بەڵگەکانی پەیوەندی داعش و تورکیا (بەشی یەکەم)

Sunday, 25/09/2016, 14:52

5083 بینراوە


رۆژنیوز- ناوەندی هەواڵەکان
لە کۆمەڵە بەڵگەیەکدا کە دەستەی کاروباری دەرەوەی کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوا بڵاوی کردونەتەوە، بە ئاشکرا دیارە کە دەوڵەتی تورک، هەموو رێوشوێنێکی هاوکاری کردنی داعشیان فەراهەم کردوە، کە بریتین لە پێدانی چەک و جبەخانە و کردنەوەی سنوور و چارەسەرکردنی ئەندامەکانیان.
دوای رادەستکردنی شاری موسڵ بە چەتەکانی داعش لە نیوەی یەکەمی سالی ٢٠١٤،چەتەکانی داعش بە شێوەیەکی روون سەرەتا لە گۆرەپانەکانی عێراق و سوریا و دواتر لە هەموو وڵاتانی جیهان دەرکەوتن، ئەمەش گەلێک پرسیاری دروست کرد لەبارەی ئەو هێزانەی کە هاوکاریان دەکەن، لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی شەرڤانانی یەپەگە و و یەپەژە و قەسەدە، کە نەک تەنیا ناوچەکانیان رزگار کرد، بەڵکو نهێنی پشتی پەردەکانی ئەو رێکخراوە و پشتیوانییەکانیشیان ئاشکرا کرد، یەپەگە و یەپەژە کۆمەڵە بەڵگەیەکیان کەوتە بەردەست کە پەیوەندییەکانی تورکیا و چەتەکانی داعش بە بەڵگەو پشتڕاست کراوەتەوە.
لەبارەی ئەو پەیوەندیانەوە، دەستەی دەرەوەی کانتۆنی جزیرە، دۆسیەیەکی ئامادە کردوە کە تێیدا چەند بەڵگەیەک بە تێر و تەسەلی لەسەر پەیوەندی تورکیا و چەتەکانی داعش هەیە، ئەو بەڵگانە چۆنیەتی هاتوچۆی چەتەکان لە تورکیاوە بۆ سوریا، بازرگانی و فرۆشتنی پەترۆڵ بە تورکیا و پشتگیری تورکیا بۆ دابینکردنی مادەی کیمیاوی بۆ چەتەکان، چاوەڕوان دەکرێ ئەو بەڵگانە رادەستی لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانیش بکرێ.
ئەو بەڵگانە لە چەند بەشێکدا دەخەینە بەرچاو، لە بەشی یەکەمدا ناوەندەکانی داعش لە تورکیا، بە تایبەت لە شارە سنوورییەکانی رۆژئاوای کوردستان و چۆنیەتی هاتن و گەڕانەوەیان بۆ تورکیا دەخرێنەڕوو.
لەنێو ئەو دۆسیەی کە لەدەستی دەستەی دەرەوەی کانتۆنی جزیرەدایە، ٩ ناسنامەی تورکی هەن، کە نیشتەجێی ناوچە سنوورییەکانن، ئەو ناوچانەش بریتین لە (روحا"ئورفا"، حەران کە لەسەر سنووری شاری گرێ سپی، جەیلان پنار "سەری کانیێ")، قونیار کە لەسەر سنووری ناوچەی (سەرێ کانێی رۆژئاوان) لەنێوان ساڵانی 2002-2009 دەرکراون.
لەنێوان ناسنامەکاندا، ناسنامەی ژنێکی کامڵ هەیە، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ کە چەتەکانی داعش خێزانەکانیشیان هێناوەتە خاکی سوریا، جگە لە ناسنامەی دوو چەتەی تر بەناوەکان ئەحمەد قاسم و عەرەب قاسم، ئەوانیش دوو گەنجی پارێزگای حەمای سوریان، ئەو دوو ناسنامەیە لە ناوچەی سەرێ کانیێ دۆزراوەنەتەوە لە رۆژی 23ی کانونی یەکەمی 2015.
لەنێوان ئەو ٩ ناسنامەیەدا، ناسنامەیەک هەیە بەناوی عەبدولرەحیم خالد ئیبراهیم، ناسراو بە (ئەبو ئیسلام غەریب) کە لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل بەدیل گیراوە لە کاتی ئەو شەڕانەی کە لە نێوان یەکینەکان و چەتەکان دروست بووە لە ناوچەی گرێ سپی، لە لێدوانێکی عەبدولرەحیم خالد روونیکردوەتەوە کە چەتەکانی داعش لە زۆربەی شارەکانی تورکیا نیشتەجێن، بە تایبەتی ئەو شارانەی دەکەونە سەر سنووری رۆژئاوا، وەکو ئورفا و دیلۆک "غازی عەنتاب".
عەبدولرەحیم ئەوەشی گوتوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچەیە پەیوەندی بە چەتەکانی داعشەوە دەکەن و خەریکی کاری هەواڵگری دەبن لەسەر خواستی دەزگا هەواڵگرییەکانی تورک.
بەڵگەکەیەکی دیکە کە دەستەی دەرەوەی کانتۆنی جزیرە ئامادەی کردوە بەناوی باکو حسێن باکو، لە شاری حەلەبی سوریا و مۆرکراوە لە لایەن چادرگەی ئافاد، ئەو چادرگەیە بەمەبەستی پێشوازی لە ئاوارەکانی سوریا دروستکراوە بۆناو خاکی تورکیا لە 5ی ئازاری 2015، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بوەتە بنکەی راهێنانی چەتەکانی داعش.
جگە لەو ناسنامانە، ژمارەیەکی زۆر گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی جۆراوجۆر هەن کە لە لایەن چەتەکانەوە وێنەیان گیراوە لە کاتی هاتنیان لە میسرەوە بۆ تورکیا، هەندێکیان لە شەقامەکانی ئەستەنبۆلی تورکیا و ئورفای سەرسنوور گیراون کە نیشانەی خۆشحاڵیی بە رووی چەتەکانەوە دیارە.
د.خ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە