Monday, 12/09/2016, 4:16
6500 بینراوە
سەرکردەکانی حکومەتی بنکەفراوانی پەرتەوازە بوو! هەر یەکە لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، بۆ خۆیان (گرد، گردۆڵکە، شاخ و چیا) خانوو یان چەند خانوویەکی گەورەی گرانبەها و قەشەنگیان بۆ خۆیان دروست کردووە، دەورە دراو بە هاورێ خانەنشینکراوی خاوەن پلە باڵا، خاوەن هەزاران هەزار دۆلاری نووستوو، پەتپەتێنکەر، لەشکرێک لە قات و بۆیمباخ پۆش، کەناڵ و میدیایی زەبەلاح، رۆژنامە نووسەری دەربار و بێویژدان، سەدان پاسەوان، سەدان کەسانی ماستاوچی، زمانلووس، جنێوفڕۆش، لانکرۆزەری رەش، سپی، لە سەر سفرەی زەرەد و سوور خۆیان و ماڵ ومنداڵیان جەژنی قوربانمان لێ پیرۆز دەکەن!
سەرکردەکانی حکومەتی بنکە فراوانی پەڕتەوازە بووی ناکۆک لەسەر پشک، لە سەر پۆست، لەسەر بیرەنەوت، لەسەر دۆلار و دزیی زۆرتر، هەر یەکە لای خۆیەوە ووشەی بریقەدار ریزدەکەن، یەکێکیان دەڵێت:
"بۆ چارەسەری قەیرانی هەرێم ئێمە دەبێت ئێمە لە نێوان خۆماندا کۆک بیین!"
ئەوی تر دەڵێت:
"کوردستان بە بار و دۆخێکی هەستیاردا ڕەت دەبێت بەو هۆیەوە مەرجمان نییە بۆ ڕیککەوتن لەگەڵ لایەنەکان بۆ چارەسەری قەیران!"
یەکێکی تریان دەڵێت:
" دەچم بۆ ئەوروپا بۆ چارەسەری نەخۆشی لە نەخۆشخانە گرانبەهاکان!؟"
"ئێمە بۆیە لەگەڵ یەکێتی رێککەوتین بۆ چارەسەری قەیران!؟"
ئەوتریان دەڵێت:
" بە هۆی بوونی قەیران لە حکومەتی بنکە فرەوان دەکشێینەوە؟!"
ئەویتریان دەفەرمێت:
"نامەم ناردوە بۆ بەغداد، دەربارەی بە تاڵانبردنی بیرە نەوتەکانی کەرکوکی دڵی کوردستان!؟".
سەرکردەکانی حکومەتی بنکە فراوانی پەرتەوازە بووی تێر و پڕ لە دزیی و جەردەیی، یارییکەر بە چارەنووسی میللەتێک، ئەو میللەتەی، هیچ توانایەکی نەماوە، تەنانەت توانای پەیرەو کردنی نەریەتی لێنانی چێشتی برنج و قەیسییەکیشی نییە لەو جەژنەدا، ئەم بەرپرس و حیزبانە پیرۆزبایی جەژنیان لێدەکەن و دەڵێن:
جەژنتان پیرۆز ئازیزان!؟ قارەمانان،
جەژنتان پیرۆز (سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی).
جەژنت پیرۆز ئەی (هەولێر، هۆلاکۆ بەزێن)
ئەی (دهۆک، نەوەکانی بارزانی، خۆ ڕاگر و کۆڵنەدەر) جەژن لە تۆش پیرۆز
ئێمە لە خەمتانینن، دڵنیا بن!
دوای جەژنی قوربان دیبەیت دەکەین بۆ چارەسەری قەیران!؟
سوێند دەخۆین بە ئەرزو خاکی نیشتمان!
پەیمان بێت، هەڵدەکەین ئاڵای کوردستان!
© 2019- Kurdistanpost