کۆمپانیای نۆکان

Saturday, 03/09/2016, 10:32

12678 بینراوە


ڕوونکردنەوەیەك بۆ:- (زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی) و (راگەیاندنەكەی ناوەندی بڕیار).
بەناوی میللەتەوە پێتان ڕادەگەیەنم کە کێشەکانتان زۆر ئاسانە و چارەسەرەکەشی وەك ئاو خواردنەوە وەهایە 
دەسەڵاتە زەبەللاحەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەمڕۆ خەریکی ئەوەن کە لە پاش( ٥ ) ساڵی دیکە یانی لە ساڵی (٢٠٢١) دا، ئیتر چی دی فەرمانبەر و کۆمپانیا و کارگەو ئۆفیس و کرێی بیناو گازو کارەباو پارەی ئینتەرنێت و تەلەفۆن نامێنێت و هەموو تاکەکانی میللەت دەبێت لە ماڵەوە '' هۆم ئۆفیس '' کاربکەن و بژێوی خۆیان پەیدا بکەن. تکایە شەڕی سەرمایەو دارایی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان مەکەن ، خۆزگا زوو بە منتان بگووتایە ئەو کێشەیەم بە یەك لێکچەر بۆ چارەسەر دەکردن ، چۆن؟! بە عەقڵ.
(یەکێتیی = کۆمپانیای نۆکان) واتا یەکێتی یانی کۆمپانیای نۆکان، کۆمپانیای نۆکانیش واتا سەرمایە و دارایی سلێمانی و کەرکوک و خانەقین و .. هتد
کۆمپانیای نۆکان بریتیە لە:- شەست دیپارتمێنت و زیاتریش کە پێکهاتووە لە:- 
کەرتی بیناسازی:- ڕاز، دەرگەزێن، توژەڵە، ڕەزگە، قوباد، شکۆفە، ڕێکۆ، چیا، نیرۆن و چەندینی دیکە ..
کەرتی ووزە: مەهد. وزە. زەوی. باوان.
بواری ئاسایشی کۆمپانیاکان: کۆمپانیای داهۆڵ. خۆزگا پارتیش کۆمپانیای زوڕنای دروست دەکرد.
کەرتی ئۆتۆمۆبێل: کۆمپانیای کارزۆن.
کۆمپانیای دیکەی یەکێتی: هوما، گڕنت، کوردستان، سایکس، نزار، هێزنگ، دیوتی فری، غازکۆ.
کەرتی پیشەسازی : ١٦ کارگە ، دروستکردنی پی بی سی'' کە من نازانم ئەمە یانی چیی و کورتکارەوەی چ ناوێکە، ئەم کارگەیە نازانم چییە و چیش دروست دەکەن '' بی بی سیم بیستووە بەڵام پی بی سی نازانم بیبسیە یان کۆلایە!، هەروەهاخشتی سوور، بەرهەمهێنانی خوێ، و جلوبەرگ و چەندین کارگەی دیکە.
کەرتی هوتێل و چێشتخانە: ئاشتی، سلێمانی پاڵاس، میر، گوندی گەشتیاری دابان، ئەزمەڕ پالاس.
کەرتی فڕۆکە: ئەزمڕ ئێر و هۆما تراڤڵ.
سەرچاوەکانی دیکە: بازرگانی جگەرە و پاڵاوگەی نەوت و کارگەی ڕیسایکلینیش لە چەمچەماڵ بەڕێگەوەیە. باشە فێر نەبوون کە موعەمەر قەزافی و سەدام حوسێن و حوسنی موبارەک هەر ئەم ڕێچکەیەیان بەکار دەهێنا، ئێستا سەروەت و سامانەکانی سەددام و موعەمەر قەزافی لە کوێن، ئەی ئازیزان ؟!
جارێ پێش هەموو شتێک برایان خوشکانی هێژا ئێوە کێشەی '' کۆپی ڕایت'' تان هەیە لە ناونانی کۆمپانیاکانی ناو دیپارتمێنتەکانی ناو کۆمپانیای نۆکاندا.
شتێك هەیە لە بیزنسی جیهانیدا پێی دەڵێن (ترەید مارك – Trademark) یانی کە تۆ کۆمپانیایەکی جیهانی یان ناوچەیی دروست دەکەیت دەبێ ناوی خۆی هەبێت، لە کۆمپانی هاوس تۆمارکرابێت و بۆ نمونە ئەگەر لە ئینتەرنێت بە دوایدا گەڕایت و دۆزیتەوە یەکسەر ناوی تۆ لەسەرەوە بێت و کەسی تر خاوەنی ئەو ناوە نەبێت ، تەماشای ئەم ناوانە بکە ن:- ڕێکۆ، نیرۆن، مەهد، وزە، کارزۆن، هوما، سایکس، دیوتی فری (ئایا پێم ناڵێن دیوتی فری یانی چی؟ ئاخر دیوتی فری بۆ ناو فڕۆکەخانەو ترانزێت دانراوە! ئایا ناو نەما ئەمە نەبێت، لە راستییدا ئەم ناوە کە ناوێکی جیهانیە، بۆ کاروبار و مەسەلەی گومرگیە)، هۆما تراڤڵ و غاز کۆ . هەریەک لەو ناوانە ترەید مارکی جیهانی و ئێرانی و عەرەبی و ئەوروپین ، تۆ چۆن توانیت ناوی کۆمپانیاکانت بەو ناوەوە ناو بنێیت گەر ترشاندن و لێنەزانین و نەشارەزایی و دەبەنگی نەبێت!؟
لە ئەوروپا دەبێت لە بەڕێوەبەرایتی تاکس و زەریبە خۆت ناونووس بکەیت تا بتوانیت زەریبە بدەیت بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی، کە بازرگانیان لەگەڵدا دەکەیت، ببورن وابزانم ئەمەیان ئێوە ناگرێتەوە، چونکە خۆتان زەریبە و دەوڵەت و حکومەت و هەموو شتێکن. لە وڵاتانی دیکە ئەو زەریبەیە بۆ ئەوەیە کە هەندێکی بۆ خەڵکانی بێدەرامەت و شارەوانی و پەککەوتەکان و بێ ئیشەکان سەرف دەکرێت، هەر لەو زەریبەیەش دەتوانرێت بانکەکانی ناو دەوڵەت ڕزگار بکرێن لە داڕوخانی جیهانی وەك، کریدیت کرەنچ و جەنگ و دابەزینی نرخی نەوت و یان لە بواری نائاسایی و باوبۆران و لافاوی سروشتیدا یارمەتی ئەو شوێنە لێقەوماوانەی پێدەدەن کە کارەساتەکەی تێدا ڕووداوە، بەڵام ئێوە ئەم خەمانەتان نییە.
بابێمەوە سەر ئەوەی، کە چۆن کێشەی شەڕی دارایی نێوان (زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی وسه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی) و (راگەیاندنەكەی ناوەندی بریار) چارەسەر دەکرێن:
ئەمڕۆ لە جیهانی پێشەکەوتووی ڕۆژئاوادا خەریکی ئەوەن کە (کاری ڕیمۆت – Remote Working) لە ساڵی ٢٠٢١ دا بێتە ئاراوە ، بۆ نمونە:- لە سەدا ٨٣ ی فەرمانبەرانی بەریتانیا لە ئۆفیسدا ئیش دەکەن کە ٣ ملیۆنیان لە دەرەوەی لەندەن بەیانیان دێنە ناو شار بۆ ئیش لە ناو شەمەندەفەری قەرەباڵغ و هەناسەی خەڵک و بۆنی ناخۆش و گێژەنی برادەرەکانیاندا لە ئۆفیسەکاندا کار دەکەن، بۆچی ئەمانە لە ماڵەوە ئیش نەکەن و بەرهەمی زیاتر پێشکەش نەکەن، چونکە کە تۆ لە ماڵەوە بوویت زیاتر ئیش دەکەیت و بەختەوەریت کە چڕوچاوی هەندێک کەسی ناشیرین نەبینیت، ئەمە سێرڤەکان ڕوونیان کردۆتەوە کە شتێکی زۆر مەزنە، ئینجا بۆ برادەرانی ناوەندی بڕیار و ئەندامەکانیان، من هەندێک پێشنیارم هەیە کە لە بری ٥٠ یان ١٠٠ کۆمپانیای برادەرانی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکیەتی، ئەوان دەتوانن ٣ ملیۆن کۆمپانیای بەرهەم هێنان دروست بکەن لە ناو ماڵەکانەوە کە پێی دەڵێن (جیهانی مۆدێرنی کارکردن – The Modern World Of Work) لەوانە:-
ئەمبەر – Umber کە یوبەر – Uber یشی پێ دەوترێت ، هەرچەندە برایەکم و دو برازام و یەک زاواشم شۆفێری تەکسین و ڕەنگە نەعلەتیم بکەن بۆ ئەم پێشنیازە بەڵام هەر دەیڵێم، دەتوانن کۆمپانیایەکی سەر ئینتەرنێتی دابنێن بۆ هەموو تەکسیەکانی سلێمانی و کەرکوک و دەربەندیخان و چەمچەماڵ و پێنجوین و ئیتر تا کوێ بڕ بکات و ئەندامێکی مەکتەبی سەرکردایەتی ببێ بە خاوەنی و هەرچی شۆفێری تەکسی هەیە ناونووس بکرێت و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە شۆفێرەکان داوابکرێت و مانگانە پارەی خۆیان وەربگرن و ئەو کەسەی سەرکردایەتیش بۆ خۆی کۆڵێک پارەی موفتی دەست دەکەوێت . شتێکی تر هەیە پێی دەوترێت (ئەرکی کەروێشک – Task Rabbit) ئەم جێگایە باسی ئەوە دەکات گەر حەزت لێە بچیتە دەرەوەو ئەرك وکاری سەیرو سەمەرە بکەیت بۆ خەڵک وەرە لای ئێمە خۆت ناو نووس بکە ،لەوانە کاری فیزیکی بۆ نمونە کەسێک وەرگێڕان دەکات بۆ مەساجی چینی و دان دەردێنێت و مێودەبڕێتەوەو سپلیت چاکدەکاتەوەو بۆیەی ماڵانیش دەکات یانی سەبەع سەنایعە ئەم ئەرکی کەروێشکیە بۆ ئەو زۆر باشە ، ئەندامێکی سەرکردایەتی دەتوانێت لەسەر ئینتەرنێت ئەم پێگەو کۆمپانیایە دابنێت بەخوا ١٠٠٠٠٠ کەس ئیشی بۆ دەکات و مۆدێرنەو نوێ و تازەشە و لە هەموو وڵاتەکانی ئەوروپادا باوە، بەمە نەك یەک کۆمپانیا هەر زەلامەی دەبێت بە کۆمپانیایەک و بۆ خۆی کۆمیشن وەردەگرێت لە خەڵک، بۆ نا . بۆ نمونە ماڵپەڕێکی تر هەیە ناوی (ئیتسی – Etsy) یە، کە بۆ ئەو کەسانەیە کە ئاڵتون بەن و موستیلەو کارتی پیرۆزبایی و ژنهێنان و لەدایک بوون و ملپێچ و سەرپۆشی دەستی) لە ماڵەوە بەدەستی دروست دەکەن و دەیفرۆشنەوە لەسەر ئەم ماڵپەڕە، دیسانەوە ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکیەتی یان پارتی دەتوانێت، ها پارتیشی تیایە خەیاڵ نەکەن ئەمە بۆ هەموانە فڕیە فری ،ماڵپەڕیکی وەها دروست بکات و هەریەکە لە ماڵەوە کارت و ئاڵتون دروست بکات و لێرەدا دایبنێت و بیفرۆشیتەوە کە پێی دەلێن (دوکانی ئینتەرێنتی – Virtual Shop) ئەو ئەندامەی سیاسیە دەتوانێت سەرانە وەربگرێت لە هەرکەسێک شتێکی فرۆشت بۆ نمونە لەسەدا بڵی ٢٠، زۆر نییە، ترەید مارکەکەی ناوی کابرای سیاسی لەسەرە بەمەش دەتوانن ١٠٠٠٠ کۆمپانیای تر دروست بکەن. ئەوسا بەرەی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی وسه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی هاواریان لێهەڵدەستێت و دەڵێن کاکە ئەم ئینتەرتێتە زۆر موهیمە لە هەموو موهیمەکانی تر موهیمترە ، کاکە چیمان داوە لە کۆمپانیای نۆکان و گازو نەوت و نازانم چی خێرا فریا کەوون ئەمە موستەقبەلە با ئێمەش کۆمپانیای وا بکەینەوە، ئینجا ئەمانی تر دەڵێن نا قوربان ئەوە موڵکی ئێمەیە (کۆپی ڕایت) کراوە ئێوە ناتوانن بیگرن، ئینجا بەرەی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی وسه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی، دێن و داوای موفاوەزەی بیزنیسی دەکەن لەمان و ئیتر وەزعەکە دەترشێت . ئەوە لەو لاوە پارتی داوای فیفتی فیفتیەکەی جاران دەکات و هاواری لێدێت ئەمان ئەسڵا هەر جوابیشی نادەنەوە دەڵێن بڕۆ کاکە عکومەت بۆ خۆت، ئێمە هیچمان ناوێت نە پەرلەمان و نە وەزارەت و نە دێگەڵەو نەهیچ . ئینجا شوێنێکی تر هەیە کە لە ڕۆژئاوای ئەمڕۆدا زۆر گرنگە ئەوە ماڵپەڕی (خەڵکان بۆ کاتژمێرێک – People Per Hour) ئەمەیان هەقە سەرکردەیەکی سەربازی بیکاتەوە چونکە ئەمیان زۆر گرنگە، بۆ ئەو کەسانەیە کە دەڵێن:- ئەمەیان تایبەتە بە بەریتانیا، بەلام گەر سەرکردەیەکی عەسکەری کورد خێرا فریا بکەوێت و بیکاتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێ بە موڵکی ئەو ئەسڵا مەلیکی سعودیەش دوای ئەم ناتوانێت شتی وەها بکات و بیکاتەوە، ئەمەیان بۆ ئەو کەسانە باشە، کە لە وەڵام دانەوەی تەلەفۆن و ئەدمنسترەیشن و سکرتێری و ژمێریاری و نوسیندا باشن، بۆ نمونە کابرا دەڵێت من وەڵامی تەلەفۆنەکانت دەدەمەوە بۆ هەر کاتژمێرێک ١٠ دۆلار دەسەندم، یان کەسێک دەڵێت کاری ژمێریاریت بۆ دەکەم بۆ هەر کاتژمیرێک ١٥ دۆلارت لێدەسەندم یان درامایەکی تەلەفزیۆنیت بۆ دەنوسم تۆ ناوی خۆتی بخەرە سەر و ئەسڵا خەمی منت نەبێت من حەزم لە شوهرە و ناوناوبانگ نیە بەڵام کاتژمێری ٢٠ دۆلارت لێدەسەندم و تۆ بۆ خۆت ناوی خۆتی لەسەر دانێ و قونگ با بدە لە ناو میللەتدا کە تۆ نوسیوتە و ئەگەر پێشت خۆش بێت بەخوا بۆشت دەردەهێنم، بەڵام ٥ دۆلاری زیادەم دەوێت ، بۆ کاری دەرهێنانەکە ئەگەر پێشت خۆش بوو نواندنیشت بۆ بکەم ئەوا قەیناکا لەبەر خاتری تۆ ٧ دۆلاری تریشم بۆ حیساب بکە و خێری لێبینی .. یان ئەگەر ئەمانەشت بەدڵ نیەو کۆمپانیای بەلەم و بەرهەم هێنان و تەلەفڕیۆنت نییە ئەوا من ئەچم بۆ بازاڕ شۆپینت – بازاڕت بۆ دەکەم باینجان و فاسۆلیاو برنج و ڕۆن و دەرپێی ژێرەوەت بۆ دەکڕم و هەموو ڕۆژێک جلەکانیشت بۆ دەبەم بۆ ئووتوو کاتژمێری ١٠ دۆلارم لێت دەوێت، کابرای عەسکەری لەمەڕ خۆمان ٤٥٠٠ حیمایەی هەیە ئەگەر ئەو حیمایانە بخاتە ناو ئەم پاڵپەڕەوە ئەوا بۆ خۆی مستێ دۆلاری موفتی دەست دەکەوێت، ئیتر کێشەکان چارەسەر دەبێت و نە شەڕی دەوێت و نە بەیاننامەی سیاسی و موزایەدەی بەسەر خەڵکەوە گەرەکەو نە هیچ پارەی موفت بە شێوەی مۆدێرن پەیدا دەکەن و بڕایەوە ئیتر بۆ برا ئازیزەکانی خۆیان لە ناو حیزب و پارت و مزگەوتدا تووڕە بکەن. زۆری تریش هەیە لە کاری مۆدێرن، بەلام حەز ناکەم باسیان بکەم، هیوادارم بیر لە پرۆپۆزەڵەکەم بکەنەوە و چاوێکی پیا بخشێنن، چونکە ئەمە میللەتیش ڕزگار دەکات لە فەرمانبەری و مووچەو نیوە مووچەو ئەم قسە قۆڕانە، ڕزگارتان دەبێت برا، حکومەت ئیتر چی دی مووچە نادات و میللەتیش ڕزگاری دەبێت و یاڵا و برایەوە. ئا ببورن چینێکی زۆر گرنگ و داهێنەرو موهیم و بەستەزمانی میللەتم لە بیر چوو، چینی هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و شاعیران و ماعیران و ڕۆمان نوسان و میوزیکزانان و ڕەسامەکان و دختۆرو عەمیدو ماجستێرەکان و ئیتر هونەر مەرقان ، کاکە گیانەکانم هونەرمەرقان ماڵپەرێك هەیە زۆر گرینگە بۆ ئێوە ئەبێ ئەندامێكی زەبەلاحی سکرتاریەت ئەم ماڵپەڕە بگرێتە ئەستۆی ناوی (پێنجە – Fiverr) ئەوە دەبڵ ئاڕڕی بە دواوەیە، ئەم کۆمپانیایە دەڵێت:- ئەمەندە ناوناوبانگی هەیە لە ئەوروپادا زۆر بەخێرایی تەشەنەی کردووەو ئەندامەکانی ڕۆژ بەڕۆژ لە زیاد بوندان، دووای ئەوەی پرۆفایلی خۆت دروست دەکەیت و چی دەکەیت دەڵێیت:- بە ٥ پێنج دۆلار دەتوانم پارچە میوزیکێکی دوو خولەکیت بۆ بەرهەم بهێنم ، یان دیمەنێکی درامای میسری و هیندی ٤ خولەکیت بۆ دروست دەکەم، یان شیعریکی یان میعرێکی ٧ دێڕیت بۆ دەنوسم یان شتێکی جوانت بۆ دروست دەکەم و بەخێرایش لە ٦ کاتژمێردا ئیتر پۆستەری شانۆییەکی ترشاو بێت ، پۆستەری فیلیمێکی سەقەت بێت، گرنگ نیە گرنگ ئەوەیە پۆستەرەکەم زۆر باڵا دەبێت لە نمرەی شانۆییە فاشیلەکەت بەرز دەکاتەوە ، یان نوسینێکت بۆ دەنوسم یان نوسینێکی سەقەتی خۆتت بۆ چاک دەکەم وەك ئەوەی سوقرات نوسیبێتی ، یان فۆیس ئۆڤەرێکت بۆ دەکەم بۆ ڕیکلامێکی برنج و فاسۆلیا خواردن یان فرۆشتنی فێلاو شوقە سەقەتەکانی کوردستان کە ئاگر بکاتەوە و بەخێرایش بۆت دەکەم ، ئا ئەگەر کاری زیادەشت ویست – ئیکسترا ئەوا ٥ دۆلاری تریشم دەوێت ، دەشتوانم فلیمێکی کورتت بۆ بنوسم کە لە ٥ پەڕە زیاتر نەبێت، بەڵام ئەگەر بتەوێت فلیمە کورتەکەت ببێ بە ٢٠ خولەک ئەوا چوار ٥ دۆلاریم لێت دەوێت.. ئەم ماڵپەڕە یەکەمە بۆ کوردستان چونکە ئیبداع و داهێنان نیەو حیزب و پارت و مزگەوت دەبەنگ و گێل و نەفامی داناوە لە مەرکەزە حەساسەکانی هونەردا ئەمە یەکەمەو تەنها چارەسەری داهێنان دەکات لە وڵاتدا چونکە داهێنەرەکان هەموویان خۆیان شاردۆتەوەو شەرمیان پێدێت خۆیان دەرخەن، جا هەر ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەم ماڵپەڕە بکاتەوە قازانجێکی زۆر باش دەکات لەوانەیە ٢٠٠٠ کەسی داهێنەر ئیشی بۆ بکەن لە بری دو سێ ملیۆنی بێ بەهرەو بێتوانا .. ئیتر کاکی برا بەم شێویە کێشەی ئێوە و بودجەو بەغداد و پەرلەمان و عکومەت و پارتی و هەمووی چارەسەر دەبێت و میللەتیش بۆ خۆی سێ و چوار ملیۆنی دەکەوێتە سەر کارو ئیتر نە مامۆستامان دەگرێت و نەهیچ ،چونکە مامۆستا داهێنەرەکان دێن لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕانەوە دەرس لەسەر سکایپ و مەسنجەر و ڤایبەر دەڵینەوە و ئیتر پێویستیش ناکات موزاهەرە بکەن و ماڵیان وێران بێت .. لە کۆتایدا دەڵێم تا هەتا هەتایە کورد نابێت بە هیچ چونکە داهێنەر نییە، دوژمن پەرستە، خزمەتچی بێگانەیە، موزایەدە بە گیانی پێشمەرگەوە مەکەن شەوو ڕۆژ دەستم لەسەر دڵمە بۆ برازا و خوشکە زاکانم لە بەرەی پێشەوەی جەنگ پێشمەرگایەتی دەکەن و وڵات دەپارێزن .. خۆشە بۆ خۆت ڕابوێریت بە بێ عەقڵ و نەفامێک کە هیچی لە بار نییە و ئەمڕۆ شتە بە هۆی عیزب و پارتەکەیەوە. میللەت زۆر لە ئێوە گەورە ترە، من خاوەنی ٧ شەهیدم لە بنەماڵەکەمانا، کەسیش بۆی نیە دەم بکاتەوە لەوەی کە چی دەڵێم، تەنها دەلێم هەر خۆتان بەخۆتان بن.
ڕزگار کەریم – هونەرمەندی شانۆیی و سینەما – لەندەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە