مەرگی بارزانی نزیکە

Friday, 09/09/2016, 19:30

4847 بینراوە


خدر شێروانی
وەختێك نرخی بەرمیلێك نەوت دابەزی بۆ ٢٥ دۆلار وتیان قەیرانی داراییە ناتوانین نان و پارووی هاوڵاتیان دابین بکەین، ئێستاش کە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٧ دۆلار هەر وا دەڵێن، لەولاشەوە بە نمونە کەناڵی روداو لە هەر شارێکی گەورەی جیهاندا پەیامنێرێك و وێنەگرێك و شۆفێر و ماشێنێك و ئامێری رەوانەکردنی سەتەلایتی لەگەڵە و دەوەرە حسابی بکە بزانە تێچوونی هەر پەیامنێرێك مانگانە چەند دەبێت، جگە لە موچەو تێچوونی کارمەندان و میدیاکارانی ناو بینای سەرەکی، باشە میللەت ئێستا برسیەتی کەی پێویستی بەو هەموو کەناڵە حیزبی و شەخسییە هەیە، لە درۆ و دەلەسەو چەواشەکاری جێی چی دەگرن؟ لەولاشەوە بەهەمان شێوە حسابی تێچوونەکانی کەناڵی ئامۆزاکەی : کوردستان ٢٤ بکە، ئەی ئێن ئاڕ تی و دەیانی تر....
 ئاغاکانی پێشین راستیان گوتووە (سەگەکەت برسی بکە دوات دەکەوێت) پڕاوپڕ بارزانی ئەم پەندە بەسەر میللەت و خەڵکدا جێبەجێ دەکات، چونکە ترسی لە ئیرادەی بێ ئیرادەی میللەتێکی نەفام نییە کە هەر ئەوان بوون دەنگیان پێدا تاکو ببێتە کوێخا بەسەر زگی میللەتەوە، بێ قەدرکردن و لەناوبردنی تاکی کورد بە شێوازی جۆراوجۆر  گەورەترین کاری دوژمنانی کوردە، چونکە گەورەترین سامانی هەر میللەتێك تاک و ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایەن، کەچی لەبەرچاوی هەمووان و بە رۆژی رووناك میدیاکارێکی سڤیلی وەك ویداد حوسێن دەفرێنرێت و ئەشکەنجە دەدرێت و پاشان تیرۆر دەکرێت بێ ئەوەی کەسێك هەڵوێست وەربگرێت، ئەمە ئەوپەڕی بێ حورمەتی کردنە بە هەست و کەرامەتی هەموو میللەت.
بارزانی بۆ خۆڵ کردنە چاوی ئەو خەڵکە  تێنەگەشتووە خەڵکی مەشغوڵی ئەوە کردووە دەوڵەتی کوردی رابگەیەنێت، لە کاتێکدا بۆ دزینی نەوت پرسی بە خەڵك نەکرد، بڵێ کێ دەستی گرتوویت راینەگەیەنیت؟ دزو چەتە  قەد بەرپرسیاریەتی بەرێوەبردنی کاروباری خەڵکی پێناکرێت تاکو بتوانێت دەوڵەت بەڕێوە بەرێت، بزانن تاکو نەوت لە ژێر سەرپەرشتی حوکمەتی ناوەند دەڕۆشت (لەگەڵ ئەو هەموو کێشەیەش کە ئەو حوکمەتە هەیەتی) هیچ مانگێك موچەی فەرمانبەران دوا نەدەکەوت، بەڵام لەوەتەی بارزانی دەستی کردووە بە ئاودیوکردنی سامانی بن زەوی کوردستان کەس موچە بە تەواوی وەرناگرێت، هەموو دەزگا خزمەتگوزاریەکان پەکیان کەوتووە، کەواتە با چیتر کەس هەڵنەخەڵەتێت بەوەی بارزانی خۆی لێکردووینەتە پاڵەوانێکی پفکراو کە خەمی میللەت و داهاتووی کوردە، چونکە گەر لە خەمی میللەت و خەڵکدا بووایە ئاوها خەڵکی توشی قەیران دوای قەیران نەدەکرد، نەك دەوڵەت بەڵکو ناتوانێت حوکمی گەڕەکێك بە دادپەروەریی بکات.
بەڵام ئەوەی لە پێشینان بیستوومانە ئەوەیە کە پەتی زوڵم لە ئەستووریدا دەپچڕێت، کاتێك ئەستێرەی بنەماڵە بەرەو کوژانەوە چوو، وەکو سەدام لەبن زەویشدا جێی نابێتەوە، میللەت ئارامی نەماوەو پڕ بووە، یەکجار مردن بە سەرفرازی باشترە وەك لە مردنی رۆژانە، ئیتر بەسە ٢٥ ساڵە میللەت بە مێگەل دەکەن، کاتی ئەوە هاتووە تەخت و تاراجتان وردو خاش بکرێت.
خدر شێروانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە