چیرۆکی زیندانی کردنم لە (پاراستن) بەدناوترین زیندانەکانی دونیا (بەشی سییه‌م )

Wednesday, 14/09/2016, 9:48

5165 بینراوە


بەیانیەک هەر زۆر زوو بوو ،هەر چیی دەرگا هەیە کرانەوە هەستت دەکرد گەمارۆ لەسەر هەوا هەڵگیرابێت ، بە  ئازادی بایی باڵی خۆت بدەی، هەر لە ماوەیەکی زۆر کورت دا، حەوشە و ژووری زیندان  بە تەواوی  شۆردران و خاوێن کرانەوە، سەرەتا نەمانزانی هۆکاری ئەوە چییە ، لەبن گوێم  یەکێک بە ئەسپایی وتی ئەوڕۆ خاچی سوری نێودەوڵآتی دێت، بۆسەردان کردنی ئێمە ، چاوپێکەوتن لەگەڵ تەواوی زیندانەکاندا  دەکەن، منش وتم ئێ ئێ ئێ.
ئێستا کاتژمێر نەببوو بە ٧ بەیانی  کۆمەڵێک چەکدار هاتن  ناوی چەند کەسێکیان پێ بوو ،هەر زۆر بە شپڕزەیی  کۆمەڵێک کەسیان بردن، ئەوانەی کە من بیرم ماوە، ئەو کەسانە بوون کەلەسەر پ. ک. ک ە گیرابوون .چونکە لەو زیندانە ئەوەی کە لێی بوو زۆری سەربە پک ک بوون، ئەو ڕۆژە مینگە مینگ کەوتە ناو زیندانەکەوە ،هەر یەکە لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد، ئەوڕۆژە هەر زۆر ئازاد بوین، لە یەکتر بینین بەڵام بەداخەوە من نە محمەد  و نە ئەو کوڕەی کەلەبەردەرگای ژوورکەوە دەوەستا بەرچاوم نەکەوتنەوە،  ئەو ڕۆژە  هەستت دەکرد ئەو زیندانە تەواو چۆل بووە، نیمچە شڵەژانێکی پێوە دیار بوو، چونکە  هەر خەڵکیان دەبرد و نەدەهاتنەوە لای ئێمە ، منش ڕێک چوم بۆ لای سامان لێم پرسی ئەوە چ باسە سامان؟ وتی بێ دەنگبە با تۆش نەبن، منش وتم بۆ، وتی  ئەوڕۆ خاچی سوری نێودەوڵاتی دێیت ، ئەوانەی کە زۆر تاوانبارن ئەوانە فت ، چونکە  ئەوانە زۆر خەتەرن و بەربونیان مەحاڵە. هێندە بە سەیری باسی دەکرد، وەکو ئەوە وابوو خۆشی لەناو ڕوداوەکەدا بێت، وتی ئەو ڕێکخراوە کە تۆزێکتر دێت ڕەنگە ناوی کەسانی زۆر تایبەتیان پێ بێت، بۆیە ئەگەر داوای ئەو ناوانە بکەن، دەڵێن ئەو کەسانە لای ئێمە زیندانی نین، سامان زانیاری سەیری لابوو. وتی ئەو ڕێکخراوە ئەوڕۆ هەموو زیندانەکانی پارتی بەسەر دەکاتەوە ، ئەوانەی ئەوڕۆ بردیانن هەر هەمویان سەر بەپ ک ک" ئەو سامانە زانیاریەکەی هێندە بە جوانی باس دەکرد من گومانم لێکرد، کە پاراستن  ناردبیەتە لای من، بەڵام ئەو بە حکومی ئەوەی پاسەوانی کەسێکی دیاری کراوبوو پەیوەندێکی باشیان هەبوو لەگەڵ پاسەوانەکاندا ئەوان بە قسەی مسعود بارزانی دەست بەسەرکرابوون ، بۆیە زۆر ڕێزیان لێ دەگیرا و زانیاریان زۆر بە باشی پێ دەگەیی.هەر  ئەو ڕۆژە  زۆر بە ڕێزەوە  ووتیان هەر کەسە و بچێتەوە ژوورەکەی خۆیی، ئێستا نوێنەری ئەو ڕێکخراوە دێت بۆ لاتان و پرسیارتان لێ دەکەن؟. کە چوینە ژورەوە کوڕێکی پاراستن لەوێ ئامادە بوو، بە زمانێکی زۆر  بازاڕی وتی  هەر کەسێک بڵێت، لەسەر مەسەلەی سیاسی گیراوم دوایی  کوشتنی مسۆگەرە، وتی نابێت وابڵێن دەبێت شتێکی ئاسایی بڵێن، هێندەی نەبرد ئەو ژنە لە ژورەکەی ئێمەوە دەستی پێکرد . یەکەم جار چەند کەسێکی پێش من بەڕیکرد و  دوای سەرە گەیشتە من و بەدیارمەوە دانیشت. لەپشتی ئەو ژنەوە ئەو پاسەوانەی کە هەڕشەی لێ کردبوین سەیری دەمی منی دەکرد، بزانێ دەڵێم چیی، ژن  دەستی درێژ کرد بۆ تۆقە کردن و وتی من ناوم ( سەکینەیە) نێردراوی خاچی سوری نێو دەوڵەتیم ، وتی زمانی من زاراوەی مەغربییە ئەگەر حاڵی نابیی لێم دەتوانم لەگەڵ وەرگێرێکدا، چاو پێکەوتنت لەگەڵدا بکەم. ئێستا  هاتووم بۆ چەند پرسیارێک منش وتم فەرموو، وتی بۆ لێرە زیندانی؟ منش وتم لەسەر  ناسنامە گیراوم ، یەکەسەر چاوێکم لێ داگرت ئەو حاڵی بوو چیم مەبەستە وتی من ناتوانم ئازادت بکەم، بەڵام لە مردن دەتپارێزم وتازە تۆ لای ئێمە ناوەت نوسراوە و فایلی تایبەت بەخۆت هەیە بۆیە هەر کاتێک بەربووی پێویستە سەردانمان بکەی لە عنکاوە، وەرەقێکی پێدام ناوو ژمارەی خۆمی لەسەر بوو،دوایی ئەوە خانم سەکینە ڕۆیشت لە لای ئێمە ، چوو ژوور بەژوور دەگەڕا، ئێوارە  بینم لە زیندان چۆ دەرەوە و دەرگای زیندانیان بەسەر ئێمەشدا قفڵ دایەوە..
بەیانیەک پێش نان خواردن بەدەنگی بەرز بانگیان کردم وتیان خالید خۆت ئامادە بکە ، مدیری ئاسایش داوای تۆیی کردوە، فریای نانخواردن نەکەوتم، کەلەپچەیان خستە  دەستم و لە پشتی سەیارەیەکی مێک زەمینێکیان هاویشتم ، بەبێ چاو بەستراوی، بەناو هەولێردا  بردیانم زیاتر لە نیو سەعاتی پێ چوو ، تا گەیشتینە شوێنی مەبەست کە ئەوان دیاریان کردبوو، لە بینایەکی گەورەی دەرەوەی شار، کە بینایەکە ڕەنگی جەرگی هەبوو  بێ یەک و دوو لە ژورێک دایان نام، ژورێک هەر مەترێک دەبوو تاکوو سەعات ٢ کەس نە دەهات بەلامە ، تونیەتی و برسیەتی تەواو فشاری بۆ هێنابوم، ئەو ڕۆژە هیچ لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا نەکرا، پاسەوانێک هات دەرگای کردەوە، کەلەپچەی خستەوە دەستم، بەرە و زیندان ڕاپێچیان کردمەوە ، ئەو کارە ببو بە پیشەی ڕۆژانەیان، بەیانیان پێش نان خواردن  دەیانبردم ، تاکوو سەعات ٢ یان ٣ لە ژورێکی ١ مەتری دایان دەنام  بەبێ نان و ئاو،  دەیان بردم و دەیان هێنامەوە بۆ کوونە ڕەشەکە. ئەوە  یاریکردن بو بە هەستی مرۆڤ، ئەو یاریکردنە زیاتر لە هەفتەیەکی خایاند ، هێندە لاواز ببوم کابۆیەکەم بە کەمەرمەوە نەدەوەستا، چونکە نانو ئاو وەکو پێویست نەبوو، کەسیش بۆیی نەبوو سەردانی من بکات،.دواجار کە بردیانمەوە، ئەو ڕۆژە  نەچومە ژورە  ١مەتریەکە،  ڕێک بۆ لای مدیر بردیانم ، کە سەرم بەرز کردوە  مدیر لێم هاتە پێش و وتی:- بە خوێنی شەهیدان ڕاستیەکان نەدرکێنی  ئەو تفەنگت بینیوە بەدەستی خۆم  بەو تفەنگە دەکوژم،منش وتم باشە ئاخر چیی بڵێم! خۆمن هیچ شتێک نیم باسی چیبکەم، ، وتی نا  شاهید هەیە کە تۆ سەر بە دەزگای زانیاریت، منش بەدەسەت خۆم نەبوو پێکەنیم بەو قسە هات،  وتم ببورە بەهەڵە ئەو پرسیارە لەمن دەکەی من ئەو کەسە نیم کە ئێستا لەبەر دەستی تۆدا   دیلم ، قسەم تەواو نەکرد زلەیەکی کێشا پێم و وتی ئەوە شاهید! ئەگەر سەیرم کرد [ن.خ.قەڵآدزێ) بەدیارمەوە وەستاوە ، و ڕووی کردە مدیرەکە و وتی بەڵێ ئەوە خۆیەتی و برای فڵان کەس و ئامۆزای  ئەوەیە وئەویە و ئەوەیە ، منش وتم برا جا ئەوانە چیی پەیوەستن بە منەوە، ئەوانە ئێستا هەر هەمویان  پێشمەرگەی یەکێتین و لە قەڵادزێن ئەگەر ڕاست دەکەن بڕۆن ئەوان بگرن نەک من، هەر وتم یەکێتی دانەیەکی تریشی کێشا پێم (ن) دەزبیحێک بەدەستیەوە ، لەو دەستەی بۆ ئەو دەستی یاری پێ دەکرد، و پێم پێ دەکەنی
ئەوە یەکەم تەحقیق بوو، دوای نزیکەی دوو مانگ زیاتر، لەو بەشەی ئەو زیندانەدا ،تەنها هەر ئەوجارە تەحقیقم لەگەڵ کرا ، تاکوو ڕۆژێک وەکو جاران بانگیان کردم  وتیان خالید خۆت ئامادە بکە  کەسێک هاتووە . منش وا حاڵی بووم  دیسانەوە تەحقیقە، بەڵام وا دەرنەچوو خزمێکی خۆمان بوو بەناوی کاک [د]بە هەزار  تەکلیف و تەکلیف  کاریی  چەند خولە کێک لەکونی دەرگاکەوە  دوو بۆ سێ خولەک بینم و وتی  تەنیا بۆ ئەوە هاتووم کە دڵنیا بم تۆ ماوی لە ژیان ، وتی ئێمە لەدەروە  هەر لە هەوڵ داین بۆ بەربونت. کاک[ د] بە حکومی ئەوە هاتبوو کە  خۆیی -
بە کەسێکی پارتی ناسرابوو.
دەبێت مرۆڤ لەو حاڵەتەدا چۆن بیر بکاتەوە! تۆ دوو مانگ کەس لە هەواڵت نەزانێت، لێدانێکی باشت خواردبێت و نەشزانی هۆکارەکەی چییە. مرۆڤ خەونێکیتری هەبێت بۆ ژیان بەڵام  سەیر دەکەی بەدەست نەبیل ی جەلادەوە هاوار و تۆفانتە. ئێستا ئەگەر بڵێم لە زیندانیشدا بۆت نەبوو وەکو پێویست بیر بکەیتەوە لات سەیر نەبێت کاتێک دەیانزانی تۆ خەیاڵیت ڕۆشتووە دەهاتن بەهانەیەکیان پێ دەگرتی.  ڕۆژێک هەر بۆ خۆشی  چەند سەعاتێک بە مەحەجرەی حەوشەی زینداندا هەڵیانواسیم، وەکو کیسی خۆڵ ، کە با دەیهێنێت بە شیشەکانەوەهە هەڵوسرابووم ، کاتێک هاتن دەستیان کردمەوە  لاشەیەکی وەکو ماری سڕ، ئەگەر پێت لەسەرت نابامایە هەستم بە هیچ نەدەکرد، هەر ڕێک کەوتم بەسەر ئەرزەکەدا،  لە  هۆش خۆم چووم، کاتێک هاتمەوە هۆش، لە ژورەکەی خۆم  کڕ کەوتووم ، کەس قسەم لەگەڵ ناکات، ئەوانەی کە لە ژوورەوە بون، تازە بوون، سیما و ڕەنگیان هەر زۆر جیاواز بوو وەکو ژوورەکەی تر گەرم و گوڕ نەبوون،
دیسانەوە بەیانیەک بانگیان کردمەو  وتیان خالید بابێت بە (کەل و پە لە وە) منش لەو ووشەیە باش حاڵی نەدبووم. نازانم چۆن بوو کەوتە بەر گوێم وتیان ئەوەی بە کەل و پە لە وە بانگی بکەن ،جارێکیتر نایەتەوە بۆ ئێرە ، یان بەردەبێت یاخود بۆ ئاکرێ ڕەوانە دەکرێت.، منش یەکسەر ڕامکرد، بۆ ئەو شوێنەی کە دەنگەکەی لێوەهات واتە بەر دەرگای سەرەکی. وتیان چیت پێە! منش وتم تەنیا ئەو قایشەم پێیە هەر لەوێ پاسەوانەکە کێشای پێم  و وتی چۆن تاکوو ئێستا قایشت پێ بوو، چونکە قایش پێچەوانی یاسی زیندان بوو، ئەوان حسابی ئەویان دەکرد ڕەنگە خۆت بخنکێنیت بەو قایشە. منش وتم  ئەی تۆ پاسەوان نیت لێرە؟دیسانەوە دانەیەکی تری کێشا پێم و بە شەق و زلە .فڕێان دامە پشتی سەیارێکی کڕۆلە
  پاسەوانێک بە زاراوەی بادینی لەپێشی سەیارەکەوە پاڵی دابۆوە، دووانی تریش کە سۆرانی بون ،لەو لاولەم دانیشتبون.  سەیارەکەیی قەمەرە بوو،  لەناو خۆیاندا کۆیان کردبومەوە نەفسیان لێ بڕیم ،یەکێک پرسیاری لێ کردم وتی تەواویی کەلوپەلەکانی خۆت هێناوە!  منش وتم بەڵێ بەس من هیچم پێ نیە، تەنیا ئەو قایشە نەبێت. بەرنەرمی سەرێکی ڕاوەشاند و سەیارە بەڕێکەوەت ، وردە وردە لە زیندان دوور دەکەوتینەوە و ئاراستەی بەرەو بازاڕ دەڕۆیشت ، ماوەیەک ڕۆیشت  دیار بوو چەندین  کۆڵانی بڕی، ئەو شێوازە  ڕۆیشتنە  ترسی خستە گیانمەوە ، هێندەی پێ نەچوو لە ناکاو سەیارە خۆی کرد بەناو باڵەخانەیکدا، دەرگایەکی گەورەی ڕەساسی هەر لە دوورەوە  کرایەوە، سەیارەکە لە ناو زیندانەکەدا تۆزێک وەستا، بەلام من هەر لەناو سەیارەکەدا مامەوە، کابرای پێشەوە دابەزی و تۆزێکی پێ چوو  هاتەوە ،دوای بە شۆفێرەکەی وت لێبخوڕە، کابراش هەرلەسەر خۆ بەگێکی دانە و بەبێ دەنگی هاتینە دەرەوە و ئەو جێگایەمان بە جێهێشت. ئێستا دورنەکەوتوبوینەوە لەو زیندانە  خۆم پێ نەگیرا،  زۆر بە نەرمی لە پاسەوانەکانی دواوەم پرسی ببورە کاکە ئێرە  کوێیە، ئەویش  هەر زۆر بە هێواشی ووڵامی دامەوە و  وتی ئێرەش هەر زیندانە ، سەرەتا  وامان زانی  تۆش بۆ ئێرەی چونکە ئەوانەی لێرەن زۆربەیان حکوم دراون ،بەڵام تۆمان بەهەڵە هێنوە، وتم ئەی باشە من بۆ کوێ دەبەن؟ وتی تۆ بۆ ئاکرێ بەڕێدەکەین. هەرلەوێ دەمم وشک بوو هیچ قسەیەکەم بەدەمدا نەهاتەوە تاکوو ئاکرێ، لە ئاکرێ ڕاستە و خۆلە ژوورێک دایان نام فریایی نان خواردنی نیوڕۆ نەکەوتم ،ئەو ڕۆژە  لەپڕ بانگیان کردم لە سەیارەیەکی تریان هاویشتم و  ملی ڕێگای گرد،  هەر هەمان ئەو کەسانەی کەلە هەولێرەوە لەگەڵم  بوون هەرئەوانم  لەگەڵدابون.
 بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م كلیك له‌سه‌ر ئه‌و ٢ لینكه‌ بكه‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە