بۆ یادی 31ی ئاب

Wednesday, 31/08/2016, 8:00

8541 بینراوە


لەیادی ڕۆژی ڕەشی ٣١ی ئاب لە هێشتا مناڵ بووین لەگەڵ دەنگی زنجیری دەبابەکان خەوی خۆشی هاوینەمان زڕی و شار بوو بە گۆڕەپانی حەرەس جمبوری و پرلەمان وەک کچێک زەوتکرا. سەدان ڕۆڵەی بێ تاوان دەستبەسەر کران و بێ سەر و شوێن کران. ئەم هۆنراوە لەم یادە ڕەشەدا ئەنێرم بۆ ئێوەی بەڕێز بۆ بڵاوکردنەوە. بەشی زۆری تەرجەمەی هۆنراوەکەی نزار قەبانیە و هەندێکیم لاداوەو هەندێکم دەستکاری کردوە بۆ ڕەچاو کردنی جیاوازی کولتوری کورد و کولتوری عەرەب.
هیوادارم بڵاوی بکەنەوە بێ دەستکاری ناوەرۆک و ماناکان و بێ زیاد کرنی هیچ بڕگەو دێرێک. تەنها گەر هەڵەیەکی ڕێنوس هەبێ و ڕاستکردنەوەی مەبەست و مانای ناگۆڕێت ئەوە سەرپشک بن لە ڕاست کردنەوەی. ئەگینا بڵاو نەکردنەوەی لام پەسندترە لە دەستکرای کردن و زیادکردنی بڕگەو ڕستە.
گەر بارەگاکانتان لە ناوچەکانی ژێر چەپەکی پارتیە ئەوا سەرپشک بن لەلادانی (بەوەک گۆڕینی) هەر بڕگەیەک کە لەوانە بڵاوکردنەوەی کێشەتان بۆ دروست بکات.
دڵسۆزتان 
کرمانج



ئەی خەڵکینە
من پاشام و سەپێنراوم بەسەرتان
گومڕایی بەسەرچو، بمپەرستن،
بشکێنن بتەکانتان
من زوو زوو دەرناکەوم
لەسەر شۆستەی ئارامی چاوەڕێم کەن
تا بە بینینم ڕوون بێ چاوەکانتان
مناڵەکانتان بێ نان کەن   
ژنەکانتان بێ مرۆ کەن .. 
دوام کەون
سوپاسی خوداش کەن بۆ ئەو نیعمەتەی 
کە ناردومی بۆ نوسینەوەی مێژوتان
چونکە مێژو بێ من نانوسرێتن

ئەی کە لە جوانیدا یوسفم
خوداوەند نەیخوڵقاندووە 
سەرسورێکی تری وەک من
 یا نێوچەوانێکی تری بێ ئابروی چەشنی  من  
چاوەکانم دارو هەنارو لیمۆن
هەردەم نزاکەن خودا بپارێزێ چاوەکانم

هۆ پارتەکەم
... کاڵێ کانتان 
بپاڵێون بۆ پەرلەمان
بۆ ئەوەی جانەوەرەکە، 
بەرپرسی مەکتەب سیاسیەکەم
دەست بنێ بە ڕانەکانیان
هەراجە کورسی فرکسیۆنی پارتەکەم  
هەر کورسیەکی زەردەواڵەکان
مسۆگەرە  بۆ کچانتان  بە ٣١ دەست لێدان
گەر قەبوڵە بۆتان 
ئەوە ئۆفەرەو تەنها بۆ هەڤاڵانی پارتیمان

ئەی خەڵکینە 
من یەکەمین و دادوەرترین کەسم 
جوانترینی حوکم گێڕانم
منم ڕووناکی مانگە شەوو بێگەردی یاسەمین  
من داهێنەری ٣١ ئابم
هەرچەندە بیردەکەمەوە واز بێنم لە حوکمتان 
ویژدانم ڕێم نادا
کورە چۆن؟ کێ حوکمتان کا ئەی دڵپاکان؟
کێ لرف کا  بیرە نەوت و 
گومرگی برایم خەلیل و حاجی ئۆمەران
کێ ئەڤاستینی ئێکسپایەرتان بۆ بێنێ
کێ زەوی و زاری هەولێر هەمووی بدزێ 
کێ لەبری ماستی ئەلبان، 
یۆغۆرتی تورکی بۆگەنتان بۆ بێنێ
كی زەردەشتەکانتان بکوژێ
کێ وەک من جارێ تورک، جارێ عەرەب جارێ لەشکری عەجەم 
بۆسەر گیانتان بێنێ
کێ دەبابەی بەعستان بۆ بێنێ   
کێ ئەنفالچیەکان بپارێزێ
کێ بیرمەندەکانتان بخنکێنێ
کێ ئەمرکا هێلکەو تەماتە بەسەر دلاوەرەکانتان ببارێنێ 
ئۆف.. پڕ بوولە فرمێسک، چاوەکانم 
بۆیە ناوی یەزدانم لێ هێناوە
بڕیارم دا خۆم بسەپێنم بەسەرتان
لە ئێستاوە تاڕۆژی قیامەت دێ

ئەی خەڵکینە 
من خودانتانم
هەر کە چۆن خودانی هەسپ و جاشکەکانم 
ئەتانخەمە ژێر پێڵاوەکانم
هەرکەچۆن پا ئەنێم بەسەر مافووری کۆشکەکانم
ئادەی کڕنوشم بۆ بەن کاتێ دەوەستم
ئادەی کڕنوشم بۆ بەن کاتێ دانیشتووم
ئەی من نەبووم کە ئێوەم دۆزیەوە 
لە نێو کۆنە پەڕاوەکانی باپیرانم 
نەکەن ڕۆژێ کتێبەک بخوێننەوە
من لەبری ئێوەش دەخوێنمەوە
نەکەن ووتارێ بنووسن
من لەبری ئێوەش دەنووسم
نەکەن بە نهێنی گوێ لەئاوازێکی سازگار بگرن
من نهێنی مەبەستەکانتان دەزانم
نەکەن بچنە نێو گۆڕیشەوە بێ مۆڵەتی من 
ئەمە تاوانێکی بێ سنوورە لای من  
کاتێ ئەدوێم گشتتان  بێ دەنگ بن
چونکە ووتاری من قورئانێکە بۆتان

ئەی خەڵکینە 
من ئیمامی مەهدیم و چاوەڕێم کەن
خوێنم دەرمانە بۆ دەردتان، 
دەبمنۆشن   
سرودە نیشتیمانیەکانی مناڵان 
بوەستێنن
من بومەتە نیشتیمان
من منم و تەنها نەمرێکم لە وڵاتتان 
لە هەموو کونج و کۆڵانێک 
وێنەکانم هەڵواسن
بە وشەی جوان بمپۆشن
بچوکترین بوکم بۆ بخوازن 
چونکە هەرگیز پیر نابم
پیر نابێ لەشم 
بەندخانەی ئاکرێم پیر نابێ
دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی وڵاتتان پیر نابن

ئەی خەڵکینە 
من مێردەزەمەم
دەمامکەم فڕێدەم دەمناسنەوە
من جەنگیزخانم بە سەگەکانمەوە هاتوم
دڵگیر مەبن لە ستەمم، 
لە ئاکرێ و ئاسایشی گشتی
دڵسۆزەکانتان ئەڕزێنمەوە
ئەوکوژم تا لەسەر تەخت تێمهەڵنەدەن
وەك شەهیدانی قەڵەم ژێرخاکتان ئەنێم
نەوەک ڕۆژێ لە سەرتەخت تێمهەڵدەن

ئەی خەڵکینە 
ڕۆژنامە دەرکەن کە پێماهەربڵێ
کاغەزی بریقەداربێ
ئەوە نیە وەک سۆزانی 
لەسەر شۆستەکانا هەڕاج کراون
مەرەکەب و چاپخانەم بۆ بکڕن
هەمو شتێ لەم زەمانە دەکڕدرێ هەتا  قەڵەمیش
نوسەری قەڵەمفرۆشم بۆبکڕن!
-
-
هاوڵاتیەکان
ئەی ڕۆڵەکانی وڵات
من رۆحێکی پاکم وهاتومە بەهاناتان
دەنگم تۆمارکەن
دەنگی ناسازم هەمەڕەنگە 
وەک ڕەنگی ئەوداگیرکەرانەی
بۆ کوشتنی کوردم هێناون
ناسازە وەک ٣١ ئابی 
ڕەشە  وەک ڕوی بەعس
ناسازە  وەک شانزەی پێنجی  ٩٧ و
ژەنگاویە وەک لەشکری تورکان
بێ ئابڕو ترە لەو گوللانەی  
لە ٧٩ دامان بەسنگی کۆمەڵە 
 بۆ خاتری ئاخوندەکان
-
-
ئەی خەڵکینە
من لەخەونیشتان بەرپرسیارم
من بەرپرسیارم لەو نانەی دەیخۆن
لە ویردانەی بە نهێنی دەیڵینەوە
ئاسایشە بێحەیاکان گشت هەواڵم  بۆ دێنن
دەربارەی چۆلەکە و تەیریش
دەربارەی کۆرپەلەی ناو سکی دایکانیش 
ئەی خەڵکینە  من پاسەوانی زیندانتانم
منیش زیندانی ئێوەم، ببورن
من لە کۆشکی خۆم بەندم
نەڕۆژ، نە ئەستێرە، نە گوڵ دەبینم
لەو کاتەوە بە مناڵیەوە بەسەرتان سەپاوم
مەسینە هەڵگرانیش 
کڕنوشم بۆ دەبەن
یەکێ دۆڵ دەکوتێ
ئەوی تر زوڕنام بۆ ئەژەنێ
ئەویتر پێڵاوم ئەلێسێ
هەرگیزپێیان نەوتوم نا
بێ حورمەتەکانی مەکتەبی سیاسی ناڵین نا
ئەندامانی پارتە گەوجەکەم هەرگیز ناڵێن نا
ماستاوکەرو بێکەرامەتەکانی دەوروبەرم 
هەرگیز ناڵێن نا
بۆیە منیش میللەت وەک مێگەل دەبینم
ببورن کە بومەتە ئەژدەهایەکی تر بۆ گیانتان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە