هەمیشە هەست بە بەرپرسیارێتی لە کردەوەدا دەردەکەوێت نەک بە قسە و ئیدعاکردن . بۆیە ئەگەر لەسەر قسە بوایە ئێستا کوردستان ئارام و تەبا و لە وەزعێکی دیموکراسی عەیار بیست و چواردا دەژیا و کەس نەبووە کەوا سوری بەر لەشکری دوژمنان و پەیوەندیەکانی نێوخۆی حزبەکان بە شێوەیەکی زۆر جوان وزانستیانە بەرێوەدەچوو .
ئێستا هاوکێشە نێوخۆییەکەی کوردستان لەسەر قاچێک وەستاوە، لەولاوە تاکرەوی و ملنەدان بە پێداویستیەکانی دونیای دیموکراسی و، رۆیشتن لەسەر سکەی خۆ بە حزبی قاید و خاوەن بریار لە لایەکەوە و، لەلایەکی ترەوە کوردستان بە موڵکی سرفی دەستەیەک کە تەنانەت ئازاری کورە شەهیدێکیان نەبینیوە، وەزعەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە و سەرباری قەیرانەکان خەڵکی یەکجار هەراسان کردووە . ئەمەش وای کردووە رۆژانە هەست بە پاشکەوتن و ملدان بۆ داوای ناحەزان و نەیاران و تەنانەت دوژمنان لە لایەن زلهێزەکانەوە بکەین و، باسو قسەی زلی خۆ هەڵخەڵەتاندن بە شیعاری سەربەخۆیی بە شێوەیەکی چەواشەکاری و لەملاشەوە رکابەری و توشبون بە نەخۆشی بێ سەرکردەیی و بێسەری و ملنەدان بۆ یەکتر و تموحی شەخسی و بێ ئەزمونی و بۆشایی سەرکردەی پێویست و گونجاو، تا دێت تەنانەت باردودۆخی کوردستان ئاڵۆزتر دەکات . ئەمەش نەک زەرەری بۆ خودی حزبەکە بەڵکو بۆ کۆی گشتی ئەزمون و ئەو ململانێ هەمەجۆرە دەبێت کە لەم کاتەدا لە نێوخۆی کوردستان و ناوچەکە و عیراقدا دەگوزەرێن و هاوکێشەکان وا تێکەڵ بوون هەڵەیەکی بچوکی حزبی گەورەترین زەرەر بە کۆی پرسەکە دەگەیەنێت .
ئەو ململانێ و ناکۆکیە نا پێویستەی ئێستای ناو یەکێتی، جگە لە بەرژەوەندی تەسک و لێکتێنەگەیشتن و بۆشایی پاش مام جەلال و ژانی شوێنگرتنەوەی و نەبونی جێگرەوەی پێویست و گونجاو لە نێو حزبەکە، هیچ بەرژەوەندیەکی ئەو حزبە و کۆی گشتی راستەرێکردنی ململانێکانی تێدا نیە .
پاش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران لە ئان و سات و قۆناغێکی سیاسی کوردستانی پێویستدا، ئەمە کە لەپاش ململانێ و هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی یەکێتی و سەرنەکەوتنی باڵی ریفۆرم لەو حزبەدا هاتەئاراوە، لەسەرەتادا گۆڕان لەسەر ئەرزی واقیع وەک باڵە نارازیەکەی نێو یەکێتی رەفتاری دەکرد و تەنانەت کادرانی گۆران بە روحی نێوخۆی یەکێتیەوە وەک باڵێک رەفتاریان دەکرد و دەجوڵانەوە و ململانێیان لەگەڵ خەڵکی نێوخۆی یەکێتیدا دەکرد، تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی گۆران و گۆرینی زیاتری هاوکێشەکان و هاتنە ئارای زلهێزێکی نوێی تر لە کوردستاندا بە ناوی بزوتنەوەی گۆرانەوە .
پێش دامەزراندنی گۆران، لە کاتی ململانێ نێوخۆییەکانی یەکێتیدا دوو کاریزمای باڵا هەبوون و کێبرکێی تا رادەیەک خودپارێزانەی نێوانیان نەیهێشت ملهوری و دەنگەدەنگ و قاڵەقاڵی وەک ئەمرۆ بە یەکێتیەوە دیار بێت . لە دواجاردا لە کۆی گشتی وەزعی کوردستان بە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران لە ربَژەیەکی باش و لە سەرجەم بوارەکاندا و بە تایبەتی لە ململانێی نێوان پێشکەوتنخوازی و خودپارێزیدا بە کۆی گشتی و تێکرای هاوکێشەکان قازانجێکی گشتی بە گەلی کوردستان گەیاند .