ئەم رۆڵە بەئەمەک و نازدارە،دوای ئەوەی دەرک بەراست چەپی خۆی دەکات و هێدی هێدی خۆی دەناسێ و لەدەوروبەرەکەی تێدەگات، رووداوەکان دەبینێ و چیرۆکە خەمناکەکانی بۆ دەگێڕنەوە و داستانە گەورەکانی مێژووی نەتەوەکەی دەخوێنێتەوە، یەکەوراست دەکەوێتە نێو مەیدانی بیرکردنەوە و تێکۆشان و بەهەر چوار پەل، تەقەلا دەکات،تا زوو پێبگات و خۆی دروست بکات،بۆئەوەی بە پەلە بچێتە شاخ و بێتە پێشمەرگەی رێی رزگاریی وڵاتەکەی.
زۆر بە پەرۆشەوە هەنگاوی زل دەنێ ،تاوەکو نیشانی بدات و لێی بسەلمێندرێ،کەڵکی دارەدارەی هەیە و دەتوانێ، لەگەڵ کاروانی خوێناوی خەباتە سەختەکەی کوردایەتیدا بکەوێتە ڕێ،بەرەو ئاوات و ئامانجی هەرە پیرۆز و گەشی سنووری نادیاری ئاسۆی پڕ هیوا و نیشتمانپەروەری و ئەودیوو هەواری کوردایەتییەوە.
سەرەتا دەبێتە شاگردێکی بەردەست رەوانشاد،کاک ئازاد مستەفا، ئەو بە چاکی کار بۆ پەروەردەکردنی دەکات. دواتر وەک مەلێکی تینوو،عەشقی بە کوردایەتی دەچێ و زۆری پێناچی لە ریزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک دا خۆی دەدۆزێتەوە.. ئەم بڕیار و خۆدۆزینەوەیە لە نێو ریزەکانی پاسۆکدا،بەڵگەی تێگەیشتنە لە قوڵایی مێژووی کورد و باوەڕی بەرز، بە شێوازی خەبات و چەکی بەرگری و ستراتیژی کێشە نەتەوەییەکەی. لە ریزەکانی پاسۆکدا،چەند خولێک دەبینێ و باشتر لە پرسە هزریی و نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافییەکاندا قوڵ دەبێتەوە.
ئەم لاوە جوامێرە هەر زوو باوەشی بە پانتایی هەموو کوردستانی بەریندا کرد و خۆی لە بۆتەی ئەڤینی نیشتمانە بریندارەکەیدا تواندەوە. بارتەقای چیای ئەزمەڕ و پیرەمەگروون، باوەڕی مەتین و پۆڵایینی بە دۆزی رەوای نەتەوەکەی لا دروست بوو. لە چاوترووکانێکدا چەندان وێستگەی خۆشەویستی و دڵسۆزیی و ئازایەتی بڕی و ئیدی زۆری نەبرد، هاوبیر بێستون ئەو هەموو جوانی و چەکە رۆشنبیرییەی کردە ئاڵای دەستی چووە گۆڕەپانی کوردایەتیەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە، ناوە جوان و خۆشەکەی کەوتە سەرزاری هاوبیران و خۆشەویستانی شاخ و پێشمەرگە. گیانبەختکردنەکەشی لە چرکەساتێکی هەستیاریی مێژوویی دا بوو،کە ئاماژەیە بۆ مانایەکی گەورە و خوێنەکەشی ڕژا،بەسەر سەنگەرێکی پڕ لە قارەمانێتی و بووە هەوێنی یەکێتی ریزەکانی کورد،بە کردەوە و بە بەڵگە.ئاخر گیانبەختکردوو ،دەیویست بە دۆست و دوژمنان نیشان بدات،بە خوێنی خۆی ئیمزا و مۆری یەکێتی و تەبایی و ئاشبوونەوەی گشتی دەکات و لاشەشی دەکایە رایەڵە و پردی بەستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کورد،لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی داگیرکەراندا. ئەم هەموو مانا و هێما سەنگینانەیە،گیانبەختکردنی هاوبیر بێستونی کردۆتە دیاردەیەکی تایبەت بۆ پاسۆک و مێژووی کوردایەتی...
ئەم رۆڵە خۆشەویست و بە ئەمەکە،کاکە"بێستون"ی دەم بەخەندەی رۆحسووک و رەزا شیرینە.چۆن پەیمانی دابوو بێتە پێشمەرگەی پاسۆک، ئاوهاش بۆ شەهیدبوونی بە ئەمەکەوە عەشقی نواند.ئەم هاوبیرە بێنیاز و دڵسۆزەی پاسۆک، بووە تاجی شانازیی بۆ هاوبیران و هەڵگرانی بیری نەتەوەیی و قوتابخانەی کوردایەتی و پاسۆک بۆ ی ن ک سەلماند،کەوا راستگۆ و پابەندە بە ئاشبوونەوەی گشتی و ئامادەشە،بە کردەوە، گیانبازی بە کادێر و پێشمەرگە و سەرکردەکانی لە پێناوی یەکریزی کورد و سەرکەوتنی خەباتی رەوا و گەیشتن بە هەواری ئازادیی و یەکسانیدا بکات.
بریا رۆژگاریش وەک دەمژمێر،ئامێرێک بوایە و مرۆڤ بیتوانیبایە،میلەکەی با بدات و بە پیی ئارەزوو و داخوازی خۆی پاش و پێشی بخستایە.بەڵام هیچ لەگەڵ قەدەر و چارەنووسە خەمناک و تاڵەکەدا ناکرێ.
من لێرەدا ئارەزووی پێشبڕکێم لەگەڵ (کات)دا،نییە و ناشمەوێ بزانم سبەی چی روودەدات!..هەڵبەت "حەز و ئاوات"م گەلێ زۆرن،.لێ ئەوەیان گرێ دەدەم بە هەوڵەکانمەوە و هەندێکیشیان دەسپێرم بە چارەنووس.