هەمووحیزبەکان پاشکۆ و سەماکەری پارتیین!

Saturday, 17/09/2016, 9:10

3522 بینراوە


مەبەستم حیزبەکانی  نێو ئەم دەسەڵاتەیە کە بونەتە کۆمپانیایەک بۆکاری بازرگانی و بەرگی مەڕیان پۆشیوەو دانیان دانی گورگە . لە تەڕ دەخۆن و لەوشک دەخەون و لەژێر دەواری خیانەتدا بۆبڕێ  لە پشکی دزی ،  نیشتیمان هەڕاج دەکەن . لەدەرەوەی ئەو دەوارەشدا   تەزبیحی چاک سازی بۆ میلەت دەهۆننەوە. 
بەڕێزان من بێ لایەن و بێ منەتم لەهەمو حیزبەکان . وە هەوڵ ئەدەم لەم وتارەمدا پەردە لەسەر تارمای ئەو حەقیقەتە هەڵدەمەوە کەزۆرێک پێی ئاشنانین ، تاچی تر چەواشەکاری ئەم حیزبە دووڕوانە   بەسەر کەسدا گوزەر نەکات .وەڕاستیەک هەیە دەبێ هەموان بیزانن کە  ئەم حیزبانەو حیزبی دەسەڵاتدار لەحیزبی بەعس ترسناک ترن  ،حیزبی بەعس بەڵێ توانی  تەعریب وتەبعیدوتەبعیس و ئەنفالمان بکات بەڵام نەی توانی وەک ئەم حیزبانە بەناوی کوردایەتیەوە  تاکی ئەم نیشتیمانە سوک و بێ ئیرادە بکات و میلەت بخەسێنێ . 
ئەم حیزبانەی لەژێر ڕەشماڵی حیزبی دەسەڵات داردا  کار دەکەن  خۆشیان باش دەزانن  لەئاست ئاوات وخواستی جەماوەریاندا نەماون وە تابمێنەوە ناشرین تر دەبن بەڵام لەبەرشیرینی دزی  دەست بەرداری  دەسەڵات نابن و ڕۆژێک هەڵوێست دەفرۆشنەوەو ڕۆژێ دانوسان دەکڕن  بەقسەو لێدوان و بەیانامەی بێ باج بەناوی چاک سازیەوە میلەت دەگەوجێنن . هەموو ڕەخنەو گلەیی و گازندەو ناڕەزاییەکانی میلەتیش ڕوو بەڕووی  پارتی دەکەنەوە ، ئەی ئەوە ئەوان نین دەڵێن  پارتی پەرلەمانی پەک خستوە ، وەزیرەکانی گۆڕانی دەرکردوە ، موچەی کردۆتە نیوە و لایەکی وڵاتی لەسەر خۆی تاپۆ کردوە وەدەڵێن  ئەمە حکومەت نیەو  کاک مسعود سەرۆکی ناشەرعیەو تاک ڕەوانە خۆی چی بوێ وائەکات بەکیفی خۆی لەگەڵ تورکیا ڕێک دەکەوێ و لەگەڵ مالیکی شەڕدەکات وئەو دەنگانەی هێناویەتی هەمووی لە دهۆک بووە ئەویش تەزویر بووە گەر دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەدڵ نەبێ دای دەخاو شاربەدەریان دەکا و دەنگە ناڕەزاییەکان تیرۆر دەکا و هەموو عقدە نەوتیەکان هەرخۆیان ژێر بەژێر دەیکەن و جامانە سورێکی نەخوێندەوارلەوەزیرێکی سۆرانی  بەڕیز ترە .
لەگەڵ  ئەم هەموو هاتوو هاوارو ناڕەزایەدا دەبینین   حیزبە خەسێنراوەکان  بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەسەڵات بەجێ ناهێلن  و بونەتە هاوبەشی تاوان    بەرامبەر ئەو هەڵانەی وەک خۆیان دەڵێن  کە پارتێک ئەنجامی دەداو میلەت باجی ئەدا . ئەم قسە و قسەڵۆکانەی ئەم حیزبانە تەنها وەک مۆرفین دراوەتە میلەت .وە هیچ کاریگەریەکی نەبوە لەسەردەسەڵات و لایەنگرانی پارتی . وە وەک حیزب پارتی کەمی نەکردوە ، ئەوەی دەیبینین هەر لایەنگرانی یەکێتیە دەچێتە ناو گۆڕانەوەو گۆڕانە دەچێتە وە ناو یەکێتی، لەهەردوکیانیشەوە دەچنە ناو پارتی بەڵام چوار دەموچاوی ناسراومان نەبینیوە واز لەپارتی بێنێ وبچێتە  ناو حیزبەکانی تر . ئەم حیزبانە بەهاوبەشی حیزبی خاوەن دەسەڵات  سەریان لەمیلەت شیواندوەو لەوەتی هەن هەر ڕۆژەو گرفتێکیان کردۆتە ڤالیۆم و دەرخواردی میلەتیان داوە .ڕۆژێک بەشەڕەپەڕۆ، ڕۆژێک بە شەڕی ناوخۆ، ڕۆژێک بە ئەنفلۆزای باڵاندە ، ڕۆژێک بەدژایەتی  مالیکی و ڕۆژێک بەداخستنی فەرشی سور بۆی .ڕۆژی بە عەبادی وڕۆژێک بە حەنان فەتلاوی ڕۆژێک بە دژایەتی پەکەکەوڕۆژێک بە هاوپشتی . ڕۆژێک بە فیت پەمپ وڕۆژێک بە ئەزمەی ‌‌غازو بەنزین ڕۆژێک بە ڕێکەوتنی ستراتیجی ڕۆژێک بە نەبونی موچە ڕۆژێک بەشەڕە بوتڵی ئەندام پەرلەمان و ڕۆژێک بە شکستی حکومەتی بنکە فراوان و کۆچی گەنجان و ڕۆژێک بەخەتەنەی ژنان ڕۆژێک بە لێ نەپرسینەوەی تاوانبارانی شاڵاوی ئەنفال و ئازاد کردنی فڕۆکەوان . ڕۆژێک بە چاو کوێر کردنی هاوڵاتیان و ڕۆژێک بە‌هێنانی دەرمانی بەسەرچوو، ڕۆژێک بە کەمی ئاو کارەبا ڕۆژێک بە نەبونی دەرزی دوپشک لە نەخۆش خانەکان وڕۆژێک بەبڕینی گاز لەمولیدە ئەهلیەکان  ڕۆژێک بە هەدەر دانی پارەی میلەت بۆ میدیا حیزبیەکان ڕۆژێ بە گواستنەوەی سەنگەری خەباتی فڵان و فڵان ،  ڕۆژێک بە بەخشینی پلەی عەمیدو لیواو بۆ کچە هونەر مەندەکان .
بەڵام ئمڕۆ حیزبی دەسەڵات دار دەرئەنجامی  مل کەچی و پاشکۆبونی حیزبە  کان  پێویستی بەو ڤالێۆمانە نەماوەو ئەو حیزبانەی فەرامۆش کردوەو  بە ئاشکرا بەمیلەت  دەڵێ گەر مل کەچ  نەبن داعشتان بۆ دەهێنم .من وەک خودی خۆم قێز لەم  حیزبە پاشکۆیانە دەکەمەوە. وە هەر حیزبێک گەر  تنۆکێ هەست وویژدانی هەبێ پێم وایە نابێ چی تربەژداری لەم حکومەتەدا بکات.لایەن گرانیشیان گەر کاسەلێ سەرەوە نەبن نابێ ئەم پاشکۆییە لە حیزبەکانیان  قبوڵ بکەن و دەبێ لێیان ڕاپەڕن.
چونکە  ئەم دەسەڵاتە خێڵەکیە نابەرپرسیارو ستەمکارە خۆسەپێنە دەستی بەسەر هەموو کوردستاندا گرتوە نەدەیەوێت وە نەدەتوانێ دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکات بەڵکو دەیەوێ کوردستان بکاتە بەهەشت بۆ خۆیان و دۆزەخ بۆ میلەت .
هەرکەسێ لەئێمە گەر ژیرانە خوێندنەوە بۆ ئەم دۆخە بکات دێتە سەر دوڕیانی ڕاپەڕین چونکە چاک بونی ئەم دۆخە چەق بەستوە تەنهاو تەنها  پەیوەستە بە ڕاماڵینی گەندەڵ کاران و بەر پرسانەوە وە بەڕاپەڕین نەبێ مەحاڵە ئەم بەرپرس و گەندەڵکارانە لەبن بێن. وە ئەوکاڵفامانەی  باس لە بێ بەدیلی دەکەن ئەوانەن  کەپەروەردەی کلتوری ئاغاو دەرەبەگ بوون  هەر چاوەڕێی ئاغایەکن لێیان خوڕێ.ئەم کلتورە ناشرینە  وای کردوە ئێستا پارتیەکان بێ خوێندنەوە ڕقیان لە لایەن گرانی  یەکێتی و گۆڕانە و دوژمنی ئێرانن بەهەمان شێوە گۆڕان و یەکێتیەکانیش دژە پارتین ڕقیان لە تورکیایە. کاریگەری ئەم کلتورەو ڕێنمایی حیزبەکان وای کردوە تاکەکان دوژمنی یەک بن  وەلە کاتی ڕاپەڕینێکی بێ سەرکردایەتی بێ گومان ئیسلامی سیاسی ئەو هەلە دەقۆزێتەوە ، شەڕواڵ کورتەکان و ڕیش قەڵەم و ڕیش درێژەکان دەست بەسەر دۆخەکەدا دەگرن . جا پێ ویستە ئەم حیزبانە خۆیان یەک لایی بکەنەوە بۆ مەرامی خۆیان خۆڵ نەکەنە چاوی میلەتەوە بوێرانە لەدەسەڵات بێنە دەرەوەولەدوای داڕشتنی نەخشە ڕیگایەک بۆ ڕاپەڕین  ببنە قەڵغانی میلەت  گەر نا  کە میلەت ئاگری گرت نەدارو دەستەو نە گەندەخۆرو مافیاکانیان ناتوانن  لەدەستی میلەتیان دەربێنن . لەکۆتایداوەک کوردێک  بەڕێزەوحورمەتەوە  ڕو دەکەمە کاک مەسعود و دەڵێم سەرۆک بە چەند دێڕێک بێ ڕتوش  بەئاگات دێنم لەئاخو داخی ئەم میلەتە چونکە هێندێک پێی وایە ئێوە لەبری ڕاوێژ کار کاوێژ کارتان هەیە مەسینە هەڵگرەکان وڵات دەبەن بەڕێوە و گەندە خۆرو مافیاکانیش بێ ئاگات دەکەن لەوەی چی لەم نیشتیمانە جەرگ سوتاوە دەگوزەرێ . لەم نیشتیمانەدا دوێنی بوو بەرپرسەکان سەرکردایەتی شۆڕشیان کرد بەخوێنی هەژاران بۆڕوخاندنی دکتاتۆرەکان ، بەڵام ئمڕۆ خۆیان بوونەتە گەورەترین دکتاتۆر لەسایەی خوێنی شەهیدان بۆ مژینی خوێنی هەژاران . جاران میلەت دزی لەحکومەت دەکرد هەمێستا حکومەت دزی لە میلەت دەکا . جاران پێویستیمان بە پارێزەرێک بوو یاسا بناسێ ئێستا پارێزەرێکمان دەوێ دادوەر بناسێ ، جاران هەموان گیرۆدەی دەستی خانوادەی صەدام بوین ئێستا هەموو گەڕەکێک دەخانوادەی  وەک صەدام  وهەزارانی وەک عودەی تیایە جا بەڕێزم هیوادارم هەڵوێستەیەک بکەی گەردەتوانن  ئەم بارودۆخە چەق بەستووە چاک بکەن  گەر نا  دەسەڵات ڕادەستی میلەت بکەن .
کارزان کۆیی/ زەیتونی ئاوا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە