بەرەو یادی ٣٠ ساڵەی هاوبیر بێستون، گیانبەختکردووە لەیاد نەچووەکەی ـ پاسۆک

Sunday, 09.18.2016, 10:12

2406 بینراوە


چارەنووسی گەلێ لە رۆڵەکانی نیشتمانە داگیرکراو و دابەشکراوەکەی ئێمە،وا بووە،هەر لە منداڵییەوە دەکەویتە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانەوە..ئیدی لای گەلێک لە خێزانەکان، باوک،برا، ئامۆزا،پورزا، خالۆزا، هەرنەبێت،منداڵی دراوسێ و هاوڕییەک ،لە پێناوی کوردایەتیدا گیانی بەختکردووە..یان زیندانیکراوە،یاخود پێشمەرگە بووە.. شێرکۆ بێکەس دەڵێ:
شەوی تاریک وا چۆکی لەسەر سنگی شار داداوە...... لە سەیوانی هەر ماڵێکدا دارئەرخەوانێ ڕواوە
لەم چیرۆکەشدا، باسەکان بە هەمان ئاراستەدا رەوت دەکەن. منداڵیکی  خنجیلانە لە باوەشی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر، چاوە گەشەکانی بە دیمەنی رەنگینی کوردستان هەڵدێنێ.جوگرافیای لە دایکبوون،شاری سلێمانییە ،باژێڕێکی بندەستی گەمارۆدراوی نێو  نیشتمانێکی دابەشکراوی گەورەیە . هەر لە یەکەم چرکەساتی كەوتنە باوەشی دنیاوە،ئازار و ژان و کوێرەوەریی نەتەوەکەی، دەبێتە هاوڕی و هاوتەمەنی ئەم چارەنووسی لەدایکبوونە.
ئەم رۆڵە بەئەمەک و نازدارە،دوای ئەوەی دەرک بەراست چەپی خۆی دەکات و هێدی هێدی خۆی دەناسێ و لەدەوروبەرەکەی تێدەگات، رووداوەکان دەبینێ و چیرۆکە خەمناکەکانی بۆ دەگێڕنەوە و داستانە گەورەکانی مێژووی نەتەوەکەی دەخوێنێتەوە، یەکەوراست دەکەوێتە نێو مەیدانی بیرکردنەوە و تێکۆشان و بەهەر چوار پەل، تەقەلا دەکات،تا زوو پێبگات و خۆی دروست بکات،بۆئەوەی بە پەلە بچێتە شاخ و بێتە پێشمەرگەی رێی رزگاریی وڵاتەکەی.
زۆر بە پەرۆشەوە هەنگاوی زل دەنێ ،تاوەکو نیشانی بدات و لێی بسەلمێندرێ،کەڵکی دارەدارەی هەیە و دەتوانێ، لەگەڵ کاروانی خوێناوی خەباتە سەختەکەی کوردایەتیدا بکەوێتە ڕێ،بەرەو ئاوات و ئامانجی هەرە پیرۆز و گەشی سنووری نادیاری ئاسۆی پڕ هیوا و نیشتمانپەروەری و ئەودیوو هەواری کوردایەتییەوە. 
سەرەتا دەبێتە شاگردێکی بەردەست رەوانشاد،کاک ئازاد مستەفا، ئەو بە چاکی کار بۆ پەروەردەکردنی دەکات. دواتر وەک مەلێکی تینوو،عەشقی  بە کوردایەتی دەچێ و زۆری پێناچی لە ریزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک دا خۆی دەدۆزێتەوە.. ئەم بڕیار و خۆدۆزینەوەیە لە نێو ریزەکانی پاسۆکدا،بەڵگەی تێگەیشتنە لە قوڵایی مێژووی کورد و باوەڕی بەرز، بە شێوازی خەبات و چەکی بەرگری و ستراتیژی کێشە نەتەوەییەکەی. لە ریزەکانی پاسۆکدا،چەند خولێک دەبینێ و باشتر لە پرسە هزریی و نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافییەکاندا قوڵ دەبێتەوە.
ئەم لاوە جوامێرە هەر زوو باوەشی بە پانتایی هەموو کوردستانی بەریندا کرد و خۆی لە بۆتەی ئەڤینی نیشتمانە بریندارەکەیدا تواندەوە. بارتەقای چیای ئەزمەڕ و پیرەمەگروون، باوەڕی مەتین و پۆڵایینی بە دۆزی رەوای نەتەوەکەی لا دروست بوو. لە چاوترووکانێکدا چەندان وێستگەی خۆشەویستی و دڵسۆزیی و ئازایەتی بڕی و ئیدی زۆری نەبرد، هاوبیر بێستون ئەو هەموو جوانی و چەکە رۆشنبیرییەی کردە ئاڵای دەستی چووە گۆڕەپانی کوردایەتیەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە، ناوە جوان و خۆشەکەی کەوتە سەرزاری هاوبیران و خۆشەویستانی شاخ و پێشمەرگە. گیانبەختکردنەکەشی لە چرکەساتێکی هەستیاریی مێژوویی دا بوو،کە ئاماژەیە بۆ مانایەکی گەورە و خوێنەکەشی  ڕژا،بەسەر سەنگەرێکی پڕ لە قارەمانێتی و بووە هەوێنی یەکێتی ریزەکانی کورد،بە کردەوە و بە بەڵگە.ئاخر گیانبەختکردوو ،دەیویست بە دۆست و دوژمنان نیشان بدات،بە خوێنی خۆی ئیمزا و مۆری یەکێتی و تەبایی و ئاشبوونەوەی گشتی دەکات و لاشەشی دەکایە رایەڵە و پردی بەستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کورد،لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی داگیرکەراندا. ئەم هەموو مانا و هێما سەنگینانەیە،گیانبەختکردنی هاوبیر بێستونی کردۆتە دیاردەیەکی تایبەت بۆ پاسۆک و مێژووی کوردایەتی... 
ئەم رۆڵە خۆشەویست و بە ئەمەکە،کاکە"بێستون"ی دەم بەخەندەی رۆحسووک و رەزا شیرینە.چۆن پەیمانی دابوو بێتە پێشمەرگەی پاسۆک، ئاوهاش بۆ شەهیدبوونی بە ئەمەکەوە عەشقی نواند.ئەم هاوبیرە بێنیاز و دڵسۆزەی پاسۆک، بووە تاجی شانازیی بۆ هاوبیران و هەڵگرانی بیری نەتەوەیی و قوتابخانەی کوردایەتی و پاسۆک بۆ ی ن ک سەلماند،کەوا راستگۆ و پابەندە بە ئاشبوونەوەی گشتی و ئامادەشە،بە کردەوە، گیانبازی بە کادێر و پێشمەرگە و سەرکردەکانی لە پێناوی یەکریزی کورد و سەرکەوتنی خەباتی رەوا و گەیشتن بە هەواری ئازادیی و یەکسانیدا بکات.
بریا رۆژگاریش وەک دەمژمێر،ئامێرێک بوایە و مرۆڤ بیتوانیبایە،میلەکەی با بدات و بە پیی ئارەزوو و داخوازی خۆی پاش و پێشی بخستایە.بەڵام هیچ لەگەڵ قەدەر و چارەنووسە خەمناک و تاڵەکەدا ناکرێ.
من لێرەدا ئارەزووی پێشبڕکێم لەگەڵ (کات)دا،نییە و ناشمەوێ بزانم سبەی چی روودەدات!..هەڵبەت "حەز و ئاوات"م گەلێ زۆرن،.لێ ئەوەیان گرێ دەدەم بە هەوڵەکانمەوە و هەندێکیشیان دەسپێرم بە چارەنووس.
بەڵام ئەگەر ئەو دەسەڵاتەم هەبوایە،کات بۆ ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابووردوو بگێڕمەوە، دەستبەجێ زوومی کامێرام دەخستە سەر "بارەگا" خنجیلانە و پیرۆزەکەی پاسۆک، لە قەدپاڵی چیای "سوورێن"ی دەڤەری شارەزووری نیشتمان..ئەو رۆژەی چووم بۆ دیداری سەرکردە و رابەری خۆشەویست کاک ئازاد مستەفا و هاوبیرە هێژاکانی دیکەم.
بارەگا چادرێک بوو،لە ئەشکەوتێکی نسرمدا هەڵدرابوو. کاک ئازاد بەدەوری چەند کتێب و کاخەزێکی پەرش و بڵاوەوە دانیشتبوو.هاوبیری رەوانشاد شێرکۆ، لە لایەکی ترەوە سەرقاڵی کۆمەڵێ کاخەز و رێکخستنی لەشێوەی گۆڤارێکدا بوو. هاوبیرێکی تری پۆشتەوپەرداخ لەو لاوە گورجوگۆڵانە لە رۆیشتن و نازدار و لە دانیشتن و چاپوک و لە ئیشکردندا و لێوەشاوە و لە بەڕێکردنی کاروباری هاوبیراندا و بە ئەزموون و لە رێکخستنی ئەرکەکاندا بەسەلیقەوە دەجوڵایەوە..بە هەموو شتەکاندا رادەگەیشت و جارەوجاریش سەرێکی بە مەنجەڵە چێشتەکەی سەر ئاگردەکەدا خواردەکردەوە. چێشتی چی؟ مەنجەڵێکی گەورە، هێندەی نیوە بەرمیلێک،تەنیا دۆشاوی تەماتە و چەند قل بامێیەکی تێدا بوو. زۆر هەژارانە بوو،لێ پاشایانە خۆی دەنواند.ئەو کەسە کاکە بێستونی،پێشمەرگە و کادێری لێهاتووی سەربازیی ،هاوکات بەڕێوەبەری سەرکەوتووی بارەگا، پاڵەوانی ئەم باسەیە.. 
کاکە بێستون،لە گەرەکی سەرشەقام/شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٩ دا لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی تا پەیمانگای بەڕیوەبردن هەر لەم شارەدا تەواو کردووە. 
لە دوای ئازاد بوونی کاک ئازاد مستەفا و هاوبیرانی دیکە لە زیندان،ساڵی ١٩٧٩،لە ریی کاک ئازادەوە،وەک خزم و مێردی پوری، دەکەوێتە ژێر کاریگەرێتی کاک ئازاد و بیروباوەڕی پاسۆک وەک چرای رێ رۆشنکەرەوەی خەبات هەڵدەبژێرێ و پێوەندیی بە ریزەکانی رێکخستنەکانی پاسۆکەوە دەکات. باپیری دەمانچەیەکی بە دیاری پێشکەش دەکات،ئەویش دەستبەجێ دەیکاتە دیاری بۆ رێکخستنەکانی پاسۆک،کۆمەڵی چالاکی سەرکەوتووانە بەو دەمانچەیە ئەنجام درا...دواجار هاوبیر سەردار کەمال، بەو دەمانچەیە کۆمەڵی چالاکی ئەنجام دەدات،دوای چالاکییەکی قارەمانە بریندار دەبێت و بە خۆیی و دەمانچەکەیەوە، دەکەوێتە دەست دوژمن لە سلێمانی و گیان لەدەست دەدات...
هاوبیر،جگە لەوەی خەون و خەیاڵی  کوردایەتی بوو، بە پەڕۆش و ئەڤینێکی گەرمەوە دەروێش ئاسا چالاکییی ئەرکەکانی ئەنجام دەدا،لێ ئارەزووی وەرزشی هەبوو،یاریزانێکی کارامەی تۆپیپێش بوو. رەنگە گەربهاتایە و  کوردایەتی لێبگەڕایە،وەرزشوانێکی بەرچاوی لێدەردەچوو...دوای ئەوەی دەکەوێتە ژێر چاودێری دامودەزگا داپلۆسێنەر و خوێناوییەکانی رژێمی بەعسەوە، ریزەکانی رێکخستن و ناو شار جێدێلێت و ساڵی ١٩٨١،چەکی روومەت و کوردایەتی لە ریزەکانی پاسۆکدا دەکاتە شانی و دەچێتە ریزی ئەو دەستە هاوبیرە قارەمانەی لە رۆژگارێکی تەواو سەخدا،لە هەلومەرجێکی زۆر نالەبار و دژواردا،ببوونە پێشمەرگە. بەشداریی چەندین داستان و قارەمانێتی دەکات و هەرجارێ چووبێ بۆ مەفرەزە،بە گۆرانی گووتنەوە،لەپێش هاوبیرەکانییەوە دەڕۆیشت. ئازایەتی و لەشسوکی رەوشتی بەرز و هێمنی و قسەخۆشی و گەشبینی،لە خەسڵەتە دیارەکانی بوون.
لە بیرمە کاک ئەبو مەجید،بەرپرسی سەربازیی (اتحاد الدیموقراطین)،کە خۆی کوردێکی فەیلی خەڵکی شاری کوت بوو،زۆر نێزیکی پاسۆک و کاک ئازاد بووو،لە ژمارەیەکی گۆڤارەکەیاندا،ساڵی ١٩٨٥،چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هاوبیر بێستون دا سازدابوو، بە خۆشمی گووت:" هەر حیزبێ بیست کادێری وەک کاکە بێستونی هەبێت،پێویستی بە کەسی دیکە نییە".
 تا لە رۆژی ١٧/٩/١٩٨٦،دا لە داستانی قەیوان و ماوەت،دوای قارەمانێتییەکی گەورە، گوللەی داگیرکەری بەعسی عەرەبی عێراقی دەیپێکێ و، گیانی بەرز و پیرۆزی دەبەخشێتە کورد و کوردستان.
بەندە، ساڵانێکە کێنگڵ دەخوا،چۆن و لە چ دەرفەتێکدا بتوانم چەند سەرە قەڵەمێ بۆ یادی ئەم هاوبیرە نەمرە بنووسم. هیوادارم ئەم کورتە وەبیرهێنانەوەیە،پەیامێک بێت،رەوانی هاوبیرە ئازیزەکەمی پێ شادتر بێت و بۆ منیش وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی هاوبیرانە بێتە پەسەندکردن.