چۆن کوڕ و کچێک پێکەوە لە گەراجێکی دفنی هەواری شاردا مردن؟

Friday, 16/09/2016, 20:30

3031 بینراوە


ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠١٦  پۆلیسی سلێمانی، ڕایگەیاند کە لە گەراجێکی دفنی هەواری شاری سلێمانیدا، لاشەی کوڕو کچێک بە مردوویی دۆزراونەتەوە کە پێدەچێت بە گازی ناو ئوتۆمبێلەکە خنکابن. دواتر ڕوونکردنەوەیەکیش بڵاو کرایەوە کە کوڕەکە لە دایک بووی (١٩٨٧ ) و کچەکەش کە عەرەبە لە دایکبووی (١٩٩٤ ) ە.
 بۆ ڕۆژی دووەم ماڵپەڕی خەندان چەند زانیارییەکی لە زاری پۆلیسی سلێمانی وپزیشکی دادوەری سلێمانیەوە بڵاو کردەوە کە تەواو بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی بوو لەوانە.
١. تا ئێستا ئەنجامی پشکنینەکان بۆ تەرمی ئەو کوڕو کچەی ئێوارەی ڕۆژی پێشوتر بە خنکاوی دۆزرانەوە تەواو نەبووە.
٢. کوڕەکە کوردە و تەرمەکەی لە لایەن کەسوکاریەوە وەرگیراوەتەوە.
٣. کچەکە عەرەبە و تا ئێستا کەسوکاری تەرمەکەیان لە پزیشکی دادوەری وەرنەگرتوەتەوە.
٤. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاندووە، بە پێێ ئەنجامەکانی پشکنینی پۆلیس، هۆکاری مردنەکەیان، گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنە.
٥. وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی:  تەرمی کوڕو کچەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە.
٦. وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی: تەرمەکان هیچ ئاسەوارێکیان پێوە نییە.
٧. وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی: ئۆتۆمبێلەکە هیچ ئاسەوارێکی پێوە نییە.
٨. وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی: ئەو دوو کەسە کوڕ و کچێک بوون چونەتە ناو سەیارەکە و تەبریدەکەیان ئیش پێکردووە.
٩. وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی: کوڕو کچەکە بێ ئاگا بوون لەوەی تەبریدەکە غازی دروست کردووە و بە هۆیەوە خنکاون.
١٠. بەرزان محەمەد، پزیشکی دادوەری سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا ئەنجامی پشکنیەنەکان دەرنەچوە و ماویەتی تەواو بێت.
١١. پزیشکی دادوەری سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکە لە ڕووداوی خۆکوژی ناچێت.
١٢. پزیشکی دادوەری سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاندووە، تەسەور هەیە کە مردنەکە بە هۆی دوانە گازی ئۆکسیدی کاربۆنەوە بوبێت.
١٣. پزیشکی دادوەری سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاندووە دەبێت پشکنینکە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە.
لە کاتێکدا ئەوەی کە پۆلیسی سلێمانی دەبوو ئاشکرای بکردایە ئەوەبوو، کە:
١. ناوی ئەو کوڕ و کچە چین، دەشێت وەک هەموو جار بە دوو پیت ناوی هەریەکەیانی ببردایە.
٢. کەی ڕووداوەکە قەوماوە؟
٣. كێ ئاگاداری کردنەوە لەو ڕووداوە؟
٤. ڕووداوەکە چۆن ئاشکرا بوو؟
٥. شاهێدەکانی ڕووداوەکە کێن؟
٦. کەس و کاری کوڕو کچەکە کێن؟ ئەگەر ناتانەوێ ناویان بڵێن، تێڕوانینیان چییە لە بارەی ڕووداوەکەوە.
٧. ئەنجا دوای هەموو ئەمانەش ئەنجامی لێکۆلێنەوەکان بەچی گەیشتن؟ تەرمی کچکە چی بەسەر هات؟ مردن شەرمی لە کەس نییە، بۆیە دەپرسین، ئەرێ بەڕاست پرسەی کوڕەکە لە کام گوند یان مزگەوتی شار بوو؟
سەرلەبەری وتەکانی پۆلیسی سلێمانی و پزیشکی دادوەری سلێمانی درۆ بوون وبۆ تەفرەدانی خەڵکی شار بوو بێجگە لە سێ ڕاستی کە بڵاویان کردەوە،کە ئەوانیش ١. کچێک بە مردوویی دۆزراوەتەوە، ٢. تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری شارە ٣. ڕووداوەکە لە ڕووداوی خۆکوژی ناچێت.
ئەگەر ئەم کوڕو کچە دڵداری یەکتر بوون کە بێگومان شتێکی ئاساییە بۆ لە شوێنێکی ئاسایدا وایان بەسەر نەهات، کێ دەتوانێ بچێتە گەراجی دفنی ماڵێکەوە گەر ئەو کەسە خۆی خاوەن ماڵ نەبێ. ئەگەر پەیوەندییەکە تۆزیک لە ئاسایی تۆختر بێ، و ماڵەکە چۆڵ بوو بێ ، چی پێویست بوو بچنە ناو گەراجێکی دفنەوە؟ ئەگەر ماڵەکەش خەڵکی تری لێبوون چۆن ئەو کەسە بە بوونی کەس و کاری لە هەمان ماڵدا دەچێتە گەراجی دفنی ماڵەکەی خۆیەوە، و مەکینەی ئۆتۆمبێلیکەی دادەگیرسێنێت و ئێرکۆندیشنەکەی ئیش پێ دەکات، ئەی دەنگەکەی چۆن چارەسەر دەکرد. لە دوای ئەوە دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە کوێوە هاتە ناو ئۆتۆمبێلێکی داخراوەوە  چۆن دوو کەسی تەمەن ٢٩ ساڵ و ٢٢ ساڵ ئەوەندە بێ ئاگا دەبن بەیەکەوە خەویان لێبکەوێ تا دواتر ئەگەر لە پڕ کەسێک هات بەسەردا فریای خۆیان بکەون؟!
( تەبرید) ئێرکۆندیشن، دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دروست ناکا، چونکە بە ئەلکتریک ئیش ئەکا و بە ئاگرنییە، بەڵام ئیشپێکردنی ئۆتۆمبێلەکە، کاربۆن مۆنۆکساید دروست دەکات. ئەگەرئەو گەراجە تەواو کونبڕکرابێ کە زەحمەتە وابێت و ئێرکۆندیشنەکەش وا بەکارخرابێت کە هەوای دەرەوە بێنێتە ناوەوە و دەورانی پێ بکات ئەوا دەگونجێت کاربۆن مۆنۆکسایدەکە بێنێتە ژوورەوە کە ئەویش زەحمەتە ببێتە هۆکاری مردن.
لەبەر ئەوە ئاشکرایە کە ڕووداوەکە هەمووی پەرەدە پۆشکراوە و ڕاستییەکەی ئەوە نییە کە وەک وتەبێژی پۆلیس و دکتۆری دادوەری سلێمانی لە ڕێگەی خەندانەوە دەیانەوێت بە خەڵکی بڵێن، بەڵکو ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە کوڕەکە، کوڕی بەرپرسێکی باڵای یەکێتیە و ناوێرن ناوەکەی ئاشکرا بکەن، لەوەش زۆرتر ئەوەیە کە کوڕەکە ساغ و سەلامەتە و دوای تەقیفکردنێکی کورتخایەن بەپەلە ئازاد کراوە و دۆسیەکەی پێچراوەتەوە.
کچەکەش، کە ناوی (هبە) بوو کچە هەژارێکی عەرەبی کۆچکردوو بوو کە ماوەیەکی زۆربوو لە سلێمانی جێگیر بوو بوو و بە ئارەقی ناوچەوانی خۆی شەرەفمەندانە دەژیا و لە چەندان جێگەی وەک ئوتێل تایتانیک و سەرچنار ئیشی دەکرد. ئەوانەی کە لە نزیکەوە ناسیاویانە دەڵێن هیچ نیشانەیەکی نەخوازراو بە کەسایەتیەوە دیار نەبووە، کەسێکی ئاقڵ و ئابڕوومەند بووە. 
سەرباری هەمو ئەمانەش، پۆلیسی سلێمانی ڕۆژی ٦ی مانگ بەپەلە فەرمان دەکەن بە شاردنەوەی تەرمی (هبە)، لە سلێمانی، دوای ئەوەی کە خوشک و زاوایەکی لە بەغداوە بە پەلە دەگەنە سلێمانی، بەڵام دیارە ئەوان توانای بەرگریکردنیان لە خۆ نەبوەو نەیانتوانیوە تەرمەکەی ببینن. ڕاستی و دروستی تەرمەکەش کە هەر زوو خرایە کیسێکی نایلۆنەوە دەڵێت کە ئەو کچە بە چەقۆ ئەنجن ئەنج کراوە، گشت پەنجەکانی قرتێنراون و لێکراونەتەوە ولایەکی جەستەشی بەتەواوی سوتێنراوە. 
کەواتە پۆلیسی سلێمانی درۆمان پێدەفرۆشێتەوە کە دەڵێت، تەرمەکان هیچ شوێنەوارێکیان پێوە نەبووە و ئۆتۆمبێلەکەش هیچ شوێنەواریکی پێوە نییە. دواتریش پزیشکی دادوەر درۆ دەفەرموێت کە دەڵێت هێشتا ماویەتی لیکۆڵینەوەکان تەواو ببن، چونکە هەردوو لا باش دەزانن کە شوێنەوار زۆرە  بە جەستەی کچەکەوە و بە دڵنیایش ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە چاک بپشکنن زۆر شتی ترمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
ئەوەی مایەی تێڕامانە، ڕێكخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژنان و داکۆکی لە مافەکانیان کەلە هەموو بۆنەیەکدا دەنگ هەڵدەبڕن لە ئاست ئەم مەسەلەیەدا بێدەنگن وەک ئەوەی کە هەڕەشەی باوکە بەرپرسی کوڕەکە لەمانیش کرابێت و هەموو ئەمانیشی سڕ کردبێت. ئاشکرایە پێشتریش کاری لەم جۆرە لە زۆر شوێنی تری ئەم شار و هەرێمە کراوەو کەسوکاری قوربانی بە هەڕەشە یان بڕێک پارە دەمکوت کراون، بەڵام ئەمە یەکەمجارە هەموو لایەک لەسەر شاردنەوەی تاوانێکی گەورە کۆک بن.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پزیشکی دادوەری و پۆلیسی سلێمانیدایە، کە ڕاست و دروستی مەسەلەکە بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە و هەقی خواراوی ئەو کچە بێکەس و بەستەزمانە بگەڕێننەوە، تاوانبار ڕادەستی دادگا بکەن، و دڵنیایی بدرێتەوە بە خانەوادەکەی ئەگینا هەموو هاوبەشن لەم تاوانەدا و مسداقیەتیان بۆ هەتایی لە دەست دەدەن. ئەم مەسەلەیە زەنگێکی مەترسیدارە لە سەر ژیان و ئاسایشی هەرێم و شارەکە، هەمانکات ڕووی کۆمەڵگای کوردەواری لەبەردەم ناوخۆ و دەرەوەیشدا هەزار هێندەی تر ناشرین دەکەن و دەمانگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفر
چوستی غەریب

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە