چیرۆکی زیندانیکردنم لە (پاراستن) بەدناوترین زیندانەکانی دونیا (بەشی یەکەم)

Friday, 09.02.2016, 19:55

6261 بینراوە


زیندانێک پڕاو پڕ لە  کارەسات، بێ بەهای مرۆڤ لەئاستێکی بێ سنوردایە مرۆڤ بوون شەرمێکی گەورەیە. ئەو کاتەی کە   کۆت و زنجیری  دیلی بە جێدەهێڵی  و بەسەر شەقامێکدا گوزەر دەکەی  هەست دەکەی  دونیا پاسەوانە بەسەرتەوە.
بەڕێزان:-
 هەوڵ ئەدەم ئەو چیرۆکە وەکو خۆیی بگوازمەوە  کەچۆن لەناو زیندەنەکانی پارتیدا مامەڵە لەگەڵ زیندان دەکرێت. ماوەی زیندانی کردم نزیکەی 3 مانگی خایاند ئەو 3 مانگە وەکو ئاوێنەیەک وا بوو وێنەی شانۆیەکی بۆ دەگوازتمەوە لە دڕندەی مرۆڤ هیچیترم  بەرچاو نەدەکەوت. بگرە هەر لە کوشتن و بێ سەر و شوێنکردن لەو زیندانەدا بونی هەبوو.
پێش  گێڕانەوەی چیرۆکەکە، داوای لێبوردن لە خوێنەر دەکەم کە ڕەنگە لە هەندێک جێگا  کەمو کورتی تێبکەوێت بە حکومی ئەوەی  چەندین ساڵ  بەسەر ئەو ڕوداوەدا تێدەپەڕێت.
من بڕوام بەوە نەبوو  ڕۆژێک  دادێت ئازاد دەبم،  بۆیە کات و شوێن و جێگام زۆر بۆ گرنگ نەبوو ، بەڵام هەوڵ ئەدەم  ئەوەی کەلە بیرم ماوە وەکو خۆیی بۆ ئێوەی بگوازمەوە بۆ ئە وەی  نە وەی داهاتوو لەوە حاڵی بێت کە شتێک نیە بەناوی بزوتنەوەی کوردایەتی کە پاڵ پشتی ئازاد و یەکسانی بێت. لەو مەملەکەتەد ا ئەوەی بوونی هەیە کۆمەڵێک مافیای ناوخۆ و جیهانین و هاتوون  یەکیان گرتوو بۆ تاڵان کردنی ووڵات و هاڕێنی تاکی کورد،..
بەد ڕەوشتەکانی بەناو پارێزەری نیشتیمان خۆیان ڕێک کەوتوون کە چۆن نیشتیمانمان تاڵان بکەن ،  لەولاشەوە کوڕی ئەو میللەتە بەکوشت دەدەن. بەناوی کوردایەتیەوە، لەناو ئەو چیرۆکەدا بەر چاوت دەکەوێت کەچۆن سەرکردەی باڵای یەکێتی لەگەڵ من زیندانی بووە، وە لەهەمان کاتدا چۆن ڕێزی لێ گیراوە. بەڵام خەڵکە هەژار و سادەکە  پەتی قەنارەیان بە گەردندا کراوە..
ئەوەی من زۆر بیرم لێدەکردوە ئەوە بوو کە  چۆن ئازاد دەبم  وە بەبێ مردن ڕزگارم دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بڕوام بەوەش نەبوو کە ڕۆژێک ئازاد دەبم و ئەو چیرۆکە ئاوا کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانم ، ٣  مانگ مانەوە لە زیندانێکدا کە هیچ بەها و ئەخلاقی مرۆڤایەتی تێدا بەدی ناکرێت. زیندانێک کە ئاوا مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دا ناکرێت ،ئەوەی کە بەرامبەر بە مرۆڤ دەکرێت ، شکاندنی هەموو جومگەکانی کەسایەتی لەوزیندانەدا بوونی هەیە ، دیلێک کە لەبەرەکانی جەنگیشدا دەست بەسەر بکرێت  بڕوام وایە هێندە سوکایەتی پێ ناکرێت  ئەوەی لێرە بەدی دەکرێت ، مانەوەم٣ مانگ لە زینداندا بە بێ  هۆکار ، ئێستا تەواو کاری کردۆتەسە ژیانم. دوای شکاندنی پەنجەی پێم و ددانێکم، دواجار بە ووشەیەکی زۆر سادە کەلە دەمیی[ بەرپرسێکی بالای پاراستن بیستم] وتی ببورە کەتۆ بەهەڵە کەوتیتە ئێرە، بۆیە بەڵێن بە خۆم و بە ئێوەش ئەدەم بەسەر بچوکترین دیمەندا  ئاوا بە ئاسانی گوزەر نەکەم چیم بینیوە وەکو خۆیی باس بکەم .
  ڕاستە خەونی ئەو کاتەم ڕاکردن بوو لەو نیشتیمانەی کە یەکەم جێگا و مەنزڵی لە دایک بونمە . بەڵام ئەوڕۆ ئەو ئازارە بەناخمدا ڕۆچووە، ئەو هەموو سوکایەتیە ، ئێستا لەگەڵ تەمەن هەڵدکشێت و زیاتر نەفرەت  لە بزوتنەوەی بەناو کوردایەتی دەکە .
 وا  نۆزە ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا  تێدەپەڕێت بەڵام سەیر دەکەی هیچ لە ژیانی خەڵک  نەگۆڕاوە . کاتی خۆیی پێشنیارم  کرد بۆ چەند گۆڤارێک کە ئەو باسە بەگەیەنێت بە گوێی خەڵک بەڵام دیار بوو ئەوانیش وەکو دەسەڵات ناوێکی گەورەیان لەخۆ ناوە و لە هەمانکاتیشدا باسی ئازادی دەکەن بۆیە نەوێران خۆ لە قەرەی ئەو بابەتە بدەن،  کە ئێستا ئەو گۆڤارە  بە یەکێک لە گۆڤارە بەناو بانگەکانی کوردستان  ناسراوە بەڵام بەداخەوە خۆیی کرد بە کەڕەی شەربەت،
وەکو هەر هاوڵاتێکی کورد ڕێگای هەندەرانم گرتە بەر، ئێمەلە بە رواری١٨/٩/١٩٩٧ چەند کەسێک بووین لە خەڵکی ناچەکانی کوردستان . بەڵام ڕێژەی زۆریی خەڵکی شاری سلێمانی بوون، دوای چەند ڕۆژێک بە ڕێگاوە  لە بەرواری ٢٢/٩ /١٩٩٧ لە شاری(بتلیس )  کە شارێکی  کوردیە لە توکیا هەر هەمان ڕۆژ دەست بەسەرکراین بە حکومی ئەوەی جەوازی سەختەمان بۆ کرابوو. ئیتر دوای شەوێک مانەومان لەوێ بەیانی بە پاسێکی گەورە لە [آبڕاهیم خەلیل] بەخشکەیی ئاودیوی  زاخۆ کراین، ئیتر هەر لەیەکەم  پێشوازی کردن کورێکی سۆرانی بەناوی حەمە سور کەوتە گیانمان و بەشەق و قسەی سوک  پێشوازیی لێکردین، دوای چەند پرسیارێکی سادە دیسانەوە بە لۆریەکی گەورە بەرەو زیندانی دهۆک بە ڕێیان  کردین، نزیکەی   ٢٠ بۆ ٣٠ کەس دەبوین،  ئەوانەی کە لەگەڵم بوون و بیرم ماوە[ فواد برای ساڵح موزەلی و هەڵکەوتی کوڕی ساڵح موزەلی بوو]  هەڵکەوت زۆر منداڵ بوو، فوادی برای  سالح موزەلیی کەسێک بوو زوو زوو دەیگوت ئەگەر من کەشف بم ئیتر دەرچونم مەحاڵە لەناو پارتی.  ئیتر ئەو ڕۆژە  هەمویان بردین بۆ زیندانێک ،کەلەناو شاری دهۆک بوو.  بەرپرسی ئاسایش کوڕێکی  بادینی بوو سەرەتا قسەکانی زۆر جوان بوون . بەو شێوەیە بۆمان دوا، ووتی ئێمە زۆر نیگەرانین کەوا گەنجەکانمان ئەو ووڵاتە جێدە هێڵن. بەداخەوە  کەوا ئێمە ئێستا بەربوینەتە گیانی یەکتری و  ماڵی یەکتر وێران دەکەین ، ئێمە هەمومان کوردین ، دەبێت بە هەموو لایەک هەوڵ بدەین ئەو نیشتیمانەی خۆمان جوان بکەین نەک  جێی بهێڵین  ڕاستە ئەمڕۆ ئێوە ئەو ووڵاتە جێ دەهێڵن بەڵام ڕۆژێک هەر دێت ئەو شەڕە نەگەریسە کۆتایی بێت و کوردستانیش ئازاد دەبێت.، ماوەی چەند دەقەیەک بەو جۆرە بۆمان دوا و لە کۆتایدا وتی ئێستا ئێمە ئێوە دەنێرین بۆ ناوچەکانی خۆمان کە سەر بە شارەکانی خۆتانن، لەوێ چەند پرسارێکتان لێ دەکەن و دوای ئازاد دەبن. ئێمەش هیلاک و ماندو ئەو ڕۆژە هیچ شتێکامان نەخواردبوو، زۆر برسی ببوین، داوامان کرد کە نانمان بۆ بهێنن، بەرپرسی ئاسایش وتی ئەتوانن لەناو خۆتاندا دووکەس دیاری بکەن، وە لەگەڵ کەسێکی ئێمەش بچن لەناو بازاڕ نان بۆ هەموتان بهێنێ.ئەو کاتە  کوڕەکە و براکە ی ساڵح موزەلیی  سینگی خۆیان بردە پێشە و ڕۆشتن بەناوی شت کڕین. بەڵام هێندەی پێ نەچوو  دوای چەند سەعاتێک  لەناو ئاسایش بێنە و بگرە پەیدا بوو، کاتێک کە بینیمان برایەکەی ساڵح موزەلیی خوێنی وەک باران لەبەری دەڕۆیی. وەکو کەلاکێکی  بێ گیان فڕێیان دایە ژوورەوە. ئێمەش دوای ئەو دیمەنە ترسناکە پرسیارمان کرد وتمان ئەوە چ باسە؟ پاسەوانێک وتی ئەو کەسانەی ئێوە دیارتیان کردبوون بۆ نان کڕین یەکێک لەو کەسانە ڕای کردووە و ئەوی ترشیان گرتۆتەوە ، واتە کوڕی ساڵح موزەلی لەدەستی ئاسایش  ڕایکردبوو، بەڵام برایەکەی  فواد گیرابۆوە، دوای ئەو ڕوداوە ژیانی ئێمە بوو بە دۆزخ.! هەر ئەو ڕۆژە لە دەهۆک بردیانین بۆ زیندانێکی تر بەڵام چۆن زیندانێک !. ئەو زیندانە کە تاکو ئێستاش وێنەیەکیم لەبەرچاوە . لەناوەڕاستی شاردا بوو بەسەر شەقامی گشتیدا دەچویتە ژوورەوە ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ئەوە بوو کە ئەوە زیندان بێت ؟ سەرەوەی زیندانەکە  بازاڕ بوو، ژێرەوەشی سەیارەی گەورە و بچوک هاتو چۆی پێدا دەکرد، لەو  زیندانەدا  دیار بوو خەڵکانێکی زۆر کۆنی لێبوو، کە زیندانیکرابون، چونکە بۆنێ زیندانەکە  تا بڵێی ناخۆش بوو.ڕەنگی جلو بەرگی زیندانییەکان  زۆربەیان وەکو یەک بوو.  زۆر لە شێوەی نەخۆشخانە دەچوو، بۆنی ئەو زیندانە لە بۆنی زیندانی  ئەبوغرێب دەچوو ، من بە منداڵی زیندانی ئەبووغرێبم بینی بوو بە حکومی ئەوەی برا و ئامۆزام لەوێ لە سەردەمی سەدامدا گیرابوون. ئەو بۆن وشێوازەم زۆر لا نامۆ نەبوو کەلەوێ بن لوتی گرتبووم . هەر ئەو شەوە دابەشیان کردین بەسەر ژوورەکاندا  ئەوەی زۆر سەنج راکێش بوو ئەوەی دەهات پرسیاری دەکرد دەیگوت تۆش لەسەر[ پ. ک. ک گیراوی منش دەمگوت نا بابە ئێمە سنورداشین ، بەسەر ڕاوەشاندنێکەوە دەیانگوت ئەوە هیچ نیە . لەوێ چەند شەوێک ماینەوە، بەڵام سەیرم دەکرد ئەوانەی لەگەڵ من  بوون ئەو  دەموچاوانە وردە  وردە  ون دەبن و دیار نامێنن و نازانم چیان بەسەر دێت، بەیانیەکی زوو  ئۆتۆمۆبیلێک هات  چەند کەسێکیان  سوار کردین بەرە و هەولێر بەڕێ کەوتین ،هەر لەوێ  هەستم کرد  ئیتر کار لەکار ترازەوە ،لەوێ  مەرگەسات دەست پێدەکات ، لەبەرخۆمەوە دەمگوت ئەو مەسەلەیە هەروا بە ئاسانی کۆتای نایەت  تاکوو لە بێژینگمان نەدەن  ئازادمان ناکەن.
 سەرەتا بردیانین بۆ  ناوچەی پارتی قەڵادزێ، کە ئەو کات ناوچەی پارتی قەڵادزێ و هەڵبجە لەیەک باڵەخانەی بچوکدا پێکەوە کاریان دەکرت، ئەو شەوە لە  هەورەبانێک فڕێیان داین کوڕێک کەلەوێ لەگەڵم بوو ناوی دکتۆر کاوە  خەڵکی سلێمانی بوو. دکتۆر کاوە وتی ڕەنگە من هێندە لێرە نەمێنمەوە بەیانی بەردەبم  ئەگەر کەسێک؟ ژمارەی تێلی ماڵەوەی پێیە من دەتوانم  ئاگاداریان بکەمەوە لە هەواڵی ئێوە. منش ژمارەی تێلكم دایە بەس نازانم  کام ماڵە حزمەمان بوو. ئیتر بەیانی دکتۆر کاوە ماڵ ئاوای لێکردین و ڕۆیشت.، من هەستم دەکرد وردە وردە  کارم قورستر دەبێت. زوو زوو پاسەوانەکە دەهات کە ناوی مەهدی بوو. خەڵکی هەڵبجە بوو دەیگوت تۆ خالیدی منش دەمگوت بەڵێ، ماوە ماوە دەهات سەیرێکی دەکردم و دەڕۆیشتەوە ، ئەو شێوازە سەیرکردنە تەواو گومانیی لا دروست کردم کەلە دەرەوە قوڕم بۆ گیراوەتەوە. ئەو ساتەی کە قەد بیرم ناچێتەوە ؟ کات ژمێر حەوتی ئێوارە بوو مهدیی هات و بانگی کردم ، نزیکەی ٧ کەس دەبوون، لە حەوشەی بیناکە لەژێر دار هەناریێک ڕیزیان کردین و گڵۆپێکی گەورەیی زۆر بە هێزیان لەچاویان گرتین، من کەوتمە بەشی دەستی چەپ کەیەکەم کەس من بووم ، ڕوناکی ئەو گڵۆپە بۆ ئەوە بوو کە ئێمە  پێش خۆمان کەس نەبینین. بەس چڵێک لە دار هەنارەکە بەسەر مندا شۆڕ ببۆوە تۆزێک بەرچاوی گرتبووم، کە کەسەکان بە ئاسانی لەلای منەوە دەبیندران، لە دەرگای سەرەکیەوە چاوم  لێبوو چەند نەفەرێک وەژوورکەوتن، کە بینم[ ع ]کە خەڵکی ناوچەی خۆمانە و پاسەوانەکەیشی  [س] هاوڕیی خۆم بوو بە دەست ئاماژیان بۆمن کرد ، کاتێک کە بینم من دەست نیشان کرام لەو چرکە ساتەدا پەیوەندی خۆمو [س]هاتەوە یاد، بەڵام لێرە هیچ ناگوترێت . خۆم ئامادە کرد دەبێت باجی ئەقڵی حزبایەتی بدەم کەوا کەس و کارم  زۆربەیان یەکێتین ،دوای ماوەیەک ئەو شەوە دیسانەوە فڕێیان داینەوە ناو هەورەبانەکە وە، کە بینم چەند کەسێکی تریش زیادی کردوە، یەکەم دیمەن کەلە ژورەکە بینم دوو تەنەکە لەتەنیشت یەکەوە جودببوون دوای چەند دەقەیەک  پرسیارم کرد ئەو تەنەکانە بۆ لێرەن؟ وتیان ئەوە دانەیەکیان بۆ میز تێکردنە ئەوەی تریش بۆ ئاو خواردنەوەیە کە  کراسەکەت ئارەقەی کرد بڕۆ لەوێ بیگوشە و ئارەقەی خۆت بخۆرەوە. ئیتر وردە وردە خۆر بەر و  ئاوا  بوون دەچوو منش ترس سەرتاپای گیانمی داگیر کردوبوو، هەر یەکە و لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد و باسی شەق وپێلاقەیان دەکرد و باسی هەڵواسینیان دەکرد،  ناو هێنانی[ جەلال و پ .ک .ک] یاخود لایەنگر، وەکو تریاک وابوو لای پارتی بە ناوی هێنانی ئەوانە پارتی شێت دەبوو، 
 حەوتی ئێوارە داهات ، ئەو مەهدی پاسەوانە کە وتی کاک خالید  ئەگەر وتی  کاک خالید ' زۆر لە دراما دەچوو. وتی ببورە دەبێت چاوت ببستم، منش وتم فەرموو ئیتر چارە نەبوو،هیندە بەزمانێکی  شیرین دەدوا، هەستت دەکرد ئەو کەسە بەناچاری لێرەیە و وا ئاوا بەو شێوەیە خەڵکەی  ئازار دەدات. زۆر بەهێمنی وتی پشت بکەوە دەبێت چاوت ببستم منش پشتم تێکرد و بە پەڕۆیەکی ڕەش  هەردوو چاوی داپۆشیم و تروسکاییەک نەما بەناوی ڕوناکیەوە. بەپێی ڕۆشتنەکە دیار بوو بەرە و خوار لێژ دەبوینەوە، هەستم پێکرد کە ئەوە ژێر زەمینە، لەنیوەی ڕێگا هەنگاوەکانم تۆزێک هێواش کردنەوە  هەر ئەوەندەم زانی  لولەی تفەنگێک کرا بە کەلەکەمدا . ئیتر هەستم کرد گەرمایی کەوتە کەلەکەم  و هەر بە شەق فڕێیدامە خوارەوە ، گەرمای ئەو ڕۆژە  فیشاری هێنابوو هێندە گەرما بوو ئاو بەهەموو گیانمدا دەهاتە خوارەوە. یەک هات جلەکانمی لەبەر دا کەندم و تەنیا دەرپێ کورتی ژێرەوە نەبێت،باقی ڕوت  و بە چاو بەستراوی  لەسەر مێزێک دایان نیشاندم و بێ یەک و دوو  یەک  ستڵ ئاویی بەفراویان پێ داکردم و  لە ژێر موبەڕێدەدا، درێژیان کردم، هەستم کرد دڵم وەستاوە، ئەو کاتە ئەگەر بە چەقۆ پارچە پارچە کرابامایە هەستم بە هیچ ئازار نەدەکرد چونکە  جەستم  تەواو سڕ ببوو ، لەپڕ  کابڵێکیان کێشا پێم و  وتی جەلالی قۆندەرە  بە نیازی لەدەست ئێمە ڕزگارت بێت . منش وتم ئەوەی ئێوە بۆیی دەگەڕێن ئەوەنیە، وتیان تۆ ئامۆزای مامۆستا  مەهدی و ئامۆزای ملا تاهیری و عمر قەڵادزیی زاوای تۆیە.وتم بەڵێ بەس ئەوانە بۆ پەیوەست دەکەن بەمنەوە! ئەوان ئێستا چەکیان پێە و ئەگەر هێندە ئازان بڕۆن  بیانگرن،  وتی ئێوە بنەماڵەتان جلالی بێ ئەخلاقن، ئیتر زۆر قسەی پڕو پوچ و بێ بنەمایان دایە پاڵم . تاکوو هێزی  تێدا بوو دانەیەکی تریشی کێشا پێم  هەر ئەو کاتە ددەنام شکا و کەوتمە سەر زەوی و دەمم پڕ بوو لە خوێن، وتیان  باسی ژیانی خۆت بکە،، منش وتم چیی باس بکەم؟ تۆ جەلالیت. وتم  نا من یەکێتی نیم ئەوان زۆریان پێ ناخۆش بوو، ناوی یەکێتی بێنی دەبوو بڵێت جەلالی . وتیان دەبێت بە وردی باسی خۆتمان بۆ  بکەی و باسی یەک بەیەکی ئەندامانی ماڵەوەت  بکەی.  وە  باسی ئامۆزایەکانت یەک بە یەک بکەی کە ئێستا چ  کارەن. من هیچ زانیاریم لا نەبوو لەسەر ئامۆزایەکانم کە چ کارەن، وە داوای ئەوەیان لە من دەکرد کە لە ساڵی ١٩٩١  تاکوو ئێستا چیم کردوە. من ناچار کرام  دەبێت قسە بکەم منش وەکو گاڵتە پێکردنێک شتی زۆر سەیرم باس دەکرد. یەکێک لە شتە سەیرەکان کە پێم وتن و زۆر تۆڕە بوون وتم من لەو ساڵەدا واتە ١٩٩١ تاکوو ١٩٩٤  خەریکی تۆپانێ بووم ، وە جار جارەش خەریکی کەلایەن  بووم . ئەوەی ڕاستی بێت هیچ م نەبوو باسی بکەم ئیتر بیانویان پێ دەگرتم ، دوای ئەو قسانە  کەوتنەوە لێدانم . کابڵێکیان هێنا و خستیانە ناو دەستم و وتیان بە خوێنی شەهیدان قسە نەکەی و ڕاستیەکان نەڵێت ئەو کێبڵەت تێدا دەهاڕین. منش هەرلەسەر سێ و دووی خۆم بووم، ئیتر کەوتنەوە لێدانم. هەستم کرد هەروا بە ئاسانی دەست بەردارم نابن ،بۆیە هەوڵم دا فێڵیک بدۆزمەوە ناچار خۆم بێ هۆش کرد چەند جارێک بە شەق کەوتنە گیانم، بەڵام من جوڵەم نەکرد، دوای ئەوە جگەرەیەکان لە کەلەکەی ڕاستمدا کوژاندەوە و تاکوو جگەرەکە تەواو بوو دەستی هەڵنەگرد منش هیچ خۆم تێک نەدا ئیتر وتی ئەو کورە لە هۆش خۆیی چووە بیبەنە دەرەوە. وەک کەلاکێک فڕێیان دامە ناو حەمامێکی چەند مەترەی.  ڕۆژی دوای هەمان تاس و حەمام هێنایانمەوە بەچاو بەستراوی .  وتیان ئەو جارە قسە بکە لێدانت لەسەر نیە  تۆ  کەس و کارت هەموی جەلالین منش وتم بەڵێ کەس و کارام ڕاستە یەکێتین. بەڵام ئەوان بەمن چیی! کە دەموت یەکێتی ئەوان شێت دەبوون، من یەکێتی نەبووم، بەڵام هەستم دەکرد شەرمێکی گەورەیە لەوکات و ساتەدا من بڵێم جەلالی، بۆیە من هەر دەموت یەکێتی ئەوان هێندەی تر هار دەبوون ، پێم وتن ئێستا  هیچتان لەسەر من هەیە ؟ وتیان تۆ گوێ لە ڕادیۆی جەلالیکان دەگریت و دوایی دەچیت هەواڵەکان بۆ خەڵک باس دەکەی ، منش وتم کاکە خۆمن لە  مەملەکەتێکی ترەوە نەهاتووم، ئەو خەڵکە هەمووی کوردە چیی پێوسیتی بەمنە هەواڵی ڕادیۆیان بۆ ڕونبکەمەوە. من زیاتر لەسەر قسە ڕەقەکانم  ئازار دەدرام . دیسانەوە کەوتنەوە گیانم. منش بڕیارم دا؟ تاکوو چاوم نەکەنەوە قسە لەدەمی من نەبیستن، هەر پرسیاریان کردو من بێ دەنگ، بووم ،وتیان قسە بکە جلالی ٦٦  وتم هەرکاتێک چاوم کرایەوە ئەوسا بۆتان دەودێم ، مەبەستم بوو ڕوخساری ئەو دوو جەلادە ببینم ئەوانیش زۆر بە ئاسانیی چاویان کردمەوە ،بەڵام نازانم هۆکار چیی بوو وا بەئاسانی چاویان کردمەوە! ڕەنگە  هۆکارەکەی ئەوە بوبێت کە تەمەنم  مام ناوەندی بێت و وا حاڵی ببون کە نەیانناسمەوە، چونکە ئەوان خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان بوون  
کاتێک چاوم کرایەوە هەردوو  جەلادەکە ناسنامەی ئاسایشیان بە سنگەوە بوو، یەکێکیان  کە بینم ( ناوێک بەناوی منەوەرە بوو) ئەوەی دوومیان  بەناوی [ حەمە]، حەمە کورێکی کورتە باڵا. سمێڵ ڕەشی قەیتانی و جلوبەرگی پوختە پوش و دەنگێکی گڕی هەبوو، ئەوەی تریان کەسێکی کەتەی ڕەش ئەسمەر، هەر دەستێکی دوو هێندەی دەستی  مرۆڤی ئاسایی دەبوو بە دەستی ئەو ددانم شکا، ئەو جۆرە لێدانە ڕۆژانە لەدوای کاتژمێر حەوت  بەردەوام دە بوو، ئەوە چەند ڕۆژێکی خایاند.ئیتر پرسیار لەسەر کەس و کار و خزم و ناسیاو.. دوا جار هێندە ئازار درابووم وام لێ هاتبوو توانای ڕۆیشتنم نەمابوو، ناچار لەسەر قون دەڕۆشتم، دوای ئەوە منیان جیا کردوە لە حەمامێک دا جێگیر کرام ، لەگەڵ٥ کەسی تردا ، لەو حەمامە شێوازی نوستن ئاوا بوو، دەبوو لاق بە دیوارە هەڵنێت قونت بە دیوار جوت بکەی  چاو ببڕیتە سەقفەکە  دەنا جێگای دانیشتن نەدەبۆوە بۆ خەوتن. لەوێ لێدان کۆتای هات .بەڵام لەوێ خۆزگەی مەرگت دەخواست بەهەموو  باوەڕێکەوە ئاواتە خوازی مەرگ بووم، چونکە جەستەم هەمووی برین بوو ، کەسیش نایەت بڵێ تۆ کێیت. شەوێکیان لەپڕ کەسێکیان فڕێدایە ژوورە وە ،بە شێوازێک دەرکەوت کەلە ژووری ئەشکەنجەدانەوە هاتووە. بەڵام وا دەرنەچوو،  یەکێک لەبرادەرانی زیندان ووتی، قسە مەکە ئەوە پاراستنە  هاتووە قسە لە تۆ دەربەهێنێت ! کە بینم [پ]برای [س]کە ئەوەی  ڕاپۆڕتی لەسەر من دابوو ،  [پ] هات بەسەرسوڕمانەوە  وتی خالید ئەوە چیی دەکەی لێرە. من بە گاڵتە ئامێزەوە وتم  میوانم لەو ئوتێلە.  زۆر قسەی کرد بەڵآم من هیچم نەگوت.. ئەو هەر جنێوی ئەدا بە پارتی ، بەلام من هەر بێ دەنگ  بووم [پ]لەلای ئێمە  دوو شەو مایەوە ، زۆر هەوڵی دا قسەم پێ بکات ،بەڵام من هیچم نەبوو باسی بکەم ،چونکە لە بنەڕتدا هیچ شتێک نەبووم، تاکوو باسی  بکەم و وە نەشدەوێرام باسی ئەوە بکەم کە لێیان داوم. ئەو ماوەیە  (١٠) رۆژی خایاند لەوێ مامەوە ، ئێواریەک مەهدی هات ، دەستی گرتم و تەسلیمی کوڕێکی کردم بەناوی سیروان ، سیروان وتی  کەسێک هاتووە داوای بینینی  تۆ دەکات. بەس دەبێت وا خۆت نیشان بدەی کە  لێت نەدراوە. وە دەبێت زۆر بە جوانی بڕۆی منش وتم ناتوانم لەسەر پێ بوەستم ، وتی ئەوە کێشەی خۆتە  ئەو کەسە واهەست بکات تۆ لێدراوی بە خوێنی  شەهیدان دوایی  لە قەنارەت ئەدەین، دیار بوو دکتۆر کاوە  ئامانەتەکەی گەیاندبووە شوێنی خۆی کە تەلە فۆنی بۆ کەس و کارم کردبوو ، کەمن زۆر سوپاسی دەکەم، بروام وایە ئەگەر ئەو نەبوایە ئێستا منش وەکو چەندەها کەسی تر بێ سەر و شووێن کرابووم.
  نێوان حەمامەکە بۆ ژووری مدیر  تۆزێک مەسافەی هەبوو،  بەهەر جۆرێک بوو نیوەی ڕێگام بە پێ بڕی بەڵام  دوای تەواو کەنەفت بوم ، نەمتوانی  چیتر بڕۆم و کەوتم بە ئەرزەکەدا، کاتێک ئەو کەسەی هاتبوو بۆ لام لە دورەوە منی بینی ڕوخساری هەر دوو شێوازەکەی تێدابوو هەم خەمبار و هەم پێکەنیناویی ، ئەو کەسە خزمێکی خۆمان بوو کە سەر بە پاراستن بوو، منش لە هەلێک دەگەڕام کە ئاماژەیەک بکە و نیشانی ئەو دۆستە بدەم کە زۆر کەنەفتم وزۆریان لێ داوم. بەڵام دیار بوو ئەو ئاگای لە هەموو شتێک هەبوو، بە پێکەنینەوە  سەیری کردم و سەری بۆ ڕاوەشاندم وا نیشانی منی دا کە دەزانم شەلاقە کراوەی، چونکە ئەو  دەیزانی لێرە چ باسە. وتی خالید گیان بەربونی تۆ لە توانەی من دانیە تۆ لەسەروە ڕاپورتت لەسەر داروە. بە تێل منیان ئاگادار کردۆتەوە  کە تۆ لێرە دەست بەسەری زۆر نزیکە بەڕێت بکەن بۆ جێگای تر. کە وتی بەربونی تۆ لە توانەی من دانیە ئیتر دەستم لەخۆم شرد و  بڕوام بە بەربون نەما، ئەوەی کە زۆر بیرم لێ دەکردوە ئەوە بوو لەبەر خۆمەوە دەمگوت دەبێت من چیم کردبێت وا هەستم بەخۆم نەکردوە! دەبێت من بە کێ بشوبهبێنن ! دەبێت[ع ]چ قوڕێکی بۆ  من گرتۆتەوە، وا بەربونم ئەستەمە، بەڵام ئێرە جێگای بیرکردنەوە نەبوو، ئەگەر بیریشت بکردبایەوە یەک توری قوڕاوی نەدەهێنا ..
دوای ماڵ ئاوای ئەو دۆستەم ، منیان بردەوە حەمامەکە و دەرگاکەیان قفڵ دایەوە. هەمومان ترشابوین بەسەر یەکدا بەڵام ئەوێ وەکو هەورەبانەکە گەرم نەبوو  تۆزێک فێنک و خۆش بوو.
کات ژمێر١٠ بەیانی بوو پیاوێکی زلی کەڵەگەت، شاڵێکی بزووی خورمایی لەبەردا، کەڵاشێک بەسەرپێوە و  بە دەزبیحێکی گەوەرە لە قۆڵی ئاڵاندبوو ، بە زەردەخەنەیەکەوە بەژوو کەوت. دیار بوو ئەویش وەکو ئێمە سجن بوو، بەڵام چۆن سجنێک! زۆر بەڕێزەوە  هێنایان، بەهاتنی ئەو دەرگایان بۆ خستینە سەر پشت. لە ماوەیەکی زۆر کورتا  پارچە پاکەت و سینیە کەباب دەهاتە ژورەوە ، ئەوە لە خەون دەچوو بۆ ئێمە ،هەر یەکە و نەفرێک کەبابی بۆ هات. پاکەتێک جگەریان داینێ ، ئازاد بە دڵی خۆت  جگەرە بکێشە ، ئیتر تێر بووین لە کەباب  و جگەرە کێشان .کە ئەوە خەونی هەمومان بوو ، لەبەر خۆمەوە دەم ووت؟ ئەگەر ئێستا لێدانیش بخۆم باش بەرگە دەگرم،بەڵام دیار بوو لێدان کۆتایی هاتبوو لەسەر من، چونکە من لە سەرەوە داوا کرابووم کە هێندە نەمێنمەوە لێرە..
پاش ماوەیەک پرسیارمان کرد لەو بەڕێزە تۆ کێت؟ وابۆ ئێمە بویتە خدری زیندە ئەویش بە پێکەنینەوە وتی چۆن من ناناسن!  من[ جمیل هەورامی ]م ! تاکوو من لێرە بم هەموو ڕۆژ نان  و کەباب دەخۆین، بە پێکەنینەوە وتی من بە هەڵە گیراوم بەکەسێکی تر شوبهێندراوم.  
یەکێکیش لە سجنەکان بەسەرسوڕمانەوە وتی خۆ ئەو پیاوە یەکێتیە؟!
ماویه‌تی

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر