سەرۆك بە مشەمش قەبزە

Wednesday, 21/09/2016, 17:18

2187 بینراوە


گوێی سەرۆك زۆر دەچێتەوە سەر تایەفەی مشک، هەر خشپە و جوڵە و ترپەیەك بێت بە شەو بێت یان بە ڕۆژ ، دوور بێت یان نزیك ، ئەو  یەکسەر لوتی ئینزار لێدەدات و فەوجێك لە دەربار و مەسینەهەڵگرانی بن دیواری لە هەمان ساتدا لۆ دەنێرێت و دەبێت بێ دواکەوتن بگەنە جێی مەبەست و سەرچاوەی ئەو خشەو مشەیە بنەبڕ بکەن، تەنانەت ئەگەر مشەمشکردنی سەگەکانی پاسەواننیش بێت، ئەو لەمەدا زۆر زرنگە و هەموو جارێک باش مەبەست دەپێکێت، ئەم کارەی وەك زۆریی ئەو هەموو کیتاب و موجەلەداتە گەورەو قەبانە نییە کە لە کتێبخانەکەیدا دایناون و  کەچی لاپەڕەیەکیشی لێ نەخوێندوونەتەوە، هەر کەسایەتییەکی دەرەکی یان رۆژنامەوانانی بیانی بچن بۆ لای، ئەو  لە بەردەم کتێبخانە رازاوەکەیدا دایاندەنیشێنێت، تا بزانن سەرۆك چەند رۆشنبیرو دۆستی کتێبە، گەر جارجار لە کورتەی هەواڵەکاندا باسی کتێب و قەڵەمیش بکرێت ئەو تەبیعەتی تێك دەچێت، لەبەر هێندێ گوتم کورتەی هەواڵەکان چونکە ئەو تەنها گوێ لە کورتەی هەواڵەکان دەگرێت و ئەمەش هەر  لە کەناڵەکەی خۆیدا  دەبێت، دەڵێت جا ئەوە چییە ، ئەوەی ئەوان باسی دەکەن من بە منداڵی خوێندوومەتەوە، تەنانەت گەر وتەکەش نوێ بێت.. ئیتر بۆ کۆتایی هێنان بەم مەسەلەیە و بۆ بێدەنگ کردنی دەوروبەرەکەی  یەکسەر وتەیەکی جۆزیف ستالینی پێدا دەکێشێت، کە  هەر ئەو وتەەش دەزانێت و  زۆر دووبارەی دەکاتەوەو دەڵێت (متمانەم بە کەس نییە تەنانەت بە خۆشم،،  لەبەرهێندێ  سیاسەتمەداری راستەقینە وەك ئاوی وشك، یان ئاسنی دارین وایە)، جەنابی سەرسوك لە مێژە  چەند مانگێکی بۆ ئەم وتەیە تەرخانکرد تا لەبەریکرد، ئەو وتەیەش  لە سەرۆکی پێشووی چیللی ( ئۆگۆستۆ ینۆشێ)ەوە فێر بوو..
بەرەبەری زستانان دەوروبەرەکەی واوەیلایانە بە دەستیەوە، ئەوەی توشی پەرسی و و هەڵامەت ببێت نا بێت نزیکی بکەوێت، یەکسەر گومانی مشەمشکردنی لێ دەکرێت و لە دانیشتنێکی دۆستانەدا مشتێ ژەهری بۆ دەکرێتە ناو سیفۆنە تاڵەکەوەو دواتریش جەنابی سەرۆك لە پرسەکەیدا دەسڕە ئاوریشمە سوورەکەی دەردەهێنێت و وا نیشان دەدات روندکی چاوەکانی پێ دەسڕێت و دەڵێت (مەرگی ئەم تێکۆشەرەمان کارەساتێکی گەورە بوو بۆ حیزب و وڵات و شارو گوندو  کۆشك و هەڤاڵان. ناوی ئەم هەڤاڵەمان لەناو دڵماندا هەڵدەکۆڵێن تا هەرگیزاوهەرگیز لە یادمان نەچێت). بە جۆرێك لیستی ناوی ئەو شۆڕشگێرە قەدیمانەی بەم شێوانە وەفاتیان فەرمووە زۆر زیاترن لەو هەڤاڵە قەدیمانەی لە بەرەکانی جەنگە فاشیلەکانی سەرۆکدا پێکراون.. ئەو لەمەشدا زیرەکە و باش مەبەستەکەی پێکاوە، تا نیشانی سیاسەتمەدارەکانی گێتی بدات کە ئەم چ جۆرە  پێشەوایەك بووە و چ قوربانییەکی داوە؟ مۆنیمێنتێکی مەزنی لەبەردەم کۆشکەکەیدا دروستکردووە بۆ هەموو ئەوانەی ناوی شەهیدی لێناون و ئەگەر لە ناو جێگەشدا بەلادا هاتبن.. رۆژ بە رۆژ پانتایی  لیستەکە درێژتر دەبێتەوە، بەس ناوی وەجەو وەچەزاکانی خۆی تێدا نییە، چونکە ئەوان زۆر ئازاو بەجەرگن قەد لە جەنگیشدا ناپێکرێن، نەك هەر ئەمە بەڵکو زرنگیشن،  نەخشەو سیاسەتی شەڕیان بە وانەی تایبەت لە قوتابخانەی سەرۆکدا خوێندووە، ئەگەر ئەوەی بوێرێت باسی میللەت بهێنێتە ناو مەجلیسەوە ئەو یەکسەر دەست دەبات بۆ ملی و دەیخورێنێت، وا تێدەگات باسی ملی ئەو دەکەن، ئیتر هەر زوو قسەبێژ کڕ دەبێت و باسەکە دەگوێزێتەوە سەر بڕنەوی کۆن یان سوالفی هەڤاڵانی دێرین، چونکە هیوایەتی سەرۆک هەر لە منداڵیەوە راوکردنی مامزەکێویی بووە بە تاپڕی قەدیم، وەختایەكیش  جەنابی سەرۆك سەفەر دەکات کەس ناوێرێت پێی بڵێت گەروەم خێره لۆ کێندەر دەچیت؟ چەندت پێدەچێت؟ .. سەفەرەکانی هەمووی غامزن، دەرگای کۆشکەکەشی دا دەخات نەکو کەس لە غیابی ئەودا لەسەر کورسیەکەی دابنیشێت، ئەوانەی دەوروبەری وا دەگێڕنەوە کە جەنابی سەرۆك وەختەك زارۆكیش بوو هەر لە ناو کورسیدا رادەژێنرا نەك لانکە. گوتیان شێخەکی گەورەی مەنتیقە لەگەڵ لەدایك بوونی سەرۆکدا ئەو کات خەونی بینی بوو کە ئەم  زارۆیە لە پاشەرۆژدا ئەمرو شەئنێکی عەزیمی دەبێت.
هاوڵاتییەک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە