هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا بۆ هەمیشە رابگرن

Wednesday, 31/08/2016, 17:42

1656 بینراوە


ماوەی پێنج رۆژە، دەوڵەتی تورک، ئارتەشێکی چەند هەزار کەسیی بردۆتە ناو جەرابلوسی سوریا و گوندەکانی ئەو شارە تۆپباران دەکات، لەئاکامی ئەو تۆپبارانەشدا، لانیکەم ٧٠ هاوڵاتیی مەدەنیی گیانیان لەدەستداوە، بە دەیانی تریش بریندار بوون، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون منداڵن.
بە هۆی ئەو بۆمبارانەوە، بە سەدان خێزان و هەزاران هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە و گوندەکانی دوروبەری جەرابلوس ئاوارەی منبج بوون.
ئارتەشی تورک"یش، گازی کیمیایی کە چەکێکی قەدەغەیە، دژ بە دانیشتوانی چەند گوندێکی منبج و جەابلوس، بەکارهێنابوو، وەک هەمیشەش، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی چاویان لەبەرامبەر ئەو پیشێلکارییانە داخست.
دوێنێ ئێوارەش، ئاگربەست راگەیاندراو شەڕ لەو هەرێمانە راگیرا، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نیە بۆ نەشکاندنی ئەو ئاگربەستە.
ئێمە، وەک چاودێریی کوردۆساید-چاک، بە توندی شەرمەزاری ئەو بۆمباران و لەشکرکێشییەی دەوڵەتی تورک دەکەین بۆ ناو خاکی سوریا و رۆژئاوای کوردستان.
هەروەها، لەئاستی ناوخۆی سوریا و رۆژئاوای کوردستاندا، داواکارین لە گەلانی هەرێمەکە کە یەک بگرن و دژ بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵکوژییەکان، نارەزایەتیی دەرببڕن، هەوڵ بدەن رێگە بگرن لە دووباەبوونەوەی شەری ماڵوێرانکەری بەو شیوەیە.
لەئاستی نێودەوڵەتیشدا، داوا لە ناوەندە نیودەولەتییەکان دەکەین، گەرەنتی بدەن بە دانیشتوانی هەرێمەکە، لەوەی کە ئەو ئاگربەستەی دوێنێ ئێوارە، راگەیاندراوە، ناشکێنرێت، چونکە ئەگەر ئاگربەست وەک ئاگربەستەکانی پێشوو بشکێنرێت، ئەوکات، کۆمەڵکوژیی و پێشێلکردنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ روودەدەن.
چاودێریی کوردۆساید-چاک
٣١-٠٨-٢٠١٦

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە