بۆ ئەوەی مەلا مستەفای بارزانی چاکتر بناسیت، ئەم رووداوە بخوێنەرەوە (بەشی دووەم)

Sunday, 28/08/2016, 12:32

10816 بینراوە


ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم بوو، ئەو کات تەمەنم تەنها پازدە ساڵ بوو، لەو چەتەگەریی و ڕاو و ڕووتە چەکدارییەی کە مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد کە بوومە پێشمەرگە. سەرەتا چوومە گەڵاڵە و دواتر ناوپڕدان، دواتریش ناردمیانە قەسرێ و چەکێکی ڕزیوویان پێدام .
هەر لە سەرەتای ژیانی پێشمەرگایەتیمدا جیاوازییەکی زۆرم لە نێوان سۆرانی و بارزانی بەدی دەکرد، لەبرادەرێکم پڕسی دەبیت ئەو سوک سەیرکردنەی ئێمە لەلایەن بارزانییەکانەوە بەهۆی جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی نەبێت کە تازە جەلال تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد لە مەلا مستەفا جیابووبوونەوە، چونکە ئێمە سۆرانین، لە وەڵامدا برادەرەکەم وتی راستە ئەو ڕووداوە کاریگەریی هەیە بۆ ئەوەی بەچاوی سوکتر سەیرمان بکەن، بەڵام لەسەرەتاوە و پێش ئەو ڕووداوەش ئێمەی سۆرانی هەر لەلایەن بارزانیی و جامانەسوورەکانەوە سووک سەیرکراوین.
پاش ئەوە رۆژانە خۆم هەستم زیاتر پێدەکرد و بەبەرچاوی ئێمە و بەئاشکرا زوڵم و ستەم و تەعدا لە خەڵکی هەژار و نەداری باڵەکایەتی و ناوچەکە دەکرا، من وەک خۆم کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بووم، زۆر رووداوم دەبینی و زۆریشیان بۆ دەگێڕامەوە، بێ ئەوەی کەسمان بۆی هەبێت بڵێت بۆچی و لەبەرچی؟
یەکێک لەو ڕووداوە ئەخلاقیانە کە بە بڕیاری مەلا مستەفا ئەنجامدرا و تا دەمرم لەبیرم ناچێتەوە ئەوە بوو کچێکی جوان و نازداریان لەماڵی خۆی لە شوێنێک لە سەرووی قەسرێ لە بەرچاوی باوکی راکێشا بۆ پیاوێکی بارزانی، ئەوکات و ئێستاش بێزم لە خۆم کردەوە، کە ئێمە بەناوی پێشمەرگایەتی و شۆڕشەوە خەڕیکی چین، ڕووداوەکەش بەو شێوەیە بوو.
----------------------------
دەوروبەری کاتژمێر دەی سەر لەبەیانی ڕۆژێکی مانگی حەوتی ساڵی 1972، ئێمە چەند هاورێیەک بووین و لەبن دارێک لە قەسرێ لێی درێژبووین، لە پڕ بە دەنگی پێ و غەڵبەغەڵبی کۆمەڵێک چەکدار خەبەرمان بووەوە، کە هەستاین بینیمان چل تا پەنجا چەکداری بارزانی بوون و بەخێرایی بەرەو سەرەوەی قەسرێ و بە ئاراستەی گوندی وەڵزێ دەڕۆیشتن، هەرچەند برادەرێکمان چەند کەسێکی لەو کۆمەڵە چەکدارە بارزانییانە دەناسی و لێ پڕسین چی بووە و چی ڕوویداوە و بەنیازی چین؟ کەس وڵامی نەدایەوە.
پاش نیو کاتژمێر، ئەو کۆمەڵە چەکدارەمان بینیەوە، کە کچێکی جوان و نازداریان لەگەڵدا بوو، بە ڕووخساریەوە دیاربوو تەمەنی هەر لە نێوان چواردە تا هەژدە ساڵانێک دەبوو، بۆ پیاوێکی بارزانی بەزەبری چەک لە ماڵی باوکی دەریان هێنابوو، دواتر دەستمان کرد بە پرسیارکردن لەسەر ئەو ڕووداوە بۆ ئەوەی بزانین ئەو کچە کێیە و خەڵکی کێیە؟ بۆمان دەرکەوت ئەو کچە ناوی (نەهیە)یە و کچی پیاوێکە بە ناوی عەوڵای کاکەمین ئاغا، دایکی ناوی ڕەحمەت بوو، ماڵیان لە سەروی قەسرێ و خوار سۆرەبان بوو، لە ناو خەڵکی ناوچەکە بە پیاوەکەیان دەگوت عەوڵائاغە. ئەو چەکدارانە بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە بەبریاری مەلا مستەفا لەماڵ دەریان هێنا و دوایی لە پیاوێکی بارزانیان مارەکرد، بارزانییەکان بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بەو بڕیارە چەوت و چەپەڵەی مەلا مستەفا بدەن بۆ ڕاکێشانی کچ بەزەبری چەک لەماڵەوە و بۆ چەواشەکردنی خەڵک وا لەناو خەڵکی ناوچەکەیان بڵاوکردەوە کە نەهیە خۆی حەزی لە پیاوێکی بارزانی کردووە و پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵدا هەبووە و باوکی نەیداوەتێ، بۆیەش مەلا مستەفا لە پێناو بەیەک گەیاندنی ئەو دوو خۆشەویستە ئەو بریارەی داوە، بەڵام باوکی کچەکە واتا عەوڵا ئاغا لە چەند شوێنێک ئەوەی ڕەتکردبۆوە، کە کچەکەی بە تەمای خزمێکی خۆیان بووە، کە خەڵکی گوندی وەڵاشە، هەروەها وتبووی پێشووتر بارزانییەکان هەڕەشەیان لێکردووم و پێیان گوتووم ، ئەگەر کچەکەت مێرد بە ئێمە نەکات، گیانی تۆ و کوڕەکانت پارێزراو نابێت و دەتانکوژین. ئەو کچە (نەهیە) دوو براشی هەبوو بە ناوی (فەتاح و تالع)، عەوڵا ئاغا وتوشیەتی بۆیە کچەکەم لە پێناو پاراستنی ڕوحی من و کور و خزمەکانم بە بێ دەنگی و بەزەبری چەک ئەوەمان قبوڵکرد لە ماڵ بیهێنە دەرەوە و بیبەن لەدوای ئەو سوکایەتیەی کە لەلایەن بارزانییەکانەوە بەسەری هێنرا، عەوڵائاغا لەماڵ گۆشەگیر دەبێت و شەرم دەکات بێتە ناوخەڵک، دوای ماوەیەکی کەمیش هەر بەهۆی ئەو ڕووداوەوە توشی نەخۆشی دەبێت و کۆچی دوای دەکات.
شیاوی ئاماژە پێدانە ئێستا نەهیەی کچێ عەوڵا ئاغا ، لە ژیاندا ماوە و ماڵی لە مەسیفە. ماڵی فەتاحی براشی لە قەزای سۆرانە و ماڵی تالحیش لە هەولێرە.
تاوانە ئەخلاقییەکانی مەلا مستەفا زۆر زۆرن، نە بە باسکردن کۆتایی دێت، نە بە نووسینەوەش وەکو چیرۆکی هەزار و یەک شەوە دەنووسرێنەوە، تەنیا بۆ بیرخستنەوە ئەمانەی خوارەوەش دەگێڕمەوە، کە هەر لەو سەردەمەدا باسیان لێوەدەکرد و لەم دواییەشدا هەندێک نووسەر فریای بەشێکی کەوتوون و بڵاویان کردۆتەوە:
--------------------
- مەلا مستەفای خوالێخۆش نەبوو، هەمیشە خۆی وانیشان ئەدا گوایە پیاوێکی دیندارە و ڕێزی مەلا و شێخ و ئایندارەکان دەگرێت، وای نیشان دەدات کە بە پێی  شەریعەتی ئیسلام چارەسەری هەموو کێشە و شەڕ و ناكۆكییەکان دەکات، شەریعەتی (شەرع) بەڕێوەدەبات،  کەچی ئەم کابرایە لە هەمان كاتدا بە دزیی خەڵكەوە (مەشروبات)یشی ئەخواردەوە، وەک نمونە جەرجیس فەتحوڵڵا باس لە مەلامستەفادا دەکات، دەڵێ: مەلا مستەفا ئێواران پێکێکی خەستی دەخواردەوە و دەیووت با بچم نوێژەکەشم بکەم. 
--------------------
- لەسەروبەندی تێکچوونی نێوان مەلا مستەفا و باڵی (برایم ئەحمەد - تالەبانی) لە ساڵانی شەستەکاندا، پاش ئەوەی کۆمەڵێک لە لایەنگرەکانی ئەو باڵە دەست بەسەربوون لە لای مەلا مستەفا، جەژن دێتە پێشەوە. ئەوڕەحمانە رووتەیەک دەبێت، كە دۆستی ئەمان و نزیكی مەلا مستەفا دەبێ، دەینێرن بۆ لای مەلا مستەفا تا ئیجازەیان بۆ وەربگرێ، بە بۆنەی جەژنەوە بچن بۆ بینینی ژنەكانیان. ئەوڕەحمان ئەچێ بۆ لای مەلا مستەفا و دوایی بە نائومێدییەوە دەگەڕیتەوە بۆ لایان. هەر لە دوورەوە ئەوڕەحمانە رووتە کە دەرئەكەوی، عەلی عبدوڵڵا لێی دەپرسێ: (ها روتە! شێریت یان ڕێوی؟)
رووتەش لە وەڵامدا دەڵێت: (وەڵامی دامەوە ئیجازەیان نادەم).
لێی دەپرسن: (باشه‌ نەیوت بۆچی ئیجازەیان نادا؟)
رووتە ئەڵێ: (قسەیەكی ناشرینی كرد بۆ گێڕانەوە ناشێت!)
زۆری لێئەكەن لە ناچاریدا ئەڵی:  (وتی ئیجازەیان نادەم بۆ ئەوەی ژنەكانیان حیزببن!)
عەلی عبدوللا لەو كاتەدا پیاسە ئەكات لە بەر خۆیەوە ئەڵێ: (پەكو كە پیاوێكی بێ ئەدەبە!).
نوری شاوەیس یەكسەر هەڵدەداتێ و دەڵێت: (ئەو خۆی گەوادە چونکە تەجروبەی هەیە. یانزە ساڵ لە سۆڤیت بووە!).
--------------------
- هەر لەو سەردەمەشدا ناهیدەی شێخ سەلام، کە ژنی نوری شاوەیس و باوکی رۆژ و بروسکە، ناهیدە ژنێکی کراوە بووە، مەلا مستەفا ئەمەی پێ هەرس ناکرێت، هەندێک قسەی تر دەگێڕنەوە، کەوا مەلا مستەفا لێی توڕە دەبێت، دەنێرێت تەقەی لێبکەن، ئەوانیش فەرمانەکەی مەلا مستەفا بەجێ دەهێنن و کاتێک دەگەڕێنەوە، مەلا مستەفا لێیان دەپرسێت چیتان کرد، ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن تەقەمان لێکرد و بەر رانی کەوتووە، مەلا مستەفاش توڕە دەبێت دەڵێت ئەی بۆ نەتان نا بە (قـ....)یەوە!؟ ئەم رووداوە نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەکانی خۆیدا نووسینوێتی.
--------------------
- زرار سلێمان بەگی دەرگەڵەیی لە کتێبەکەی خۆیدا (بیرەوەرییەکانم) ئەمیش ئاوا لەسەر مەلا مستەفا دەنووسێت، کە دەڵێت کاتێک هەموو چووبوینە سۆڤیەت، رۆژێک کۆبوونەوەی بە بارزانیی و بە کوردەکان کرد وتی هەر کەسێک ژنێکی رووس بهێنێت، گەوادە، کەچی پاش ماوەیەک خۆی ژنێکی روسی هێنا.
--------------------
- لە ساڵانی شەستەکاندا مەلا مستەفا چەند جامانەسورێک لە پێنجوین و دەوروبەری کردبوو بە بەرپرس، ئەم بەرپرسانە زۆر بەدرەوشت و داوێنپیس بوون، بە ئاشکرا دەستدرێژییان لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکرد، ئەوانەی  ژن و کچی جوانیان هەبووایە نەیاندەوێرا بچنە دەرەوە، بەڵام لە بێناموسی خۆیان نەکەوتبوون، پاش ماوەیەک مەلا مستەفا سەردانی ئەو ناوچانە دەکات، خەڵکەکە فرسەت دێنن و دەچنە لای مەلا مستەفا و شکات لەم بەرپرسە بارزانیانە  دەکەن، ئەویش لە وەڵامدا  پێیان دەڵێت: قەیدی چییە با وەچە و نەسەلی بارزانییەکان لێرەش هەبێت!
--------------------
-  جارێکی دیکە مەلا مستەفا دەچێتە ماوەت، منداڵێک دەبەنە لای، ئەویش دەستی ماچ دەکات، مەلا مستەفا لێی دەپرسێت دەچیتە حوجرە! منداڵەکە دەڵێت نەخێر لە قوتابخانە دەخوێنم! مەلا مستەفا یەکسەر دەڵێت! مەچۆ وەکو جەلۆ حیز دەبیت!
--------------------
بۆ کۆتایی هێنان بەم بەشە  ئەوە دەڵێم، ئا ئەمە ئەو مەلا مستەفایە بوو کە بۆ نیو سەدەیەک بگرە تا ئیستاش لێیان کردبووین بە رابەر و سەدان داستان و چیرۆکی قارەمانەیان بۆ دەهۆنییەوە، بەڵام راستییەکەی ئەمەیە بۆیە بە ئەرکی خۆمم زانی  ئەم رووداوانەم گێڕایەوە، کە دەبێت مێژووی ئەم کەسایەتییە دەبێت هەڵبدرێتەوە. هەموو دەزانین بارزانی تا ئیستا دوو دێڕ قسەی جوان و عاقڵانەی نییە، دوو دێڕ نامەی رێک و پێکی نەنووسیوە، دوو قسەی گەوهەری لە دەمی نەهاتۆنەتە دەرێ. دوو هەڵوێستی کوردانەی نەبووە تا بکرێتە سیمبوڵی ئازایەتیی وبەرخودان، ئەوەی هەشە بۆی دروستکراوە،
هەموو میللەتێک پێویستی بە سەرکردە و رابەرێکە، ئەوەی بۆ بارزانی کرا، هەڵەیەکی مێژووییە، وەک لە بەشی یەکەمدا باسم کرد، زۆربەی تاوانەکان دەکەوێتە سەر شانی دوو جاسوس و دوو خائینی کورد، ئەوانیش برایم ئەحمەد و جەلال تالەبانییە، کە نابێت هیچ کەس لەمانە خۆش ببێت و لە بیرمان بچێتەوە، ئەوەتا ئەو تاوانەش جارێکی دیکە دووبارە کرایەوە دوای نەمانی مەلا مستەفا کوڕەکانیان هێنا و خستیانە جێگای.
هەندێک لە سەرچاوەکان:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە