ئەسپی دۆڕاو

Friday, 02/09/2016, 19:31

2899 بینراوە


بە درێژایی مێژوو کورد لە پێناوی مانەوە و ئازادی و سەربەخۆییدا جەنگاوەرێکی ئازای بی وێنە بووە ، کە کۆی لە هیچ داگیرکەرێک نەکردووە و بە خوێن پارێزگاری لە خۆی و خاکی کردووە  و هەرگیز سەری بۆ هیچ داگیرکەرێک شۆڕنەکردووە  ،  هەر ئەو ئازایەتی و چاونەترسییەش بووە ، کە هەتا ئێستا وەک نەتەوە بە پێوە ماوە و لە بۆتەی هیچ داگیرکەرێکدا نەتواوەتەوە .  بێگومان ئەوەندەی لە بەرگریی کردندا خۆڕاگربووە ئەوەندەش لە سیاسەتدا دووربین و سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە وەک پێویست  لە هونەر و گرنگی سیاسەت بگات و گرەو لە دوژمنەکانی بباتەوە ، هەتا ئێستاش نەک هەر نەیتوانیوە قەوارەیەکی سیاسی بۆخۆی دابمەزرێنیت ، بەڵکو وڵاتەکەشی دابەشکراوە و چەندین جار ڕووبەڕوی قڕکردن و ماڵوێرانییەکی ئێجگار زۆر بۆتەوە .
ئەوەی شایانی باسە سیاسەت کەسانی شارەزا و زیرەک و زانای خۆیدەوێت ،  هونەر و گرنگی سیاسەتیش بریتییە لە : ( تێگەیشتن لە کرداری سیاسی ، پاشان شیکردنەوەیەکی ژیرانە بۆ ئەو ڕووداوانەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕوودەدەن و فراوانکردنی ئاسۆی  بیرکردنەوەی ورد ، بۆ هەڵسوکەوتکردن و بڕیاردان لەسەری بە شێوەیەکی گونجاو و گەیشتن بە ئامانجەکان بە باشترین ڕێگا و کەمترین تێچوون و زیان ) .  بێگومان هەموو سەرکردایەتییەکی ژیر سیاسەت لە پێناوی بەرژەوەندی وڵات و میللەتی خۆیدا دەکات و  بەگشتیش هەموو دەوڵەتێکیش دوو جۆر سیاسەتیان هەیە . یەکێکیان شاراوەیە و ئامانجی سەرکییانە  و  ئەوی تریان ڕووکەشە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەیانە .  بە داخەوە کوردی باشوور  بە درێژایی مێژوو باوەڕی بە سیاسەتە ڕووکەشەکەی بەرامبەریکردووە و ئاویان بە ئاشی داگیرکەراندا کردووە و لە ئەنجامدا بە دەستی بەتاڵ و سەری شکاو و زیانی زۆرەوە هاتۆتە دەرەوە .  نموونەشمان بۆ ئەم سیاسەتە ڕووکەشە زۆرە ، کە هەمیشە کوردی پیێ هەڵخەڵەتاوە و لێرەدا هەر تەنها ڕووناکی دەخەمە سەر نمونەیەکیان ، کە هێشتا لە بیرەوەری زۆربەماندا ماوە  .  لە شۆرشی ئەیلولدا ئێران بە هەموو شێوەیەک هاوکاری  ئەو شۆڕشەیدەکرد ، سنورەکانی خۆی بە ڕووی پێشمەرگەدا واڵاکردبوو ، لە ساڵەکانی ١٩٧٤ و ١٩٧٥ دا مووچەی  پێشمەرگە بە تمەن بوو ،  ئەفسەر و سەربازی ئێرانی بە بەرگی پێشمەرگەوە و بە تۆپی دوورهاوێژی خۆیانەوە  تۆپبارانی سەربازگەکانی سوپای عیراقیان بۆ دەکردین .  ئەم سیاسەتە سیاسەتی ڕووکەشبوو ،  کورد وای دەزانی ئێران هەتا سەر پشتوپەنای دەبێ .  بەڵام ئەوەبوو لە ڕێکەوتنی جەزائیردا سیاسەتی سەرەکی  ئێران ئاشکرابوو و توانی شۆرشی کورد وەک مەقاشێک  بەکاربهێنێت و بگات بە ئامانجەکەی خۆی و ڕووبەرێکی فراوان  لە خاک و ئاوی عیراق داگیربکات و  ئەو هەموو خوێنە زۆرەی لەو شۆڕشەدا ڕژا بە قازانجی  ئێران شکایەوە و کوردیش جگە لە ماڵوێرانی و دەربەدەری و نەهامەتی هیچی تری بۆ نەمایەوە .  بێگومان هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرکردایەتییەی کورد ، کە هەرگیز ئەو جۆرە لووتانەی نەبووە ، کە بۆنی مەترسی گەورەی پێ بکات .  خۆ ئەگەر وریا بووایە دەبوو پرسیارێکی  لە خۆی بکردایە :  ئێرانێک هەموو ئازادییەکانی لە کوردی وڵاتەکەی خۆی گرتبێ ،  چۆندەکرێت ئاوا بە کوڵودڵ پشتیوانی  شۆڕشێک بکات ، کە مەترسیبوو بۆ سەرخۆی ؟ .  سەرباری ئەو زیانە زۆرەش ، کەچی هێشتا وانەمان لەو شکستە گەورەیە وەرنەگرتووە ، ئەوەتا پارتی هیواکانی خۆی بە ملی ئەردوگاندا هەڵواسیوە و یەکێتیش بە مەلا توندڕەوکانی ئێراندا ، کە هەردوو لایان هاودەنگن لە قڕکردنی کورددا .  بێگومان هۆکاری شکستی سیاسەتی کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی کورد ، کە شارەزای بواری سیاسەت نەبوون ،  ئەمانە یان سەر بە بنەماڵە بوون ، یان کەسانی شێخ و مەلا بوون  و لە هونەری سیاسەتیان نەزانیوە ، ئەوەندەی بە تەنگ دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوە بوون ئەوەندە بە تەنگ بەرژەوەندی وڵات و نەتەوەکەیانەوە نەبوون و ڕێگایان بە کەسانی شارەزاش نەداوە بێنە پێشەوە ،  خۆ ئەگەر کەسانی سیاسیشیان  لە خۆیان کۆ کردبێتەوە ، ئەوا  یان گویێ یان لێنەگرتوون ، یان  ( وەک نۆکەرەکانی ئەمڕۆ )  بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان بوونەتە بەشێک لەو دەسەڵاتە شکستخواردووە .  بەڵگەشمان ئەوەیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە هەلێکی لەبار و گونجاوی  بێ وێنە چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە  بۆ کورد ڕەخساوە و هەناوی نەیارەکانمان  پڕە لە  کێشە و دەرد و ئاژاوە  ، کەچی  لە جیاتی ئەوەی بیر لە خەونە گەورەکان بکەنەوە ،  ئەوەتا ئەو بنەماڵەیەی حەفتا ساڵە سەرکردایەتی پارتی دەکات بە گوللە تۆپیش دەست لە کورسی هەڵناگرێ و هەرێمەکەمان بەهۆی هەرا و بەڵای کورسییەوە خەریکە وێران دەبێ .  بێگومان وەنەبێ بنەماڵەی تالەبانی   لە پارتی باشتر بووبێت ، ئەمانیش چل ساڵە بە حساب رابەرایەتی پارتێکی  پێشکەوتووخواز دەکەن ، کەچی  ئەوەبوو تالەبانی لە جیاتی ئەوەی لەو قۆناغە گرنگەدا دەوری کارای خۆی لە ناو هەرێمدا بگێڕێت و لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەست بخەنە ناو دەست و شەو بخەنە سەر ڕۆژ و تاقە هیوایان ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و دەستەبەرکردنی  بنەماکانی دامەزراندنی  دەوڵەت بێت ،  کەچی  هەموو هێز و توانای خۆی و حیزبەکەی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە کورسی  سەرۆک کۆمار .   ئەنجامەکەشی ئەوەبوو پارتی کرد بە کەڵەگا و ناوماڵی کوردی پڕکرد لە کێشە و  باڵێکی گەورەش لە حیزبەکەی جیا بۆوە و نەشیتوانی تەنها نیو قولانج لە خاکی داگیرگراومان بۆ بگەڕێنێتەوە ،  ئەو پۆستەش جگە لە خزمەتی خۆی و بنەماڵەکەی  هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نەبوو .  ئاخر ئەمە کەی سیاسەتە ، بۆ کورسییەک وڵاتی خۆمان فەرامۆش بکەین و  بچین بە دەستی خۆمان وڵاتێکی پڕ لە ئاشوب و ئاژاوەی وەک عیراق دامەزرێنینەوە ، کە یەکەم گورزی دوای رێکخستنەوەشی  بەر سەری کورد دەکەوێت .  خۆ کاتیکیش  نەخۆشی  لە ساحەکەی دووردەخاتەوە ، بە هەمان شێوەی بنەماڵەی بارزانی و  بەبێ ئەوەی توانا و شارەزایی و ئەزموون لەبەرچاوبگرن کوڕەکەی  لەسەر کورسی دادەنێن ، وەک ئەوەی ئەو کورسییە تەنها بۆ خۆیان قۆرخکرا بێت و لە ناو کورددا  کەسانی شارەزا و شایستە قاتبووبێت .  ئەمانە  نیشانەن ، کە ئامانجی سەرەکیی ئەو بنەماڵانە کورسی دەسەڵاتە و هەتا ئێستاش جگە لە نەهامەتی ، هیچ یادگارێکی جوانیان لەسەر کورسییەکانیان بۆ بەجێ نەهێشتووین ...  سەرباری ئەمانەش سەرکردایەتی  کورد سیاسەتی  شارراوەی نەبووە و ئەوەی لە دڵیدا بووە لەسەر زمانیشی بووە ، ئەوەتا سەری خۆیان پێ دەرمان ناکرێ و ناتوانن نان و کار و ئارامی دەستەبەر بکەن ، کەچی ڕۆژی سەدان جار باسی دامەزراندنی دەوڵەت دەکەن ، کە پێویستە ئەم ئامانجە ، ئامانجێکی  شارراوەبێت و لە کاتوساتی خۆیدا بانگی بۆ بدەن و توانای جێبەجێکردنیشیان هەبێ ..  یان لەم ڕۆژانەدا کاتێک هێزی پێشمەرگە  چەند ناوچەیەکی کوردستان لە دەورووبەری شاری موسلدا ڕزگاردەکات و هێشتا تەپوتۆزی ئەو شەڕە نەنیشتۆتەوە ، پەیتا پەیتا هاواردەکەن لەو ناوچانە ناکشیینەوە بەبێ ئەوەی کەسێک داوای کشانەوەی لیێ کردبن  . جا ئەگەر کورد سیاسەتی هەبووایە دەبوو لە ئێستاوە دوژمن بۆ خۆی پەیدا نەکات و لەو ناوچانەدا خۆی بەباشی قایمبکات و ئاوەدانی بکاتەوە و کۆمەک و یارمەتی خەڵکە لێقەوماوەکەی بکات و هەرکاتێکیش باسی کشانەوە کرا ، ئەوا ئەوەندە لە توانای خۆی پشتئەستوور بێت ، بە دەنگی بەرز بڵێ ناکشێمەوە و مەردانەش قسەکەی خۆی بباتە سەر و وەک شەنگال چۆڵی نەکات .  بە داخەوە بۆ سەرکردە پاوانخوازەکانی کورد  ، کە جگە لە قسەی خۆیان گویێ لە قسەی کەس ناگرن و کوردستانیان بەرەو هەڵدێر بردووە ، داخی گرانیش بۆ ئەو میللەتە دڵپاکەی خۆمان ، کە سوود  لە مێژووی پڕ کارەساتی  خۆی وەرناگرێ و هەمیشە گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو دەکات . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە