهەمان ئامانج و مەبەست نین، بەتایبەتی لای  چەپە سەرپەلەکان لە ئەوروپا بۆتە مۆد، لەگەڵ ئەوەشدا کە  چەپەکان لە مێژودا هەرگیز  پشتگیریان لە هیچ دینێک نەکردوە، بەڵام وادیارە بۆ ئەوان جۆرێک بێت لە بەرگری کردن لە کەمایەتیەکان، کە ئیسلام لە ئەوروپا یەکێکە لەوانە، هەروەها هەستی خۆخەتابارکردن لەلای تاکی ئەوروپی کە دیاردەیەکە لەدەرئەنجامی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی، لە ناخی زۆر تاکی ئەوروپیدا سەریهەڵداوە.
 لە سەرێکی ترەوە، ئەوروپیەکان؛ پیاوانی سیاسی و دینی، هەمیشە ئیسلام  وا ناو دەبەن کە دینێکی ئاشتی و دڵفراوانە، وەک ئەوەی کە نەیانەوێت باسی ڕاستیەک بکەنو پەردە پۆشی بۆ بکەن، بەم بۆنەیەشەوە بەشکم موسڵمانانی وڵاتەکەیان بە ئاراستەیەکی تردا بەرن، بێگومان ئەمەش لەبەرئەوەی کە چارەسەری تریان نیە جگە لە نواندنی نەرمی نەبێت، چونکێ ژمارەیەکی زۆری موسڵمانان لەسەر خاکەکەیان دەژینو  نایانەویت موشکیلەکە گەورەتر بکەن، کە ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانی داعش و سەلەفیەکان کە نابێت بێتەدی. یان بەڵگە دەهێننەوە کە گوایە دینەکانی تریش ئەگرێسیڤنو وشەی نەشیاو هەن لە پەرتوکوکانیاندا بە بێ ئەوەی نمونەیەک بهێننەوە. خۆ داننان بەو ڕاستیەی کە لە دینی ئیسلامدا ئەگرێسیڤێتی هەیە، بەسە بۆئەوەی کە ڕێگە بەخۆمان نەدەین کە ئەو دینە بە دینی ئاشتی و تۆلێرەنس ناوبەرین.
وە ئەگەر لە دینەکانی تردا کە گوایە لە بایبڵیشدا ئەگرێسیڤێتی هەیە کە هەرگیز بەراورد ناکرێت لەگەڵ قورعانو ژیانی محەمەدا،  جیاوازیەکەش ئەوەیە کە تێکستی بایبڵ بۆ عیسا نەهاتۆتە خوارەوە بەڵکو کۆمەڵێک چیرۆکو ئەستۆرەی کۆننو بونەتە بەسەرهاتی پۆپیولەر، بۆیە هەمو دینەکان قبوڵیان کردوە، بە پێچەوانەی قورعانەوە کە  دەقاو دەقو ڕۆژ بەڕۆژ بە پێی پێویستی سیاسەتی محـەمەد  هاتۆتە خوارەوە بۆ محەمەد خۆی.
ئەم چیاوازیەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هەڵسوکەتو بیرکردنەوەی مرۆڤێکی موسڵمان زۆر جیاواز بێت لە مرۆڤێکی مەسیحی. بۆیە تاکی مەسیحی هەرگیز نەتوانێت لە کەسێکی موسڵمان تێ بگات، ئەگەریش هەردوکیان لە هەمان ڕەچەڵەکی ئۆمۆساپیان بن بەلام وادیارە دینەکەیان دوجۆرە مرۆڤی جیاوازی خولقاندوە، ئەمەش پەیوەستە بە  ژیانی محمەدو عیساوە، چونکە ئەگەرلە  بایبڵدا هەندێک قسەی ناڕەوا وترابێت کەهەرگیز ناتوانین بەراوردی بکەین لەگەڵ سورەتە ئەگریسیڤیەکانی ناو قورعان، ئەوا ژیانو هەڵسو کەوتی  خودی خۆی؛ عیسا بەسەر خاچێکەوە کە هیمای خۆبەقوربانیکردنە بۆ خۆشەویستی مرۆڤایەتی، لەناخی هەمو مرۆڤێکی کەڵچەری مەسیحیدا خۆی چەسپاندوە، بەپێجەوانەوەشەوە  ڕێنمایەکانی محەمەد و جۆری ژیانی دورە لە مرۆڤێک کە بەدوای حەقیقەتا وێل بوبێت، هەمیشە بیری خۆی بە زەبری شمشێر و هەڕەشە سەپاندوە، هانی موسڵمانانیش دەدات هەمان هەڵسوکەوتیان هەبێتو خۆیان بکەن بە قوربانی لەو پێناوەدا و پاداشتەکەشی  حەفتا حۆریە لە بەهەشت .
لە سەدەکانی ناوەڕاستا، پیاوانی مەسیحی ؛ ئەوپیاوە مەسیحیانەی کە زۆر بە پەرۆشەوە دینەکەیان پەیڕەوی دەکرد، جۆرێک لە تێکەڵاوێکی کیمیاوی بە خەردەلەوە، لە ژێر جلەکانینەوە  لەسەر سنگیان دادەنا، هەتاوەکو بە بەردەوامی لە ئەشکەنجەدا بژین، بەشکو ئەو ئەشکەنجە بەدەنیە هاندەر بێت بۆئەوەی جارێکی تر لە ڕۆحی عیسادا بژیێنەوە، ڕۆحی عیساش مانای؛  ئەشکەنجە وەک هەوێنێک بۆ بەدەستهێنانی  تێروانینێکی مرۆڤدۆستانە بۆ دەوروبەرەکەیان .
  سەلمێندراوە و بەڵگە نەویستە کە مرۆڤ هەمیشە لە ئازارو ئەشکەنجەدا بیرکردنەوەیەکی قوڵی دەبێت و بەهایەک دەدات بە خۆشەیستی بۆ دەوروبەرەکەی،  وەک ئەوەی بیرکردنەوە لەکاتی ئەنشکەنجەی دەرونیدا، لەسەرچاوەیەکی  پیرۆزەوە هەڵەنجێت.
 بە رێکەوت نیە کە لە زمانی فەرەنسیدا، وشەی دۆزینەوە و وشەی ئەشکەنجەدان،  هەمان سەرچاوەن ؛ ئازاری کەسێک دەدەین لە بەندیخانە هەتاوەکو ڕاستی رواداوەکانمان بۆ بدرکێنێت. بەهەمان شیوە بە خۆمدا ئەچمەوە و شەو نخونی دەکەم، ژیانی خۆم تەرخان دەکەم لە بوارێکدا هەتاوەکو شتكێی نوێ، داهێنانێک، لە بوارێکدا بکەم، لەهەردو حاڵەتەکەدا بۆ درکاندنی ڕاستیەک، بە ئەشکەنجەدا تێ دەپەڕین. وەک چۆن ئاو لە دۆخی شلیەوە بۆئەوەی ببێت بەهەڵم بە دۆخێکی نالەباردا تێپەڕدەبێت ئەویش گەرمبونیەتی بە پلەیەکی بەرز کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی سچركتەری مۆلیکولەکان، مرۆڤیش بەهەمان شیوە.
ئەم دیاردانە لە کەڵچەری مەسیحیدا بەربلاوە، بە دیندار و بێ دینەوە ئاشنان پیی، لەبەرئەوەی دینی مەسیحی بە وێنەی عیسا و عیسا خۆی لە سەر خاچ  ئەوەی بۆ ڕەخساندون. کەواتە تێپەڕبون بە ئێسپاسێکی فکری قوڵدا  بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی پیرۆز.
وە ئەگەریش ئەوروپایەکان لە ڕابوردودا  دینی مەسیحی بەکار هێناوە بۆ ئامانجی سیاسی خۆیانو داگیرکردنی وڵاتان،  ئەمە نە بەرنامە ی دینەکەیانە و نەدەقێکە نوسرابێتەوە و نە ڕێنمایەکی عیسایە، بۆیە فرانسوا داسیس ڕوی دەمی کردە مەسیحیەکانو وتی ؛
ئێوە ئەی مەسیحیەکان، بۆتان هەیە شەڕبکەن بەناوی کێوە دەتانەوێت، بەلام بۆتان نیە بەناوی عیساوە شەڕ بکەن .  بەڵام ناتوانین هەمان داوا لە موسڵمانان بکەین، لەبەر ئەوەی  محەمەد خۆی لەژیانیدا ئەمە پیشەی بوە و خاوەنی سورەتی ئەنفالو چەندەها سورەتی ئەگرێسیڤە و پێشڕەوی لەشکرەکەی کردوە بە شمشێرەوە، بۆیەش  هەتاوەکو ئەم ساتە هیچ ڕێکخراوێکی ئیسلامی، داعش و تێرۆریزمی ئیسلامییان تاوانبار نەکردوە لەبەرئەوەی پێجەوانەی قورعانو ڕێنمایەکانی پێغەمبەر نین. هەر  بۆیەش دەتوانرێت مەسیحیەکان بخەینەوە سەر ڕێگەی راستی مەسیح بەلام ناتوانین ڕێڕەوی موسڵمانان بگۆڕین.
کەواتە ئەم ئەشکەنجەیەی کەدەمان بات بەرەو ڕۆحی مەسیح کە خۆشەویستیە بۆ مرۆڤایەتی، بەهەمان شێوە عیسا وەک هاوەلێکو  ڕێ پیشاندەرێک لەم تەنیایەدا و هەر عیسا خۆشی  ئامانجێکە بۆ ئەم سەرکێشیە کە گەرانە بە دوای  حەقیقەتدا.
بۆیە لە سایکۆلۆژی هەموو تاکێک لە کەڵچەری مەسیحیدا،  لەوسەری  ڕێگاکەوە عیسا دەبینێت . هەرچەندە گوێم لە هەندێک ئەوروپی بەتایبەتی هونەرمەندەکان  بوە  کە  بێزاریان دەربڕیوە لەم ڕوەوە کە گوایە تەنها  ئەوەیە چارەنوسیان،  بێ شک ئەمە باسێکی ترە.
ئەگەر ئەم دو دینە کورتبکەینەوە لە دو رستەدا، ئەوا ئیسلام  بریتیە لە چیبەجێکردنی چەند ڕیتوێلێک، ، بۆ سەپاندی قانونیکی خوایی هەتاوەک و بە بەختیاری بژین کە هیچیان یارمەتیدەر نین بۆ قوڵبونەوە و بیرکردنەوە، پاداشتەکەی حەفتا حۆری و بەهەشتە. ئاینی مەسیحیش پێمان دەڵیت کە دەبێت بە رۆحی عیسادا تیپەربین کە ئازار و ئەشکەنجەیە بۆ گەیشتن بە راستی ئەویش خۆشەویستیە بۆ مرۆڤایەتی. 
ئەم دو جۆڕە تێڕوانینە  کاریگەریەکی بێهاوتایان هەیە لەسەر تاکی داهێنەر کە لەخوارەو باسی دەکەین.
***
دوجۆر باوەڕدارمان هەس ؛ ئەو کەسەی کە لە کەڵچەرێکی دینیدا لە دایکبوە و ئۆتۆماتیکی دیندارە، بەبێ ئەوەی ڕۆژێک دینەکەی بداتە بەر پرسیار، یان ئەو کەسەی کە لە دەرئەنجامی گێژاوێکی فکریدا، لەبەر ئەوەی کە کەڵچەرەکەی یان ئاستی ڕۆشنبیری هیچ ئەلتێرناتیڤێکی تری پێ نابەخشیت، دەرئەنجام  خۆی دەبەستێتەوە  بە دینێکەوە وەک چارەسەرو وەلامێک بەدوای پرسیارەکانی، ئێمە لێرەدا باسی ئەو کەسەدەکەین کە پەنا دەباتە بەر دینێک لەکاتێکی دیاری کراوی ژیانیدا وەک چارەسەرێک بۆ پرسیارەکانی .
تائەو کاتەی پرسیارت لە بونو ژیان نەکردوە هیچ بەربەستو ئاڵۆزیەک ڕوناداتو ژیانێکی ئاسودە دەژیت، کاتێک کەسێک،  بەتایبەتی کەسێکی داهێنەر، هونەرمەندێک ، لە هەر بوارێکدا بێت، یان کەسێک لە دەرئەنجامی وردبونەوە و قوڵبونەوە لە بون و لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و  لە خۆ ؛ من کێم ؟ چی دەکەم لەسەر زەوی، بۆچی هەناسە ئەدەم یان بۆچی دڵم لە لێدان ناوەستێت ؟ ئەم پرسیارانە ئەو تاکە ئەبات بەرەو ژیانی خەیاڵو هەمو یاسا کۆمەڵایەتیەکان دەداتە بەر پرسیارو تێڕوانینی بۆ ژیان دەگۆڕێت.  گێژاوی فکری لێرەوە دەست پێدەکات ؛ کە هەتا ئەو ساتە  لەگەڵ شتەکاندا بە ئاسایی ژیاویت و کتوپڕ هەمویان لەبەرچاوتا نامۆدەبن، لێرەوە دەرگای جەهەنم بەسەر خۆتا دەکەیتەوە، بەرەو ژیانی خەیال  هەنگاو دەنێیت، ئا لێرەدا قەپاڵێکی گەورەت لە سێوەکە داوە، بۆیە دەبێت دەوار کۆکەیتەوە و بەدوای وەڵامدا بگەڕییت، ئەم حالەتە زیاتر زەقتر دەبێتەوە بۆ کەسێکی داهێنەر؛ لەبەر ئەوەی کە تاکی داهێنەر شتێکمان پێدەڵیت کە بە پێجەوانەی بیرکدنەوە و تێروانینمانەوە بوە تا ئەو ساتە لەبەر ئەوەیکە کاتێک لەگێژاوی بیرکردنەوە و داهێناندایە هەزارەها پرسیار ئاراستەی خۆی دەکات. 
مرۆڤی داهێنەر، مەبستم لە داهینان ئەوەیە کە کەسێک بەگژ قانونێکدا بچیتەوە کەتا ئەوکاتە لەسەری ڕۆشتوین یان ببێتە ڕێپیشاندەرێک بۆ بردنی مرۆڤ بە ئاراستەیەکدا، بۆنمونە؛ لەبواری هونەردا؛ داهێنانی جۆرێک لە دانس و مۆسیقایەکی نوێ؛ زمانێکی نوێی هونەری،  یان وەک چۆن گالیلێ وتی؛ زەوی خڕە، یان  وەک ئەنیشتاین کە ووتی؛ کات و ئێسپاس ئەوە نیە کە ئێوە لێی تێی گیشتون، بەلکو جۆرێکی ترە، بۆ چونی ئاینشتایین هەموو روانگەی مرۆڤایەتیی سەرەونخون کردوە بۆ کات و ئێسپاس، بەمە دەلیین داهێنان، واتە مرۆڤ تەنیایە لەبەر ئەوەی تەنیا کەسێکە کەوا بیر دەکاتەوە ڕاستیەکی نوێمان بۆ دەدرکێنێت ، ڕێگایەکی نوێمان بۆ ئاشکرا دەکات، وەک عیسا بەتەنیا دمینیتەوە و خۆی دەکات بە قوربانی لە پێناوی ڕاستیەکدا.  بۆیە وەک مرۆڤێک هەبوونی خۆی ون دەکات لە کۆمەڵگادا لەبەر ئەوەی ئەو پەیوەندیەی کەلەگەڵ ئەواندا بویەتی هەتا ئەو ساتە، دەگۆڕێن، هەربۆیەش پێویستی بە فەلسەفەیەکی توندو تۆڵە هەتاوەکو دانەڕمێت. ئەم  دیاردەی تەنیاییە  لە دەهێناندا جۆرێکە لە ئۆتیستی ئەگەر ئەو تاکە نەتوانێت دەری بڕێت یان بەدی بهینیت.  کەسی داهێنەر لەم تەنیایەدا  پێویستی بە هاوەڵێکە یان لۆژیکێکە هەتاوەکو تێی بگات بۆچی دەبێت ئازارو ئەشکەنجەیەدا بڕوات ؟ بۆچ ئامانجێک ؟  لێرەدا دینی مەسیحی کە لەسەر بنەچەی خۆشەویستی دامەزراوە و عیسا خۆی ئەو ڕەمزەیە، دەبێتە هاوەڵی کەسی داهێنەر و خێرا وەڵامی تاکی داهێنەر دەداتەوە کە  بەو ئازارو ئەشکەنجەیەدا دەڕوات بۆ بەخشینی خۆشەویستی بە دەوروبەری و هەر عیسا خۆشی هاوەڵیەتی لەو ڕێگا سەختەدا، لەبەر ئەوەی تاکی داهێنەر هەموو بەربەستەکان دەشکێنێت هەتاوەک و بگاتە ڕاستیەکی باڵا، بەربەست شکاندنیش بەهیچ شێوەیەک و لەهیچ سەردەمێک و لە هیچ کەڵچەرێکدا ناتوانرێت بکرێت بەبێ ئەوەی بە ئەشکەنجەی دەرونیدا تێنە پەڕین، بەربەست شکاندن، واتە شکاندنی بەهاکان، هەنگاونان بەپێچەوانەی ئەو بەهایانەی کەتا ئەوساتە لەسەری ڕۆشتویت، ئالەم کاتەدایە کە مرۆڤ هەست بە تەنیایەک دەکات لەبەر ئەوەی یەکەم تەنیایە لە بیرکردنەوە دا و دوەم بە پێچەوانەی ئەو شتانەوە دەڕۆات کە هەتا ئەوساتە لە ژیانی کۆمەڵایتیدا لەگڵیا ڕۆشتوە.
***
 لەم چۆل و بیابانە دەبێت یاوەری کێ بێ
یا لەو کەژو کێوانەوە سەودا سەری کێ بێ
چی کردوە یا ڕەب کە خەو و خواردن و ئاوی ؟
داییم خەم و بێداری و خوێناوە دڵی من
بێخود بەم هۆنراوەیەدا پێمان دەڵێت کە گوایە لە گێژاوی فکریدا ژیاوە،  ئەم هۆنراوەیەش کە خراوەتە مەکتەبی تەسەوفەوە، واتە ئەو کەسەی کە زۆر قوڵ بۆتەوە لە بون و ژیان، پاشان دواوە، هەتاوەکو تۆی هەرزەکار رەخنەی لێ نەگریت و پێت بڵێت کە گوایە بێخود هەروا بەڕێکەوت ئیسلامی هەڵنەبژاردوە و نەبۆتە سەگی بەردەرگای محەمەد.  بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین ئەوا هەرخێرا بۆمان روندەبێتەوە کە بێخود هێندە قوڵ نەبۆتەوە  لە گێژاوی فکریدا و دورنەکەوتۆتەوە ، لەبەر ئەوەی چەندە ئەو کەسە قوڵ بێتەوە ئەوەندەش مێتافۆرەکان دەوڵەمەندتر دەبن؛ وەک لە سەرەوە باسمان کرد؛ تێپەربون بە حالەتێکی ئەشکەنجەی دەرونیدا پال بەتاکەوە دەنێت کەدەرگایەکی نوێ بکاتەوە، لەم هۆنراوەیەدا هیچ دەرگایەکی نوێ واتە ستایلێکی ئەدەبی، زاراوەیەکی نوێ یان مێتافۆرێکی نوێ بەکار نەهێنراوە جگە لەو مێتافۆرانەی کە کابرایەکی جوتیاری نەخوێندەوار بەکاری دەهێنێت، لێرەدا مەبەستمان لەو دەرگایە جۆرێک لە مێتافۆرە کە بگاتە ئاستی ئەشکەنجەی دەرونی شاعیرەکە و گوزارشت لە هەستی ئەو بکات، ئەمەش  بەرهەمی داهێنەرە کە لەدەرئەنجامی تێپەربونی بە ئێسپاسیکی فکری قولدا ناچاری دەکات مێتافۆرەکانی بگەنە ئاوینەی قوڵبونەوەی فکری ئەو، لەبەر ئەوەی بێخود بەو ئێسپاسەدا تێنەپەڕیوە و تەنها هێناویەتە بەرچاوی خۆی؛  ئەگەر خوانەخواستە ڕۆژێک لە ئیسلام دوربکەوێتەوە، لەو کەژو کێوانەوە یاوەری کێ بێت ؟  بۆیە هەرخێرا گەڕاوەتەوە و توخنی نەکەوتوە وەک شتێکی بڤە سەیری کردوە.
بەڵام ڕامبۆ، لەبەرئەوەی زیاتر قوڵبۆتەوە ئاوا باسی ئەو حاڵەتی تەنیاییە دەکات ؛

ڕۆژێک، هێندە بینایم ون بوبو، ئەو کەسانەی کە پێیان گەیشتم، پێ دەچێت کە نەیان بینیبێتم .
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم دێرەی  ڕامبۆ، هەست دەکەین کە ڕامبۆ بەجۆرێکی تر باسی ئەو قوڵبونەوەی فکریەدەکات کە چۆن کاریگەری هەبوە لەسەر خۆیی و چواردەورەکەی؛ ڕامبۆ هێندە چۆتە گێژاوی بیرکردنەوە، هێندە دورکەوتۆتەوە لە کۆمەڵگا لەدەرئەنجامی لێکدانەوەی بۆ ژیانو هەبون، بۆیە وەک مرۆڤێکی غەیبی لێهاتوە، هەر بۆیەش ئەو کەسانەی لەسەرەڕیگایدا پێی گەیشتون،  ڕامبۆیان نەبینیوە، ڕامبۆ ناترسێت دەروات بەدوای موجازەفەی فکریدا هەتا ون دەبێت، هێندە وندەبێت، دەبێتە تەنێکی غەیب. ئەگەر ڕامبۆ ڕێگە بەخۆی بدات هێندە دور بڕوات  لەبەر ئەوەی کەهاوەڵێکی هەیە ئەویش لەوسەری ڕێگاکەیەوە چاوەڕیی دەکات لەسەر خاچێک، چ باکیەتی ؟  بۆیە هەرگیز ناترسێت لە ونبون  لەو کەژو کێوانەوە.  بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە مێتافۆرەکانی بێخود، خەم، بێداری، خوێناو......تاد، وای دەبینین کە بێخود زۆر قوڵ نەبوبێتەوە لە گێژاوی فکری و واش دیارە کە پێش ئەوەی بگەڕێت، چارەسەری دۆزیبێتەوە.
 بێخود ون نەبوە لە گێژاوی فکریدا و تەنانەت لە ئیسلامیش دورنەکەوتۆتەوە، چونکە ئەوە نەبۆتە کەڵچەر لای تاکی ئیسلام. بەلام بێخود پێشمان ناڵیت بۆچی لەدەر ئەنجامی ئەم وێڵیەیدا ئیسلامی هەڵبژاردوە وەک چارەسەرێک و بۆچی بۆتە سەگی بەردەمی شاهی عارەبی ؟  
قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بی
وەک بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەرەبی بێت
شاهی عەرەبی یانی قوڕەیشی مەسەبی بێ
جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من
وەک وتمان هەمو قوڵبونەوەیەکی مرۆڤ بە ئەشکەنجەدا تێپەڕدەبێت و ئەمەش وای لێدەکات کەهەستی خۆشەویستی زیاتر بێت بۆ ئەوی تر، بەتایبەتی بۆ کەسێک کە پێی بڵیین سۆفی یان لە مەکتەبی تەسەوفەوە بۆمان بدوێت.  بۆچی بێخود بۆ زامی ئازارەکانی پەنا دەباتە بەر کەسێک کەنەی زانیوە خۆشەویستی چیە یان قورعانێک کە سورەتی ئەنفال و دەیەها سورەتی کوشندەی تیابێت ؟ لەبەر ئەوەی بێخود خیرا تێ دەگات کە بۆچی سورەتی قورعان دەڵێت ؛ بیانکوژن ئەوانەی پەیڕەوی قورعانو ئەللا ناکەن، کاتێک دەزانێت لەو کەژو کێوانەوە یاوەری نیە و بەتەنیا دەمێنێتەوە . پێغەمبەری ئیسلام وەک عیسا نیە هەتاوەکو ببێتە هاوەڵی، بە پێچەوانەشەوە باسی کوشتنی ئەو کەسانەش دەکات کەلەو دوردەکەونەوە ؟ ئالێرەدا بێخود بەئاگا دیتەوە و لە سورەتەکانی قورعان تیدەگات کە بە چ مەبەستێک نوسراون، هەتاوەکو لە جیهانی خەیاڵ و داهێناندا نەژیێت، ئەمە بۆمان دەسەلمێنێت کە بێخود ترساوە لە دورکەوتنەوە چونکە ئیسلامو قورعان هانی دورکەوتنەوە و بیرکردنەوە نادەن، لەکاتێکدا کە عیسا هەتا کۆتایی، هەتا سەر خاچ  بەردەوام بوە، بەڵام محەمەد کەسێکی خاوەن سنورە، سنوری بیرکردنەوە و لێکدانەوە، ئەوەشی پەیڕەوی ناکات سەری بە شمشێر بڕاوە،  بۆیە بێخود دەبێتە سەگی بەردەم دەرگای شاهی عارەبی؛ هەتاوەکو ڕیگە لەخەونەکانی بگرێت، چونکە بێخود وا هەست دەکات کە نەک تەنها خەونەکانی بەرەو ئەشکەنجەی دەرونی دەیبەن بەڵکو ونیش بوە و دورکەوتۆتەوە لە کۆمەڵگاکەی، کەسیش هندەر و یاوەری نیە،  بۆیە قورعان  ئەم کارەی بێخود و وەک سەرکێشیەک  دەیبینێت لە بەئەوەی ڕابەرەکەیان ئەوڕیگایەی نەگرتۆتەبەر. ئەگەر بێخود ئاوا لە محەمەدو قورعان تێگەشتوە ئەوا هەڵەنیە، چونکێ دەبێتە زامێکی کاتی بۆ برینەکانی لەو کاتەدا، وەک سەرقاپێک هەمو خەونەکانی دەگرێتە خۆی، دەبێتە قەڵغانێک دژی ئازارەکانی، هەرچەندە نابێتە جارەسەرێک بۆ بردنی بەرەو ئامانجەکەی، بە پێچەوانەوە دەبێتە ڕیگرێک، کە دەبێتە جۆرێک لە چارەسەر،  بەو پێیەش ئاسودەیی لەو کاتەدا. خۆبەستن بە دۆگمێکەوە وەک ئەوەی بێخود  بۆمان باس دەکات، جۆرێکە لە چارەسەرێکی کاتی بۆ مرۆڤێکی نەخۆش، یان ونبو، وەک دەرمانێکی دژە ئازار  بۆ کەسیێکی زامدار، یان بۆ کەسێک کە ئاستی ڕۆشنبیری هێندە بەرز نەبێت کە ئەلتەرناتیڤێکی تر هەڵبژێرێت. بەڵام ئەمە نابێتە  چارەسەرێکی هەتا هەتایی و مۆدێلێک کە مرۆڤ بتوانێت لەسەری بڕوات، چونکە کاری مرۆڤ لەسەر ڕوی ئەم زەمینە گەڕانە بەدوای زانیاریدا، نەک وەستان، ئەگەریش ئەو زانیاریانە هەندێکیان وەک شۆک وابن بۆ مرۆڤ.
 بۆیە سۆفیەکان، ئەوانەی بەدوای حەقیقەتا وێڵن، باشتر لە محەمەد تێگەشتون، دەگێڕنەوە کە گوایە کاتێک محەمەد دەچیتە ئاسمانو تەقە لە دەرگا ئەدات، کەسێک لە پشت دەرگاکەوە پرسیاری لێدەکات کە کێیە، ئەویش لەوەلامدا دەڵێت ؛ پێغەمبەری موسڵمانانە، بەبیستنی ئەو وەلامە کەس دەرگای لێناکاتەوە، پاش ئەوەی چەند جارێک ئەو پرسیارەی لێ دوبارە دەکەنەوە، کۆتایی محەمەد وەڵامیان دەداتەوە کە  کە گەورەی موسڵمانانە نەوەک پێغەمبەر، ئینجا ڕازی دەبنو دەرگای لێدەکەنەوە.
***
ئەمە سروشتو کارێکتەری ئۆمۆساپیانە کە خۆی ناتوانێت بڕیار بدات و پێویستی بە ڕێ پیشاندەرە، ئیتر ئەگەر ئەو ڕێ پیشاندەرە کەسێکی وەک هیتلەر بێت یان گاندی. سەرنج دراوە ئەگەر لەبەردەم مندالێکی دوساڵدا بە پەنجەی ئیشارەتت، ئیشارەتی  شوێنێک بکەیت ، هەر خێرا منداڵەکە سەیری ئاراستەی پەنجەت دەکات بەلام مەیمون ئەم سروشتەی نیە، هەر ئەم تایبەتمەندیە کە  پیاوانی سیاسی و دینی پێی ئاشنان و مرۆڤ بەو ئاراستەیەدا دەبەن کە خۆیان دەیانەوێت. بەڵام کەسانێکی خوێندەوار بەبێ ئەوەی باسی تەسەوفیش بکەین،  ئەو کەسەیە کە خۆی سەیری مانگ دەکات نەک سەیری ئەو پەنجەیە بکات کە مانگی بۆ دەستنیشان دەکات .
ئەو سینە لە غەش خاڵیە وا بێ ڕق و کینە
ئەو خادمی شەرعی نەبەوی، میللەتو دینە
دەبینین کە بێخود لە دێڕی یەکەمدا گەشتٶتە کامڵیەکی بیرکردنەوە، چونکێ بێخود خۆی ڕزگار کردوە لە ڕقو کینە، ئەمەش هەڵسوکەوتێکی سۆفیانەیە، خاڵی دەستپێکی سۆفیانەیە ، بەڵام وا بەرگوێمان دەکەوێت کە ئەم دێرە زیاتر پەندێک بێتو بێخودیش وەک هەمو کەسێک بە میکانیکی دوبارەی بکاتەوە نەوەک خۆی گەشتبێنە ئەو راستیە، بۆیە لە دێڕی دوەمدا تێمان دەگەیەنێت کە غەش لە ئیسلامو شەرعی نەبەوی ناکات بۆیە ڕقو کینەی نیە. هەرچەندە بێخود لەوە ناچێت کە کەسێکی تۆبەکار بێت بەڵام  هۆنراوەکەی بۆنی کەسێکی تۆبەکاری لێدێت، یان بەخەیاڵ خۆی خستۆتە پێستی کەسێکی تۆبەکارەوە.
 کەسی تۆبەکار کێیە ؟
دەگێڕنەوە کە کاتی خۆی کابرایەک هەبو  لەدێیەکدا لە کوردوستان، لەهەمو ئاهەنگو شایی بوکێنیدا لەوێ بوە، سێ شەو سێ ڕۆژ بەىی ماندوبون لەسەر یەک گۆرانی وتوە ، کورانو کچانی دیهاتیش لەسەر نەزمی گۆرانی ئەو هەڵپەڕیون،  چاویان وەک پەپولە لەسەر نەزمی گۆرانی ئەو بەسەر جوانیدا گەراوە. هیچ ئاهەنگو شاییەک بەبێ  ئەو زەوقی نەبوە، ، خۆڕسکانە بە بەیتە شعر گۆرانی بەسەر کچاندا هەڵداوە، هەر یەک لە کچان خوا خوای ئەوەی بوە کە ئەو بەیتە شیعرە بۆ ئەو بوبێت؛
های ڕەشي ڕەشە کراسەکەی ڕەشە
..........................................
لەگەڵ ئەوەشدا کە ناوبانگی بە دێهاتەکانی دەوروبەردا بلاوبۆتەوە و بۆتە هۆی شادی و بەختیاری دانیشتوانی دێهاتیەکان، بەڵام هەر بە لۆتی ناوبراوە لەبەر ئەوەی خادمی شەرعی نەبەوی نەبوە و نەبۆتە  سەگی بەردەمی دەرگای شاهی عارەبی، بۆیە هەمیشە خەتابار کراوە لەلایەن دەوروبەرەکەیەوە. 
 ڕۆژگار هاتو ڕۆژگار چو، کاکی گۆرانی بێژمان تەمەنی گەشتە سی و پێنج ساڵو لەوتەمەنەشدا هێزو تینی لاوی لاواز دەبێت، بەڵام ئەو دەیویست هەر وەک جاران  رابوێرێ و گۆرانی بڵێت، لەسەر ئاوازی گەنجی بخوێنێت.  لەگەڵ تەمەندا، تینی لەشی دوای خەیاڵی هونەری نەدەکەوت، لەهەمان کاتا هەمو ئەو لۆمەو خەتاباریکردنەی کەلەدەورەبەریەوە پێی دەگەشت  گرێ کوێرەیەکیان لە مێشکی و دەرونیدا دروستکردبو، کە لەکاتی پشو و هیلاکیدا بەرۆکی دەگرتو جۆرێک لە خەمۆکێی پێ ئەبەخشی، بەبێ ئەوەی کاکی هونەرمەند راستەو خۆ هۆشمەند بێت پێی. ماندوبونیشی لەگەل تەمەنیدا جۆرێک پەشیمانی خستبوە نیگایەوە، لەهەمان کاتا  کۆمەڵگاکەشی هاندەری نەبون لەو ڕێگایەی هەڵی بژاردوە، وەک ئەوەی بە ئاراستەیەکی چەوتا هەنگاوی نابێت، کەسەیری چواردەوری خۆی دەکرد هاوەلەکانی هەمویان ببونە خاوەنی هاوسەری خۆیان، کێ کچی خۆی ئەدات بەلۆتیەکی وەک ئەو؟ بۆیە خۆی لەتەنیایدا دەبینیەوە.
 بە ڕێکەوت، ئێوارەیەک هاوەڵیکی لەگەل خۆیدا دەیبات بۆ خانەگای  قادریەکان هەتاوەکو گوێ لە زکرو حاڵی ئەوان بگرێت، کوتو پڕ لە سحری ئەو ئاوازەی کە دێتو دەڕوات لە بەینی دو سەرپەلیدا، کاکی گۆرانی بێژ هٶشمەند دەبێت بە سەرچاوەی خەمۆکێی خۆی، بۆیە هەر خێرا خۆی دەخات بەسەر دەستو پێی یاشێخدا و دەستی ماچ دەکاتو دەلێت ؛ تۆبە، ئیتر تێ گەشتم بۆچی توشی خەمۆکێ بوم، مەسجەکەم پێگەشت، هەتا ئێستاکە بێ مێشک بوم ئیتر لەمەودوا ذەێمەوە بۆ باوەشی ئێوە .
وێنەی سەر دیسکی زکرو گۆرانی سۆفی – قادریەکان
بۆچی دەڵێت تۆبە ؟ خۆ ئەو ئازاری کەسی نەداوە، کەسی نەکوشتوە و بێ ڕیزی بەکەس نەکردوە، ئەی تۆبە لە چی ؟  مەبەستی لەوەیە کە ئیتر گوێرایەڵی ئەوان دەبێت، ئەوان کە پەیڕەوی دینی ئیسلام دەکەن، ئەوان کە لۆمەیان دەکرد و کە پێیان دەوت ؛ ئەوە کاری موسڵمان نیە و لەگەڵ دینی ئیسلامدا ناگونجێت.  کاکی گۆرانی بێژمان لەویادا بەهەڵەدا دەچێتو وادەزانێت کە تەنیای و خەمۆکێ و بێتاقەتی ئەو لەوە وە هاتگە کە پەیڕەوی دینی ئیسلامی نەکردوە، نەوەک لەوەی کە بەهۆی جیاوازی هەڵسوکەوتیەوە کۆمەڵگاکەی بە چاوێکی تر سەیریان کردوە و هەمیشە خەتاباریان کردوە، وەک ئەوەی دەرکرابێت لە کۆمەڵگاکەی. هەر لەدوای ئەو شەوە وای هەست دەکرد کە ئارامیەک هەمو گیانی داپۆشیوە، ئیتر خوات لەگەڵ ئەی خەمۆکێ و بێتاقەتی و تەنیایی. بۆ ڕۆژی دوایی ئیتر بۆخۆی سەری خۆی دائەخاتو پێنج فەرزە نوێژ دەکاتو، باو و باپیرانی بەکافر ناودەبات، لۆمەشیان دەکات لەوەی کەگوایە ئەوان کافر بونو لەژێر کاریگەری شمشیردا بونەتە ئیسلام.  ئالێرەدا کاریگەری ئیسلام دەبینرێت کە چۆن ئەم  دێهاتەی بەبێ ئاواز هێشتەوە. خۆ ئەگەر عیسای ببینیایە بەسەر خاچیکەوە ئەوا وەک خزمەتێک بەدەوروبەرەکەی بەردەوام دەبو لەبەرئەوەی کە ئەو کەسە ڕیزێکی زیاتری دەبو لای خەڵکی دێهاتەکە. خۆ وازهێنانیش لە سۆزێک مەرج نیە بە تۆبە کۆتایی پێبێت. 
***
سروشتی مرۆڤ وەهایە، کاتیک سەرکەوتنیێک بەدەست دێنیت، چاو بە ڕابوردوی خۆیدا دەخشێنێتەوە و دەگەرێت بەدوای ئەو سەرکەوتنانەدا کە لە ژیانی رابورداویدا بەدەستی هیناوە، هەتاوەکو بیسەلمینێت کە ئەم سەرکەوتنەی هەروا بەڕێکەوت بۆی نەچۆتەسەر بەڵکو ئەوە  تواناو زیرەکی خۆی بوە ، هیندەی تر فوو دەکات بەخۆیدا هەتاوکو سەرکەوتنەکەی بۆ خۆی بسەلمێنیت و بەرەو سەرکەوتنیکی تریشی ببات، بە پیجەوانەشەوە، هەمان مرۆڤ کە شکست دەهێنێت، بۆسەلماندنی ئەو شکستەی دەچیت هەموو ئەو شکستانە لە ژیانی رابوردویدا رویانداوە دەیهینیتەوە بیری خۆی هەتاوەکو شکستەکەی بۆ خۆی بسەلمینیت، هێندە تر خۆی دەکات بەقوڕا.
بەلام لە  خالی یەک لاکەروەدا یان وەرچەرخاندا، ا واتە ئەو خالەی کە مرۆڤ وا هەست دەکات بەرەو ئاواتیک یان لە دەرئەنجمی کارەکانی تایبەت بە بوارێک و خەریکە بەها کان سەرەونخون دەکاتەوە، کە لێرەدا هێشتا نەسەرکەوتن و نە شکستی هێناوە،  ئالیرەدا دەوری کەڵچەر و دین دەردەکەویت؛
ئەلێرەدا تاکی ئیسلامی خۆی لەسەر پردی سیراج دەبینێتەوە، لەو سەری ڕێگاکەوە عیسا نابینێت بەسەر خاچێکەوە، بەڵکو دادگایەک چاوەڕوانی دەکات، لەبەر ئەوە کە دژی بەهاکان وەستاوەتەوە ئەوا دەزانێت کە دۆزەخ  چاوەڕوانیەتی، بەتەنیشتیەوە نەنە گەورەشی تەزبیحێکی بەدەستەوەیە و هێندەی دەنکەکانی ناوی ئەڵلا دەژمێرێت، ڕوی دەمی دەکاتە کوڕەکەییو پێی دەڵیت؛ کوڕم هێندە خۆت ڕامەژێنە لەسەر ئەو پەتە چونکە بیرکردنەوە کاری شەیتانە و دەکەویت.
تاکی داهینەر کاتێک لە خاڵی دەستپێکەوە بەرەو ئامانجێک هەنگاو دەنێت، بەو هیوایەی دەرگایەک بکاتەوە بەسەر کۆمەڵگادا وەک خزمەتێک بە مرۆڤایەتی، بۆیە لە کەڵچەری مەسیحیدا دەڵێن کابرا ڕێگای خاچی گرتۆتەبەر، بەو پێیەی کە ڕیگایەکی پڕ لە دژواریە، وەک عیسا خۆی بەخت دەکات لەو پێناوەدا، خۆ ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک بێت نەتوانێت هەتا سەر بەردەوام بێت، ئەوا دانی پیادەنێت کە ئەو شکستی هێناوە و نەیتوانیوە بگاتە خاڵی مەبەست، لەکاتێکدا تاکی موسڵمان ئەم شکستەی بە تۆبەکردن کۆتایی پێدەهێنێت وەک کابرای گۆرانی بێژ کەلەسەرەوە باسمان کرد، لەهەمان کاتا سەرزەنشتی دەوروبەرەکەشی دەکات کە ئەو ڕیگایە نەگرنەبەر چونکە پڕە لەدژواری و دژی دینە، دەرئەونجام دەگەڕێتەوە سەر ئەو بەهایانەی کە دژی وەساتابویەوە، زۆرجاریش هەڵسو کەوتی دەگۆڕێت بۆ کەسێکی دیکتاتۆر،  بۆسەپاندنی بیرورای خۆی، کە گوایە ئەو لەتۆ باشتر دەزانێت وئەزمونی هەیە لەو بوارەدا. ئەم دو جیاوازیە لە هەڵسوکەوتا دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە تاکی موسڵمان بێ هاوەڵە لەو ڕیگە سەختەداو کەس نیە کەبێتە نمونە بۆی، بۆیە ناتوانێت بەردەوام بێت. لەو چۆڵو بیابانەدا کەس یاوەری نیە. بۆیە کاتێک دەیەوێت ئاوازێکی مۆسیقا بنوسێت، هەر خێرا دەگەڕێتەوە بۆ نۆتی دەستپێک چونکە لە بۆشاییدا نازانێت خۆی بە چیەوە بگرێتەوە، کاتێکیش ڕەسم دەکاتو وا خەریکە ببێتە داهێنەری شکڵێکی نوێ، هەرخێرا دەگەڕێتەوە بۆ کالیگرافی، یان کاتێک کەدکتۆرەو نەشتەرگەری دەکات دەڵێت خوا یارمەتی ئەدات، زیاتر باوەڕی بە نوشتەیە هەتاوەکو دەرمان، وەزیرەو شانازیش بەوەیەوە دەکات کە بە چیچکانەوە کار دەکاتو ناچیتە سەر کورسی و مێزێک، کە نانیش دەخوات هەردانیشتوە بە چیچکانەوە چونکە بۆ ئەو ئەو جۆرێکە لە ناسنامە و هۆشمەند نیە بە لەەتو خۆشی، ناش زانێت بێدەنگی چیە، هەر غەڵبە غەڵب دەکات بۆئەوەی خۆی کەڕکات لە پرسیارەکانی.
کۆتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە