چیرۆکەکانی چیا: مامە پیرەی خانەخوێکەمان لەزیندانی سەماوە ویستیبووی حاشا لە کوڕەکەی بکات(چیرۆکی ژمارە ٩)

Wednesday, 07/09/2016, 20:02

6505 بینراوە


من و سمکۆی هاوڕێم چاووەڕێ بووین بۆ بەیانی کەسێک لەشارەوە بێت بۆلامان ،هەر بۆیە بڕیاری مانەوەمان دا لەم گوندەدا ئێوارەیەکی پایزی زووبوو ، گەڵای دارەکان هەندێکیان زەرد ببوون و کزەبایەکی نازداریش بەناویاندا دەڕۆی و لەنجەی بەگەڵاو لق و پۆپەکانی دەکرد، جار ناجارێک گەڵایەک یان دووان بەسەماکردنەوە بۆ بن درەختە بەتەمەنەکان دەفڕین و هەڵدەنیشتن بەنازداری ، ئەم دیمەنە بۆمن لە خوێنەوەی کتێبێک دەچوو کە زۆر خۆشم بووێت و چێژی لێوەرگرم ، هەر لەبەر ئەوەبوو بەچرکەش چاوم نەدەتروکان لێیی. سمکۆ ووتی: تۆ خەریکی چیت؟  
توڕەم بکەیت ، بەدارێک هەرچی گەڵاهەیە بەم درەختانەوەی ناهێڵم ، ئەوە چیە وا حەپەساویت ؟ دەڵێ سەیری "فەیرۆز" دەکەیت، کە گۆرانی دەڵێت لەسەر سکەیچ.
سمکۆ فەیرۆزی زۆر خۆشدەویست ، ئەو بەگوێگرتن لەدەنگی دەچوە دنیایەکەوە لەچەشنی بەهەشت. هەرجارێک فیرۆز گۆرانی دەووت،یان چاکترە بڵێم لەرادیۆکە کە لێیان دەدا ، بەتایبەتی بەیانیان ، سمکۆ دەیووت تکایە بێدەنگی " بولبولی بەیانی دەخوێنێت". 
من هیچم نەوت تەنها زەردەخەنەیەکم کرد بۆ هاوڕێکەم .
بەرماڵێ خوا و سەر حەوزی مزگەوتەکە و هەیوانی ماڵی خوا کە پۆستەری شەهیدەکان و تابوتە دارێکەو دارە هەڵچنراوە بەڕۆکانی لێبوو تاکە جێگەیەک بوو بۆ ئەو میوانانەی ڕوویان لەگوند دەکرد.
نازانم چەنتان دوایی ڕۆشتنێکی زۆری تاقەت پڕوکێن ، قاچەکانتان لە حەوز ی پڕئاوکردوە و چەند شڵپێکی ئاوتان بەدەموچاوتاندا کردوە ؟ یان لەسەر ئەژنۆکانتان دانەونەتەوەو دەمتان لەئاوی کانیاوێکی سازگار ناوە تاتینۆتیتان بششکێت؟
 پاش کەمێک مامەیەکی باڵابەرز کە بێڵێکی بەسەر شانەوەبوو سڵاوی کردوو تێپەڕی ، ئێمەش وەڵامان دایەوە ، ئەو ئیستێکی کرد و ووتی :گەنجینە هەر ئێوەن ؟ پێشمەرگەی ترتان لەگەڵ نی یە؟
سمکۆ وەلامی دایەوە و ووتی: نەخێر ، بەس هەردووکمانین نازانین گەر پێشمەرگەی تربێت ، یان نا؟
مامەکەووتی: دەی کەوایە میوانی ئێمەبن و فەرموو بڕۆینەوە ماڵ بزانین "مینا" ژنە خۆشەویستەکەم چ شۆربایەکی بۆ لێناوین . 
 ئێمە بێئەوەی هیچ بڵێین ، تەنها سەری ڕەزامەندیمان پیشان داو دوای مامە ی خانە خوێمان کەوتین کە میوانداری کردین ، من بەچرپە بەسمکۆم ووت : سەیرە ووتی:" ژنە خۆشەویستەکەم" ؟ .
 من لەتەمەندما تائەو کاتە پیاوێکی کوردم نەدیبوو ئاوا بەژنەکەی بڵێت، بەباوکی خۆشمەوە ؟
 گەیشتینە ناو حەوشی ماڵەکەو مامە باڵابەرزەکە بێڵەکەی هەڵسپاردوو بە پێپلیکانەیەکدا سەرکەوت لەپێشمانەوەو ئێمەش بەدوایدا سەرکەوتین . لەبەر هەیوانەکە بەدەنگی بەرز ووتی "مینا" تۆ لەکوێیت.... ؟ میوانمان هەیە . 
دەنگێک لەنادیارەوە هات ووتی: میوان ئازیزەو بەخێر بێن سەر چاوان ، واهاتم پیرۆت گیان ،واهاتم ... !.
 من ئاوڕم دایەوە لەبەر هەیوانەکەوە بۆ ناو حەوشە کە کە لایەکی بە چیمەنتۆ چاکرابوو ،چەند مریشک و کەڵەشێروو یەک دوو مراوی و قازو مانگایەکی ڕەشی گەورەشم دی کە بەگوریسێکەوە بەسرابۆوە ، دیاربوو ژوورەکانی تر ئاخوڕو کولانەی باڵدارەکان بوون تاریک و نوتەک و پەنجەرەی بێشوشەو بچوکی و دەرگایەکی شینی چڵکن ئەوەی پێووتم کەئەم ژوورە نزمانە ماڵی ئاژەڵەکانە.
 ئێستا زانیمان خانە خوێکەمان ناوی پیرۆتە ، مام پیرۆت دەرگایەکی کردەوەو بەخێری هانین بۆ ژوورەوە ، ژورێکی گەورە و گران دوو خانم کەمنداڵێکی شیرەخۆرەیان پێبوو لەنزیک زۆپا دارەکە دانیشتبوون کەچوینە ژوورەوە هەستان لەبەرمان و ڕێزیان نیشان داین . 
 هەموو ماڵێک نمایندەی خاوەنەکەیەتی و وێنەی خاوەنماڵ نمایش دەکات ، ژوورەکە وێنەی شەهیدێک سەرنجی ڕاکێشام و دوایش چەند تابلۆو تەنانەت جانتایەکی مۆدەی ژنانەش هەڵواسرابوو. هەمیشە بۆ دواندنی خانەخوێکان کەدەبوینە میوانیان من یاسایەکم هەبوو لەدیوارەکانەوە بابەتم دەدۆزێوە بۆ قسەلەسەرکردن . 
لەبەردەم وێنەی شەهیدەکەدا وەستام و سەیرم کرد ساڵی ١٩٧٧ شەهید بوە ، پاشان سەیری دەستی چەپم کرد پەڕەیەکی ڕۆژنامەیەکی عەرەبیم بینی کە لێی وردبومەوە وێنەی "ڕۆناڵ ڕێگن "ی سەرۆکی ئەمەریکابوو باسی لە "هینکلی" دەکرد کە لەساڵی ١٩٨١دا تەقەی لە ڕۆناڵ ڕێگن کردبوو . 
بەمام پیرۆدم ووت : هەڵواسینی ئەو پەڕەی ڕۆژنامەیە مانای چی دەدات بۆتان ؟
 مام پیرۆت لەوەڵامدا ووتی:
 تۆش پێت وانی یە ، ئەمەریکا و سەرۆکەکانی شەیتانی سەر زەوین ، لەدوای ئنگلیزەکان؟ 
 بەرلەماوەیەک لەدۆڵی جافایەتی لەگوندی مەلومە لەخانویەکی دوونهۆمدا بارەگا یان ماڵێکی حیزبێک هەبوو ناوی " کۆمەڵەی یەکسانی" بوو نیوەڕۆیەک لەگەڵ هاوڕیەکم چومە لایان ئەوان زووزوو نامیلکەو کتێبیان چاپدەکرد چوم کتێب و نامیلکەی نوێ ببینم . کەچووم سەرۆکی حیزب و پیاوێکی کامڵی لێبوو ڕیشێکی تەنکی هەبوو ، قژێکی لول و دانەکانی زەرد هەڵگەڕابوو دیابوو جگەرەکێشێکی بەردەوام بوو، دووژێرسێی ژەنگاوی ئێرانیان بە دیوارەکەوە هەڵپساردبوو ، ئەوەی لای من جێگەی سەرنج بوو بەدیوارەکەوە بەخەتێکی خۆش لەسەر کارتۆنێکی سپی بەبۆیاخی سور نوسیبویان "مردن بۆ ئەمەریکا".
 نازانم بۆچی ئەم هەواڵی تەقەکردنە لە ڕۆناڵ ڕێگن کۆمەڵەی یەکسانی بیر هةامەوە؟ 
 بیرم نایە چۆن وەلامی مام پیرۆدم دایەوە ، مام پیرۆت چاوی ڕاستی لەتێک گلێنەبوو ، بەڵام زۆر بەئاگابوو ، ووتی من مەلایەتیم خوێندوە و عەرەبی باش دەزانم ، زمانی مام پیرۆت لە زەوی تینوو دەچوو هەمووی شەقار شەقاربوو ، دەستەکانی گەورە بوو هەتاو ڕوخسارو دەستەکانی داخکردبوو. لەسیمایدا نەهامەتێکان دەخوێنرایەوە ، بەڵام دەوت شێرە .
من ووتم ئەو شەهیدە کوڕتانە ؟
هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و ووتی: بەڵێ کوڕمان بوو.
ووتم ساڵی ١٩٧٨ شەهید بوە دیارە لەسەرەتای شۆڕشی نوێدا شەهید بوە، لەکوێ شەهید بوو ، چۆن شەهیدبوو؟ 
 سمکۆی هاوڕێم هەواڵی پەڕەی ڕۆژنامەکەی بەپێوە دەخوێنەوە ، ئاگای لە گفتوگۆی ئێمە نەبوو . 
 مام پیرۆت ووتی : ئێمە من و مینا گیرابووین و براین بۆ"سەماوە" لەگەڵ چەند خێزانی تر کە کوڕیان یان مێردیان پێشمەرگەبوو زیندانکرابووین . ماوەی چەند مانگێک بوو لەوێ بووین لەگەڵ خێزانەکانی تردا کە کەسوکاریان ڕوویان لەساخ کردبوو ببوون بەپێشمەرگە.
وێنەی هەندێک لە زیندانەکانی سەماوە ساڵی ١٩٧٧
بەیانیەک نیگابانەکە ناوی خوێندمەوە و ووتی خۆتان کۆکەنەوە بەر دەبن ؟ 
 مام پیرۆت ووتی: هەموومان بەردەبین ، یان هەر من و ژنەکەم ؟
پۆلیسەکە لەوەلامدا ووتی: تەنها تۆو ژنەکەت بەردەبن و خێراکەن ماتڵمان مەکەن تۆزێکی تر ئۆتۆمبێل دێت دەتان بەن بۆ گەراجی بەغداد زووکەن .
 منیش ووتم : ئێمە ئامادەنین هاوڕیی زیندانەکانمان جێبهێڵین و ناڕۆین یان دەبێت هەموومان بەردەن ، ئێمە ئەم سوکایەتیە قبوڵ ناکەین ، من زۆر شانازیم بەخۆمەوە دەکرد کە کوڕەکەم لەچیایە بۆ ئازادی گەلەکەی .
نیگابانەکە سەری لەقاندوو ووتی : ئێوەی کورد چەندە کەلەڕەقن ؟ تەنها تۆ و ژنەکەت بەردەبێت زووکە ن بائازارتان نەدەین .
 من پێداگریم کرد و ووتم ناڕۆین و دەمێنینەوە ، یان دەبێت هەموومان بەردەن و چارەنوسمان وەک هاوڕێکانمان بێت.
گەڕامەوە لای مینا و هاو زیندانێکانمان ، پێم ووتن دەڵێ ئێوە بەردەبن . 
مینا ووتی: پیرۆت بڵێ کوڕەکەمان خۆی نەدابێت بەدەستەوە ؟
 منیش توانای بیرکردنەوەم لەدەستدا و ووتم : گەر وای کردبێت عاشای لێدەکەم و من کوڕی وام ناوێت .
پاش کەمێک بەڕیوبەری زیندانەکە باگی کردم بۆ ژوورەکەی ووتی : بەردەبن چونکە ئیتر تۆ کوڕێکی " مخەریبت" نییە.
ووتم کوڕەکەم خۆی داوە بەدەستەوە ؟
لەوەلامدا ووتی : نا خۆی نەداوە بەدەستەوە بەڵکو لەشەڕدا کوژراوە .
 خۆم گرت فرمێسکەکانم لەقوڕگما ڕاگرت ، لەناخەوە تێکو پێک درام بەڵام نەم هێشت دوژمنەکەم دڵشادبێت پێم ، ڕۆشمەوە ژووری زیندانە بەچرپە بە هاو زیندانێکانم ووت : ئێمە بەردەدەن دڵتان هیچ نەکات کوڕەکەمان وەک شێر ژیا.
 چەند دڵۆپ فرمێسکی گەرم دورلەویستی خۆم بەربونەوە دەستی مینام گرت ووتم: ئیتر ئێمە بەردەبین ، خۆت ڕاگرە تا گەراج مەگری چونکە کوڕەکەمان ئازار دەچێژێت لەبەر چاوی دوژمنەکانماندا بمانبینێت بەزەلیلی .
 مام پیرۆت چیرۆکەکەی وادەگێڕایەوە هەموو گیانمان ببووە گوێ .
سمکۆ ووتی : ئەی دوایی چۆن گە شتنەوە ؟
 من و مینا لەسەماوە تاسلێمانی بێدەنگ فرمێسکمان ڕشت ، تەڕایی لەلەشماندا نەما ، من بڕیارم دا هیچ نەوەستم و بڕۆم سۆراخی لاشەی کوڕەکەم بکەم .
 لەو کاتەدا پورە مینا هەتەژوورەوە بەخۆیو سنیەک پڕ لە خۆراک .
لەو کاتەدا مام پیرۆت نیوە چاوەکەی لێقوچاندین بەنیازی بێدەنگ بوونمان و نەکردنی پرسیاری تر.
 ئێستا کە ئەم چیرۆکە دەگێڕمەوە و بیر لەو ڕۆژەنەدەکەمەوە دەڵێم ئەوسا خەڵکی باشور چەندە کەرامەتێکی بەرزیان هەبوو ؟
 پاش جایی خواردن دووبەتانی بەورمان وەرگرت هەوا تاریک ببوو بەرەو ماڵی خوا ڕۆیشتین .
 سمکۆ ووتی هیوادارم سەبوریتان بۆ بگەڕێتەوە ، ماڵئاوایمان لەخانە خوێکەمان کرد .
 مام پیرۆت ووتی : سەبوریمان بۆگەڕاوەتەوە ئەوە نی یە هەزاران گەنجی وەک ئێوە بەرگری دەکەن لەم خاکە .
 گەیشتینە ماڵی خوا کەرتێک پێشمەرگە لەوێ بوون ، دوایی سڵاو کردن لێیان ، من ووتم: دەتوانن ئیشک بۆ ئێمەش دانێن .
لەوەڵامدا ووتیان ئێمە نامێنینەوە دەڕۆین .
 پاش دەم ژمێرێک تەنها من و سمکۆ ماینەوە ، دوایی قسەکردنمان لەسەر چیرۆکە پڕ تراژیدیاکەی خانەخوێکەمان ، من بەسمکۆم ووت : هاوڕێم بخەوە بەس بەوریایی .
 سمکۆ وەڵامدا ووتی : پشت بەووریایی من مەبەستە . هەردووکمان دەستمان کردە پێکەنین .
 نازانم چەند بوو خەوتم بەڵام چرای قەد دیوارەکە ڕۆشبۆوە، سەیرم کرد دووپیاو لەسەر ئەژنۆکانیان دانیشتبوون لەبەردەم مینبەری مزگەوتەکادا . من هەستام و سمکۆشم خەبەر کردەوە ، چوینە بەر هەیوانەکە ، پیاوێک خۆی لەحەوزی مزگەوتەکە هەڵدەکێشا. 
من و سمکۆ بێئەوەی بمانەوێت سەیری یەکترمان کرد و پێکەنین بەبێدەنگی، بەتانەکانمان هەڵگرت و بەرەو ماڵی خانەخوێکەمان ڕۆیشتین ، تا بتوانین کۆتایی چیرۆکەکە بژنەوین ، بەڵام کەلەدەرگامان دا ، پیاوێکی گەنج هات بەرەو پیرمان و چوینەوە هەمان ژوور، من هەواڵی مام پیرۆتم پرسی کە لەکوێ یە ؟
 پیاوە گەنجەکە لە وەوڵامدا ووتی: باوکم شەوەکی ڕۆشت هەندێک کاری هەبوو چوو بۆشار.
 نانمان خواردوو ماڵئاوایمان لێیان کرد ، بەدرێژای ئەو ساڵانەی لەچیابووم ڕێکەوتێکی ترم نەکەوتەبەر دەست کۆتایی چیرۆکەکە لەدەمی کارەکتەکانەوە ببیستم . ئێستاش نازانم ئەنفال و هەرەس مام پیرۆت و پورمینایان بەکوێ گەیاند؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە